کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێوە مەزنن و دەسەڵاتەکەی ئاکەپەش بچوک!

Friday, 09/11/2012, 12:00





دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی فاسشیستی دەوڵەتی تورکیا تەنها ڕوی بەربەریانەی خۆی لەم سەدەیەدا نیشان نەداوە بەرانبەر داخوازیە ڕەواکانی خەڵکی ستەم دیدەی کوردستان، خودی مێژوی ستەم کاری دەوڵەتی ناسیۆنال فاشی تورکیا لەوەتەی بونی هەیە، بەردەوام لەگەڵ خواستی ڕەگەزپەرستی و چونە سەری ئایدۆلۆژیای ڕق بەرانبەر بەوی دی کە لە نەتەوەی تۆ نیە، درێژەی بوە. ئەم هەلومەرجەی ئێستای سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی دادوگەشە پێدانیش درێژکراوەی ئەو ڕاسیزمە ناسیۆنالیستیەی پێشوە. سەیرکەن بزانن چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان ئایدۆلۆژیا ڕەگەز پەرسدتیەکەی سەردەمی ڕابردوی مستەفە کەمال و ئێستای پیاوی ئاینی ئیسلام ئەردۆگاندا؟ ئاخۆ هەردوکیان تەواوکەری ئەو نەهجە دەڕندەییە نین کە بە جینۆساید کردنی نەتەوەیەک بە حەڵاڵ دەبینێت بۆخۆی؟ ئاخۆ ئەو فەتوایەی فەتحوڵا گولی دەیدات بۆ سڕینەوەی ئەو خەڵکە کورد زمانە، چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ سیاسەتی عەسکەرتاریی دەورەی پێش دەسەڵاتی ئاکەپەدا؟ ئاخۆ ئەوە بزوتنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە، بنەماکانی ڕەگەزپەرستی و ناسیۆنالیستی دەباتە پێشەوە یان لە بنەڕەتدا خواستی سەرەکی دەوڵەتی تورکیایە بۆ بردنە پێشی بنەماکانی درێژەدان بە جیهانبینی ڕق و چاندنی فاشیزمی نەتەوەیی؟ ئاخۆ ئەوە بەرژەوەندخوازی کۆی جیهانبینی چینی سەرمایەدار نیە لەوەی هەردەم بنەماڕەگەزپەرستیەکان بونیان هەبێت و لانی کەم بۆ هەر ساتەش لایەنێک ئامادە بکات تا ئەو سیاسەتە درێژە پێبدات؟
مانگرتوانی نێو زیندانەکانی تورکیا کە زۆرینە یان گشتیان کوردن و پێک هاتون لە کەسانی پڕ مانا ئازخادیخواز و هەڵسوڕوای نێو خەباتی شۆڕشگێڕانەی چینێکی کۆمەڵایەتی مەزن، کە خواستی ئازاد بونیەتی لە ژێر ستەمی نەتەوایەتی و ستەمی چەوساندنەوەی چینایەتیدا، وا پێ دەنیتە ٦٠ هەمین ڕۆژیەوە. ئەمە چ مەزنایەتیەکە ئەم مرۆڤە خاوەن ئیرادانە لە خۆیان نیشان داوە؟ ئاخۆ ماناکانی هەیبەتی مرۆڤ بون لە چیدایە گەر هاتوو ئیرادەکەیت لێسەندەوە؟ ئەو کات چ جیوازیەک دەمێنێتەوە لە نێوان شتێک کە ناوی ئاژەڵە و شتێک کە ناوی مرۆڤە؟ دلنیام هیچ جیاوازیەک نامێنێتەوە. بەڵام لە بەرخودانی ئەم کۆ مرۆڤە خاوەن ئیرادەیە، ئەوەی بە بچوکی دەمێنێتەوە ئەو جیهانبینیە بەرژەوەندخوازە دڵ رەقەیە، کە تەنها خواستی سەرخستنی جیهان بینی جەوساندنەوەی هەیە. ئەو خواستە دڕندانەیەش تەنها لە نێو سیستەمی دڕندەی سەرمایەداری و خودی ئایدۆلۆژیای ڕاسیستی ئاینی و قەومیدا بونی هەیە. سەیر کەن بزانن ماشێنی زەبەلاحی میدیایی جیهانی سەردەم بە چ ئەندازەیەک خۆی سەرقاڵ کردبوو بەوەی لەم دەورەیەدا کام کەسایەتی دەبێتەوە بەسەرۆکی ئەمریکا، بەڵام لە کۆی ئەو میدیا زەبەلاحەی کە هەردەم لە قازانج دەسەڵاتی چەوسێنەری نیزامی سەرمایەداریدایە، بۆ چرکەیەکیش ئامادە نەبوون لێدوانێک بدەن بۆ خەبات و مەزنایەتی ئیرادەی ئەو کۆ مرۆڤەی کە بڕیاری مانگرتنی یەکجارەکیان داوە لە بەرانبەر ئەو سیاسەتە ڕاسیستیەی کە دەسەڵاتەکەی ئاکەپە بەرپای کردوە دژی کۆی خواستەکانی خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی باکوری کوردستان؟
ئاخۆ دەسەڵاتەکەی ئاکەپە هێند بچوک نەبوەتەوە کە لە بەردەم مەزنایەتی ئێوەدا نازانێت هەنگاو بەرەو کام لا بنێت؟ ئاخۆ ئەوە بچوکی ئەو دەسەڵاتە ئیسلامیە فاشیزمە نیە ئێستا لەهەوڵی ئەوەدایە سزای لە سێدارەدان بگەڕێنێتەوە بۆ نێو دەستوری ئەو وڵاتە؟ ئایا سزای لە سێدارەدان لە هەر وڵاتێکدا بونی هەبێت مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەو دەسەڵاتە پڕ بە پێستی دیکتاتۆریەت، دیکتاتۆرە و دەسەڵاتێکی ترسەنۆکە بەرانبەر بە جیهانبینی ئازادی و ئازادیخوازی؟ئاخۆ گەر دەسەڵاتەکەی ئاکەپە توانی ئەو سزایە بگەڕێنێتەوە نێو دەسوری وڵاتەکەی، ئاخۆکێ دەبێتە یەکەم کەسی نێو پەتی سێدارە؟ ئاخۆ گەڕانەوەی ئەو سزا دڕندانەیە بۆ ئەوە نیە دەسەڵاتە فاشیستیەکەی دەوڵەتی تورک بە ئاسانی بتوانن کەسانی وەک ئۆچ ئالان و سەرجەم ئازادیخوازەکانی ئەو وڵاتە ڕوبەڕوی سزای لە سێدارەدان بکەنەوە؟ ئایا گەر ئەو سزایە گەڕایەوە نێو دەستوری ئەو وڵاتە، ئەو کات دەوڵەتی تورکیا ناکەوێتە پێشبڕکێ لەگەل دەوڵەتی چین و دەوڵەتی ئاخوندەکان و دەوڵەتی عێراقی مالیکی و.... تاد، لەوەی کامیان دەتوانن زۆرترین مرۆڤی بێتاوان و ئازادیخواز، بە سزای لە سێدارەدان بگەیەنن؟
دەوڵەتی سەرمایەداری فاشیزمی تورکیا ئامادەیە دۆستایەتی و کاری هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا بکات، چونکە خودی سیاسەتیان پێکەوە هەڵدەکەن و خاوەن یەک نەزمی چەوساندنەوە و سەر بەبەرەی چینی دەوڵەمەندی کۆمەڵگان، بەڵام ئەوەی تا سەر ئێسقان دژایەتی سیاسەتی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات و کۆی سیستەمی سەرمایەداری سەردەمیش بە پارتی چەپ یان تیرۆریست ناویان دەبات، هۆکارەکەی تەنها بۆ ئەو خاڵە بنەڕەتیە دەگەڕێتەوە کە ئەو پارتە بەهەموو مانایەک دژ بە سیستەمی چەوسێنەرانەی نیزامی سەرمایەداریە و لە هەمان کاتدا دژ بە کۆی ئەو ئایدۆلۆژیا ڕەگەز پەرستیە نەتەوەیەشە، کە مرۆڤەکان دەکات بە دوژمنی یەکتر و لە ئەسڵی دوژمنە چینایەتیەکە بە دوریان دەگرێت. ئەم خاڵە گرنگەیە وا توانیویەتی لە نێو ئەو بزوتنەوەیەدا مرۆڤی خاوەن ئیرادە و مەزن بخولقێنێت، نەک ئەوەی وەک دەسەڵاتدارانی ئەم سەردەمە، تەنها خواستیان بردنە پێشی ئیحساساتی قەومی و دینیە تا ئەوەی چینی زەحمەتکێش لە کۆمەڵگادا لەیەک داببڕێت و بە ئاسانی بیان کات بە دوژمنی یەکتر بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆی پارێزراوبێت.
مانگرتنی ئەو مرۆڤە خاوەن ئیرادانە، نەتەنها بۆ خواستێکی خودپەرستی و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی سەربەخۆیی نەتەوەیەک یان چینێک دێت، بە پێچەوانەوە مانگرتنی ئەو گشتە لە مرۆڤی خاوەن ئیرادە، نیشان دەری ئەو ماهیەتە بەرزەیە کە گەر ئازادی مانایەکی هەبێت، دەبێت لەو مرۆڤانەدا بەرجەستە ببێت. پشتگیری لە خەباتی ئەو مانگرتوانە، پشگیریە لە بەهای ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی.، ئەوەی پشتگیری لە خەباتی ئەو مرۆڤە خاوەن ئیرادانە نەکات، دەتوانم بڵێم دەکەوێتە ئەو بەرەیەیی کە سیاسەت و نەزمی باوی پێڕەوایە، نەزمێک بە غەیری چەوسانەوەی چینایەتی و زیندو کردنەوەی ڕاسیستی و رەگەز پەرستی نەتەوەیی هیچی تری پێ نیە. دەسەڵاتەکەی ئاکەپەش تا دەگات بە بەرژەوەندی زلهێزانی جیهان بە شێکی دانەبڕوان لە نێو ئەو نەزمە ڕەگەز پەرستیی و قازانج پەرستەی سیستەمی سەرمایەداری. خەباتی ئەم مرۆڤە خاوەن ئیرادانە خەباتێکە بۆ وەدەستهێنانی جیهانێکی ئازاد و دوور لە هەر خواستێکی ڕەگەزپەرستی و جیهان بینی ڕقی کوێرانە، سەرکەوتنیان مایەی ئومیدی مەزنە بۆ ئایندەیەکی باشتر و ڕزگار بوون لە جیهانبینی ئایدۆلۆژیایی ئاکەپەیی و نەتەوە پەرستی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە