ئێوه به‌های ئیراده‌یه‌کی مه‌زنن!
Sunday, 27/03/2011, 12:00
ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 دژی ڕژێمی دیکتاتۆری ناسیۆنالیزم سه‌رمایه‌داری به‌عس، ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی سته‌م دیده‌و زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی کوردستان بوو دژی کۆی ئه‌و په‌روه‌رده خنکێنهرانهی ئه‌و ڕژێمه سه‌پاندبووی. ئه‌و ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه بۆ کڕینه‌وه‌ی ئه‌و به‌ها به‌رزانه‌ی که‌رامه‌تی ئینسانی ئازادیخواز بوو دژی زوڵم و چه‌وساندنه، ڕاپه‌ڕین ههنگاوێکی جیدی بوو بۆ گۆڕینی کۆی که‌لتوری ترساندن و له سێداره‌دان و ژێر پێ‌خستنی مافه‌کانی ژنان، ده‌نگێکی دلێرانه بوو بۆ ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ک. خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان بۆیه ڕاپه‌ڕین، تا ئه‌وه‌ی چیتر نه‌بنه کۆیله‌و ژێر ده‌ستی هیچ چینێکی چه‌وسێنه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی دیکه. ده‌ست گرتنی هێزه ناسیۆنالیزمه کوردیه‌کان به‌سه‌ر ئه‌و ئیراده شۆڕشگێڕه مه‌زنه‌دا، ته‌نها بۆ درێژه پێدانی هه‌مان ڕاده‌ی چه‌وساندنه‌وه و درێژه پێدانی هه‌مان سیسته‌م و فه‌رهه‌نگێک که له ڕابردودا خۆی سه‌پاند بوو، نه‌گۆڕینی ئه‌و فه‌رهه‌نگ و په‌روه‌رده‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر ملکه‌چ کردنێکی دیکه له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵیدا خۆی دوباره بکاته‌وه، ته‌نها به قازانجی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و بزوتنه‌وه سیاسیه ناسیۆنالیزمه چینایه‌تیه خۆی ته‌واو کرد. ئه‌م هێزه کوردیه نه‌ک خوازیاری هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی کۆی ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی ڕژێمی به‌عس بوو، به پێچه‌وانه‌وه خۆی بوو به میراتگری هه‌مان ده‌ستور و ڕێسای ئه‌و ڕژێمه دڕنده‌یه. مێژووی بیست ساڵی ڕابردوو گه‌واهی ده‌ری کۆی ڕاستیه‌کانه و ناڕه‌زایه‌تیه به‌رده‌وامه‌کانی ئینسانی سته‌م دیده‌ی کوردیش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چینایه‌تیه پیشان ده‌دات.
17/02/2011 بێگومان ترین مێژوی دڕندایه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسیه ناسیۆنالیزمه چینایه‌تیه‌ی هه‌ڵدایه‌وه، بۆ کۆی کۆمه‌ڵگای ده‌رخست که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و چینه سه‌رمایه‌داره گه‌نده‌ڵه ده‌کات که له ده‌سه‌ڵاتدان و له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دایه. گولله ڕێژ کردنی خه‌ڵکی ئازادیخواز و بێدیفاعی ڕاپه‌ڕیوو، جێگایه‌کی نه‌هێشته‌وه تا ئه‌وه‌ی ملهوڕی و ئینسان کوژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره جیا بکاته‌وه له کۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌ن. ئاخۆ ئه‌وه ئیراده‌ی مه‌زنی ئه‌و خه‌ڵکه ڕاپه‌ڕیوه نیه ئێستا چۆکی به کۆی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریه‌کان داداوه؟ بۆ ده‌بێت نه پرسین له سه‌رانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته کوردیه، هۆکار چیه ئێوه بیست ساڵه گیرفانی خۆتان ده‌ئاخنن له قوتی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان و کاتێکیش ئه‌و خه‌ڵکه دژتان ده‌وه‌ستێته‌وه ئێوه به ڕێژنه‌ی گولله وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه؟ بۆ منداڵی ئه‌و خه‌ڵکه ناڕازیه له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان دۆزراونه‌ته‌وه یان ئێوه وه‌ک ئاژه‌ڵ ده‌تانه‌وێت مامه‌ڵه به‌و خه‌ڵکه‌وه بکه‌ن؟ ئاخۆ له کاتی سه‌رده‌می شاخیشدا هه‌ر کوڕانی ئه‌و چینه زه‌حمه‌تکێشه نه‌بوون به ئیراده‌ی مه‌زنی خۆیان ڕوو به ڕووی هێزی پڕ چه‌کی ڕژێمی به‌عس ده‌بوونه‌وه؟ ئاخۆ ئه‌و هه‌زاران ئینسانه‌ی له به‌ر خاتری ڕزگار بوون له‌و ڕژێمه دڕنده‌یه‌ی به‌عس ده‌ستیان دایه چه‌ک و خه‌بات کردن، بۆ دروست کردنی ڕۆژگارێکی وه‌ک ئێستا بوو که خانه‌واده‌کانیان و چینی زه‌حمه‌تکێشی کۆمه‌ڵگا له کوێره‌وه‌ریدا بژین؟ بۆ ئه‌وه بوو جارێکی تر ئینسانی زه‌حمه‌تکێشی کورد به‌ر شه‌قێکی کوردیانه بکرێته‌وه، که هه‌مان شێوه‌ی شه‌قه‌کانی دڕنده‌یه‌کی وه‌ک عه‌لی کیمیاوی بوو. یان بۆ ڕزگار کردنی چینی چه‌وساوه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بوو، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و حورمه‌ت و که‌رامه‌ته‌یان که ڕژێمی به‌عس له ژێر پێی نابوو، ڕزگاری بکه‌ن؟
خه‌ڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان ئێستا له به‌رده‌م وه‌رچه‌رخانێکی پایهداردان، له‌به‌رده‌م ئاستێک له ئیراده‌یه‌کی یه‌کگرتوی مه‌زندان بۆ ئه‌وه‌ی به ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری چه‌وسێنه‌ر بڵێن ئێوه نوێنه‌ری ئێمه نین، به‌ڵکو ئێوه نوێنه‌ری چینێکن که چه‌وسێنه‌ری سه‌ر ئێمه‌ن؟ ئه‌م هاتنه مه‌یدانه‌ی ئێستای خه‌ڵکی ناڕازی ده‌توانێت ببێت به پێشه‌نگی وه‌رچه‌رخانێکی مه‌زن، وه‌رچه‌رخانێك، ڕێک ده‌بێت به پێچه‌وانه‌ی کۆی ئه‌و که‌لتور و فه‌رهه‌نگه قێزه‌ونه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌ی په‌روه‌رده‌ی ژێر ده‌ستی ئه‌م چینه مفته‌خۆر و سامان دزه‌ی کوردستانه‌وه بنیاتیان ناوه.
ئه‌م چینه به‌رینه ناڕازیه‌ی کۆمه‌ڵگا ئیتر نایه‌وێت چیتر ڕۆژانێک دوو باره ببێته‌وه سه‌ر و جه‌سته‌ی دوعاکان به‌بلۆکی ده‌ستی پیاو سالاری شه‌ڵاڵی خوێن بکرێن، به پێچه‌وانه‌وه هه‌بێت هه‌لومه‌رجێک دروست بکات که ئازادی و عیشقی ئازاد سه‌روه‌ر بێت. چیتر ناخوازێت ژنان له ژێر ناوی ناموسی پیاودا بچه‌وسێنرێنه‌وه و بکرێنه ده‌ست که‌لای ئه‌و که‌لتوره پیاو سالاریه‌ی زه‌مه‌نێکه ئه‌م نیوه‌ی کۆمه‌ڵگایه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن. ئه‌م ئیراده مه‌زنه‌ی ئێستا له مه‌یدانی ئازادی‌دا وه‌ستاوه ده‌بێت هه‌ڵگری چه‌مکی ڕوخاندنی کۆی ئه‌و سیاسه‌ته قێزونه بێت که سه‌رده‌شت عوسمانی ڕۆژنامه‌نووسی تێدا تیرۆر کرا؟(ڵێره‌دا بۆیه ئه‌و دوو ناوه‌م ئیشاره‌ت پێکردوه، ده‌لیله له کۆی ئه‌و ئینسانه ئازادیخوازانه‌ی له ژێر سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا کوژراون و سه‌رنگوم کراون) ئه‌م ئیراده مه‌زنه نابێت ته‌نها چاوه‌ڕێی چاک سازی و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا بکات، چونکه ئه‌وه ده‌رئه‌نجامی ئه‌و خۆگونجاندنه درۆزنانه‌یه‌ی بیست ساڵی ڕابردوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بوو له ژێر ناوی ئێمه هه‌مومان کوردین و ده‌بێت ئه‌م ئه‌زمونه ناسکه‌مان بپارێزن، ئه‌م بارودۆخه‌شی دروست کردوه.
چه‌وساندنه‌وه‌و بێ ئێستای و بێ ئاینده‌یی به‌شێکی به‌رینی گه‌نجانی کۆمه‌ڵگا، ته‌نها ڕاستیه‌که که چیتر ئاشت بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا به چاره‌سه‌ری یه‌کجاری نازانێت.
مه‌زنترین شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و شۆڕشه‌یه که له‌لایه‌ن ڕابه‌ره‌کانی خودی ئه‌و چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، وه به وشیاریه‌کی سیاسی چینایه‌تیه‌وه دێته مه‌یدان و به‌دیل و ئه‌ڵته‌رناتیفی گونجاوی پێیه دژی ده‌سه‌ڵاتی حاکم، ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه ڕێک ده‌بێت به‌بێ لێڵی و ناڕونی به‌رنامه‌ی خۆی پێش که‌شی کۆمه‌ڵگای ڕاپه‌ڕیو بکات، یانی ده‌یه‌وێت ئاراسته‌ی شۆڕش و ڕاپه‌ڕین به‌ره‌و چ ئاقارێک به‌رێت. ئاخۆ گونجاوه بۆجارێکی تریش به گۆڕینی ده‌موچاوه‌کان هه‌مان سته‌م و زۆرداری بخه‌ینه‌وه سه‌رشانی خۆمان؟ ئاخۆ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌گه‌ر بۆ به‌دیهێنانی به‌کرده‌وه‌ی یه‌کسانی و ئازادی نه‌بێت بۆ گشت کۆمه‌ڵگا قازانجه‌که‌ی له کوێدا ده‌بێت؟ ئاخۆ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی که خۆی له مه‌زنی ئه‌و ئیراده یهکگرتوهدا ده‌بینێت که چینی ناڕازی کۆمه‌ڵگا پێی هه‌ستاوه و نه‌توانێت به‌ئاشکرا بدات له بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی که به‌رهه‌می چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی ده‌سه‌ڵاتداره به‌که‌ڵکی چی دێت؟ ئاخۆ ئه‌و هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌ی له کوردستاندا هه‌یه چ به‌دیلێکی مه‌ده‌نیانه و شۆڕشگێڕانه‌ی پێیه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌ست کۆتا بکرێت؟ ئاخۆ ئه‌و نوخبه ڕۆشنبیره‌ی که زۆرینه‌یان نیشته‌جێی وڵاتانی ئه‌وروپان بۆ تا ئێستا قسه‌یه‌کیان نیه له‌سه‌ر به‌دیل و ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی مه‌ده‌نیانه؟ ئاخۆ بنیات نانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی به‌بێ بنه‌بڕ کردنی کۆی که‌لتور و ئاگاییه‌کی باو له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه ده‌توانرێت جێبه‌جێ بکرێت؟ ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیرانی ناڕازی هیچ کات هه‌ڵقوڵاوی ڕه‌خنه‌یه‌کی چینایه‌تیانه نیه، هێنده‌ی ڕه‌خنه‌یه‌که هه‌ر وه‌ک ئه‌و مه‌لایه‌ی له نوێژی هه‌ینی سه‌رای ئازادی‌دا، داوای دڵ نه‌رمی له سه‌رۆکی کوردستان ده‌کات ئاگایه‌کی له ڕهشوروتهکهی ژێر ده‌ستی بێت؟ ئه‌م جۆره ڕه‌خنانه ناچنه به‌رژه‌وه‌ندی چینی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی کوردستانه‌وه، باشتر وایه بۆ ئه‌و نوخبه ڕۆشنبیره ده‌ست هه‌ڵگرن له هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی چینی ناڕازی کۆمه‌ڵگا.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ناڕازیه به‌شی زۆری پێک هاتوه له‌و چینه‌ی که ده‌چه‌وسێته‌وه له‌لایه‌ن چینی ده‌سه‌ڵاتدار و حاکمه‌وه. په‌یوه‌ندی ئابوری له‌سه‌ر بنیات نانێکی چینایه‌تیانه‌یه و خودی ئه‌و ژێرخانه ئابوریهشه ڕه‌نگادانه‌وه‌ی خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر سه‌رخانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، نه‌ک ئه‌وه‌ی له نێو خودی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا بتوانرێت ئه‌و خه‌ته چینایه‌تیه له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه. ئه‌وه ته‌نها هێزوئیراده و گیان فیدا کردنی ئه‌و ئینسانه مه‌زنانه‌یه که له 17/02/2011 وه له شه‌قامدان و شه‌وڕۆژیان خستۆته سه‌ریه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی به‌م ده‌سه‌ڵاته بڵێن تۆ نوێنه‌ری ئێمه نیت. ئه‌وه مهزانهتی ئه‌و ئیراده پۆڵاینهیه که وا له ده‌سه‌ڵات ده‌کات بڵێت ئاماده‌ین داخوازیه‌کانتان بۆ جێبه‌جی بکه‌ین، نه‌ک ئاستی دڵفراوانی ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه ترسی ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تیه له‌و ئیراده مه‌زنه‌ی وا هه‌نگاوی جیدی ده‌نێت بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی، که ده‌سه‌ڵات له ترسی هاتنه مه‌یدانی ئه‌و ئیراده مه‌زنه، ئێستا هه‌ولێر و بادینانیشی کردۆته سه‌رباز ڕێژ و، ژیانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی تێدا هه‌ڵگرتوه؟
ئیراده‌ی ئێوه زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، له مه‌زنترین پیرۆزی مه‌زنتره، ئیراده‌ی سیاسی ئێوه‌یه ده‌توانێت ئاینده‌یه‌ک بنیات بنێت که چیتر سورکێ و ڕێژوان و هاوڕێکانی به‌ر گولله‌ی جه‌للادانی خۆماڵی نه‌که‌وێت. ئه‌م ئیراده مه‌زنه چینایه‌تیه ده‌توانێت یه‌کسانی نێوان ژنان و پیاوان دیاری بکات، خودی ئه‌م ئیراده شۆڕشگێڕانه‌یه که نزیکه‌ی چل ڕۆژه له شه‌قامدایه، ترسی گه‌وره‌ی خستۆته سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چوسێنهرهوه. ئیراده‌ی سیاسی ئێوه‌یه که ده‌توانێت ڕابه‌ری مه‌زن پێک بهێنێت که هه‌ر خۆتانن نه‌ک ئه‌وانه‌ی فرمێسکی تیمساحیانهتان بۆ ده‌ڕێژن. ته‌نها خودی ئه‌و ئیراده مه‌زنه‌یه ده‌توانێت ئازادی و یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ کۆمه‌ڵگا به‌دیبهێنێت، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ئیراده چینایه‌تیه هیچ ئیراده‌یه‌کی تر نیه بتوانێت ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داره‌کان و چهوسێنهرکان له گۆڕ بنێت. ئێوه مه‌زنن، ئێوه خاوه‌ن وه‌رچه‌رخانی مێژویین له‌م سه‌ده‌یه‌دا، که من ناوم ناوه سه‌ده‌ی وه‌رچه‌رخانه مه‌زنه‌کان، چونکی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری تا دێت ڕوو له قه‌یران و شکست و نابودی زیاتره، بۆیه ته‌نها شۆڕشێکی سۆسیالیزمی ده‌توانێت هێنده‌ی تر ئیراده‌ی ئه‌م ملیۆنانه له ئینسانی به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆمه‌ڵگا ڕێکخراوتر بکات و کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ چه‌وساندنه‌وه بنیات بنێت! که چیتر ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه نه‌بێته کۆیله‌ی ئه‌وی به‌رانبه‌ری و، له‌وێدا کۆی سامانی کۆمه‌ڵگا بۆ ژیان و فه‌راهه‌م کردنی ئازادی و پاراستنی که‌رامه‌تی ئینسانی هه‌مومان ده‌بێت، نه‌ک بۆ چینێکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست