ئەگەر پەرواز هێزو دەسەڵاتی هەبوایە ئەوا مەلا پێی نەدەوێرا!
Tuesday, 28/05/2013, 12:00
لە سەردەمی هەڵگیرسانی شۆڕشی وەرچەرخانی فەرەنسای کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەدا، کۆی پیاوانی سەر بەکەنیسەی مەسیحی دژی شۆڕش وەستانەوە و بەرگرییان لە مانەوەی دەسەڵاتی پادشایی ڕەها دەکرد. کاتێک هەلومەرجەکان بەجۆرێک بێ وەستانەوە بە قازانجی بەرەی شۆڕشی دژ بەدەسەڵاتی پادشایەتی لەبەرەو پێشچوندا بوو، وە دەوری کۆتایی پادشا تا دەهات بەرەو لاوازی و کۆتایی دەچوو، ئەو کات پیاوانی سەر بەکڵێسا کەم کەم هاتنە نێو ڕیزی شۆڕشگێڕانەوە و ئیتر زانیان کە هیچ بەربەستێک نەماوەتەوە لەوەی هەڵگیرسانی شۆڕش دابمرکینێتەوە، ئا لەو کاتەدا ئەو توێژە هەلپەرستە، بۆ ئەوەی لە سبەینێیەکی تردا بێ کاریگەر نەبن، ڕویان وەرگێڕا بەلای شۆڕش و ئامانجەکانی ئەو شۆڕشەدا. ئەم نمونەیەی سەرەوە، گونجاوە بۆ نێو توێژی کۆی مەلا و بەرەی دینی لە نێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیشدا.
لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی شوڤێنی و دیکتاتۆردا، ئەوەی کەمترین خەسارەت مەند بوو لەنێو کۆمەڵگادا، تەنها توێژی مەلاکان بوو، چونکە ئەوان هەردەم بەپێی خواست و داخوازیەکانی دەسەڵات جوڵابونەوە، زۆر بەدەگمەن دەرکەوتوە مەلایەک هێند جورەئەتی کردبێت ڕەخنەیەک لەو دەسەڵاتە بگرێت، چونکە ئەوان بۆ چرکەیەکیش لەو بارگرانی و زەحمەتیانە تێنەدەگەیشتن کە دەسەڵات دەیسەپاند بەسەر کۆی کۆمەڵگای عێراقدا. ئەوان توێژێکن لەسەر ئارەق ڕشتنی نێو چاوان نەژیاون، هێندەی بەپێی نرخی ڕۆژ ژیانی خۆیانیان بردۆتە پێشەوە. ڕژێمی بەعس هەرچی بێشەرەفی و بێ کەرامەتی هەیە کردی دەرهەق بە خەڵکی سیڤیلی عێراق و کوردستان، بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان مەلایەکمان نەبینی لەسەر ئەو چەوساندنەوەیە لە نێو بڵندگۆی مزگەوتەکانیانەوە هانی خەڵکی بدەن بەرەو ڕاپەڕین و بەرپا کردنی شۆڕش. لەدوای ڕاپەڕینیشەوە ئەو توێژە جارێکی تر هەلی هەلومەرجێکیان بۆ ڕەخسایەوە، تەنها بە پشتە ملی خۆیاندا بدەنەوە و ئەشهەدو بکەن و، هەریەکە و لەلایەک بەرگری لە دەسەڵاتی نوێ بکات، ئیتر چ کوردی بێت یان عەرەبی سونی یان شیعی.
مەلاکان هەردەم پەلاماری حاڵەتێکیان داوە کە زانیویانە هیچ مەترسیەک بۆسەر ژیانیان دروست ناکات و ئەو ژیانە موفتەیان لی ناسێنیتەوە. ئەگەر نا بۆچی مەلاکان ئامادە نین دژی ئەو لایەن و بەرئەنجامانە بوەستنەوە کە بونە هۆکاری لەنێو چونی بینایی سی مرۆڤ لە هەولێردا؟ ئاخۆ دەبێت بپرسین؛ مەلایان گەر ئێوە بڕواتان بەو دونیا و قیامەت هەیە، تۆ بڵێی تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک هێندەی پەرواز تاوانی نەکردبێت و کەچی ئێوەش بێ دەنگیتان بەرانبەریان هەڵبژاردوە؟ ئاخۆ تاوانی پەروازی گۆرانی بێژ دەبێت چی بێت؟ ئاخۆ ئەو ژنە هونەرمەندانەی کەسەر بە زمانحاڵی عەرەبین، بۆچی گۆرانیەکانیان دەڵێن و مەلاکانیش وەک ئێوە دژایەتیان ناکەن؟ ئاخۆ ئاینی ئیسلام لە سەرچاوەدا هی ئێوەیە یان تایبەت بە خەڵکی عەرەب زمانە؟ من وەک ڕەگەز پەرستێک و شۆڤێنیەک قسە ناکەم، بەڵام ئاستی بیرکردنەوەی بچوکی مەلاکان لە کوردستاندا، وا دەکەن کە چیتر لێیان بێدەنگە نەکرێت.
دەڵێن (فڵانە مەلا) لەم چەند ساڵەی ڕابردودا، لە خوتبەی ڕۆژی هەینیدا باسی لەوە کردوە کە ژنان تاڵی دەرپێ کورتەکەی ژێر پانتۆڵەکەیان دیارە و ئەمە دەبێتە هۆکارێک کە کۆمەڵگا بەرەو تیاچون و وێران بوون ببات. دەبێت بپرسین؛ ئاخۆ گەر مەلا خۆی بەوردی سەیری ئەو حاڵەتەی نەکردبێت چۆن دەزانێت تاڵی دەرپێ کورتەکەی ژنانێک دیارە کە پانتۆڵیان لەپێ کردوە؟ بەڕاستی ئیمە لە ڕۆژگارێکدا دەژین مرۆڤ شەرم لەخۆی دەکات، بڵێت ئێمە خاوەن دەسەڵاتێکین وا خەریکە کۆمەڵگا بەرەو کرانەوە و بەرەوپێشچون دەبات. بەشێک لەو تاوان و سوکایەتیانەی مەلاکان دەیکەن بەدژی ژنان پەیوەستە بە خواستی دەسەڵاتی حاکمەوە، ئەوە خواستی دەسەڵاتە کەوا ڕێگا بەملاکان دەدات بە ئارەزوی خۆیان سوکایەتی بەکەسێتی ژنەوە بکەن و شەلم کوێرم بێن بە وێزەی ژناندا. مەلاکان گەر لەلایەن دەسەڵاتی حاکمەوە پاڵپشتی بەهێز بۆخۆیان نەبینن، ناوێرن بەو ئەندازەیە خەریکی بێ ڕێزی بن بەرانبەر بەژنان.
پەرواز حسێنی هونەرمەند، گەر خاوەن هێز و دەسەڵات بوایە، دڵنیام لەوەی (لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆی٠ خۆیشی ڕوت بکردایەتەوە، ئەوکات مەلا پێی نەدەوێراو، لەو کاتەدا دەیگوت ئەوە لەڕێگای شەرعەوە دروستە). پەروازی گۆرانی بێژ هیچ شتێکی نەکردوە لەوەی ببێتە جیگای ئەوەی وا مەلا پیایدا بڕشێتەوە، پەرواز مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات و ئەو مەلایە بداتە دادگا، گەر دادگایەکی ڕەوا بونی هەبێت!!!!!!!!!!!!، چونکە ئەوە بەمانای ئازادی نایەت کە کەسێک بێت لەدەرەوەی کەسێکی دیوە تەحەکوم بکات بەژیانیەوە. پەرواز یان هەر ژنێکی دی تەنها موڵکی خۆیەتی و ئەوە خودی خۆیەتی دەتوانێت بەرپرسیاریەتی خۆی دیاری بکات لەوەی چۆن دەژێت. مەلاکان دەتوانن پارێزگاری لە ماڵ و مناڵی خۆیان بکەن، نەک بێن تەداخول بکەن لە ژیانی هەرتاکێکی کۆمەڵگا.
لەنێو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا، یەکێک لەو هۆکارانەی کە هەردەم کۆمەڵگای لە پاشخانی دواکەوتویەتیدا هێشتوەتەوە، ئەو کەپتە سێکسیە ئێجگار زۆرەیە کە بەسەر دیدی تاکی کۆمەڵگاوە هەردەم لە هاتوچۆدایە. لەنێو باری دەرونی ئەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا، هێندەی کەسایەتی ژن وەک کەسایەتیەکی بەتواناو سەربەست ببینرێت، هەرکات وەک بونەوەرێکی چێژ دەر دەبینرێت و ئاینی ئیسلامیش بەشێکی سەرەکیە لەمانەوەی ئەو بارودۆخانەدا. چونکە تا ئەو کاتەی منداڵان لەنێو قوتبخانەکاندا بەپێی ڕەگەزی نێر و مێ، جیاکاریان لەبەیندا بکرێت و هەر لایەک لە قوتابخانەیەکی تایبەتدا پەروەردە بکرێن، لە دواساتدا لەبری ئەوەی نەوەیەکی تەندروست و بەئاگای لێبەرهەم بهێنرێت، دەبینین نەوەیەکی ژێر دەستەو خولیا بوونی نێو ئەو شتەی لیی دزراوە، وەبەر دێت. لێرەدا دەبێت بپرسین؛ ئاخۆ ڕێژەی فەساد و بەرەڵا کردنی ئەوەی ناوی جیهانبینی بەرەڵا و ئەو جۆرە ناوناتۆرە ناشیرینانەیە، لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بونی زیاترە، یان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ژێر دیدی ئاینی و دیکتاتۆری دەسەڵاتداردا؟ کۆمەڵگای ئێمە پێویستیەکی زۆری بە دیراسەت کردن و خویندەوە لەسەر کردن هەیە، ئیتر شورەییە بۆ دەسەڵاتیش بەو ئەندازەیە ڕێگا بەمالاکاان بدات ئاوا بەر ببنە نێو لێدانی کەسایەتی هەر کەسێک. مەلاکان ئەرکیان ئەوەیە بۆخۆیان نوێژ و تاعەتی خۆیان بکەن و ئیتر هێرش نەکەنە سەرئازادیەکانی کەسایەتی هونەرمەندان و ژنانی ئازادیخواز، مەلاکان لەڕێگای خەڵکی بێچارەو بێئاگاوە دەیانەوێت، خەڵکی هاندەن لە کارێک کە هیچ زەرەرێکی بۆسەر ژیان و ماڵی ئەوان نیە، مەلاکان گەر ڕاست دەکەن بابێن بەرگری لە ژیانی هەژاران بکەن و هۆکاری خراپ بونی ژیانیان بخەنە ئەستۆی دەسەڵات، نەک ئەوەی خوداوەند لە چارەیانی نوسیبێت بۆ ئەو ژیانەی هەیانە. کوا مەلاکان خاوەن ئەو جورئەتە بوون کە ببنە پێشڕەوی کۆمەڵگا و بە دژی ناعەدالەتیەکانی دەسەڵاتدا یەکەم کەس بن لە پێشی جەماوەرەوە؟ ئاخۆ مەلاکان بەکام پێوەر لە خزمەتی بەرەو پێشچونی باری ژیان و گوزەران و ئازادیەکانی کۆمەڵگاوە بوون؟ ئاخۆ مانەوەی دواکەوتووی کۆمەڵگا ئەو زێڕە بەبەهایە نیە بۆ مەلاکان تا بەئارەزوی خۆیان و بەبێ هیلاک بوون بژین و خەمی گرانیەکی بازاڕ و سەرلێشێوای کۆمەڵگایان نەبێت؟
مەلاکان ئەو توێژەن هەرسات لە دژی خواستە یەکسانیخوازیەکانی ژناندا دەوەستنەوە و وەک دیوارێک لەبەردەم ئەو خواستەدا خۆیان ڕاستکردۆتەوە. مەلاکان تەنها بەرگری لە خواستی پیاوسالاری دەکەن و دژی سەرجەم پێشکەوتنە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگان. ئەوان ئەو توێژەن لە کۆمەڵگادا، گەر دەسەڵاتی چەوسێنەر بونی نەما، ئیتر ئەوانیش ئەو ژیانەیان بۆنامێنێتەوە، چونکە لە کۆمەڵگایەکی کراوە و دیموکراس خوازدا، ئەرکیان لە وەعز و فتوا کەوتن کۆتایی دێت و دەکرێت وەک هەرتاکێکی نێو کۆمەلگا بەشدار بن لە ژیانی بەرهەمهێنان و بەرەو پێشچونی ژیاندا. کۆمەڵگای ئێمە هێندەی پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراس خواز و ئازاد هەیە، ئەوەندە پێویستی بە وەعز و فەتوای مەلاکان نیە. ئیتر دەتوانین بە مەلاکان بڵێین، لێرەدا بوەستن و ئیتر بەسە سوکایەتی کردنتان بە کەسایەتی ژنان.!!!
تاهیر حاجی حەسەن
٢٨/٥/٢٠١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست