ژیانی کۆمه‌ڵگا له نێوان ده‌سه‌ڵاتی چه‌قۆ و فه‌توای ئیسلامی سیاسی‌دا!
Wednesday, 04/05/2011, 12:00
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناسیۆنالیزمی کوردی له ماوه‌ی بیست ساڵی ته‌مه‌نی نێو شاردا، زۆرێک له‌لایه‌نه دزێو نه گونجاوه‌کانی له‌گه‌ڵ ژیانی مه‌ده‌نیانه‌ی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌رکه‌وت. به‌ڵام له دوای 17/02/2011 وه کۆی لایه‌نه شاراوه و ته‌واو دڕندانه‌کانی به‌یه‌کجاری خۆی خسته ڕوو بۆ کۆی کۆمه‌ڵگا. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریه که خۆی له به‌رگی ئازادیخوازی و مه‌ده‌نیه‌ت و دیموکراسیدا حه‌شار دابوو، چیتر له دوای ئه‌و مێژوه‌وه نه‌ک هه‌ر ده‌ستی بۆ چه‌ک و تێڵاو کێبڵی کاره‌بایی و زیندانی کردنی خۆپیشانده‌ران نه‌برد، به‌ڵکو په‌نای برده به‌ر شێوازێکی ته‌واو بازاڕیانه که چه‌قۆیه. چه‌قۆ ئه‌و ئامرازه‌یه هه‌رده‌م له‌لایه‌ن که‌سانی شه‌ڕفرۆش و بازاڕی و بێپه‌روه‌رده‌وه، به‌کار ده‌هێنرێت دژی لایه‌نی به‌رانبه‌ر له شه‌ڕێکی نێوان دوو که‌س یان زیاتر.
ده‌ست بردنی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌م ئامرازه، دژی خۆپیشانده‌ران له هه‌ولێر له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، بۆخۆی نیشانه‌ی یه‌کجار کێویانه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی دابه‌ده‌سته‌وه. ئاخۆ ئه‌و گروپه‌ی که به‌رهه‌م هێنراوه بۆ ئه‌وه‌ی به چه‌قۆ په‌لاماری خۆپیشانده‌ران بده‌ن و خه‌ڵتانی خوێنیان بکه‌ن، چ جیاوازیه‌کی هه‌یه له‌گه‌ڵ کۆی ئه‌و که‌لتور و فه‌رهه‌نگه دواکه‌وتوانه‌یه‌ی ئیسلامی سیاسی که فه‌توای کوشتنی ئینسانێکی پێده‌دات که له ژێر ڕکێفی ئه‌مدا مل به خواسته‌کانی نادات؟ ئه‌و فه‌توا سیاسیه‌ی که عه‌لی باپیر دژی ڕێبوار ئه‌حمه‌دی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و ئه‌و فه‌توایه‌ی که مه‌لا کرێکار دژی شاعیر، شێرکۆ بێکه‌س ده‌ری کردوه و،(فه‌توای کوشتنه‌که‌ش له‌سه‌ر شیعرێک بوه که له‌زمانی حه‌مه‌ی بۆیاخ چیه‌وه ڕه‌خنه‌ی خۆی ده‌دات) به قه‌ولی خۆی تا ئێستاش لێی په‌شیمان نیه‌و له هه‌ر کاتێکدا بگونجێت کوشتنه‌که‌ی جێبه‌جێ ده‌که‌ن، (دیاره فه‌تواکه‌ی عه‌لی باپیری کۆمه‌ڵی ئیسلامیش هه‌ر به‌رده‌وامه‌و به شوێن ساتی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت بۆ جێبه‌جێ کردنی،) له‌گه‌ڵ که‌لتورێک که ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی بره‌وی پێده‌دات، که بره‌ودانه به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌می چه‌قۆکێشی یان شه‌قاوه‌یی، هیچ مه‌ودایه‌کی جیاوازی له نێوان ئه‌م دوو فه‌رهه‌نگه دژی ئازادیه‌دا نابینرێت و نیه.
په‌نابردنی ده‌سه‌ڵات بۆ زیندوو کردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی چه‌قۆکێشی ده‌توانێت چیمان پێبڵێت و چاوه‌ڕوانی چ جۆره ئاینده‌یه‌ک بکه‌ین له‌م ده‌سه‌ڵاته؟ ئاخۆ ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردستان له کاتێکدا به نێو مه‌دێکی مه‌ده‌نی و ئازادیخوازیدا خۆی گه‌یاندۆته ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای، ده‌توانێت له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو هێزه دژی به‌شه‌ریه‌دا چۆن هه‌ڵکات؟ ئاخۆ کام لایان له‌وی تریان گونجاتر و باشتره بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا خۆی له‌گه‌ڵدا ڕابهێنێت؟ به‌ڕای من هیچ یه‌ک له‌م دوو فه‌رهه‌نگه قێزه‌ونه به‌که‌ڵکی ژیان و ئاستی زانستی و پێشکه‌وتنی ئه‌م سه‌رده‌مه نایه‌ن و ته‌نها شوێنێک بۆیان گونجاوبێت، فڕێدانیانه بۆ زبڵدانی مێژوو.
یه‌کێک له‌و خه‌سڵه‌ته هاوبه‌شه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان که نه‌یتوانی خۆی جیا بکاته‌وه له‌گه‌ل ئه‌م فه‌رهه‌نگه نه‌گونجاوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و ئیسلامی سیاسی‌دا، ئه‌و خاڵه گرنگه بوو، که خودی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نه‌یتوانی له‌وان جیاوازتر بێت. به‌مانایه‌ک، ئه‌گه‌ر خودی په‌یامی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ئاینده‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه‌و ژیانێکی باشتر و هێنانی په‌روه‌رده‌یه‌کی جیاوازتر بۆ نیو کۆمه‌ڵگا بوایه، تا ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره فه‌رهه‌نگه باوه قێزه‌ونه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه ده‌یانه‌وێت بره‌وی پێبده‌ن و شۆڕی بکه‌نه‌وه بۆ نێو کۆمه‌ڵگا،به‌کۆتا بگات. ده‌بوا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ر له ساته‌کانی سه‌ره‌تای دروست بوونیه‌وه به شوێن پێگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه‌وه بوایه، چونکه له کاتێکی وادا خه‌ڵکی کوردستان نه‌ده‌هاتن لێی به‌گومان بن و دوو دڵی بنوێنن له‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه نوێیه ناچێته‌وه سه‌ر ئه‌و خه‌ته سیاسی و فکریه‌ی ئێستا هه‌یه، ئه‌و کات خودی ناڕازیانی کۆمه‌ڵگا بۆخۆیان هه‌رده‌م له هه‌وڵی به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا ده‌بوون. پێناچێت ئینسانی ئازادیخواز و پێشکه‌وتنخوازی نێو کۆمه‌ڵگای کوردستان، به ڕق سه‌یری هیچ لایه‌نێکی سیاسی و ڕێکخراوێک بکات، به‌ڵکو به چاوی هه‌ڵسه‌نگاندن و لێور بوونه‌وه‌ی کرداریانه‌وه تێی ده‌ڕوانێت. یه‌کێک له‌هه‌ره خاڵه بنچینه‌ییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بنرێت بۆ بنیات نانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیانه، جیا کردنه‌وه‌ی دینه له ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌ک هه‌ر ئه‌م خاڵه‌ی له ده‌ستوری خۆیدا دانه‌ناوه، به‌ڵکو به ئه‌ندازه‌یه‌کی زیاتر، له بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی، خۆی گلاندۆته نێو کۆی چه‌مکه کۆنه‌په‌رستیه‌کانی مه‌زهه‌به‌وه. مه‌سه‌له چینایه‌تیه‌کان ته‌نها به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی به‌کار ده‌هێنێت و له باشترین کاتدا بنیات نانی ده‌سه‌ڵاتێکی بۆرژوازیانه‌ی یه‌کگرتو و له شێوازه ڕۆژهه‌ڵاتیه‌که‌ی که هه‌یه، له نێو ئایدیا سیاسیه‌که‌ی خۆیدا داناوه.
کاتێک شێوه ژیانێکی مه‌ده‌نیانه له وڵاتانی ئه‌وروپادا هه‌یه، یه‌کێک له‌لایه‌نه پۆزه‌تیفه‌کانی ، خودی جیاکردنه‌وه‌ی دینه له ده‌وڵه‌ت، چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌م جیاکردنه‌وه‌یه نه‌بوایه‌و دینێکی سه‌ره‌کی له نێو یاسا‌و ده‌ستوردا هه‌بوایه، ئه‌وکات هیچ لایه‌نێک که سه‌ر به دینێکی جیاوازتره به ئاسانی نه‌ی ده‌توانی بره‌و به لایه‌نه دینیه‌که‌ی خۆی بدات. ئێستا چونکه دین له ده‌وڵه‌ت جیایه‌و هیچ دینێکی سه‌ره‌کی له نێو داموده‌زگا مه‌ده‌نیه‌کانی کۆمه‌ڵگادا بوونی نیه، هیچ لایه‌نێکی دینی بۆی نیه ده‌ست بۆ فتوادان و کوشتنی نه‌یاره‌کانی خۆی ببات. دین له حاڵه‌تێکی وادا ته‌نها ده‌بێته کاری شه‌خسی هه‌رکه‌سێک و، هه‌رچ که‌سیش بۆخۆی ئازاده له‌وه‌ی په‌یڕه‌وی له سرووته دینیه‌کان بکات یان نه‌یکات،یان بڕوای به هیچ دینێک نه‌بێت. وه‌هه‌رچ که‌سێکیش ئازاده بۆخۆی پرسیاری گرنگ له سه‌ر ئه‌سڵ و فه‌سڵی دین بکات، ئاخۆ له‌لایه‌ن هێزێکی سه‌رو سرووشتیه‌وه نێردراوه یاخود ده‌ستکردی ئینسان خۆیه‌تی! له کاتێکی ئاوادایه ئینسان بێ‌ترس ده‌توانێت ڕه‌خنه‌ی خۆی بدات له‌و دینه‌ی هه‌یه. یه‌کێک له خاڵه گرنگه‌کانی دیکه‌ی نێو کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپا خودی دابین کردنی لانی که‌می ژیانه بۆ هه‌ر تاکێک که بێکاره یان نه‌خۆشی درێژ ماوه‌ی هه‌بێت، چونکه له حاڵه‌تێکی وادا که‌س ترسی له‌وه نیه له‌کاتی بێکاریدا له برساندا بمرێت یان په‌نا بۆ کاری واسته‌کاری و خۆ بچوک کردنه‌وه‌ی که‌رامه‌تی خۆی بکات تا ئه‌وه‌ی بژێوی خۆی و ماڵومنداڵی پێ په‌یدا بکات. به‌پێچه‌وانه‌وه له کوردستان و وڵاتانێک که دینی ئیسلام تێیدا حاکمه، تا ئێستاش ئه‌وه‌ی ئینسان خاوه‌نی خۆی نیه، بوونی ئه‌و ترس و هێڵه سورانه‌یه که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و دینی زاڵه‌وه بۆی دیاری کراوه، لێره‌دایه هه‌ڵه‌ی کوشنده که ئینسانی ئازادیخواز و زه‌حمه‌تکێشی ئه‌م سه‌رده‌مه دڵی به‌م جۆره ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنانه خوش بێت که هه‌ڵگری ئه‌م چه‌مکه کۆنه‌په‌رستیه‌ن.
خودی ئه‌م ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌ی له کوردستاندا هه‌یه هه‌ڵقوڵاوی نێو یه‌ک چه‌مک و دیدگای باون و سه‌ربه چینی حاکمی بۆرژوازین و، دیفاع له مانه‌وه‌ی دین ده‌که‌ن له نێو ده‌سه‌ڵات و ده‌ستوردا، تا ده‌گات به‌و ڕه‌وایه‌تیه‌ی که هه‌رکات ویستیان بۆخۆیان فه‌توای کوشتنی که‌سی نه‌یاری پێبده‌ن و هه‌ستی کۆمه‌ڵگاش بۆلای ڕه‌وایدان به فه‌تواکه‌یان ڕاکێشن.
به‌کارهێنانی ئه‌م داهێنانه نوێیه‌ی ده‌سه‌ڵات که زمانی چه‌قۆیه، دژی هه‌رچ خۆپیشاندانێک که له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نه‌بێت، ده‌چێته نێو خانه‌ی تیرۆری سیاسیه‌وه، چونکه کاتێک خۆپیشانده‌ر له هه‌رچ کاتێکی نائاسیدا، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکات له ده‌سه‌ڵات بیگرێت یان بیکوژێت له ڕێگای به‌کارهێنانی چه‌که‌وه لای ئاسای بێت، به‌ڵام ڕه‌نگه خۆپیشانده‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌و چرکه ساته نه‌کات، که گروپێکی چه‌قۆ به‌ده‌ست هه‌ڵکوتنه سه‌ری و به چه‌قۆ بیکوژن. ئێستا ده‌سه‌ڵاتی کوردی کۆی کاره دزێوه‌کانی خۆی به کۆمه‌ڵگا نیشان داوه، له تیرۆری نهێنی نووسه‌ران و که‌سانی سیاسی سه‌ر به به‌ره‌ی چه‌پی کۆمه‌ڵگاو، دوا داهێنانیشی خودی فه‌رز کردنی ده‌سه‌ڵاتی چه‌قۆیه به‌سه‌ر خودی ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ی ده‌یانه‌وێت خۆیان بهێننه سه‌ر جاده.
بێده‌نگ بوونی کۆمه‌ڵگا له به‌رانبه‌ر دیارده‌ی چه‌قۆ و فه‌توای ئیسلامی سیاسی‌دا، نیشانه‌ی ته‌سلیم بوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام ئاخۆ کۆمه‌ڵگا ده‌توانێت له به‌رانبه‌ر ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته نامه‌ده‌نیه‌دا تاکه‌ی خۆی ڕاپێچی نێو بێده‌نگی کردن بکات؟ درێژه‌دان به‌ژیانێک له نێو دوو به‌رداشی یاسای چه‌قۆ و یاسای فه‌توای کوشتن به‌ده‌ستی ئیسلامی سیاسی، چ چێژێکی ده‌بێت؟ دڵنیام ڕۆژێک دادێت خودی ئه‌م نه‌وه نوێیه‌ی ئێستا له‌م ژیانه‌ی ناڕازیه‌و، ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردیش به‌رهه‌مهێنه‌ریه‌تی، به ئاگا ده‌بێته‌وه و هیچ لایه‌ک له‌م دوو چه‌مکه دژه ئازادیه قبوڵ ناکات. ڕێکخراو بوون له ده‌وری خودی چه‌مکی ئایدۆلۆژیای یه‌کسانی خوازی و ئازادی بێمه‌رج، ته‌نها ئومێدێکه که کۆی کۆمه‌ڵگا ڕزگار بکات له‌م په‌روه‌رده شکستخواردوه‌ی خۆی سه‌پاندوه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا. بێده‌نگه نه‌بوونی ئازادیخوازان به‌رانبه‌ر چه‌مکی چه‌قۆ و فه‌توای ئیسلامی سیاسی زامنی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه ده‌بێت. درێژه‌دان به‌م فه‌رهه‌نگ و که‌لتوره نا مه‌ده‌نیه هێنده‌ی تر کۆمه‌ڵگا ڕاپێچی نێو خۆکوشتن ده‌کاته‌وه، بێده‌نگه کردنیش یه‌کێکه له خاڵه ترسناکه‌کان بۆ درێژه‌دان و سه‌پاندنی ئه‌م دوو چه‌مکه دژه مرۆییه به‌سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵگادا!.
04/05/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست