کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستان وڵاتی سیناریۆ شاراوەکانە؟

Saturday, 12/05/2012, 12:00






لەو هەرێمەری ناوی کوردستانی باشورە و لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ەوە لە ژێر دەستی پارتە کوردیەکاندایە، نەک ئەو هەرێمە کراوە بە هەرێمێکی دیمکراتخواز و ئازاد، بەڵکو بەئەندازەیەک غەرقی نێو سیناریۆ شاراوەکان بوە، کە مرۆڤ ناتوانێت گەر بە ئینسافەوە لێی بڕوانێت بۆ چرکەیەکیش لێی دڵخۆش بێت و بە زمانێکی دور لە ترس و بەرژەوەندخوازی پیی بڵێت هەرێمی کوردستانی باشور جێگایەکە بۆ ژیان و پێکەوە هەڵکردن.
ئەو هەرێمە بەناو دیموکرات و ئازادە، هەر تاو ناتاوێک سەری کەسێکی ئازادیخوازی تێدا ژێر گڵ دەخرێت،(لێرەدا مەبەستم ئەو مرۆڤە ئازادیخوازانەیە کە لەسەر بابەتی ئازادی بەیان و ئازادی نوسیندا تیرۆر کراون، دیارە بەگشتی دژی کۆی سیناریۆ شاراوەکانی دیکەشم لە تیاچونی کەسی تیرۆریست و کەسانی دیکەشدا، چونکە گەر یاسا بونی هەبێت دەکرێت هەموو کەیسەکان لە ڕێگای یاسای مەدەنیەوە یەکلای بکرێنەوە) لەو لاشەوە حیزبی قائید و ڕابەر، بۆخۆی کە داڕێژەری سیناریۆکانە، زۆر بەئاسانی خۆی لێ دەرباز دەکات، وە بەپێی ئەو لێژنانەش بۆ ئەو سیناریۆیە بەڕێ دەخرێت، دواجار دەبێت لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی حاکم تەواو ببێت و خودی ئەو حزبە قائیدە خۆی وا نیشان دەدات کە ئەوە خودی سەرۆک و حزبە دواجار فریاد ڕەسی نێو ڕزگار کردنی کۆمەڵگایە لەو سیناریۆ تاریکانە.
خەڵکی سادەی کوردستان بە ئەندازەیەک بێئاگایە لەو پرۆژە و سیناریۆیانەی کە دەسەڵات بۆی لە کاردایە وە هەرکات خواستیشی یان باری حیزب کەوتە لێژی بەرانبەر حزبی قائیدی بەرانبەری ئەوکات دێن و خەڵکی سادەش لەو پرۆژە و سیناریۆ تاریکانە دەگلێنن گوایە کارێکی وا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیە، کە لە واقعیشدا ئەو سیناریۆیانە بەهیچ کلۆجێک لە بەرژەوەندی خەڵکی مەدەنی کوردستان و ئایندەی ئەودا نیە. هەر لەم نێوەشدا خودی ئەو پارتە بەناو ئۆپۆزیسیۆن و ڕکابەرانەی بەرانبەر بە حزبی سەردار بونیان هەیە، بە هەمان ئەندازەی ئەحزابی سەردار لە نەخشەوپلانێک دەگەڕێن کە بتوانن ئاراستەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بۆلای بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیان بەکێش بکەن، تا ئەوەی بەرانبەر بە حیزبی دەسەڵاتدار بەشێک لەو هەنگوینە تایبەتە بپچڕن بۆ نێو دەمی خۆیان. ئەم پارتە بەناو ئۆپۆزیسیۆنانە، تا ئەو ساتەی لە خزمەت خەڵکی ناڕازیدان کە بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن لەلای دەسەڵاتی حاکم، دواجار بۆ ئایندەیەکی نادیار ئاستی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان توشی شکست و بێمتمانەیی دەکەنەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەو خاڵە بنەڕەتیە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی ناڕازی لە کوردستاندا، ناتوانن پەی بەئیرادە و هێزی سیاسی خۆیان بەرن. بەم دەلیلە، ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەریانە دەچنە هەمان خانەی سیناریۆ تاریکەکانەوە کە خودی ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆن لە دواستدا دەتوانن ببن بە داینەمۆی و داڕێژەری بەپێچاوپێچ بردیندا. ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا لە بری یاسایەکی مۆدێرن کە دیفاع لە مانای هاوڵاتی بون بکات، یاسای سەروەری بنەماڵە و حیزبی حاکم و سەرۆک هەیە. ئەم یاسایە بە ئەندازەیەک خواروخێچە کە هیچ بنەمایەک ناتوانێت بیبەستێتەوە بە بونی یاسای کۆمەڵگای مەدەنیەوە، چونکە لە هەرێمێکی وەک کوردستاندا، سەرۆکی حزب و سەرۆکی هەرێم و خاوخێزانیان لەسەرو هەمو بنەمایەکی مرۆڤ بونیشەوەن. بونی ڕەخنەش بەرانبەر بەم خواروخێچیەی یاسایەک باسی لێوە دەکرێت و دەخرێتە چوارچێوەی یاسای مەدەنیوە، دیسان خۆی دەخزێنێتە نێو خانەی سەر لە ژێر گڵ نان بۆ کەسی ڕەخنەگر.

ئەم دەسەڵاتە کوردیە، کە لە بنەڕەتدا سەر بە چینی باڵای کۆمەڵگایە و شەریکە بەشی سەرەکیە لەگەڵ جیهانبینی یاسای ڕەشی بازرگانی چاوچنۆکدا، تا ئێستا نەیخواستوە هۆکاری ململانێکانی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند لەبەر چیە، بەڕاستی بە کۆمەڵگای کوردستانی بگەیەنێت؟ ئاخۆ بەڕاستی لەبەر بەرژەوەندی نەتەوەی و سەروەری کۆی خەڵکی کوردستانە یان هۆکارە سەرەکیەکە بۆ قازانجی مادی و مەعنەوی زیاتری خودی ئەو چینە سیاسیە ئابوریەیە کە لە دەسەڵاتدایە؟ ئاخۆ گەر هەرێمی کوردستان جێگایەک نیە بۆ ساغ کردنەوەی سیناریۆ شاراوەکان، بە چ شێوەیەک وڵاتانی دراوسێ بەو ئەندازەیە دەتوانن تەراتێن بکەن لە کوردستاندا و تا ئەندازەی کاری دەستخستنە ناو هاوکێشە سایەکانەوە لە نێوان حیزبە حاکمەکاندا، بونیان هەبێت؟ بۆچی کاتێک مرۆڤە ئازادیخوازەکان دێنە دەنگ و ڕەخنەی جیدی لە کاروکرداری ئەم دەسەڵاتە حاکمە دەگرن خێرا دەکەونە نانەوەی بۆسە بۆیان و تا ئەندازەی دەرکردن و کوشتن لێیان ناوەستن؟ کامەیە سەروەری یاساو ڕێسا؟ ئاخۆ ناڕەزایەتیەکانی ١٧ ی شوبات دەرئەنجامی کامە هەلومەرج بوو بەرانبەر دەسەڵاتی حاکم لە کوردستاندا؟ ئاخۆ گەر دەسەڵات بە شوێن عەدالەتی کۆمەڵایەتیەوە بێت و پرۆژەکانی بۆ گێڕانەوەی متمانە بێت بۆ ئیرادەی خەڵکی چەوساوەی کوردستان، ڕوبەڕوی ئەو ناڕەزایەتیانە دەبوەوە؟ بێگومان نەخێر. بەپێچەوانەوە ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت، جەنگێکی دەرونی و ڕاستەوخۆیە لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ سەر گیانی خەڵکانی ئازادیخوازی کوردستان. لە کۆمەڵگایەکدا تا ئێستا دیارەدەی ژن کوشتن و بێحورمەتی کردن بە خودی ئازادیەکانی هاوڵاتیان لەو پەڕی بێسنوری دا بێت، چۆن دەکرێت بڵێین لە کوردستاندا دیموکراسیەت و ئازادی بۆ مرۆڤ بونی هەیە؟ ئاخۆ ئەو دیموکراسیەت و ئازادیە تەنها و تەنها بۆ خودی دەسەڵاتداران نیە؟ گەر ئازادی بونی هەبوایە ئەوکات تیرۆر کردنی تاکە ئازادەکان لە گۆڕێدا نەدەبوو!!!!!!!!!! ئەو هێڵە سورانەی دەکێشرێت بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا، نیشانەی ئەوەیە لەو کۆمەڵگایەدا شتێک نیە بەناوی ئازادیەوە. لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرندا ناکرێت هیچ شتێک بە موقەدەسی بمێنێتەوە و ڕێگا نەدرێت پەی بە ناواخنەکەی ببرێت، ئەوە تەنها دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانن موقەدەساتەکان بۆ کۆمەڵگا زیندوو دەکەنەوە. ئاین یەکێکە لەو ئامرازە ترسناکانەی کە هەر ساتەی بەدەست لایەنێکەوە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی ئازادی تاک و ئازادی گشتی پێ دەمکوت بکرێت. لە کوردستاندا، بێجگە لە پارتە ئیسلامیە سیاسیەکان، حیزبە ناسیۆنالیستە بە ناو عیلمانیەکانیش بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان، هەروەک حیزبە ئیسلامیەکان، ئیسلام بەکار دەهێنن بۆ بەرژەوەندیەکانیان. وە هەریەک لەم حیزبە کوردیانەش، بێجگە لە چەپەکان، هەریەکەیان بۆخۆیان چەندین مەلایان لە پشت ئایدۆلۆژیاکانیان داناوە بۆ کاتی تایبەت. خۆ گەر دین لە یاساکان و بنەما گشتیەکانی دامەزراوە مەدەنیەکان جیا بوایە، ئەو کات هیچ لایەن و پارتێک نەیدەتوانی ئاوا بە ئارەزوی خۆی ئەو ئاینە دژی ئازادیە بۆ خۆی بەکار بهێنیت.
لەلایەکی دیکەوە، پیگەی ئابوری لە کوردستاندا، هەروەک عێراق، بەشە سەرەکیەکەی ئەم ئابوریە پەیوەستە بە بەرهەمی نەوتەوە، ئەم نەوتە فەنیەش، بۆ ئەوەی ببوایەتە بەشێک لە سامانی گشتی کۆمەڵگاو بکرایە بە ئامرازی بەرەو پێشچونی داهێنان لە ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگادا، لە سایەی سەری ئەم حیزبانەوە کراوە بە ئامرازی خەفە کردنی داهێنان و ئیرادەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگا. خۆ گەر ئەم سامانە مەزنە بەدەست ئەم حیزبانەوە نەبوایە، ئەو کات دەکرا، کوردستان بکرایە بە وڵاتێک، کۆی تاکەکانی لێی بەهرەمەند بونایە و کۆمەڵگاشی لەم جۆرە بەکاربەریە ڕزگاربکردایە. لە کاتێکدا کە ئەم سامانە سروشتیە مەزنە، دەبێتە تەنها قازانج بەخشی دەستی حیزبی حاکم و دەسەڵاتەکانیان، هەر لەوێدایە زۆرینەی مرۆڤی کوردستان لە بەهای سامانە کۆمەڵایەتیەکەی دادەماڵرێت و تەنها وەک ڕەعیەتێکی گوێلەمست حیسابی بۆ دەکرێت، نەک وەک ئینسانی داهێنەر و بەرهەمهێنەر. واتە دەسەڵات زۆر منەتی بە تاکەکانی نیە و هەرکات بیخوازێت دەیانخاتە نێو ئەو پلان و سیناریۆیانەی کە دەبێت بۆ مسۆگەری ئایندەی خۆی بەکاریان بهێنێت. لە کات و هەلومەرجێکی وادایە کۆمەڵگا دەخرێتە نێو بازنەی نەخوندنەوەوە. تا ئەم هەلومەرجەش بمێنێتەوە، تا ئەو ساتەش کوردستان تەنها بەشێک دەبێت لەو سیناریۆ شاراوانەی کە خودی ئەحزابی حاکم دەبنە داڕێژەری. خۆ ئەگەر کوردستان وەک وڵاتانی ئەوروپا بایە، ئەو کات لەبری ئەو فەرهەنگە بەکار بەریە، دەستیان بۆ داهێنان دەبرد لە بواری پێشکەوتن و بەرەوپێش بردنی دنیای بەرهەمهێناندا، لەو کاتەشدا دەسەڵات نە دەهات تاکە ئازادیخوازەکانی خۆی لە نێو بەرێت، بە پێچەوانەوە دەرگای کرانەوە و بەهرەمەند بوون دەکرایەوە بە ڕوی کۆمەڵگادا. بەڵام ئاخۆ دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردستان، دەتوانێت ئیدیعای ئازادیخوازی و نوێ بونەوە، بکات بۆ کۆی کۆمەڵگا؟ گەر وایە بۆ دەست دەبات بۆ دروست کردنی سیناریۆ شاراوەکان؟!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە