کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌موو لایه‌ک تاوانباره‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵات نه‌بێت!

Friday, 29/04/2011, 12:00






لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێن و قێزه‌ونه‌ی کرایه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌رانی ڕۆژی 17/02/2011 و ڕۆژانی دوای ئه‌و مێژوه‌، بۆئه‌وه‌ی بزانرێت ئاخۆ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ فیشه‌کی هێزی چه‌کداری لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، خه‌ڵتانی خوێن کران، بێتاوان بوون یان تاوانبارن و ئه‌و هێزه‌ چه‌کداره‌ش وه‌ک مافێکی ڕه‌واو به‌رگریکردن له‌ خۆ، ده‌ستیان بۆ ئه‌و کاره‌ بردوه‌. ئه‌و لێژنه‌یه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌‌ دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و کاره‌ساته‌ بکات، نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانی ڕاستیه‌کان وه‌ک خۆی نیشان بدات، به‌ڵکو ڕێک بێئه‌وه‌ی شه‌رمێکیش بکه‌ن له‌ به‌رانبه‌ر مێژوو و ڕاستیه‌کاندا، خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ریان کرد به‌ تاوانبار و بکوژانیشیان کرد به‌ بێتاوان.
ئه‌م لێژنه‌یه‌، هه‌روه‌ک ئه‌و لێژنه‌یه‌ی به‌دوادا چوونی ده‌کرد له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌یسی ئه‌نفال که‌ له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراقه‌وه‌ دانرابوون، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بن له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌، ئاخۆ خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نفال کراوه‌ یان نا! وه‌ بۆ ئه‌و کاره‌شیان پێویستیان به‌ شایه‌د حاڵه‌کانی نێو ئه‌و کاره‌ساته‌ ده‌بوو. بینیمان چۆن که‌سوکاری ئه‌نفال کراوانیان ده‌هێناو لێکۆڵینه‌وه‌ و سوێندی یاساییان ده‌دان که‌ ئاخۆ به‌ چاوی خۆیان دیویانه‌ که‌ ڕژێمی به‌عسی فاشی به‌و کاره‌ هه‌ستاوه‌یان نا! له‌ کاتێکدا گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان بۆخۆیان به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر بوون له‌ ڕودانی ئه‌و تاوانه‌ مرۆییه‌ مه‌زنه‌. ئه‌م لێژنه‌ی به‌دوادا چونه‌ش نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانی هه‌قانیه‌تێک بدات به‌خۆی له‌وه‌ی بێلایه‌نه‌ له‌و به‌دوادا چونه‌، به‌ڵکو بۆخۆیان نیشانیاندا به‌ چ ئه‌ندازه‌یه‌ک ڕاستیه‌کانیان ئاوه‌ژو کردۆته‌وه‌. هه‌روه‌ک ئه‌و لێژنه‌یه‌ش بوون که‌ دانرابوون له‌ که‌یسی تیرۆر کردنی ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان، بینیمان دوای چه‌ند مانگ ئه‌و لێژنه‌یه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک وه‌ڵامی خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت و خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستانیان دایه‌وه‌، نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانی خه‌م و چاوه‌ڕوانیه‌کانی کۆی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بڕه‌وێننه‌وه‌ له‌وه‌ی تاوانباران بگرن و ڕاده‌ستی دادگای بکه‌ن، به‌ڵکو سه‌رده‌شتی ئازادی خوازیان کرد به‌ تیرۆریستی نێو گروپی ئه‌نسارول ئیسلام، ئه‌مه‌ وه‌ڵامی لێژنه‌ی بێلایه‌ن بوو! به‌ڕاستی لێژنه‌کانیان بێلایه‌نن!!!!!!!!!!!!!

ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان ده‌رئه‌نجامی ئه‌و باره‌ ناله‌بار و ناعه‌داله‌ت خوازیه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان به‌رهه‌م هێنه‌ریه‌تی. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ خۆماڵییه‌! له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی ته‌مه‌نیدا، ته‌نها کارێک کردبێتی بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی به‌رقه‌رار بکات بۆ هاوڵاتیانی کوردستان، کوشتنی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا بووه‌. ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی چینایه‌تی و خێڵه‌کی نیه‌و ته‌نها له‌ خزمه‌تی ئه‌و چه‌مکه‌دا نیه‌،! بۆ خه‌ڵکی ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و بێزاری خۆیان ده‌رده‌بڕن؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ شوێن پره‌نسیپه‌ دیموکراسیه‌کانه‌وه‌یه‌ بۆ کۆی کۆمه‌ڵگا، بۆ نووسه‌رانێک تیرۆر ده‌کات که‌ ته‌نها چه‌کی ده‌ستیان پێنووسه‌کانیانه‌؟ کامه‌یه‌ ئه‌و ئازادیخوازی و دیموکراسیه‌ته‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بانگه‌شه‌ی بۆده‌کات؟ ئاخۆ ئه‌و جه‌یشه‌ زه‌به‌لاحه‌ی که‌ سلێمانی و شارۆچکه‌کانی دیکه‌ی پێته‌نراوه و ڕێگای هاتوو چۆی خه‌ڵکیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ که‌ به‌سه‌ر جاده‌کاندا بڕۆن، نمونه‌ی ئه‌و ئازادی و دیموکراسیه‌یه‌ که‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن؟ ئه‌رێ هێنانی ده‌بابه‌ و چه‌کی قورس بۆ چ مه‌به‌ستێکه‌؟ ئایا به‌م سه‌ربازگه‌ کردنه‌ی سلێمانی و شارۆچکه‌کانی چوارده‌وری ده‌توانن تا که‌ی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌کان کپ بکه‌نه‌وه‌؟ کامه‌یه‌ جیاوازی نێوان ئێوه‌ و به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆکی سوریا!؟ ئاخۆ کاتێک میلی تفه‌نگ ده‌هێنرێته‌وه‌ له‌ خۆپیشانده‌ر و ده‌یکوژن، هیچ جیاوازیه‌ک ده‌مێنێته‌وه‌ له‌وه‌ی ئێوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی دیکتاتۆری چوار ده‌ورتان نه‌چن؟ وه‌ڵامی داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی ناڕازی که‌ به‌ ده‌یان هه‌زار و زیاتریش ده‌بێت، ده‌کرێت به‌و جۆره‌ی ئێوه‌ بێت که‌ ته‌نها به‌کوشتن و بریندارکردن و له‌ زیندانی کردن وه‌ڵامه‌کانیان وه‌ر بگرنه‌وه‌؟ تاوانبار کردنی کۆی خۆپیشانده‌ران و کۆی باڵی ئۆپۆزیسیۆن له‌ کوردستاندا به‌ چ مانایه‌ک دێت له‌ ده‌ستوری دیموکاسیه‌ت خوازی ئێوه‌دا؟ بێتاوان ده‌رچونی ئێوه‌ و بکوژانتان که‌ خوێنی ده‌یان گه‌نجی کوردستانیان ڕشت، ئه‌گه‌ر له‌ نێو سیسته‌می دیکتاتۆریدا جێی نه‌بێته‌وه،‌ من ده‌پرسم له‌کام یاساو سونه‌تی ئازادیخوازی و دیموکراسیه‌تی ته‌نانه‌ت بۆرژوازیشدا جێی ده‌بێته‌وه‌؟
به‌تاڵان بردنی سامانی کوردستان و پڕ کردنه‌وه‌ی بانکه‌کانی ئه‌وروپا به‌ پاره‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتیتاندا، به‌ قازانجی کێ شکاوه‌ته‌وه‌؟ به‌ڕاستی شه‌رمه‌ بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ خۆماڵییه‌ ئاوا خۆی به‌زه‌لیل کراوی نابینێت؟

مانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستاو گه‌ڕان به‌ شوێن ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌نجومه‌نی کاتییان پێک هێنا بۆئه‌وه‌ی بیانگرن و له‌ زیندانیان بنێن، تێهه‌ڵدان و له‌ کاره‌بادانی ئه‌و ئینسانه‌ ئازادیخوازانه‌ی که‌ خۆپیشاندانیان کرد، پێمان ده‌ڵێت که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ک هه‌ر دوژمنی سه‌رسه‌ختی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌، به‌ڵکو بۆخۆی هیچ جیاوازیه‌کی نیه‌ له‌گه‌ڵ کۆی ئه‌و سیسته‌مه‌ تۆتالیتار و دیکتاتۆرانه‌ی له‌ مێژوی مرۆڤایه‌تیدا بینراون.
ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، که‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌ سێداره‌دانی ئازادیخوازانی ئێرانی کردۆته‌ نانخواردی ڕۆژانه‌، به‌س ده‌ست له‌و دڕندایه‌تیه‌ی هه‌ڵبگرێت ده‌توانێت بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م خۆی له‌سه‌ر پێ ڕابگرێت؟ چونکه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ حه‌قیره‌ ته‌نها به‌ له‌سێداره‌دان و زیندانه‌کانیه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌. ئێوه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ترس و تۆقاندن و هێزی جه‌للاده‌کانتانه‌وه‌ خۆتان له‌سه‌ر پێ ڕاگرتوه‌. ئه‌گه‌ر نا له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکدا تیا ده‌چن. ئه‌مه‌یه‌ دوا ده‌رئه‌نجامتان بۆ پارێزگاری کردن له‌و ئازادیه‌ی مه‌به‌ستانه‌؟ ده‌سه‌ڵاتی دۆڕاو و قه‌مچی به‌ده‌ست ته‌نها شکست چاوه‌ڕێه‌تی نه‌ک ڕێز و خۆشه‌ویستی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ له‌ ژێر ده‌ستیایه‌تی.
دیاره‌ لای هه‌موو لایه‌ک ڕونه‌ که‌ سه‌رانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ په‌یوه‌ستن به‌ خه‌تی چینایه‌تیه‌وه‌ و سه‌ر به‌ چینی بۆرژواو ده‌ره‌به‌گه‌کانن، ئه‌م چینه‌ش بۆخۆی له‌سه‌ر گێژ کردن و به‌لاڕێدابردنی خه‌ڵکی زه‌حه‌متکێش و به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆمه‌ڵگا، مانه‌ووه‌ی خۆی درێژه‌ پێده‌دات. هه‌رکاتێک ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی به‌رز بوه‌وه‌ له‌لایه‌ن چینی ژێر ده‌سته‌وه‌، ئه‌و کات ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ خاوه‌نی یاسای جه‌نگه‌ڵ و قه‌ره‌قوشیه‌، ته‌نها کوشتن و تاوانبار کردنی ناڕزاییان به‌ڕه‌وا ده‌بینێت و خۆی وه‌ک سه‌روه‌ر و ڕه‌وای هه‌ق داده‌نێت.
لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له‌ دوای 17/02 دا، بۆخۆی هه‌رچۆنێک بێت و به‌ پلانی هه‌رچ باڵێکی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕێک خرابێت، ناکاته‌ ئه‌وه‌ی به‌و ئه‌ندازه‌ له‌ دڕندایه‌تیه‌ وه‌ڵامیان بدرایه‌ته‌وه‌. من ده‌پرسم ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌سه‌ر هه‌قه‌ و به‌ری ڕه‌نجی خه‌ڵکی کوردستانی نه‌دزیوه‌، چۆن توانرا ئه‌و خه‌ڵکه‌ زۆره‌ بهێنرێته‌ سه‌ر جاده‌ و دژی ده‌سه‌ڵات بیانهێننه‌‌ مه‌یدان؟ له‌ نێو سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتێکدا که‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تیانه‌ی تێدا نه‌بێت، ناتوانرێت قه‌ناعه‌ت به‌که‌سێک بکرێت پێی بڵێیت وه‌ره‌ با له‌ دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بوه‌ستینه‌وه‌. چونکه‌ ئه‌و کات که‌سی دووه‌م‌ وه‌ڵامی خۆی پێیه‌ که‌ بۆچی ئاماده‌ نیه‌ بێت دژی ده‌سه‌ڵات بوه‌ستیته‌وه‌. له‌ کاتێکدا کۆی دانیشتوانی وڵات له‌ خۆشی و ئازادی و فه‌راهه‌م کردنی ژیانیان به‌هره‌مه‌ند بن، خۆ شێت نه‌بوون بێن به‌رد بگرنه‌ ده‌سه‌ڵات!!!!! ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی و حکومه‌ته‌که‌ی گوێگرێکی بچوکی سه‌رۆک و حیزبه‌کانیانن، چۆن ده‌توانن بڵێن ئێمه‌ دیفاع له‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ین. ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتێک کۆی خه‌ڵکی ناڕازی به‌تاوانبار بزانێت له‌ مێژووی بیست ساڵی ته‌مه‌نیدا، ئه‌گه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان خۆیان به‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بزانن که‌ دێنه‌ سه‌رجاده‌کان و ده‌سه‌ڵات تاوانباریان ده‌کات، ئاماده‌ ده‌بوون بۆ چرکه‌یه‌کیش له‌ په‌رله‌ماندا بمێننه‌وه‌؟ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ بۆ چرکه‌یه‌کیش شایانی ئه‌وه‌ نیه‌ دیفاعی لێبکرێت و به‌ خه‌م خۆری خه‌ڵکی سته‌مکێشی کوردستان بزانرێت، به‌ڵکو ته‌نها کردارێک بۆ خه‌ڵکی ئازادیخواز و چه‌وساوه‌ گونجاو بێت، له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ناڕه‌وایه‌یه‌. ئه‌ویش ته‌نها به‌ شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانرێت به‌ ئه‌نجام بگات. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تاوانباره‌ له‌به‌رده‌م خوێن ڕشتن له‌ په‌نجه‌ی هه‌رتاکێکی کۆمه‌ڵگادا، بۆیه‌ جێگای هیچ ئومێدێکی تێدا نیه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ تا ئێستا به‌شێک له‌ خه‌ڵکی کوردستان هێشتا له‌ ژێر ته‌مومژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا خۆیان ده‌رباز نه‌کردبێت و تا ئیستاش وا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت خه‌مه‌کانیان بڕه‌وێنێته‌وه‌ و ئومێده‌ ئینسانیه‌کانیان بۆ جێبه‌جێ بکات! ده‌سه‌ڵاتێک که‌ خۆی به‌رهه‌م هێنه‌ری فه‌رهه‌نگی کوشتن و ده‌ست پێوه‌گری کۆی چه‌مکه‌ نابه‌رابه‌ریه‌کانی دینی ئیسلامه‌ له‌ نێو یاساو ده‌ستوره‌که‌یدا، به‌ چ جۆرێک ده‌کرێت چاوه‌ڕوانی ئومێدی ژیانێکی بێترس و بێکوشتنی لێبکرێت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ کۆی توندڕه‌ویه‌کانی که‌لتوری به‌عسیزمی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ و هه‌ر به‌و فه‌رهه‌نگه‌ ناشیرینه‌شیه‌وه‌ ده‌بێت له‌ گۆڕ بنرێت، چونکه‌ خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان پێویستی به‌ فه‌رهه‌نگێکی مه‌ده‌نی و شارستانی هه‌یه‌ که‌ له‌وێدا ئینسان نابێته‌ ئه‌و کۆیله‌یه‌ی هه‌میشه‌ له‌ نێو دڵه‌ڕاوکێ و ترسدا بژی، هه‌ر له‌وێدا دین له‌ نێو ده‌ستوری مه‌ده‌نیدا بوونی نامێنێت و وه‌ک کاری شه‌خسی هه‌ر تاکێک ده‌بینرێت، ژنان ئازاد ده‌بن و هیچ کات که‌سێک ناتوانێت به‌زۆر سوکایه‌تی پێبکات و بیچه‌وسێنێته‌وه‌ یان بیکوژێت. بۆیه‌ تا ئه‌م ناعه‌داله‌ت خوازیه‌ بمێنێت و ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتی به‌رده‌وامی ئازادیخوازانیش ده‌مێنێت، وه‌ ده‌یان سه‌رای ئازادیش پڕ ده‌بنه‌وه‌ له‌ ده‌نگه‌ ناڕازیه‌کان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە