کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەکی کراوە بۆ سەرجەم سەرۆکی ئەحزابەکانی باشوری کوردستان!!

Wednesday, 19/06/2013, 12:00






من ڕقم لە کەستان نیەو هیچ لایەکیشم لە ئێوە خۆش ناوێت، چونکە ئێوە لە پێناو بەروپشێچونی خەڵکی کورستاندا سیاسەت ناکەن، هێندەی وابەستەن بە خواستە ناڕەواکانی بەرژەوەندی دەوڵەت نەتەوەکانی چواردەور و، زلهێزانی قازنج پەرستی سیستەمی سەرمایەداریەوەن!
خەڵکی سیڤیل و ئازادیخوازی کوردستان پێویستی بە وەرچەرخانێکە دوور لەو ئامانج و بنەما سیاسیە بچوکانەی ئێوە هەتانە، تکایە چیتر خەڵکی سیڤیل مەکەن بە قوربانی نێو خواستە بچوک و ناڕەواکانی خۆتان!!!!!!!!!
گەر ئێوە لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندان، وەرن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی دەوڵەتانی چەوسێنەری چواردەور و جیهان، خەریکی بەرنامە داڕێژی بن لە پێناو زیندو کردنەوەی ئاگایی و خواستە ڕەواکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا بە کۆی پێکهاتە ئەتنیکی و نەتەوییە جیاوازەکانیەوە. وەگەڕ خستنی سیستەمی دیموکراسی، بەمانای خۆ سەپاندنی ئایدۆلۆژیای حیزبێک نایەت، بەڵکو بەمانای نەمانی ترس و گەڕاندنەوەی ئیرادەی سیاسی دێت بۆ گشت کۆمەڵگا؟ ئاخۆ ئێوە ئامادەن لە پێناو ئەم ئامانجەدا کار و هەڵسوڕاندنە سیاسیەکانتان پێشبخەن و خۆتان بە خزمەت کاری کۆمەڵگا بزانن؟؟؟؟؟؟!!
نوسینی ئەم بابەتەم، پەیوەستە بەو هەلومەرجە نالەبار و ترسناکەی ئێستا کە خەڵکی کوردستان لەو بەشەی ناوی باشورە، خراوەتە نێو هەلومەرجێکی نائارام و پڕ لە دڵەڕواکێ، ئەویش دەرئەنجامی ئەو پرسەیە کە دەنگدان لەسەر مەسەلەی کاندیدی ئایندە بۆ سەرۆکی هەرێم و گەڕاندنەوەی دەستور بۆ نێو پەرلەمان تا هەموار بکرێتەوە، هەلومەرجێکی واش ناو دەنێن، چەسپاندنی دیموکراسی!!!! ئاخۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیەت پێویستی بە پەروەردەی دیکتاتۆریانە هەیە؟.
من دەپرسم لە ئێوەی سەرۆک ئەحزابی مەوجود؛ کە ئاخۆ بەڕاستی یەکێک لە ئێوە لە نیەت پاکی ئاوا بارودۆخێکدایە کە خۆی فیدا بکات لە پێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستاندا، یان تەنها بارگرژیەکان لە پێناو سەپاندنی هەلومەرجی داسەپاندنی ڕێورەسمە دیکتاتۆریەکاندایە؟
بازۆر نەگەڕێینەوە بۆ دواوەوە و تەنها لە دوای جەنگی دوەمی جیهانی و دروست بونی پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی عێراقەوە مێژوو وەک خۆی نیشان بدەینەوە، تا دەگات بە دروست بونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ و ئەحزابی ئیسلامی سیاسی لە هەشتاکاندا و بەرەی چەپ لە کوردستاندا. گومانی تێدا نیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان دەزانێت لە دورست بونیەوە کە ساڵی ١٩٤٦ دەکات، تا ئیستا خۆی بە ویراسی سەرەکی خەڵکی کوردستان دەزانێت، بەبێ ئەوەی تا ئەم چرکە ساتە خۆی لەسەر ئەو پێگەیە ڕاهێنابێت کە ئامادە بێت ڕەخنەیەک لە کەموکورتیەکانی خۆی بگرێت وە یان ئامادە بوبێت خۆی وەک یەکێک لە دامەکانی نێو یاری شەترەنج بزانێت کە بەدەستێکی دی دەجوڵێنرێت لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسی خۆی. ئەم وتەیەم بۆ ئەوە نیە کە من ڕقم لە مێژوی ئەو پارتە بێت، بەڵکو ڕاستینە مێژوییەکە بەو شێوەیەو، ئەوی ئەو دیو ئەو بەرژەوەندیە خێزانیە، ئاوای دەبینێت، چونکە گەر وانەبوایە، لە ماوەی ئەو مێژوە دوروو درێژەدا، هەڵبەت گۆڕانکاریەک دەهاتە نێو مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە، کە کۆی ئەو سنورە بەرتەسکانەی دەبەزاند و لە جێگای خۆ خولاندنەوە لە نێو تەقدیس کردنی بێ ڕەخنەییدا، هەزاران ڕەخنەو بەدوادا چونی ئەنجام دەدا، لە هۆکاری سەرنەکەوتن و شکستەکاندا!!!!!! ئاخۆ چ نەنگیەکی تێدایە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان، پێ لەو هەڵە مێژوییە بنوێنیت، کە دەرئەنجامی کەوتنە نیو پلانی هێزە زەبەڵاحەکان، بەشێکی گرنگ بوون لە شکست پێهێنانی ئەو پارتە لە بەرانبەر دەوڵەتی شوڤێنی بەعسدا؟ بۆچی تا ئیستا واخۆیان نیشان دەدەن کە بەبێ ئەوان کوردستان مانایەکی نیە؟ ئاخۆ کێن ئەوانەی ئەوانی تا ئێستا پاراستوە لەوەی تێدا نەچن؟ ڕەوایەتی خەڵکی کوردستانە بۆ ئەوان یان هەلومەرجی نێو قازانج خوازی زلهێزانی جیهانە کە کۆمەڵگای کوردستانیان خستۆتە بەردەستیان و سامانە سروشتیەکەی هەڕاج فرۆش دەکەن، تەنها لە پێناو مانەوەیەکی کورتی خۆیاندا!، بەتایبەتیش دوای ڕوخانی بلۆکی شورەوی لە ساڵی ١٩٩٠ داو کەوتنە دەستی ڕێبەرایەتی جیهان لە ژێر دەستی میلتاریزە کردنی دەوڵەتی ئەمریکادا؟
خۆ ڕەخنە کردن و بەهەڵەدا چونەوە کارێکی نەنگی نیە لای پارتێک کە بەفیعلی پێویستی مێژویی دروستی کردبێت، چونکە لەوەها بارودۆخێکدا، چەند ئەو پارتە ڕەخنە لەخۆ بگرێت و بەهەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە بەو ئەندازەیەش سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر دەکات لەنێو نەیارەکانیدا؟ بەڵام ئاخۆ ئێوەی سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوون بۆ چرکەیەکیش ڕەخنە لە کەموکورتیەکانی خۆتان بگرن؟ ئاخۆ گەر ئەو ژێرخانە دیکتاتۆریە خێزانیە نەبوایە، دەکرا مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیا ببنەوە و بۆخۆیان بەشوێن مەنزڵگایەکی سیاسی دیکەدا بگەڕێن؟ ئاخۆ گەر بنەماکانی پەروەردەیەکی دیموکراسیانە بونی هەبوایە لەنێو ئێوەدا، هیچ کات هەلومەرجەکان بەم ئاستەی ئیستا دەگەیشتن؟ من لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە بەرگری لە ڕەوایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەم، بەپێچەوانەوە، ئەو ئاستە لە دواکەوتویەتی و نەتوانینی خوێندنەوەیەک بۆ مۆدێرنێتەی سەرمایەداری، وای لەو پارتە کرد، هەردەم لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خێزانی ئەو بنەماڵەیەدا، وابەستە بونی خۆی بدات بە زلهێزان و ئایندەی کۆمەڵگا ببەستێتەوە بە مانەوەی خۆی لە نێو کورسی دەسەڵاتدا!
سیستەمی بورژوازی پێگەیشتوی نێو وڵاتانی خاوەن پیشەسازی، بۆ هەرسات، بێ وەستان ، گەڕانی بیهیلاک بونیان ئەنجام داوە لە پێناو ساغ کردنەوەی بازاڕەکانیاندا و گەشتنیان بەو مەرامانەی ویستویانە، لە پێناو فرۆشتنی کاڵاکانیان بە نرخێکی گران و کڕینی مادە خاوەکان بەنرخێکی هەرزان، بۆ جێبەجێ کردنی ئەو خواستەشیان هەرزانترین جێگا و بەدەستخستنی کاڵای هەرزان، وڵاتانی ڕۆژهەڵات باشترین جێگایان بوە تا ئەم ساتەش. دیارە بەپێی هێز هاوسەنگیەکانی نێوان بلۆکی شورەوی پێش ١٩٩٩ ی ڕکابەری و ململانێی نێوان وڵاتی ئەمریکا، ململانێکان، بەپێی ئەو هێز هاوسەنگیانە بوەو دەوڵەتان و پارتەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیش بەپێی ئەو هەلومەرجانە شنەبای خۆیان کردوە، بەحیساب بۆ پاک کردنەوەی بەروبومەکانیان!!!!!! بەڵام دواجار بەپێی ئەو خواستانە نەبوە، کە ئەو پارتانە خواستویانە، بەڵکو بەپێی ئەو بەرژەوەندیانە بوە کە زلهێزان ویستویانە! کارەساتەکان لەو ڕێگایەوە بە دەست دەخرێن؟ ئەوەیش تەنها باجدەری نێو ئەوە هەلومەرجانەیە خەلکە سیڤیل و خاکیەکەیە، نەک سەرانی ئەحزابی مەوجود.
هەڵە ستراتیژ و مێژوییەکانی حیزبی شیوعی عیراقیش، بەشێکی سەرەکین لە نێو دروست بونی پارتی بنەماڵەیی و دەرەبەگی و شێخایەتی وابەستە بە دەوڵەتانی ناوچەو زلهێزانی جیهانەوە، چونکە حیزبی شیوعی نەیتوانی خۆی بناسێت لەلایەک، وە نەیتوانی بەپێی ئەو بارودۆخەی ئەو سەردەمەش لە سۆسیالیزمی بنیادنراویش تێبگات، خۆ گەر پارتی سۆسیالیزمی شورەوی لە پێناو ئامانجەکانی زۆرینەی خەڵکی هەژاردا بوایە و بیتوانیایە وریایانەتر لە مۆدێرنێتەی سەرمایەداری، ئەلتەرناتیڤی مەزنتر بەرهەم بهێنێت و بنمەکانی دیموکراسی ڕاستەقینە جێبەجێ بکات، ئەوا ئەمانیش لێرە نەدەکەوتنە نیو ئەو خۆ خولاندنەوەیە لە نێو بازنەی بەتاڵیدا! من ڕێزم بۆ کۆی سەرانی حیزبی شیوعی هەیە، دیارە ڕەخنەکانم لە خەم خۆریەوەیە، نەک ئامانجم شکاندنیان بێت، دواجار، ڕۆشتنیش بەڕێگای خوار و خێچدا، تەنها سەرەگێژی وەدەست دێنێت، نەک گەیشتن بە ئامانج!!!!.
دروست بونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ بەرئەنجامی ئەو خواستە خێڵەکی و بنەماڵەییە بوو، کە پارتی دیموکراتی کوردستان شوێنی کەوتبوو، دواجار پارتی نوێ وا خۆی دەرخست کە لە خزمەت خواستەکانی خەڵکی کەوردستاندایە و ئامانجەکانی بۆ نەهێشژتنی هەژاری و دواکەوتووی کۆمەڵگای عێراق و کوردستانە، بەپێچەوانەوە، هەڵگرانی ئەم ڕێبازە نوێیەش، نەیان توانی خۆیان بدۆزنەوە و لە پێناو دۆزینەوە و زیندوو کردنەوەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگادا خەباتی سیاسیان بەرنە پێشەوە، بەهەمان شێوەی پارتی پێش خۆیان، خۆیان بەستەوە، بەخواستی زلهێزانی جیهان و بەپێی خواستەکانی ئەوان شەنی خۆیان دەکرد، دواجار، شکستێکی تر یەخەی بەکۆمەڵگای کوردستان گرتەوە و دەرئەنجامی جەنگی ماڵوێرانکارانەی عێراق- ئێرانی ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨، زۆرترین بەدبەختی و مەرگەساتی وەبەرهەمهێنا بۆ خەڵکە سیڤیلەکە، ئەویش دەرئەنمجامی خۆ بەستنەوە بە زلهێزی دوژمنی ڕکابەر، کە وا خۆی دەنواند لە ئایندەی سەرکەوتنیدا لە خزمەتی تۆی چەوساوەدا دەبێت. ئاخۆ، ناهەقمانە بپرسین، هێنانی ئەو هەموو مەرگەساتە بۆ خەڵکی کوردستان لە گێلیتیەوە بوو یان لە پێناو بەرژەوەندی خودی سەرۆکی حیزبدا بو؟ ئاخۆ دەست ماچ کردنی سەرۆکی دەوڵەتی چەوسێنەر لە پێناو بەرژەوەندی گەلی چەوساوەدایە یان لە پێناو خۆ مانەوەی تەنها سەرۆکی حیزبدایە؟ من ناتوانم وەک مێژونوسێک کۆی دەردو مەینەتیەکان لەم بابەتە کورتەدا بنوسمەوە، بەڵام دەتوانم شاهێدی ئەو ڕستیە بم، کە ئێوەی بەناو ئەحزابی قەوەمی و ئیسلامی، هێندەی دژی خواستە دیموکراسی و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستانن، نیو هێندە لە خزمەتی ئەو ئامانجە پیرۆزانەدا نین، لای من، تەنها ئازادی و یەکسانی و حورمەتدارێتی مرۆڤ پیرۆزە، نەک سەرۆکێک بەترس و تۆقاندن خۆیم لا پیرۆز بکات، نەک ئایدۆلۆژیایەکی وشکی ئیسلامی بەکریگیراو خۆیم لا پیرۆز بکات و تەنها زمانی هەڕەشە بزانێت!
ئاخۆ کاتێک دڵشاد تاڵەبانی هەڕەشە لە حیزبی شیوعی کوردستان دەکات(لە سایتی لیڤیندا ئەو هەڕەشەیەم خوێندەوە،١٨/٦/ و ئاستی ئەو سوکایەتیە ناڕەوایە دەرهەق بەو پارتە کردویەتی و بەکەم سەیرکردنیان،بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە لە مرۆڤی مەزن و ئازادیخوازەوە نیە!!!!!!!!!) بەوەی گەر هات و داواکاری بکەن، لە مادەی ٦ تا دەستکاری بکرێت، ئەو جا خودا خۆی دەزانێت چ غەزبێک دەبارێنن بەسەریاندا!!!!!!!!!، ئایا لە نێو ئیسلامی(١) ملیاردیدا ئەمەیە ئازادیەکەتان بۆ ئەوانی تر کە لە ئێوە ناچن؟ ئاخۆ ئەوە چ لۆژیکێکە، کە زانکۆی ئەزهەر خواردنی گۆشتی ئەو مرۆڤانە حەڵال دەکات کە ئیسلام نین و نوێژ ناکەن؟!! ئاخۆ ئەو جەلادخانەیە، تەنهگا ئایدۆلۆژیای ئیسلام بەرهەمهێنەری نیە؟ ئاخۆ بۆخەڵکی کوردستان شورەیی نیە دەنگ بدەن بە نەوشیروان موستەفا کە هەماهەنگی لە گەل بزوتنەوە سیاسیە ئیسلامیەکاندا، هەیە؟ ئایا ڕوشنبیران و نوسەرانی ئێمە دەکەونە نێو ئەم گەمە بەکرێگیراویەتیەی نێو سیاسەتی زلهێزانی جیهان، کە ئەمانی لای خۆمان نوێنەرە ناڕاستەوخۆکانیانن؟ ئاخۆ کۆمەلگای ئێمە پێویستی بەوەرچەرخانێکی مەزن نیە لە بوارەکانی جورئەت و پەروەردە و زانسست و سیاسەتدا، کە لەکۆی ئەمانی ئێستای ڕاست ڕەو،وە، ئیسلامی سیاسی نەچن؟ بەڕاستی شورەییە بۆ سیاسەت مەدارانی ئەحزابی سیاسی ئیسلامی و کوردی، کە بەو ئەندازەیە ترسنۆک و بچوکن لەبەردەم کرانەوە و ڕەخنە لە خۆ گرتندا؟ کوا کامەتان ئەو جورئەتەتان تێدایە، کە بتوانن ئۆج ئالان وەک قوتابخانەیەکی نوێ بخنە نێو بەرنامەی کاری سیاسی خۆتانەوە و کۆمەڵگای تێدا بە ئاگا بهێننەوە؟ ئاخۆ ملیاردەکانتان و ئاستی خۆنواندنەکانتان لە پێناو دەوڵەتێکی کۆنەپەردستی وەک سعودیە و قەتەر و ئێران، دەتوانێت ئەو حورمەتەتان بداتێ، کە لە ئایندەدا وەک سەربەرزێک دەرکەون لە نێو کۆمەڵگادا؟ ئاخۆ ئێوەی سەرانی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی، هیچ جورئەتێکتان تێدایە کە باس لە ئازادیە گشتیەکانی کۆمەڵگا بکەن؟ یان بە کامە ڕەوایەوتی خۆتان کردوە بە وەکیلی خوداوەند؟ ئاخۆ گەر خودا هەیە، بۆ هەموو مرۆڤەکانی بە دڵی ئێوەی بەکرێگیراو درودست نەکرد و جیایی کردنەوە، بۆ زەردەشتی و یەهودی و بوزی و عیسایی و ئیسلامی،؟ کەواتە کێ عادیلانەیە، ئێوە یان خودا؟ وەرن وەڵام بدەنەوە؟ بەڕاستی من هەموتان بە ئەحزابی بچوک و گوێ لە مستی دەوڵەتانی چواردەور و زلهێزانی جیهان دەبینم!!!!!!!!! قوڕ بەسەر ئەو کۆ ملیۆنە مرۆڤەی لەژێر دەسەڵاتی ئێوەدایە؟ ئیوە نوێنەری خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان نین، بەڵکو ئێوە نوێنەری قێزەونترین ئایدۆلۆژیایی قازانج پەرستی دەوڵەتی سەرمایەداری ئیسرائیل و سیستەمی سەرمایەداری جیهانن، هەر لە بەناو قەومیتانەوە تا دەگات بە تۆخترین ئیسلامی سیاسیتان؟!!!!!


فەرموون کلیکی ئەم لینکە بکەن؛
http://www.lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=17841


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە