کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌ڵامی داخوازیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان ناداته‌وه‌!

Friday, 01/04/2011, 12:00




وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی داخوازیه‌جه‌ماوه‌ریه‌کانی تا ئێستای خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه‌، نیشانه‌ی واقعیه‌تێکه‌ که‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌ چینایه‌تیه‌، به‌ کارێکی کوشنده‌ی ده‌زانێت ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ عه‌مه‌لی هه‌نگاو بنێت بۆ وه‌ڵامدانه‌ووه‌ و جێبه‌جێ کردنی ئه‌و داخوازیانه‌. نه‌گرتنی ئه‌و تاوان بارانه‌ی ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵکی بێدیفاع کردوو 17/02 یان کرد به‌ ڕۆژی خوێن ڕشتنی ئینسانی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان، بۆخۆی هۆکاری زۆر هه‌ن له‌ پشت ئه‌و ته‌سلیم نه‌کردنه‌وه‌یان، به‌ دادگا. ده‌کرێت بڵێین ئایا داگا خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی له‌ کوردستاندا؟ ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه‌ بۆ تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌و تاوان بارانه‌ بگیرێن که‌ به‌ فیشه‌ک وه‌ڵامی به‌ردی خۆپیشانده‌رانیان دایه‌وه‌؟ ئایا ئه‌و تاوان بارانه‌ له‌ نه‌زه‌ری حیزبی حاکم دا وه‌ک تاوانبار ده‌ژمێردرێن یان وه‌ک دیفاع له‌ خۆکه‌ر؟ ئایا له‌ تیگه‌یشتنی حیزبی حاکم و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا، خۆپیشانده‌ران گێره‌ شێوێن و تاوانباری یه‌که‌م نین؟
له‌ کوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو حیزبه‌ زلهێزه‌و باقی ئه‌حزابی چوارده‌وریان و به‌ وانه‌شی موعاره‌زه‌ن، پێده‌چێت هه‌ر هه‌مویان له‌یه‌ک ستراتیژی یه‌ک هاوئاهه‌نگیدا یه‌ک بگرنه‌وه‌، ئه‌ویش نه‌چونه‌ ژێرباری خواست و ئامانجێک که‌ چینی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان ده‌یه‌وێت، ئه‌ویش دابین کردنی ژیانێکی یه‌کسانی خوازیه‌. خودی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی له‌ مانگێک زیاتر پێیان ناوه‌ته‌ نێو مه‌یدانی عه‌مه‌لی ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ دژی سته‌م کاریه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دڕنده‌ و چه‌وسێنه‌ره‌، کوردیه‌وه‌، نیشانه‌ی نه‌بونی ژیانێکی ئازادانه‌یه‌ بۆ خودی ئه‌و چینه‌ چه‌وساوه‌یه له‌ کۆمه‌ڵگادا. بۆیه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌وسێنه‌ره‌ بۆرژوازیه‌ نایه‌وێت وه‌ڵام به‌ داخوازیه‌کانی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو بداته‌وه‌، چونکه‌ باش ده‌زانێت به‌ چونه‌ ژێرباری هه‌ریه‌ک له‌و داخوازیانه‌، بۆخۆی مانای لێسه‌ندنه‌وه‌ی به‌شێک له‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌م سه‌رانی ناسیۆنالیزمه‌ قه‌ومی و دینیه‌ بیست ساڵه‌ بۆخۆیان قۆرخیان کردوه‌. قۆرخ کردنی کۆی جومگه‌ زیندوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌، چ لایه‌نه‌ ئابوریه‌که‌ی که‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری خودی ئه‌و دابه‌ش کردنه‌ چینایه‌تیه‌ی نێو کۆمه‌ڵگایه‌، تا ده‌گات به‌ قۆرخ کردنی ڕوی په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵگاو یه‌خسیر کردنی هه‌رچ ئازادیه‌ک که‌ به‌ قازانجی ئه‌و چینه‌ی ژێر ده‌ست بشکێته‌وه‌.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ ئاماده‌ نیه‌ بچێته‌ ژێر جێبه‌جێ کردنی هیچ داخوازیه‌که‌وه‌، ئه‌وه‌ بیست ساڵه‌ له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا سوکایه‌تی و ئیهانه‌ به‌که‌رامه‌تی ئینسانی ئازادیخواز و زه‌حمه‌تکێشه‌وه‌ ده‌کرێت و، بۆ وه‌ده‌ستخستنی بچوکترین پێداویستی ژیان، ده‌بێت قوربانی پێشکه‌شی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بکرێت. ئه‌وه‌ بیست ساڵه‌ ئیهانه‌ و سوکایه‌تی به‌ که‌رامه‌تی ئینسانی ژنه‌وه‌ ده‌کرێت و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئیسلامگه‌ر و قه‌ومیه‌ نه‌ک هه‌نگاوی نه‌ناوه‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ژنانن ،به‌ڵکو به‌خۆی و مزگه‌وته‌که‌ی و هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌که‌یه‌وه‌، به‌شێکی دانه‌بڕاو بوون له‌ پێشێل کاریه‌کانی سه‌ر مافه‌کانی ژنان.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌، که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی هه‌یبه‌تی خێڵ خۆی بنیات ناوه‌، به‌ چ جۆرێک ئاماده‌ ده‌بێت داخوازیه‌کانت بۆ جێبه‌جێ بکات، که‌ خودی ئه‌و هه‌یبه‌ته‌ی ئه‌وی پێ له‌که‌دار وبه‌ بچوک ده‌رکه‌وتن ببینرێت له‌ چاوی کۆمه‌ڵگای ژێر ده‌ستیدا، چونکه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌میشه‌ و بۆ ساتێکیش نایه‌وێت وا ببینرێت که‌ ته‌نه‌زولی کردوه‌ بۆ کۆمه‌ڵگا. خۆبه‌زل زانین و دوور له‌ مۆڕاڵێکی مه‌ده‌نیانه‌، یه‌کێکه‌ له‌و خاڵه‌ سه‌ره‌کیانه‌ی هه‌یبه‌تی خێڵی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ شێوازی پاڕانه‌وه‌ لێی هێنده‌ی تر توشی غروری سیاسی ده‌بێت، هێنده‌ی تر خودی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌رپرسیاری یه‌که‌من له‌ بڕیاردانی ته‌قه‌ کردن له‌ خۆپیشانده‌ران، ده‌بنه‌ جێگای ڕێز و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم سه‌رکردایه‌تی ده‌کات و ته‌نها خودی خۆیه‌تی بڕیار ده‌ر له‌ کوردستاندا، وه‌ هیچ داموده‌زگایه‌کی ئیداری وه‌ک حکومه‌ت و په‌رله‌مان و دادگا بونێکی واقعی تایبه‌ت به‌خۆیان نیه‌، له‌م کاته‌دا ده‌بێت بڵێین ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆره‌ یان ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراسی وه‌ک ئه‌وه‌ی ورده‌ بۆرژواکانی سیاسه‌ت مه‌دار چاه‌ڕێی ریفۆرمی لێده‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه‌ ده‌بوا ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌ری کردون له‌سه‌ر ته‌سلیم کردنی ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران کردوه‌، ده‌بوا له‌ ڕێگای حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌که‌یانه‌وه‌ بوایه‌، بۆیه‌ش سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌رکردوه‌، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نها یه‌ک که‌س ده‌توانێت بڕیارده‌ری یه‌که‌م و کۆتای بێت له‌ کوردستاندا و ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی تر ته‌نها گوێ له‌مستی بڕیاره‌کانی سه‌رۆکن. بڕیاره‌کانی سه‌رۆکیش ته‌نها به‌ زه‌ره‌ری خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخواز ده‌شکێته‌وه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌قه‌ که‌رانه‌. چونکه‌ کاتێک ئیشاره‌ت ده‌کات به‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی بوون به‌ هۆکاری تێکچونی ڕێوڕه‌سمی خۆپیشاندانه‌که‌ و ئه‌وانه‌ی که‌ نوێنه‌رایه‌تیان کردوه‌ ده‌بێت بگیرێن و ته‌سلیم به‌دادگا بکرێن، ئاخۆ لێره‌دا ئه‌م سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ دیموکراس خوازه‌، که‌م وێنه‌ترین سه‌رۆکی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نیه‌ له‌ نێو ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کانی ناوچه‌که‌دا!
خه‌ڵکی ناڕازی کۆمه‌ڵگا هاتوه‌ته‌ مه‌یدان و دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌وسێنه‌ره‌ ناڕه‌زایه‌تی خۆی ده‌رده‌بڕێت، بۆ ده‌بێت به‌ زمانی گولله‌ وه‌ڵامیان بدرێته‌وه‌؟ ئاخۆ ئه‌م شێوه‌ ڕه‌فتار و کردارانه‌ بۆخۆی به‌س نیه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌؟ ئاخۆ بۆ دابین کردنی هه‌رچ داخوازیه‌کی سه‌ره‌تایی ده‌بێت هه‌ر جاره‌و چه‌ند ئینسانی زه‌حمه‌تکێش بکوژرێت و چه‌ندی تر ڕه‌وانه‌ی نێو زیندانه‌کان بکرێت و چه‌ندی تر بکه‌ونه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و ترساندن؟ درێژه‌ دان به‌م به‌رنامه‌و سیاسه‌ته‌ ده‌بێت تاکه‌ی بخایه‌نێت؟ ئاخۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ی که‌ یه‌کێتی و پارتی ڕابه‌رایه‌تی ده‌که‌ن و کۆی سامان و هه‌یبه‌تی ئازادیخوازانه‌ی کۆمه‌ڵگایان خستۆته‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی خۆیانه‌وه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌کرێت ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ده‌ست به‌رداری ئه‌و کوێخایه‌تیه‌ی خۆیان بن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه‌؟ ئاخۆ ئه‌م بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌ی که‌ گۆڕان و به‌ره‌ی ئیسلامی سیاسی و ڕۆشنبیره‌کانیان به‌شوێنیه‌وه‌ن، هه‌ڵگری هه‌مان چه‌مک و ڕه‌هه‌ندی سیاسی، ئیێستای بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی نین؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ خۆی به‌هه‌ڵگری چه‌مکه‌ ئه‌خلاقی و ئینسانیه‌کانی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی کوردستان بزانیایه‌، هێنده‌ له‌ پشت په‌رده‌وه‌ دانیشتنه‌ سیاسیه‌کانی خۆی ده‌کرد له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌ستی سوره‌ به‌ خوێنی ئه‌و ئینسانه‌ زه‌حمه‌تکێشانه‌ی که‌ داوای ژیانێکی شایسته‌ تر و ئینسانیانه‌تر ده‌که‌ن؟ ئاخۆ درێژ کردنه‌وه‌ی که‌لتوری دواکه‌وتوانه‌ی دینی و سه‌پاندنی زیاتری ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ دژه‌ ئازادیه‌، ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی بڵێین له‌ دوا ڕۆژدا جیاوازیه‌کی یه‌کجار گه‌و‌ره‌ ده‌بینین له‌ چاو ئه‌م فه‌رهه‌نگ و که‌لتوره‌ باوه‌ی ئێستا هه‌یه‌؟ ئاخۆ ئه‌م باڵی ئۆپۆزیسیۆنه‌ ئه‌گه‌ر خۆی به‌شێک نه‌بێت له‌و سیاسه‌ته‌ی بۆ ئاینده‌ی خۆی کار ده‌کات تا بۆ ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسان و ئازادی خواز، ئێستا ده‌سه‌ڵاتی حاکم ناچار نه‌کرابوو به‌وه‌ی کۆی داخوازیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان جێبه‌جێ بکات؟ بۆچی له‌ وڵاتانی وه‌ک تونس و میسر، چینی زه‌حمه‌تکێش و به‌ره‌ی ئازادیخوازان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان نه‌کرد که‌ ده‌سه‌ڵات ریفۆرم بکات و خۆی بگۆرێت، چونکه‌ له‌و دوو وڵاته‌ به‌ره‌ی ناڕازی له‌ کۆمه‌ڵگادا ئاماده‌ نه‌بوون بچنه‌ ژێر باوه‌ڕی گفتوگۆ کردن و له‌ ڕێگای دیالۆگه‌وه‌ ژیانیان باشتر بکه‌ن، ئه‌و بزوتنه‌وه‌ شۆڕش گێڕه‌ چینایه‌تیه‌ باش ده‌یان زانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی بۆ چه‌ند ده‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌، ته‌نها چاره‌سه‌ری له‌ بن هه‌ڵکێشانیه‌تی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا. ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری گونجاوه‌ نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژه‌ی چاوه‌ڕێی خێر و به‌ره‌کت بکه‌یت له‌ ده‌سه‌ڵاتێک که‌ ده‌تچه‌وسێنێته‌وه‌ و به‌ری ژیانت ده‌خوات. تا ئه‌وه‌ی خودی به‌ره‌ی ناڕازی له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا خۆیان ببه‌ستنه‌وه‌ به‌و ئامانج و سیاسه‌تانه‌ی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن به‌ شوێنێه‌وه‌یه‌تی، زه‌حمه‌ته‌ بتوانین چاوڕێی ئاینده‌یه‌کی باشتر بکه‌ین له‌مه‌ی ئێستا تێیدا ده‌ژین؟ تا ئه‌و کاته‌ی سه‌روه‌ری بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، تا ئه‌و کاته‌ی چاوڕێ بین که‌ هه‌ر له‌ ڕێگای مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌وه‌ ده‌گه‌ین به‌ ئامانجه‌ ڕه‌واو کایه‌ ئازادیخوازیه‌کانی کۆمه‌ڵگا، هێشتا کارێکی وا خه‌ونه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ ته‌نها یه‌ک ڕێگا چاره‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ڕوخانی یه‌کجاره‌کیانه‌. تا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌سه‌ر حوکم بێت ژیان و ئازادی بۆ ئینسانی چه‌وساوه‌ی کۆمه‌ڵگا نایه‌ته‌ دی، ته‌نها به‌ له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆی ئه‌و پایه‌ سه‌ره‌کیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی له‌سه‌ر بنیات نراوه‌، ده‌توانریت ژیانێکی ئازادانه‌ بۆ گشت لایه‌ک دابین بکرێت، نه‌ک به‌و شێوه‌ خه‌باته‌ی درێژه‌ ده‌دات به‌ نوێژی هه‌ینیانه‌ و پارانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌کاته‌ دوا ئامانجی سیاسی خۆی.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە