کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێوه‌ له‌ په‌یکه‌ره‌که‌یشی ده‌ترسن!

Thursday, 14/04/2011, 12:00


په‌یکه‌ر، هێمایه‌ بۆ که‌سێک، له‌ مێژوی سه‌رده‌می خۆیدا ده‌ورێکی تایبه‌تمه‌ندی هه‌بووه‌ که‌ جیاوازتر بوه‌ له‌ تاکی نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌.لێره‌دا دوو جۆر له‌ که‌سانێک هه‌ن له‌دوای خۆیان، یان له‌ کاتێکدا که‌سه‌که‌ زیندوه‌، به‌ڵام په‌یکه‌رێکیشی بۆ دروست ده‌کرێت. بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ مێژودا کاریگه‌ری جدییان هه‌بوه‌ له‌سه‌ر ڕوداوه‌کان و توانای ئه‌وه‌شیان هه‌بوه‌ ببن به‌ به‌شێکی پۆزه‌تیف له‌ نێو ئاراسته‌ کردنی ڕوداوه‌کاندا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجێکی جیاوازتر هه‌بێت له‌وه‌ی ئێستا، ئه‌م که‌سایه‌تیانه‌ هه‌میشه‌ کاتێک په‌یکه‌ریان بۆ دروست کراوه‌، که‌ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ڕابردوو، بوونی تێک شکێنرابێت و هه‌لومه‌رجێکی له‌باری نوێ بنیات نرا بێت. به‌ڵام له‌ ڕویه‌کی تره‌وه‌، زۆرێک له‌ سه‌رۆک و سه‌رکرده‌ی دیکتاتۆر هه‌بوون که‌ له‌ سه‌رده‌می خۆیاندا و تا ئه‌و کاته‌ی له‌ ژیاندا بوون، ده‌یان و بگره‌ سه‌دان په‌یکه‌ریان بۆ دروست کراوه‌،په‌یکه‌ری دیکتاتۆره‌کان، هێمایه‌کی به‌رده‌وامی گه‌یاندوه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات ئاگای له‌ هه‌موو جوڵه‌یه‌که‌ که‌ دژی به‌رپا بکرێت، ئه‌ویش له‌ ڕێگای ته‌نانه‌ت په‌یکه‌ره‌کانیشیانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رده‌م کۆمه‌ڵگای ترسێنراو نه‌توانێت هێزی خۆی دژی سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاتی حاکم بهێنێته‌ مه‌یدان. ئه‌م جۆره‌ په‌یکه‌رانه‌، بۆ نمونه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌دام دا شێوازێکی باو بوون له‌ نێو سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا. کاتێک ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ ڕوخێنراون، ئیتر بۆ هه‌میشه‌ په‌یکه‌ره‌کانی سه‌رکرده‌کانیش تێک شکێنراون، چونکه‌ خودی ئه‌و په‌یکه‌رانه‌ هێمایه‌ک بوون بۆ ترساندنی کۆمه‌ڵگای ژێر ده‌ستی ئه‌و سه‌رۆکانه‌. خودی ئه‌و په‌یکه‌رانه‌ هه‌رده‌م مانایه‌کیان به‌خشیوه‌ له‌ نێو جێگا تایبه‌تیه‌کانی نێو شاره‌کاندا، ئه‌ویش نیشانه‌ی کۆت و به‌ند و وه‌ستانه‌وه‌ ، به‌ دژی بنه‌ماسه‌ره‌تاییه‌کانی ئازادیدا، بوه‌.
سه‌رده‌شت عوسمان، ئه‌و ڕۆژنامه‌ نووسه‌ ئازادیخوازه‌ بوو، که‌ ڕۆژی 04/05/2010 له‌لایه‌ن هێزێکی نادیاره‌وه‌، وه‌ له‌ ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، به‌ ڕۆژی ڕوناک ده‌ڕفێنرێت و دوای ڕۆژێک ته‌رمه‌که‌ی له‌ موسڵ ده‌دۆزرێته‌وه‌. خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان، هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه‌ به‌ کۆیه‌کی مه‌زن دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ به‌رده‌وام له‌ مه‌یداندان و به‌کۆیه‌کی زۆرینه‌شه‌وه‌ ته‌نها خودی ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌ به‌رپرسیاری یه‌که‌م ده‌زانن له‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و کاره‌ دڕندانه‌یه‌دا. چونکه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حیزبه‌یه‌ له‌ هه‌ولێردا،به‌رپرس و بڕیار ده‌ری سه‌ره‌کی. سه‌رده‌شت عوسمان ته‌نها چه‌کی ده‌ستی، توانا مه‌زنه‌که‌ی و بیرکردنه‌وه‌ ئازادیخوازیه‌که‌ی بوو، دژی كۆی ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆرژوازیه‌وه‌، ده‌ورانێکی درێژه‌ سه‌پێنراوه‌ به‌سه‌ر چینی زه‌حمه‌تکێشی کۆمه‌ڵگادا. وه‌ له‌ ڕێگای نوسینه‌کانیه‌وه‌ ئه‌و بیرکردنه‌وه‌ جوانانه‌ی ده‌خسته‌ نێو دید و بۆچونی کۆمه‌ڵگاوه‌. ئه‌و ئینسانێک بوو له‌ چینی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان و هه‌میشه‌ دژی کۆی ئه‌و ناعه‌داله‌تیه‌ گومڕایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ناسیۆنالیسته‌ حیزبیه‌ کوردیه‌ بووه‌. بۆیه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئینسان کوژه‌، نه‌یتوانی له‌به‌رده‌م پرسیاره‌ مه‌زنه‌کانی ئه‌م ئازادیخوازه‌دا خۆی بگرێت، ته‌نها چاره‌سه‌رێک لای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دژه‌ ئازادیه‌ بوونی هه‌بوبێت، سڕینه‌وه‌ و له‌ نێوبردنی ئه‌و جۆره مرۆڤانه‌‌، بوه‌.
خودی فه‌رهه‌نگ و که‌لتورێک سه‌رده‌شت عوسمان هه‌ڵگری بوو، فه‌رهه‌نگێکی پێشکه‌وتن خواز و ئازادیخوازانه‌ بووه‌، داواکردنی ئه‌و بۆ ته‌مه‌دونی کۆمه‌ڵگاو دابین کردنی ژیانێکی ئازادیخوازانه‌ و فه‌راهه‌م کردنی ژیانێک که‌ چیتر ئینسانێک به‌ هه‌ژاری نه‌بینرێت، ئاخۆ ئه‌م داواکاریانه‌ بۆ ده‌بێت به‌ له‌نێو چوون و تیرۆر کردنه‌وه‌، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ وه‌ڵام وه‌ربگرێته‌وه‌؟. ئه‌و خوێندکاری زانکۆ بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نی بیر کردنه‌وه‌یه‌کی چینایه‌تیانه‌ و ئازادیخوازانه‌ بوو، بۆیه‌ وه‌ک ئینسانێکی تایبه‌ت تر، خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆی بوو، ئه‌و ده‌یخواست چیتر ئینسان کۆیلله‌ نه‌بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتێک که‌ ته‌نها شکستی پێیه‌ بۆ کۆمه‌ڵگا.

ده‌بێت بپرسین؛ هۆکار چیه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ ڕێگا نادات به‌ دانانی په‌یکه‌رێک بۆ ڕۆژنامه‌نوسی جوانه‌مه‌رگ، سه‌رده‌شت عوسمان له‌ هه‌ولێردا؟ ئاخۆ به‌دانانی په‌یکه‌رێک بۆ ئه‌و ئینسانه‌ ئازادیخوازه‌، ده‌کاته‌ چی لای ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ر؟ ئاخۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ دوای تیرۆر کردنی سه‌رده‌شته‌وه‌، وه‌ له‌ دوای ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ مه‌زنه‌ی که‌ شه‌قامی کوردی هه‌ژاندا دژی ئه‌و تیرۆر کردنه‌و بێده‌گه‌ کردنی ده‌سه‌ڵات له‌وه‌ی نه‌یتوانی بکوژه‌کان بدۆزێته‌وه‌ و بیانداته‌ ده‌ستی دادگا، ناکاته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یکه‌ره‌ دانرا، ئیتر ئه‌وه‌ ته‌نها نیشانه‌ی په‌یکه‌رێک نیه‌ به‌ مانای په‌یکه‌ر، به‌ڵکو نیشانه‌ی سه‌رکه‌وتن و ئیراده‌ و هێمایه‌که‌ بۆ به‌ره‌ی ئازادیخوازی کۆمه‌ڵگاش؟ ئاخۆ له‌ کاتێکی ئاوادا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌وسێنه‌ره‌ ئینسان کوژه‌، ڕێگا ده‌دات به‌ دانانی په‌یکه‌رێک بۆ ئه‌و ئینسانه‌ مه‌زنه‌؟ ئاخۆ نه‌هێشتنی دانانی په‌یکه‌ری سه‌رده‌شت عوسمان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه‌ و وه‌ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن پارتی دیموکراته‌وه‌، ناکاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ په‌یکه‌ره‌که‌یشی ده‌ترسێت؟. ڕه‌نگه‌ باشترین وه‌ڵام بۆ ئه‌م پرسیاره‌، شکاندی په‌یکه‌ری ئه‌و خونچه‌ گوڵه‌ بێت، که‌ ته‌نها پێنج ڕۆژ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر دانانی په‌یکه‌ره‌که‌یدا. ده‌ستی ڕه‌شی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ په‌یکه‌ری ئه‌و خونچه‌ گوڵه‌ش ده‌ترسێت که‌ هیچ شتێکی نه‌ده‌زانی له‌م دنیا پڕ له‌ جه‌نجاڵیه‌ته‌دا؟
شێواندنی په‌یکه‌ری گه‌رمیانی خونچه‌ گوڵ، بۆخۆی هه‌روا مانایه‌کی سه‌رپێی وساده‌ ناگه‌یه‌نێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شێواندنی په‌یکه‌ری ئه‌و خونچه‌ گوڵه‌، پێمان ده‌ڵێت، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ چ ئه‌ندازه‌یه‌کی وه‌حشیانه‌ له‌ پشت کوشتنی هه‌رچ ده‌نگێکی دلێر و ناڕازیه‌وه‌یه‌، له‌ کۆمه‌ڵگادا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر منداڵێکیش بێت. ڕه‌نگه‌ بڵێن، ئه‌وه‌ ده‌ستێکی نادیاره‌ که‌ په‌یکه‌ری ئه‌و خونچه‌ گوڵه‌ی شێواندوه‌، باشه‌ بابڵێین وایه‌، بۆ تیرۆر کردنی سه‌رده‌شت عوسمانیش ده‌سه‌ڵات وتی ئه‌و که‌سێکی تیرۆریسته‌و ئه‌حزابی ئیسلامی سیاسی تیرۆریان کردوه‌!؟ ئاخۆ که‌سێک یه‌ک زه‌ڕه‌ ڕه‌وشتی سیاسیانه‌ی هه‌بێت وه‌ نوسینه‌کانی سه‌رده‌شتی خوێندبێته‌وه‌، نیشانه‌یه‌کی وا ده‌بینرێت له‌و نووسینانه‌یدا بۆ چرکه‌یه‌کیش نزیکایه‌تی هه‌بوبێت له‌ گه‌ڵ به‌ره‌ی ئه‌نسارول ئیسلامدا؟ ڕه‌نگه‌ بڵێین ده‌سه‌ڵات ڕاستی کردوه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌م نووسینه‌کانی ئه‌و ئینسانه‌ پڕاوپڕن له‌ خۆشه‌ویستی و گه‌شتنی به‌ دابین کردنی دنیایه‌ک له‌ ئازادیخوازی، که‌ ته‌نها له‌ نێو کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی و سکولاردا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت نه‌ک له‌ نێو عه‌قڵیه‌تی ژه‌نگ گرتوی ئیسلامی سیاسیدا!
ئه‌و سیناریۆ ڕه‌زیلانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، نه‌ک توانیان بڕوایه‌ک دروست بکه‌ن له‌ نێو جه‌ماوه‌ری کوردیدا، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تا ئێستا به‌ ده‌یان هه‌زار ئینسانی ئازادیخواز له‌ کوردستاندا خۆیان وه‌ک سه‌رده‌شت و ئامانجه‌کانی ئه‌و ده‌بینینن و له‌ خه‌باتی به‌رده‌وامدان بۆ له‌ گۆڕ نانی ئه‌م که‌لتور و فه‌رهه‌نگه‌ ترسناکه‌ی، که‌ ئێوه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌ڵگرین. مێژوی 17/02/2011 و له‌ خوێن هه‌ڵکێشانی لاوانی ئازادیخوازی کوردستان، هێنده‌ی دیکه‌، ئاستی وشیاری سیاسی به‌ره‌ی ئازادیخوازی کۆمه‌ڵگای بردۆته‌ سه‌ره‌وه‌ دژی کۆی سیاسه‌ت و دیکتاتۆریه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ناڕه‌وایه‌. کوشتنی گه‌نجانی تازه‌ پێگه‌یشتوی سلیمانی و که‌لار و هه‌ڵبه‌جه‌ و چه‌مچه‌ماڵ، به‌ده‌ستی هێزی سه‌رکوت گه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، هیچ بوارێکی نه‌هێشتۆته‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی جارێکی تر ئومێد بده‌نه‌وه‌ به‌ ئێوه‌ی سه‌رۆک و سه‌رکرده‌.
ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار، له‌ په‌یکه‌ری ئه‌و خونچه‌ گوڵه‌ش ترسان! که‌ هیچ مانایه‌کی دنیای سیاسه‌تی نه‌ده‌زانی، ئه‌و خونچه‌ گوڵه‌ چ تاوانێکی هه‌بوو وا به‌و جۆره‌، که‌ چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌کرد، له‌ نێوتان برد. به‌ڕاستی زۆرجار ده‌گه‌مه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی بڵێم، ئاخۆ له‌ نێو میلله‌تی کوردا ده‌بێت ڕۆژێک له‌ ڕۆژان،بتوانێت، ئینسانی مه‌زنی تێدا په‌یدا ببێت؟ ئاخۆ بڵێی ڕۆژێک دابێت و خه‌ڵکی کوردستان به‌هره‌مه‌ند بن له‌ نووسه‌ری مه‌زن و بیرمه‌ندی مه‌زن و شاعیری مه‌زن؟ چونکه‌ مه‌زنی ئه‌و ئینسانه‌ گه‌ورانه‌ له‌ مێژوی ڕابردوی میلله‌تانی جیهاندا، کاریگه‌ری زۆر مه‌زنیان هه‌بوه‌ له‌ به‌ ئاگا هێنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکانیاندا. ئێمه‌ تا ئێستاش له‌به‌رده‌م که‌لتورێکداین که‌ ته‌نها هه‌وڵی، له‌ تێک شکاندنی ئینسانه‌ ئازادیخوازه‌کاندایه‌ و هه‌رده‌م خۆی له‌ نێو قه‌تیس بوون و بچوک کردنه‌وه‌دا بینیوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌رده‌م خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی هێند ناچیز بووین که‌ بکوژی له‌ قوربانی پێ باشتر بووه‌. خۆ تاوانی ئه‌نفال و کیمیاباران کردنی هه‌ڵه‌بجه‌، ڕه‌نگه‌ لای هه‌رچ میلله‌ت و ده‌سه‌ڵاتێکی زیندوی ئه‌م دنیایه‌ بوایه‌، ئێستا کۆی ئه‌و تاوانبارانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌و قه‌تڵوعامه‌دا، به‌دادگا، بگه‌یاندایه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی کوردیدا ئه‌و تاوانبارانه‌ له‌ باشترین جێگای ده‌سه‌ڵاتدارێتیدان. ده‌بێت بپرسین؛ که‌لتور و ڕۆشنبیریه‌کی ئاوا قێزه‌ون چیمان پێده‌ڵێت؟ ئاخۆ ئه‌م که‌لتوره‌ هه‌ڵگری که‌لتوری به‌کرێگیراوی، نیه‌؟ (که‌سی به‌کرێ گیراو هه‌میشه‌ دژی خواست و ئامانجی ڕه‌وای زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگای خۆیه‌تی و له‌ قازانجی دوژمنی به‌رانبه‌ردا کار ده‌کات). باشه‌ ئه‌و ده‌سته‌ی که‌ په‌یکه‌ری ئه‌و خونچه‌ گوڵه‌ی تێک شکاندوه‌، ئه‌گه‌ر ته‌واو داماڵراو نه‌بووبێت له‌ هه‌رچ هه‌ستێکی ئینسانی هه‌یه‌، ئاماده‌ ده‌بوو ده‌ست ببات بۆ شێواندنی ئه‌و په‌یکه‌ره‌؟ ئاخۆ ئه‌وه‌ فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ نیه‌ به‌ نهێنی و به‌ ئاشکرا خه‌ریکی قه‌تیس کردنی ده‌نگه‌ ئازادیخوازه‌کانه‌ و، له‌ کوشتنیانیشدا، ده‌یان پاساوی بێمانا ده‌هێنێته‌وه‌؟ ده‌بێت له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنیش بپرسین؛ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکدا خه‌ریکی ساتووسه‌ودا کردنن که‌ ده‌ستی سوره‌ به‌ خوێنی لاوانی ئازادیخوازی کوردستان و په‌یکه‌ری ئه‌و خونچه‌ گوڵه‌ش ده‌شێوێنن، به‌ ته‌مای چ جۆره‌ ئاینده‌یه‌کی پۆزه‌تیفن له‌و ده‌سه‌ڵاته‌؟ ئێوه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌گه‌ر له‌ پشت داخوازیه‌ ڕه‌واکانی سه‌رای ئازادیه‌وه‌ن،نابێت ئاماده‌یی ئه‌وه‌تان تیا بێت، خه‌ریکی هه‌ڵساندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بن که‌ به‌ره‌و لێواری مه‌رگ هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ له‌ هه‌رچ کوێیه‌کی ئه‌م دنیا بوایه‌، ڕێگه‌ی پێنه‌ده‌درا له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ی بمێنیته‌وه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ به‌رپرسی یه‌که‌می کۆی ئه‌و قوربانیانه‌یه‌ تا ئێستا له‌ کوردستاندا به‌ شێوازه‌ جۆراوجۆره‌کان له‌ نێو براون.
خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان به‌ ئیراده‌ی پۆڵاینی خۆیانه‌وه‌ له‌ مه‌یداندان بۆ له‌ گۆڕن نانی ئه‌م سیسته‌مه‌ دیکتاتۆریه‌ته‌، ئیتر ئێوه‌ بۆ دێن دانوستان له‌گه‌ڵیان ده‌که‌ن.
نزیکه‌ی ساڵێکه‌ که‌سوکار و به‌ره‌ی ئازادیخوازی کۆمه‌ڵگا ده‌یانه‌وێت په‌یکه‌رێک بۆ سه‌رده‌شت عوسمانی جوانه‌مه‌رگی ئازدیخواز دابنرێت له‌و جێیه‌ی لێی ڕفێنرا، به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ڕێگا نادات به‌ دانانی ئه‌و په‌یکه‌ره‌، که‌ هێمایه‌ بۆ ئازادیخوازی و ئیراده‌ به‌رزی ئه‌و ئینسانه‌ تێکۆشه‌ره‌، ئه‌و،‌ خۆی و خه‌مه‌کانی هه‌ڵگری وه‌دیهێنانی دنیایه‌کی باشتر و ئازادیه‌کی حورمه‌تدار بۆ کۆی کۆمه‌ڵگا بوو، ئیتر ئێوه‌ چاوه‌ڕێی چی له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌که‌ن؟
ئاخۆ شێواندنی په‌یکه‌ری ئه‌و خونچه‌ گوڵه‌ به‌س نیه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ ئیراده‌ی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا ڕێک بخات دژی کۆی ئه‌م په‌روه‌رده‌ سه‌قه‌ته‌ی تا ئیستا له‌ کۆمه‌ڵگادا بره‌وی هه‌یه‌؟ ئاخۆ مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌ نێو دید و بۆ چونی خۆ په‌رستانه‌ و گوێ نه‌دان به‌وه‌ی چی له‌وی به‌رانبه‌ری ده‌کرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، نامان گه‌یه‌نێت به‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی که‌ ده‌ڵێت کۆمه‌ڵگا وه‌ک مێگه‌ل وایه‌؟ چونکه‌ له‌ نێو مێگه‌لدا،ئه‌وه‌ شوانه‌ بڕیار ده‌دات که‌ کام یه‌ک له‌مه‌ڕه‌کان ببرێن بۆ سه‌ربڕین یان فرۆشتن، جیاکردنه‌وه‌ی مه‌ڕه‌کان له‌یه‌کتری له‌م حاڵه‌ته‌دا، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ مه‌ڕه‌کان توانای هیچ شتێکیان نیه‌ دژی شوانه‌که‌یان بیکه‌ن ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت به‌ چاوێکی خه‌ماویه‌وه‌ سه‌یری دوور خستنه‌وه‌ و سه‌ربڕینی هاوڕێکه‌یان بکه‌ن. کاتێک کۆمه‌ڵگاش خۆی ده‌پێچته‌ نێو ئاوا فه‌رهه‌نگ و په‌روه‌رده‌یه‌که‌وه‌، ئیتر ڕه‌نگه‌ لای مه‌به‌ست نه‌بێت هه‌زاران ئینسانی وه‌ک سه‌رده‌شت و گه‌رمیان و سورکێویش، ڕۆژانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌‌ بکوژرێن، گرنگ لای ئه‌م جۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌ خودی ئه‌و خۆ په‌رستیه‌ تاکایه‌تیه‌یه‌ که‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ژیانی ده‌ڕوات. مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌ نێو ئاوا فه‌رهه‌نگێکدا، ته‌نها ده‌توانێت ئینسانی دیکتاتۆر و سیستمی دڕنده‌ به‌رهه‌م بهێنیت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ نێو کۆمه‌ڵگایه‌کدا که‌ تێگه‌یشتنی بۆ ئیراده‌ی جه‌ماعی هه‌یه‌ و خه‌باتی بۆ ژیانێکی یه‌کسان و ئازادانه‌یه‌ بۆ گشت لایه‌ک، ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆره‌کان له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی وادا بونیان نامێنیت، خه‌ڵکی کوردستانیش پێویستی سه‌ره‌کی به‌ بنیات نانی کۆمه‌ڵگایه‌کی وازیندوو هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر سه‌رده‌شته‌کانمان، له‌ ده‌ست نه‌چن!

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە