قۆناغی وه‌رچه‌رخانه مه‌زنه‌کان ده‌ستیپێکردوه
Monday, 31/01/2011, 12:00
مێژوی ڕابردوی مرۆڤایه‌تی هه‌ندێک جار قۆناغی وه‌رچه‌رخانی بنچینه‌یی مه‌زنی به‌خۆیه‌وه دیوه، که تا ئه‌و کاته که‌م وێنه بووه له جیهاندا و به کارێکی مه‌زن هه‌ڵسه‌نگێنراوه له مێژودا. شۆڕشی فه‌ره‌نسای ساڵی 1789 یه‌کێک بوو له‌و شۆڕشه مه‌زنانه‌ی که کۆتایی به ده‌ورانێکی ته‌واو ترسناک و ژیانی کۆیللهیهتی هێنا له فه‌ره‌نسا و دواتر بۆ کۆی وڵاتانی ئه‌وروپا بوو به ده‌رس و ئه‌زمونێک ، ئیتر جێگای بۆ ده‌سه‌ڵاته ڕه‌هاکانی پاشایه‌تی و سه‌رانی کڵێسا نه هێشته‌وه. گرنگترین شتێک پێویستێتی دروست بوونی وه‌رچه‌رخانی مه‌زن دیاری ده‌کات، هه‌لومه‌رج و ئاستی بژێوی بارودۆخی ژیانی زۆرینه‌ی خه‌ڵکه چه‌وساوه و ساده‌که‌یه. له ساڵی 1788 یانی ساڵێک پێش به‌رپاکردنی شۆڕشی چه‌وساوه‌کان دژی ده‌سه‌ڵاته ملهوڕو ڕه‌هاکان، وڵات به‌گشتی توشی قه‌یرانی ئابوری هاتبوو، ده‌رئه‌نجامی جه‌نگه به‌رده‌وامه‌کانی فه‌ره‌نسا دژی وڵاتانی به‌رانبه‌ری، هه‌روه‌ها له‌و ساڵه‌دا کۆی به‌روبوومی جوتیاری ده‌رئه‌نجامی زستانێکی سارد، که هه‌موو ژیانی جوتیاری بهبهروبومیهوه تێکشکاند بوو، هۆکارێکی دیکه بوون بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌ش مه‌ینه‌ت له فه‌ره‌نسا دژی ئه‌و بارودۆخه ترسناکه بێنه مه‌یدان و هه‌نگاوی مه‌زن بنێن بۆ کاۆتایی هێنان به ڕژێمی پاشایه‌تی ڕه‌ها. ساڵی 1789 ئه‌و وه‌رچه‌رخانه مه‌زنه بوو که سه‌رتاسه‌ری فه‌رانسا خرۆشا بوو دژی بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی قورسی سه‌رشانیان، لێره‌دا ده‌بێت ئیشاره‌تێک به ڕۆڵی نائینسانیانه‌ی قه‌شه‌کان بده‌ین که تا ئه‌و کاته‌ی بۆیان مسۆگه‌ر نه‌بوو که برسیه‌کان و چه‌وساوه‌کان توانای به‌رپاکردنی ئاڵوگۆڕی مه‌زنیان هه‌یه، دژی کۆی چه‌وساوه‌کان وه‌ستانه‌وه، تا دواجار ئیتر لایان ڕوون بوو که نه ده‌سه‌ڵات و نه وه‌عزه‌کانی کڵێسا ناتوانێت به‌ر به ڕاپه‌ڕینی ئه‌و خه‌ڵکه مه‌زنه بگرێت، بۆیه دواجار هه‌ندێکیان لایان دایه‌وه به‌ڵای خۆپیشانده‌راندا و چونه ڕیزی ملیۆنی ئه‌وانه‌وه، چونکه ده‌یان زانی له ده‌ور و کارکردی سلبیانه‌ی خۆیان له کاتی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های پاشایه‌تیدا چ جۆره دوژمنایه‌تیه‌کی نا ئینسانیانه‌یان دژی خه‌ڵکی ئه‌نجام دابوو. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه ته‌واو مێژوی و مه‌زن بوو، به‌رامبه‌ر ژیان و گوزه‌رانی تا ئه‌و کاتی کۆی وڵاتانی گیرخواردوی ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته بنه‌ماڵه‌یی و ڕه‌هاکان. وه‌رچه‌رخانێکی هێند مه‌زن بوو توانای ئاڵوگۆڕی بنچینه‌یی پێکهێنا له کۆی ناعه‌داله‌تیه‌ک تا ئه‌و کات بوونی هه‌بوو له کۆی جومگه سه‌ره‌کیه‌کانی ژیاندا.(په‌رتوکی شۆڕشی فه‌ره‌نسا،وه‌رگێڕانی بۆ سه‌ر زمانی کوردی له‌لایه‌ن، هه‌ورامان وریا قانیع)
وه‌رچه‌رخانێکی که‌م وێنه‌ی دیکه، شۆڕشی مه‌زنی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1917ی ڕوسیا بوو، ئه‌م وه‌رچه‌رخانه نه‌ک ههرتوانی کۆی سیستمی ئیمپراتۆریانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی قه‌یسه‌ر و کۆی سیستمه‌که‌ی له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێنیته‌وه، به‌ڵکو له مێژودا بوو به‌یه‌که‌م جۆر له شۆڕش کردن به‌ڕابه‌رایه‌تی چینی کرێکار که ئاسۆدار بوو به هێنانی یه‌کسانی ته‌واو بۆ کۆی کۆمه‌ڵگاو کۆتایی هێنان به ڕژێمی فیئودال سه‌رمایه‌داری تا ئه‌و کاته‌ی ڕوسیا. ئه‌و وه‌رچه‌رخانه به جۆرێک بوو، وێنه‌یه‌کی ته‌واو نوێی به کۆی مرۆڤایه‌تی نیشاندا، ئه‌ویش توانا‌و ئاستی ڕێکخراو بوونی چینێکی مه‌زنی کۆمه‌ڵگا، که تائه‌و ساته‌ی پێش به‌رپاکردنی شۆڕش له نێو دید و فه‌لسه‌فه‌ی چه‌وسێنه‌رانه‌ی قه‌یسه‌ردا دادهپڵۆسێنرا. سۆسیالیزم و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار ئه‌و ناوه نوێیه بوون، له ڕوی کرداریه‌وه جێده‌ستی خۆی دیاری کرد له‌وه‌ی که توانای ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی هه‌یه له کۆی ئه‌و ژیان و سیستمه باوه‌ی ڕژێمی فیئودال کڵێسایه‌دا که کۆی چینی کرێکار و خه‌ڵکی جوتیاری له نێو کوێره‌وری و دواکه‌وتویدا هێشتبوه‌وه. سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی و کۆی سیستمه چه‌وسێنه‌ره‌کانی تا ئه‌وکات له چاوه‌ڕوانی ئاوا شۆڕشێک و سیستمێکی نویدا نه‌بوون.
ڕوسیای قه‌یسه‌ری، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامانه‌ی په‌لی بۆ ده‌هاویشت بۆ زیاتر کردنی هه‌یمه‌نه‌تی خۆی و دزینی پاروی ده‌می ده‌یان ملیۆن ئینسانی زه‌حمه‌تکێش، دواجار بڵاو بونه‌وه‌ی بێ‌کاری و نه‌توانینی ده‌ست ڕاگه‌شتن به ساده‌ترین جۆری ژیان، ده‌سه‌ڵاتی توشی قه‌یرانی ئابوری قورس کرد، هه‌ر ئه‌و قه‌یرانه ئابوری و توش بونی ده‌وڵه‌ت به قه‌رزداری زۆر، ده‌بێته هۆکاری ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ش ئه‌گه‌ر ئاسۆیه‌کی ڕونیشی نه‌بێت بۆ دوا ده‌رئه‌نجامی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی مه‌وجود وای لێده‌کات، که هاتنه‌مه‌یدان دژی ده‌سه‌ڵات به کارێکی هه‌ره پێویست و ده‌ست به‌جێ بزانرێت.(ئه‌م زانیاریانه له په‌رتوک گه‌لێکی زۆردا ده‌توانرێت ببینریت ده‌رباره‌ی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌می روسیا)
وه‌رچه‌رخانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش پێده‌چێت هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و دوو ووهرچهرخانه مه‌زنه‌ی ڕابرودوی مرۆڤایه‌تی بێت. قه‌یرانی ئابوری نیزامی سه‌رمایه‌داری له‌م سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستویهکهمهدا، به جۆرێکه هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک نابینیته‌وه پشکێکی له‌م قه‌یرانه ئابوریه به‌رنه‌که‌وێت، بێگومان ئه‌م سیستمه سه‌رمایه‌داریه قه‌یرانی ساڵی 1929 شی تێپه‌ڕاندوه که تا ئه‌و کات به‌یه‌کێک له قه‌یرانه کوشنده‌کان داده‌نرا و ده‌رئه‌نجامی به‌رپاکردنی جه‌نگی یه‌که‌می جیهان و هێنانی ماڵوێرانی بۆ زۆرینه‌ی وڵاتانێک له جه‌نگدا بوون. دواجار نه‌توانینی چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه ناله‌باره، جارێکی دی له نێوان وڵاتانێک که زلهێزی تا ئه‌و کاته بوون، ده‌ستیان دایه جه‌نگێکی دیکه‌ی ماڵوێرانهکهر که به‌پێی ئه‌و مێژوه‌ی نوسراوه‌ته‌وه زیاد له 50 ملیۆن ئینسان تێیدا کوژرا، ئه‌ویش جه‌نگی دوه‌می جیهان بوو، بۆئه‌وه‌ی جارێکی دی جیهان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی براوه‌کان له جه‌نگدا دابه‌ش بکه‌نه‌وه به‌سه‌ر خۆیاندا.
ئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه ئابوریه‌ی ئێستا جیا ده‌کاته‌وه له سه‌رده‌می قه‌یرانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، هه‌لومه‌رجی به نێونه‌ته‌ویی بوونی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، خودی نیزامی سه‌رمایه‌داری هیچ سنورێکی له‌به‌رده‌م خۆیدا نه‌هێشتوه‌ته‌وه که په‌لی بۆ نههاویشتبێت به‌خاتری ساغ کردنه‌وه‌ی کاڵاکانی و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی زیاتر بۆی. ئه‌م ململانێ به‌رژه‌وه‌ند خوازیه چینایه‌تیه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری، که که‌ڵه‌که کردنی سه‌رمایه‌ی زیاتر و سه‌پاندنی هه‌یمه‌نه‌تی کامه زیاتر له هه‌موان زلهێز تره، جیهانی بچوک کردۆته‌وه، بۆ گوندێک. بۆیه به ڕودانی هه‌رچ به‌ریه‌که‌وتن و به‌رپاکردنی هه‌ر جۆره جه‌نگێک ده‌توانێت کاریگه‌ری خۆی بدات له کام شوێنی دوره ده‌ستی جیهان هه‌یه. هاتنه مه‌یدانی هه‌زاران ئینسانی کرێکار و خه‌لکی دژی ئه‌م سیستمه سه‌رمایه‌داریه له ساڵی 2010 وه و به‌رده‌وامی ئه‌م خۆپیشاندانه دژی سیاسه‌تی سک ههلگوشین و زیاد کردنی باج به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا و گران کردنی شتومه‌که پیویستیه ڕۆژانه‌یه‌کان و بێکار کردنی سه‌دان هه‌زار ئینسان، هه‌ر له ئه‌مریکای سه‌رچاوه‌ی قهیرانکهوه تا ده‌گات به بچوکترین وڵات، ئه‌م هاتنه مه‌یدان و خۆپیشاندانانه‌ی به خۆیه‌وه دیوه و هه‌ر به‌رده‌وامیشه، باتایبه‌ت وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا.
پێش که‌وتنی زانستی ته‌کنه‌لۆجیا و ئامرازه‌کانی به‌رهه‌م هێنان، که توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه به‌که‌مترین هێزی کارکردنه‌وه زۆرترین به‌رهه‌م به‌ده‌ست بخه‌ن،(دیاره پێش که‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیا به گشت کایه‌کانیه‌وه، له نێو ئه‌م سیستمه سه‌رمایه‌داریه‌دا ده‌بێته به‌شێکی تری قازانج سه‌رخستنی خێرا بۆ خاوه‌نانی خاوه‌نداریه‌تیه تایبه‌ته‌کان، که سه‌رمایه‌دارانن) له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌بنه به‌شێکی تر له‌و هۆکارانه‌ی ئاستی بێ‌کاری زیاتر ده‌که‌ن. ئه‌م قه‌یرانه ئابوریه نێونه‌ته‌وه‌یه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری، کاردانه‌وه‌یه‌کی خێرای خستۆته سه‌ر وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات، لانی که‌م له‌و وڵاتانه‌دا هیچ جۆره مافێکی ئینسانی و دابین کردنی لانی که‌می ژیان نیه بۆ خه‌ڵکی ڕه‌ش وڕووت، زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی تا ئیستای وڵاتانی عه‌ره‌بی به کۆی گشتیانه‌وه بۆ چه‌ند ده‌یه ده‌چێت له ده‌سه‌ڵاتدان و کۆی مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵکیان له ژێر پێی خۆیان ناوه. ئاستی بێ‌کاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌تایه‌کان به‌شی سه‌ره‌کی ژیانی نێو وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی کیشوه‌ری ئاسیا و زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان، پێک دێنن. ده‌وڵه‌مه‌ندی بێسنوری ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌کانیان و ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌و چینه‌ی خۆیانن، بارودۆخ و هه‌لومه‌رجێکی وای دروست کردوه که خه‌ڵکی هه‌ژار ڕۆژ به‌ڕۆژ ژیانیان زه‌حمه‌تر و پڕ له‌کاره‌ساتی نه‌بونی و ده‌ردو نه‌خۆشی زیاتر ڕو به‌روو ده‌بنه‌وه. بۆیه زۆر ده‌مێکه ئه‌و خه‌ڵکه چه‌وساوه‌یه له سات و کاتێکی مێژووی ده‌گه‌ڕێت، تا هێزی خۆی تێدا ببینێته‌وه و دژی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها بوه‌ستێته‌وه و هه‌رچی ڕق و بێزاری هه‌یه بیهێنیته سه‌ر جاده و ده‌ری ببڕێت.
خه‌ڵکی شۆڕشگێڕ و چه‌وساوه‌ی تونس، دوای ئه‌وه‌ی موحه‌مه‌د بو عزیز دژی ئه‌و هه‌لومه‌رجه سه‌خته‌ی سه‌ر ژیانی، گیانی خۆی کرد به مه‌شخه‌ڵێکی ئاگرینی به‌رده‌وام بۆ نه‌ک ته‌نها سوتانی خۆی به‌ڵکو بوو به‌و ڕه‌مزه مه‌زنه‌ی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش ئه‌و ئاگره سوتێنه‌ره دژی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی بن عه‌لی و سیستمه‌که‌ی ببه‌ن. دواجار په‌لهاویشتنی ده‌نگۆی شۆڕش و گواستنه‌وه‌ی بۆ وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که، ئێستا بڵێسه‌ی ئه‌م وه‌ر چه‌رخانه مه‌زنه ده‌ستی پێکردوه و ئاسۆی ڕوناک بۆ خه‌ڵکی سته‌ملێکراو به خه‌نده‌یه. خه‌ڵکی شۆڕشگێڕ و بێزاری میسر، دژی ده‌سه‌ڵاته ڕه‌هاکه‌ی موباره‌ک و سیستمه دیکتاتۆریه‌که‌ی، وا به گشت جیهان ده‌ڵێن که چیتر ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریه‌ت نابێت بمێنێت. ده‌سه‌ڵاتێک بۆ زیاد له سی ساڵه به‌ری ڕه‌نجی ئه‌و خه‌ڵکه ده‌دزێت و له‌لایه‌ن زلهێزانی جیهانهوهش پشتگیری لێکراوه، چونکه موباره‌ک هه‌میشه به باشترین شێوه له خزمه‌ت کاره بهکرێگیراویهکهیدا به قازانجی میلتاریهتی ئه‌مریکا و زلهێزان باشترین ڕۆڵی گێڕاوه، دیاره کۆی ده‌سه‌ڵاته‌کان هه‌ر هه‌مان شێوه‌ن، به‌ڵام وه‌رچه‌رخان له شانۆی سیاسی میسردا، که به دڵی ناوچه‌که داده‌نرێت، مه‌زنایه‌تی خۆی هه‌یه و وا ده‌کات دواجار له یه‌مه‌ن و جه‌زائیر و ئوردن و سوریا‌و ولیبیا و وڵاتانی دیکه، هه‌مان وه‌رچه‌رخان ڕوو بدات، یانی کۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاته ڕه‌هاکانی ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌م وه‌رچه‌رخانانه بۆخۆی ئه‌گه‌ر چه‌ند بێئاسۆیهکی سیاسیشی هه‌بێت بۆ نه‌گه‌شتنی چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش به خواسته ڕه‌واکانی خۆی، به‌ڵام بۆخۆی سه‌ره‌تایه‌کی مه‌زنه بۆ ده‌رس دادانی ده‌سه‌ڵاته مافیای و چه‌ته‌کانی ناوچه‌که. لێره‌دا ده‌بێت ده‌وری ڕابه‌رانی ئه‌زهه‌ر له بیر نه‌که‌ین، کاتێک موحه‌مه‌د بو عزیز ئاگری به‌ردایه جه‌سته‌ی خۆی و ئه‌و کاردانه‌وه‌یه له میسر و مۆریتانیا و جه‌زائیر دوباره بویه‌وه، قسه‌که‌ری سه‌ره‌کی ئه‌زهه‌ر، موحه‌مه‌د ڕوفاعه ئهلگهگاوی، ووتی ئه‌وانه خه‌ڵکێکن نه‌خۆشی ده‌رونیان هه‌یه بۆیه ئاگر له جه‌سته‌ی خۆیان به‌رده‌ده‌ن، چونکه تا ئه‌وکات وایان ده‌زانی خرۆشانی ئه‌و خه‌ڵکه چه‌وساوه‌یه هه‌روا سۆزداریانهیهو زوو کپ ده‌بێته‌وه، بۆیه زیاتر لایه‌نگرییان له ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی موباره‌ک و هاوشێوه‌کانیان ده‌کرد. به‌ڵام ئێستا که زانییان ئیتر کار له‌کار ترازاوه و له‌سه‌ر پێ وه‌ستانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ڕه‌هایانه کاری نه‌کرده‌یه، دواجار به شێوه‌یه‌کی شه‌رمنۆکانه بڕیاریان دا بێنه نێو ڕیزی ملیۆنی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی میسره‌وه، تا ئه‌وه‌ی له سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کیدا نه‌که‌ونه به‌ر توڕه‌یی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێڕه‌وه.
عێراق و کوردستان له دوای ڕوخانی ڕژێمی دڕنده‌ی به عسه‌وه، کۆیه‌ک له مافیا و ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی، به‌رده‌وام خه‌ریکی دزینی پاروی ده‌می ملیۆنان ئینسانن، ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو زلهێزی کوردستان، که پێیان ناوه‌ته 20 ساڵی دهسهڵاتدارێتیانهوه، هێشتا خۆیان به دیموکراس خواز ده‌زانن و به خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی کوردستان ده‌ڵێن نه‌که‌ن بیر له‌وه بکه‌نه‌وه وه‌ک تونس بکه‌ن، ئێمه وه‌ک تونس نین و ژیانی خه‌ڵکی لێره باشتره و ئێمه له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه هاتوینه‌ته سه‌ر حوکم. ئاخۆ له دنیای ڕۆژهه‌ڵاتدا هیچ جیاوازیه‌ک ده‌بینرێت له نێوان ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کان و ده‌سه‌ڵاته به حیساب ههڵبژیردراوهکاندا؟ خۆ ئه‌وانی دیکتاتۆریش هه‌ر پێنج ساڵ جارێک ههلبژاردنێکیان به ڕێ خستوه و خۆیان تێیدا به‌سه‌رکه‌وتووی ده‌رچوون؟ ئاخۆ له کوردستانیشدا و له عێراقی دابه‌ش کراو به‌سه‌ر کایه تائیفیه‌کاندا، ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی کراون، چه‌ند مسداقیه‌تیان هه‌بووه؟ کاری ته‌زویر و ترساندنی خه‌ڵکی و پاره به‌خشینه‌وه چه‌ند به‌کار هاتوه له کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئێوه له وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که ناچن، هۆکار چیه هه‌مان که‌لتوری ده‌مداخستن و به‌کارهێنانی زه‌بر و ده‌رکردنی یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان ده‌رده‌که‌ن؟ ئاخۆ هۆکاری ئه‌و بێ‌کاری و فه‌ساده ئیداری و گرانیه‌ی بازاڕ له کام هه‌لومه‌رجه‌وه سه‌ری ده‌رهێناوه؟ ملیاردلێر بوونی چینی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌تایبه‌تیش حاکمانی پله‌یه‌ک بۆ چ هۆکارێک ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه؟ بۆ چینێکی به‌رینی کۆمه‌ڵگا هه‌رده‌م له ناڕازی بوونی ژیانیدایه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌م به‌ناو دیموکراسخواز و هه‌ڵبژێردراوانه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکی، به‌شه ژیانی ئه‌وانیان له گیرفانی پڕ نه‌بووی خۆیان نه‌کردبێت؟
سیستمی دیکتاتۆریه‌ت، هه‌ر جاره ده‌توانێت خۆی له ژێر په‌رده‌ی جۆراوجۆردا نیشان بدات، به‌ڵام دواجار بۆ خه‌ڵکی به‌ش مه‌ینه‌ت ڕوون ده‌بێته‌وه، هه‌زار جۆره پڕوپاگه‌نده‌یه‌ک بۆ ئازادی و دیمکراسیه‌ت، ناکه‌ته ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه واقعیه‌ی که له ژیاندا هه‌یه، چۆن خۆی به‌یان ده‌کات. مانه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه و بێ‌کاری سه‌دان هه‌زاری و به‌رفراوان بوونی ده‌رکه‌وته چینایه‌تیه‌کان، گرنگترین ئاماژه‌ن بۆ کۆی ده‌سه‌ڵاته چه‌وسێنه‌ره قازانج په‌رستیه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهان. وه‌رچه‌رخانێکی مه‌زن پێویستی سه‌ره‌کی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه و شۆڕش کردن له‌لایه‌ن چینی کرێکار و خه‌ڵکی ئازادی خواز و زه‌حمه‌تکێشه‌وه دژی ده‌سه‌ڵاتی مافیا و چه‌ته‌ی سه‌رمایه‌داری باشترین وه‌ڵامی سه‌رده‌مه. ترس و تۆقاندن و هاڕینی گیانی خه‌ڵکی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حاکمه‌وه، ناتوانێت له گیانبازی و فیداکاری هێزی ملیۆنی چینی چه‌وساوه کام بکاته‌وه. کات کاتی وه‌رچه‌رخانی مه‌زنه دژی پایه سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌م سیستمه چه‌وسێنه‌ره.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست