ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی چه‌وساوه و ئازادیخوازی کوردستان تواناییه‌کانی خۆیان بناسن سه‌رکه‌وتوو ده‌بن!
Tuesday, 15/03/2011, 12:00
له بیسته‌مین ساڵی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی چه‌وساوه و ئازادیخوازی کوردستان دژی ڕژێمی دیکتاتۆر و فاشیستی به‌عسدا، ئه‌م ساڵ یادی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه جیاوزتر بوو له ساڵانی ڕابردوو، وه له‌لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی حاکمه‌وه مۆرکی داگیرکاری و قۆرخ کردن و ده‌رهێنانی ئه‌و توانا مه‌زنه‌ی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی کوردستان که داینه‌مۆی هاتنه مه‌یدانه مه‌زنه‌کان بوون دژی کۆی پایه ناعه‌داله‌ت خوازیه‌کانی ڕژێمی به‌عس و، هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه چه‌وساوه‌و ناڕازیه بوو داروپه‌ردوی ڕژێمی به‌عسی له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵ ته‌کاند و له ناوی برد، به‌ڵام له نه‌توانینی خۆناسینێکی چینایه‌تیانه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی کۆی به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕین بۆ خودی ئه‌و خه‌ڵکه شۆڕشگێڕ و چه‌وساوه‌یه‌ی کوردستان بێت، هه‌ر له‌م ده‌رئه‌نجامه سیاسیه‌وه، ڕاپه‌ڕین به شێوازێک شکایه‌وه که ئه‌و دوو حیزبه که دواتر بوون به حیزبی زلهێز له کوردستاندا، وه‌ک ڕابه‌ر و سه‌رکرده‌ی یه‌که‌م بن له ڕاپه‌ڕیندا و کۆی تواناییه‌کانی خه‌ڵکی چه‌وساوه که‌وته ژێر چینگی ئه‌و دوو حیزبه بۆرژوازیه‌وه.
له‌م ساڵدا سه‌رجه‌م یاد کردنه‌وه‌کانی ڕاپه‌ڕینی شاره‌کانی کوردستان، به‌پێی هێز و توانای ئه‌و دوو حیزبه که کوردستانیان له نێوان خۆیاندا دابه‌ش کردوه و کۆی بواری ئابوری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگایان له ژێر ده‌ستی خۆیان داناوه، هێنده‌ی له‌م یاده‌دا، بایه‌خیان به ڕه‌نگ ڕێژ کردنی په‌ڕۆی سه‌وز و زه‌ردی خۆیان دا و وه‌ک ئامانجێکیش، ویستیان به‌و شێوه‌یه وه‌ڵامی خه‌ڵکی چه‌وساوه و ڕاپه‌ڕیو و ئازادیخوازی ئه‌م بیست و چوار ڕۆژه‌ی مه‌یدانی ئازادی و کۆی ئه‌و شارانه‌ی هه‌ر ئێستا ڕژاونه‌ته نێو شه‌قامه‌کان دژی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازیه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته وه‌ستاونه‌ته‌وه، بده‌نه‌وه و پێیان بڵێن، که کوردستان ته‌نها موڵکی ئێمه‌یه و ته‌نها ئێمه‌ین ده‌توانین بره‌و به ده‌سه‌ڵات بده‌ین نه‌ک ئێوه؟ ده‌کرێت کۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شه ئامێز و وتانه‌ی به‌رزانی و تاڵه‌بانی و نێچیرڤان به‌رزانی، که وتاری سیاسی خۆیان دا به گوێی ئاماده بوانی نێو یادی ڕاپه‌ڕینی ئه‌مساڵدا،کۆی وته‌کانیان زمانی هه‌ڕه‌شه و ترس و تۆقاندن بوو، ئاخۆ بۆچی به‌م زمانه ترسناکه دوان؟ دواندنی ئه‌و شێوه زمانه هه‌ڕه‌شه ئامێزه ته‌نها دژی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ئێستا ڕاپه‌ڕیون و له به‌رپاکردنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیدان، بوو، نه‌ک له به‌ر ترساندنی وڵاتانی چوارده‌ور له‌وه‌ی بیانه‌وێت هێرش بکه‌ن و ئه‌زمونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسیه تێک بده‌ن؟.
به‌کار هێنانی زمانی هه‌ڕه‌شه له‌لایه‌ن گه‌وره به‌رپرسانی سیاسی کوردستانه‌وه بۆخۆی ئه‌و ده‌لیله ڕۆشنه ده‌دات به ده‌سته‌وه که ئه‌م ده‌سته‌یه نه‌ک هه‌ر سه‌ر به چینی به‌رینی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان نین، به‌ڵکو ڕێک به پێچه‌وانه‌وه سه‌ر به‌و چینه‌ن که به زه‌بری هێز و سه‌رکوتی سیاسی و کوشتنی ئینسانی چه‌وساوه‌ی کوردستانه‌وه و له ڕێی ترساندنه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی تا ئێستای خۆیان پاراستوه، نه‌ک له ڕێگای به‌رپاکردنی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی گوند و شاره‌کانی کوردستانه‌وه بێت و ده‌ورانێکی واشیان دروست کردبێت که ژیانی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بژێوی و په‌روه‌رده‌کردنێکی مه‌ده‌نیانه جێگیر کرابێت و، ئیتر ئه‌و کات ئه‌و ڕه‌وایه‌تیه بده‌ن به خۆیان له‌وه‌ی ئه‌م خه‌ڵکه ڕاپه‌ڕیوه‌ی ئێستا، به دژه ئه‌زمونی ڕاپه‌ڕینی بیست ساڵه‌ی کوردستان، بده‌ن له‌قه‌ڵه‌م و به ئاسانی بتوانن سه‌رکوتیان بکه‌ن.
توانای ناسینی هێزوئیراده‌ی چینایه‌تی بۆخۆی نیوه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و شۆڕشه دیاری ده‌کات که هه‌نگاوی بۆ ده‌نرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه ناڕازیه‌ی ئێستای کوردستان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندایه و دژی ئه‌م هه‌لومه‌رجه ته‌واو دیکتاتۆریانهیهی بیست ساڵی ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته حاکمه، وه‌ستاونه‌ته‌وه، بێت و نه‌توانن به ڕۆشنی خه‌تی چینایه‌تی خۆیان بناسن، زۆر دوور نیه له ئایندهی سه‌رکه‌وتنیشدا جارێکی تر بکه‌ونه‌وه ژێر ده‌ستی ده‌سته‌و تاقمێکی تر، که به جۆرێکی دیکه گورگانه خوارد بکرێن، بۆیه هه‌ره کاری گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و هێزوئیراده مه‌زنه بناسرێت. کۆی ده‌سه‌ڵاته ناعه‌داله‌تیه‌کانی سیستمه دیکتاتۆریه‌کان و بۆرژواکان، مانه‌وه‌ی خۆیان هه‌رده‌م له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه ڕاگرتوه که خودی ئه‌و چینه به‌رینه‌ی کۆمه‌ڵگا ئاستی ئیراده‌ی مه‌زنی سیاسی خۆی نه‌ناسیت.
به‌ڕێزانی مه‌یدانی ئازادی و کۆی مه‌یدانه‌کانی دی شاره‌کانی کوردستان، ده‌سه‌ڵاتی بیست ساڵه‌ی حکومه‌تی کوردی هیچ کات نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه خه‌ڵکی ئازادیخواز و زه‌حمه‌تکێش نیه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خۆی له‌سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی ئێوه ڕاگرتوه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کوردیه هێزوتوانای سیاسی خۆی له سه‌ر بنیات نانی ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێوه هێشتۆته‌وه، له‌سه‌ر جیاوازی و به کۆیله کردنی ژنانی ئازادیخواز و زه‌حمه‌ت کێش هێشتۆته‌وه، تا ئه‌وه‌ی هه‌رچی بۆیان ده‌کرێت ویست و ئامانجه‌کانی خۆیان په‌ره پێبده‌ن. بۆیه ته‌نها خۆناسینی ئیراده و ڕێکخراو بوونی هێزی سه‌دان هه‌زاری ئێوه‌یه ده‌توانێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و له جێیدا ده‌سه‌ڵاتێک دابمه‌زرێنێت که ژیان و حورمه‌ت و ئازادی بۆ گشت کۆمه‌ڵگا دابین بکات. خاڵێکی گرنگ ئه‌وه‌یه هیچ کات به‌وه ڕازی مه‌بن سات و سهوداتان پێوه بکرێت له‌وه‌ی که خواستی ئۆپۆزیسیۆن و ڕۆشنبیرانیان چۆنه‌و به ئاشت بونه‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و خۆیان بۆ جارێکی تر مه‌زنی به‌رپاکردنی شۆڕش له بار ببرێته‌وه. مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته یانی مانه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه و به‌کار هێنانی زمانی فیشه‌ک به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی ناڕازی ده‌بێت لێیان. ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کان هه‌مویان خاوه‌ن یه‌ک دهموچاون، ئه‌ویش ده‌موچاوی خوێن خۆری چینی ژێر ده‌سته‌که‌یه‌تی، ئیتر نه کورد زمان بوون ده‌ناسێت نه عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی و گورجی و کیوکێ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه هه‌میشه له ژێر پلان داناندان بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ر کاتێکدا خۆپیشاندانێک هه‌بوو یان ڕه‌خنه‌یه‌کی جیدی هه‌بوو له‌و ده‌سه‌ڵاته، ڕاسته‌وخۆ ده‌یان تۆمه‌ت و ناوزڕاندن ده‌دۆزنه‌وه بۆ ئه‌و لایه‌ن و که‌سایه‌تیانه و تا ئه‌وه‌ی له به‌رچاوی کۆی کۆمه‌ڵگا رسوایان بکه‌ن. مانه‌وه‌ی زیندانه‌کانیان و خۆ پڕ چه‌ک کردنیان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 وه تا ئێستا و هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆ که چه‌ندین هه‌زار ئینسانی هه‌ژار و زه‌حمه‌تکێشی خه‌ڵکی کوردستانی له هه‌ردولایان کرد به سوتمهنهی، به خاتری ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه بۆگه‌نانه‌ی هه‌یانبوو له‌وه‌ی کامیان بتوانن ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بسه‌پێنن به‌سه‌ر ئه‌وی تریاندا، له دوای ئه‌و مه‌رگه‌ساته گه‌وره‌یه‌ی هێنایان به‌سه‌ر ڕۆڵه‌ی هه‌ژارانی کوردستاندا، له دوا ساتدا بۆخۆیان ده‌ستیان له نێو ده‌ست ناو، په‌یمانی ستراتیژیان له نێو خۆیاندا مۆر کرد، په‌یمانی ستراتیژیش ته‌نها په‌یمانێک بوو که به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوری و سیاسیه چینایه‌تیه‌که‌ی خۆیانی پێ بپارێزن، نه‌ک په‌یمانی دابین کردنی ژیانێکی ئومێد به‌خش بۆ کۆی خه‌ڵکی کوردستان.
کوشتنی چه‌ندین هه‌زار ژن له ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته کوردیه‌دا، له ژێر ناوی مه‌سه‌له‌ی ناموس په‌رستی و پاراستنی شه‌ره‌فی خێزاندا، به‌سه بۆئه‌وه‌ی له ماهیه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته خێڵه‌کی و سامان قۆرخکردنه‌ی کۆمه‌ڵگا تێبگه‌ین.
نێچیرڤان به‌رزانی له‌و وته‌یه‌ی که له یادی بیسته‌مین ساڵی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی ئازادیخوازی شاری دهۆکدا پێشکه‌شی کرد، هه‌مان شێوازی وته‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی عێراق، به‌ده‌ر نه‌بوو له زمانی هه‌ڕه‌شه، ئه‌و به‌ڕێزه ووتی له ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌دا، ئێمه (یانی ده‌سه‌ڵات) 12 ساڵ له سه‌ر گومرک ژیانی کۆمه‌ڵگامان به ڕێوه بردوه، باشه ئاخۆ له‌و ساڵانه‌دا ئاستی بژێوی خه‌ڵکی هه‌ژاری کوردستان له چ ئاستێک‌دا بوو، وه ئاستی ژیان و گوزه‌رانی ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له چ ئاستێک‌دا بووه؟ ئاخۆ هه‌زاران خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوتی کوردستان که ئاردی ده‌ستی سواڵکهرهکانیشیان به‌ده‌ست نه‌ده‌که‌وت، ژیانی ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریش هه‌روا بوو؟ ئاخۆ ئه‌و ئیمکانیاته مادیه‌ی له‌و چه‌ند ساڵه‌یه‌دا کۆ کرایه‌وه له ڕێگای گومرک کردنه‌وه چه‌ند بوو وه چێ لێهات؟ وه ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ی که ڕژێمی به‌عس ڕوخاوه و ئه‌و بودجه خه‌یاڵیه‌ی که دێته به‌ر ده‌ستی به ڕێزتان، یانی ده‌سه‌ڵات، کوا ئه‌و جۆره له ژیانێک که زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان لێی به‌هره‌مه‌ند بن؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ش بگرین، چه‌ندین ملیاردلێر و ملیۆنێر په‌یدا بووه له کوردستاندا؟ کێ ده‌زانێت ئیمکاناتی سه‌رمایه‌ی ئێوه له چ ئاستێکدایه و له کوێوه په‌یداتان کردوه؟ ژیان کردن له کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌م چه‌شنه‌دا نه‌ک ناتوانێت باسیێکی هه‌بێت له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی و دیمکراسیه‌ت، به ڵکو ئه‌م شێوازه بۆخۆی ژیانی دوو چینی سه‌ره‌کی له کۆمه‌ڵگادا نیشان ده‌دات که جیاوازیه‌کانیان له چ ئاستێکدایه؟ ملکه‌چ کردنی ئه‌و هه‌موو هێزه چه‌کداره‌ی هه‌یه بۆخۆی زۆربه‌ی له کوڕی هه‌ژاران پێک هاتوه و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌لومه‌رجه نایهکسانیخوازیهی وهبهرههمتان هێناوه، ناچار کراون له بری ئه‌وه‌ی له شوێنی کار و به‌رهه‌م هێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بن، ده‌بێت چه‌کدار بن. له بری ئه‌وه‌ی گونده‌کانتان ئاوه‌دان بکردایه‌ته‌وه له‌م بیست ساڵه‌دا، بوون به مایه‌ی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گونده‌کان هێنده‌ی تر کاول بن، تا ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه ناچار بکرێت ملکه‌چی داخوازیه‌کانی ئێوه بکرێن، له ڕێی چه‌کدار کردنیانه‌وه.
هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م باری کۆیله بوونیه ته‌نها ده‌رئه‌نجامی خۆ نه‌ناسینی ئه‌و چینه به‌رینه‌ی کۆمه‌ڵگایه له‌وه‌ی که ده‌بێت، کێ نوێنه‌ری خۆی بێت، ئاخۆ ده‌بێت خۆی نوێنه‌رایه‌تی خۆی بکات یان ئه‌و نوێنه‌ره له چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و باڵاده‌ستی سیاسی کۆمه‌ڵگا پێک بێت؟ مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته یانی مانه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه و هه‌ژاری و نه‌بوونی ئازادی، تا مانه‌وه‌ی هه‌ژاری ههبێتو چینێک وه‌ک چینێکی به‌رینی کۆمه‌ڵگا بچه‌وسێنرێته‌وه، قسه کردن له ئازادی هیچ نابێت جگه له‌وه‌ی بکرێته جۆرێک له گاڵته‌جاڕی. ته‌نها وشیاری سیاسی چینایه‌تی ده‌توانێت ئایندهی ئه‌م هاتنه‌مه‌یدان و هه‌نگاو نان بۆ به‌رپا کردنی شۆڕشی سه‌رتاسه‌ری له کوردستاندا بگه‌یه‌نێته جێگا ئومێد و سه‌رکه‌وتنی مه‌زن، به‌بێ خۆناسینێکی سیاسیانه که ئاشنا بێت به‌و هانگاوانه‌ی هه‌ڵ ده‌نرێت به‌ره‌و بنیات نانی ئاینده‌یه‌کی ئاسۆدار و ڕۆشن، بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسانی خوازی تیا بنیات بنرێت، ڕه‌نگه وێنه‌ی ئه‌م گاڵته‌جاڕیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بیست ساڵه‌ی حاکمانی ئێستا به جۆرێکی تر دووباره ببێته‌وه، بۆیه ته‌نها ئیراده‌ی مه‌زنی ئێمه چه‌وساوه‌کانه ده‌توانێت کام دیکتاتۆر و سیستمی ناڕه‌وا هه‌یه له بن هه‌ڵکێشێت، نه‌ک ئه‌و چینه بۆرژوازیه‌ی ده‌یه‌وێت تواناکانی ئه‌م چینه به‌رینه‌ی کۆمه‌ڵگا بۆخۆی وه‌رچه‌رخێنێت!!!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست