١٠ پرسیار سەبارەت بە ڕیفراندۆم
Thursday, 13/07/2017, 22:20
ڕیفراندۆمی کوردستان لەبەردەم ژمارەیەك پرسیاری بێ وەڵامە. لێرەدا هەندێك لەم پرسیارانە دەخەینەروو و پێشنیارێکیش دەخەینەروو بۆ چۆنیەتی کردنی ڕیفراندۆم.
یەکەم،
هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ئەگەر ملیۆنیش نەبێت ، ئەوا چەند سەد هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێ کەچی هەر قەرزارین !
پرسیار ئەوەیە: ئایا کوردستان بەرگەی ئەوە دەگرێ سەربەخۆیەکەشی بەدەردی نەوتەکە ببات؟
چۆن پێویست بە گۆڕینی دەستەی سەرپەرشتیاری نەوت فرۆشتن بۆ هەموان ئاشکرایە (Common Knowledge)، ئاواش ناکرێ مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیش بە هەمان دەستە بسپێردرێ.
دووەم،
هەرێمی کوردستان دەستیکرد بەنەوت فرۆشتن، لەبەرامبەردا حکومەتی عیراق ١٧ بلیۆن دۆلاری سالانەی داهاتەکەی بڕی.
پرسیار ئەوەیە: ئایا هەرێمی کوردستان ئامادەکاری کردوەوە بۆ پەرچەکرداری حکومەتی عیراق، ئێران، تورکیا و ئەوانی تریش بەرامبەر هەر بریارێکی سەربەخۆیی.
هەرێمی کوردستان بەم هەلومەرجە سیاسیەی ئیستا بەرگەی هیچ ئابلۆقەیەکی ئابوری ناکات.
سێیەم،
دەلێن دوا ئامانجی ڕیفراندۆم سەربەخۆییە نییە، تەنها مەبەست لێی ئەوەیە کە بە دۆست و دوژمن نیشان بدریت کە گەلی کورد پشتیوانی جیابوونەوەو پێکهێنانی دەولەت بوون دەکات.
ئەگەر سەربەخۆیی مەبەستی ڕیفراندۆم نەبێت، ڕیگای ئاسنتر و بێمەسرەفتر هەیە بۆ نیشاندانی پشتیوانی خەلکی کوردستان بە جیابونەوە پێکهێنانی دەولەت ، ئەویش ڕاگیرییە (Polling).
پرسیار ئەوەیە: کە سەربەخۆیی ئامانجی ڕیفرادۆم نییە ، کوردستان بۆ ڕاگیری لەجیاتی ڕیفراندۆم ناکات؟
بۆ ئەوەی بزانرێت شەکر شیرینە، پێویست ناکات فەردەیەك شەکر بخۆرێت، تەنها کەوچکێکی چا بەسە. بۆ ئەوەی بزانرێت خوێ سوێرە، پێویستت بەچەند گرامێكە نەك تەنێك خوێ. ڕاگیریش تەنها بە وەرگرتنی نمونەیەك (Sample) لە ڕای خەلکی کوردستان دەتوانێ ڕای خەلکی کوردستان بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی نیشانبدات. ئەم بابەتە زانستیە و دۆست و دوژمن لێێ تێدەگەن. ڕاگییری بێمەسەرەفتر و ئاسانتر لە ڕیفراندۆم و ئەم مەبەستەی سەرەوەش دەپێکێ.
چوارەم،
ووشیار زێباری لەبەرچاوی دونیا لەسەر گەندەلی لە بەغداد دەرکرا، کەچی ئەو سەرپەرشتی ڕیفراندۆم دەکات. ئەمە چی بە دۆست و دوژمن دەلێت؟ ڕایەك هەیە دەلێت، چونکی زێباریان لە بەغدا دەرکرد، ئەو دەیەوێت لە کوردستانەوە تۆلە بکاتەوە.
پرسیار ئەوەیە، ئایا کردنی ڕیفراندۆم بە پلانە یان مەزاجی تاک، پەرچەکردار و تەوەکەلییە؟
ناکرێ چارەنوسی میللەتێك بدرێتە دەست قەدر، مەزاج یان تۆڵە کردنەوە. ئەگەر ئەم بابەتە مەزاجی، شەخسی و پەرچەکردار نییە، کوا پلانەکان بۆ ڕووبەرووبوونەوەی مەترسیەکان (Risk Management)؟ لەمەسەلەی نەوت فرۆشتنەکەش بە پارتی و نێچیرڤان بارزانیمان ووت: نرخی بەرمیلی نەوت و نرخی دۆلار بەدەست ئێوە نییە، عیراق بێ پەرچەکردار نابێت. کەچی گوێان نەگرت. ئایا دەکرێ هەمان هەلە دوبارە ببیتەوە؟
پێنجەم،
بۆ دوای تێکشکانی داعش لە موسل، تورکیا خوازیاری بەردەوامی ئەو پەیوەندیە ناهاوسەنگەی ئێستایە لەگەل هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا هانی هەرچی زیاتر دورکەوتنەوەی هەرێمی کوردستان دەدات لەبەغدا. بۆ بەرژەوەندی ئێران هەمان کار، شای ئێران بەرەحمەتی مەلا مستەفای کرد.
پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەم ڕیفراندۆمە بە فیتی تورکیایە؟ بۆ ڕازیکردنی تورکیایە؟ ئایا هەرێمی کوردستان چ قازانجێك دەکات لە ژێر دەستەیی /وابەستەیی تورکیا؟ کاریگەری ئەم وابەستەییە چیە لەسەر خەباتی گەلی کورد لە باکور و ڕۆژئاوا؟
هەلومەرجی سیاسی و ئابوری ئێستای هەرێمی کوردستان و هێرشی داعش بۆ سەرکوردستان پێمان دەلێت چەمانەوەی چەند سالەی هەرێمی کوردستان (پارتی) لەبەردەم تورکیا هیچی لێشین نە بوو. هەر هیوایەك لەسەر ئەوەی لەچەمانەوەی زیاتر لەبەردەم دەرگای تورکیا هیچی لێ شین دەبێت سەرابە. بەپێچەوانە تورکیا خۆی لەبەردەم هەلوشاندەوەیە، هەرچی زوتر خۆ دورگرتن لە تورکیا لەبەرژەوەندی کوردستاندایە.
لەمەش زیاتر، هەمو ئەو قازانجەی هەرێمی کوردستان گەیاندویەتی بەتورکیا، بە نیوەی ئەم مەسرەفە لەگەل ئێراق، ڕەنگە کورد کێشەی لەگەل ئێراقدا نەمێنێت. ڕەنگە بە نیوەی ئەم مەسرەفەی (Investment) لە تورکیا کرا، ئەگەر لە ڕۆژئاوا بکرایە، هەرێمی کوردستان بگەیشتبایە سەر دەریایی ناوەراست.
شەشەم،
لەگەل ڕوخانی ئێراق لە ٢٠٠٣ پێشنیار جۆراوجۆر بۆ سەربەخۆیی کوردستان خراوەتەوەروو. جدیتریان کارکردن بوو لەسەر هاوشیوەی ئیگلیزەکان لە هۆنگ کۆنگ. واتا، پێشخستنی ئابوری، پیشەسازی و ڕیفۆرمی سیاسی. زامنکردنی ئازادی تاک و ڕای جیاواز، مافی ئافرەتان و مافی مرۆڤ.
کارکردن هاوشیوەی ولاتی بریتانیا ، نەك هەر زامنی سەروەری تاکی کوردستانی دەکرد، بەلکۆ مەترسیەکانی سەر سەربەخۆیی کوردستانی دەگەیاندە نزمترین ئاست.
ببینە، سەرەرای ڕادەستکردنی هۆنگ کۆنگ بە سین لە ١ی تەموزی سالی ١٩٩٧، سین بریاریدا بەهۆی جیاوزای لە سەرخان، ژیرخان و کەلتۆر وەك خۆی بهێلێتەوە و جیاواز بیت لە ولاتی دایك، واتە سین. کوردستانیش چۆن هۆنگ کۆنگ بەناو/یاسا سەر بەسینە، بەلام لەهەمو شتێك جیاوازە، دەیتوانی بەناو/یاسا هەر سەر بەئیراق بێت، بەلام لە هەمو شتێك جیاواز بێت.
پرسیار ئەویە: ئایا ئیستا درەنگە بۆ ئەوەی سەربەخۆی خۆمان لە ئەرزی واقع بسەپێنین؟ بەبێ ئەوەی دوژمنانی سەربەخۆیی کوردستان لە خۆمان بورژێنین؟
ئێستاش درەنگ نییە، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەپلان جیبەجی بکرێت و مەترسی سەرئەم سەربەخۆیەش بۆ نزمترین ئاست دابەزێنرێت. دەکرێ سودی گەوەرە لە شیوەی کاری بەریتانیا لە هۆنگ کۆنگ وەربگیری بۆ ئەم کێشەیە. نەزانییە ئەگەر خۆمان روبەروی ئەگەری مان و نەمان بەینەوە، لەکاتێکدا ڕێگاچارەیتر بۆ سەربەخۆیی هەیە؟
حەوتەم،
لە سیاسەتدا کۆنسێپتێك هەیە پێی دەلێن لەگەسی (Legacy). بەگشتی لەسیاسەتدا لەگەسی مانای "سیاسی بەچی دەناسریتەوە" چۆنە چۆتە مێژوو. بۆ نمونە، لەگەسی رۆنالد ڕێگن کۆتایی هێنان بەشەری ساردە و دواتریش ڕوخانی دیواری بەرلینە. لەگەسی جۆرجی بۆشی باوك، بەرپاکردنی شەری کەنداوی یەکەمەو بۆشی کوریش ڕوخانی ڕژێمی سەدامە لەدەسەلات. بەهەمان شێوەش کلینتۆن، ئۆباما ، تاتشر، بلێر، شیراك ... تاد، هەریەك لەگەسی خۆی هەیە.
بارزان و بنەمالەی باررزانی ناوێکی دیاری بزاڤی نیشتمانی کوردستانن. دەوری بارزانیەکان گەیشتە لوتکە کاتێك رەحمەتی مەلا مستەفا سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلولی دەکرد. بەلام، بەداخەوە ئەم شۆرشە شکستی هینا. ئەوانەی بەچاوی ڕەخنەگرانە سەیری ئەم شکستە دەکەن دەلێن ئاشبەتالی کرد.
نسکۆ بێت یان ئەشبەتال، هەمو لایەك لەسەر ئەوە کۆکن شۆرشی ئەیلول شکستی خوارد. بۆیە رەحمەتی مەلا مستەفا بە ڕابەری شۆرشێکی شکستخواردو چووە ناو مێژوو. واتە لەگەسی رەحمەتی مەلا مستەفا بەشکستدانی شۆرشی ئەیلولە.
مافی بەرێز مەسعود بارزانییە کە بیر لەوە بکاتەوە، ئەو بەشیوەیەکی جیاواز بچێتە ناو مێژوو و شکستەی باوکی ڕەحمەتی قەرەبو بکاتەوە. بەلام لەماوەی دەسەلاتداریەتی بەرێز مەسعود بارزانی کار ئیجابی بۆ کۆمەلگای کوردستان زۆر کەمکراوە. سلبیەکان لە ئیجابیەکان زیاترن.
پرسیار ئەوەیە: ئایا بەرێز مەسعود بارزانی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کوردستانە یان بۆ دروستکردنی لەگەسی بۆ خۆی و بنەمالەی بارزانییە؟
بەرێز مەسعود بارزانی ماوەیەکی کەمی ماوە لەسیاسەت، چ بەهۆی تەمەنی بێت یان فشاری کۆمەلگای کوردستان. ئەو دەیەوێت لەو ماوە کەمەی لەبەردەمی ماوە لە سیاسەت لەگەسیەکی ئیجابی بۆ خۆی و بنەمالەکەی دروست بکات. بیرکردنەوە لە لەگەسی ئیجابی کارێکی خراپ نییە. بەلام، ئەمە ڕیفراندۆمە بێ بەرنامەیە رەنگە وەلامەدەرەوە نەبێت.
هەشتەم،
پارتی دەزانێت بەبێ چارەسەرکردنی کێشە سیاسەکانی لەگەل گۆڕان ئەنجامی ڕیفراندۆم، ئەگەر بکرێت، دلخۆشکەر نابیت. پارتی بۆ چارەسەرکردنی كیشەکانی لەگەل گۆڕان بەهەمان شێوەی کارکردنی (Method) لەگەل یەكێتی مامەلە دەکات.
پرسیار ئەوە: ئایا پارتی لەوە گەیشتوە گۆڕان جیاوازە لە یەکێتی؟ پارتی لەکێندەری ئەم جیاوازیە تێناگات؟
تا ئەوکاتەی پارتی جیاوازی نێوان یەکێتی و گۆڕان نەبێنێت ناتوانێ گرفتەکانی لەگەل گۆڕان چارەسەر بکات.
نۆیەم،
چونکی هیچ ئامادەکاریەك بۆ روبەروبونەوەی مەترسیەکانی سەر سەربەخۆیی کوردستان نەکراوە، بەرێز مەسعود بارزانی ئامادەیی مردن نیشانی خەلك دەدات لەکاتی مەترسیەکان.
ئەمە ڕاستە لە میژوودا ولاتان بۆ سەربەخۆییان قوربانی ملیۆنیان داوە. سەیری ولاتی جەزایر بکەن. بەلام، ئەوەش ڕاستە ئەوانەی بانگەوازی قوربانیدان دەکەن، دەبیت پشت ئەستور بن بە کۆدەنگی هاونیشتمانیان.
پرسیار ئەوەیە: پارتی چۆن دەتوانی داوای قوربانی لەخەلک بکات و ئامادەش نەبیت گوێیان لێبگرێت و بارزانی بلێ ئیمە حیساب بۆ دەنگی جیاواز/نارزای ناکەین ، با هەلپەرن؟
ئایا پارتی نازانێ تەنانەت حکومەکەی ئیئتلافی بوو؟ ئایا نازانی لە دوایین هەلبژاردن لە ٪٦٢ خەلکی کوردستان دەنگیان بە پارتی نەداوەوە و لە ئێستاشدا ئەم دەنگانە زیادی کردەوە.
ئەگەر کۆمەلگای کوردستان بەگومان بن لەنیەتی ڕیفراندۆم، ئەگەر بزانن مەبەست لە ڕیفراندۆم بەرژەوەندی حیزبیە نەك بەرژەوەندی گشتی چۆن ئامادەی قوربانیدانیان دەبن؟
دەیەم،
هەمو لایەك دەزانێ کە پارتی بەرژەوەندی حیزبی لە بابەتی ڕیفراندۆم هەیە. بەلام، بەداخەوە ئەوان ئینکاری ئەم بابەتە دەکەن و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەوان ئەم کارە بۆ بەرژەوەندی خەلکی کوردستان دەکەن ، کەوا نییە.
پرسیار ئەوەیە: ئایا ناکرێت ڕیفراندۆمێك بکرێت هەم حیزب و هەم نیشتمان لێی سودمەند بن؟
بەلێ دەکرێت. با سەرتا کێشە سیاسەکانی ناومالی کوردی چارەسەر بکەین. كیشە یاسایەکانی بەردەم ڕیفراندۆم چارسەر بکەین. متمانەی هاولاتیان بەدەسەلات بگەرێنینەوە. ئینجا هەمو لایەك بە پلانێکی تۆکمە، دوربین و درێژ ماوە پلانی سەربەخۆیی دابنێن. سەربەخۆیەك بە پشتیوانی هاولاتیانی کوردستان بێت، بۆ سەروەریی ئەوان بێت و بەکەمترین زەرەییش بێت.
دەرئەنجام
باشترین بژاردە بۆ مەسەلەی ڕیفراندۆم ، ئەسپاردنیەتیەتی بۆ دوای هەلبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم.
ڕیفراندۆم لە دوای هەلبژاردن باشترە چونکی:
یەك، کێشەی یاسایی نابیت. پەرلەمانی نوێ دەتوانێ تاوتوی ئەم بابەتە بکات.
دوو، هەلبژاردن دەتوانێ کێشە سیاسەکانی ئیستای کوردستان تا ڕادەیەکی باش چارەسەر بکات و کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر ئامانج و چۆنیەتی کردنی ڕیفراندۆم بەدەست بێنێت.
پارتی دەتوانێ، مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بکاتە کرۆکی کەمپینی هەلبژاردنی. بەمەش بەرژەوەندە حیزبیەکان و بنەمالەکانیان بپارێزن.
گۆڕان و ئەوانیتریش دەبێت بزانن هەلومەرجی سیاسی عیراق دوای شکستی داعش وەك ئیستا نابیت. بۆیە، دەبیت خۆیان بۆ بریار و ڕووداوی گەورە ئامادە بکەن و دەوری تەماشاکەر نەبینن یان بە پەرچەکردار کار نەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست