ئایا دوای ئۆغلۆ مەسعود و نێچیرڤان بارزانیش واز لە ئۆردوگان دێنن؟
Tuesday, 14/06/2016, 20:22
زوتر لە درەنگتر ئۆردوگان کۆتایی دێت. لەڕاستیدا، سەرەتای کۆتایی ئۆردوگان دەستی پێکردوە. ئەمریکا، ئەوروپا، ئێران، گوڵ و ئۆغلۆ وازیان لە ئۆردوگان هێنا. لەخوارەوەدا ئەم بۆچونە بە وردی ڕون دەکەمەوە . بەڵام ئەم پرسیارەی پێویستی بە وەڵامە ئەوەیە: ئایا هەردو بارزانی (مەسعود و نێچیرڤان ) وەك ئاخیرین دو هاورێی ئۆردوگان دەستبەرداری دەبن یان نا.
------------------------------------
ئۆردوگان لە لاساییکردنەوەی ئەتاتورك شکست دێنێت
سەرەرای دۆڕانی تورکیا لە جەنگی جیهانی یەکەم، کەمال ئەتاتورك توانی دەولەتی تورکیا بەم سنورەی ئێستای بسەپێنی بەسەر ولاتە سەرکەوتوەکانی جەنگ. لە ئێستادا ئۆردوگان، بە خوێندنەوەی مێژوی تورکیا و بەچاولێکەری ئەتاتورك، دەیەوێت جێگاو ڕێگایەکی زیاتر بۆ دەولەتی تورکیا لە گۆرەپانی سیاسی ئەوروپی و جیهان بەسەر هەمواندا بسەپێنێت. بەڵام ئەوەی بۆ ئەتاتورك چوە سەر لە ڕابردو، لە ئێستادا بۆ ئۆردوگان ناچێتەسەر. ئەمەش لەبەر دو هۆ:
یەکەم، لەسەردەمی ئەتاتورك بەرەی هاوپەیمانان پێویستیان بە قوربانیدانی گیانی ومادی زۆر بو بۆ ئەوەی دژی هەمو داخوازیەکی ئەتاتورك بوەستنەوە. لە ئێستادا ئەم قوربانییە پێوست نییە. باڵا دەستی تکنۆلجیای جەنگی ئەوروپا بەرامبەر تورکیا بەرادەیەكە کە لەماوەیەکی زۆر کەمدا ئەوروپیەکان ئەگەر بیانەوێت دەتوان سەرکەوتنی گەورە بەسەر تورکیادا بێنن بەبێ ئەوەی زەرەرێکی مادی و گیانی ئەوتۆ لە خۆیان بکەوێت.
دوەم، ئەوروپا دەتوانی لەماوەیەکی کەمدا تەنها لە ڕێگای ئابلۆقەی ئابوری و بەبێ شەر پاشەکشە بەهەمو سەرکێشیەکی تورکیا بکات. هەر بۆیە، ئەوەی بۆ ئەتاتورك چوە سەر بۆ ئۆردغان ناچێتە سەر. باشتر وایە تورکیا بەو ڕۆلەی بۆ دانراوە لە ئابوری و سیاسەتی جیهانی ڕازی بیت.
لەروی ئابوریەوە، جێگەی تورکیا بریتییە لە هەناردەکردنی قەیسی، دۆشاوی تەماتەوە، لیمۆ، زەیتون، مێوەی تری لەم بابەتە بۆ بازاری ئەورپی. ئەم ڕۆل دابەشکردنە هەر بۆ تورکیا نییە. بۆ نمونە، کاری ژاپۆنیش ئۆتۆمۆبیل دروستکردنە، کاری کۆریا دورستکردنی کەلوپەلی ئەلکترۆنی ناوماڵ لە چەشنی یەخچال و تەلفزیۆنە، بەشی سعودیە نەوت فرۆشتنە … تاد. هەر دەولەتێك لە ئابوری و سیاسی جیهانی شوێنی بۆ دیارکراوە. هەر وڵاتێك سەرکێشی بکات لەوەی بۆی بڕاوەتەوە بازاری جیهانی توشی قەیران دەکات. سەرئەنجام وڵاتە سەرکێشەکەش توشی قەیرانی سیاسی و ئابوری گەورە دەکرێت. ڕاپێچکردنی هەندێ لەسەرۆكی دەولەتانیش بۆ بەردەم پەتی سێدارە هەر لەم چوارچێوەیە لێکدەدرێتەوە. بۆ نمونە، چارەنوسی قەزافی بەشێکی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە قەزافی بیرۆکەی وازهێنانی هەبو لە فرۆشتنی نەوت بە دۆلاری ئەمەریکی. هەربۆیە هەوڵی تورکیا بۆ زیاتر لەو بەشەی بۆی دانراوە بچوکتری دەکاتەوە گەورەتری ناکات. ئەوەی تاکو ئێستا یەك سەربازی تورکی لەشەری ڕوبەرو بەرامبەر داعش نەکوژراوە ، دورنییە ئۆردوگان بەپەندێك ببات کە تاکو ئێستا بەبیری کەسدا نەهات بێت.
ئەوروپا و ئۆردوگان
لە زمانی ئینگلیزی بە قەلەمون یان عەلەلیش دەلێن تورکی (Turkey). عەلەلیش یان عەلەشیش بالندەیەکی لەش گەورەی سەربچوکە، بە بێ عەقلی یان کەم عەقلی ناسراوە. لە میدیای ڕۆژئاوا جاروبار لە باسکردنی تورکیا ، وەك دەوەلەتی عەلەلیشان باسیان دەکەن. دەلێن هەرلەسەرتادا ئینگلیزەکان بەمەبەست ناوی ئەم وڵاتەیان ناوە عەلەلشیش. لە ئێستاشدا، سوکایەتیکردن بە تورکیا بەردەوامە. بۆ نمونە، ئۆردوگان کە ئینگلیزەکان و ئەوروپیەکان بە Eurdogan دەینوسن واتە سەگی ئەوروپا، Eur کورتکراوەی Euro یان Europe ەو dog یش بە مانانی سەگ دێت. Eurdogan بۆتە بابەتی گەلتەجاری و پێڕابواردن لەسەرتاسەری دونیا. هیج کەنالێکی تەلەفزیۆنی لۆکالیش نەماوە لە هیچ ولاتێکی ئەوروپی و ئەمریکی کەمێك بەئۆردوگان ڕانەبوێری ، ناوناتۆرەی لێ نەنێن ، ڕیسوای نەکەن. ئەمەش سەرەتای کۆتاییە.
ئەمریکا و ئۆردوگان
ئۆردوگان زۆری هاوارکرد "هێ ئەمەریکا لە نێوان ئێمەو پەیدە یەکێك هەلبژێرە" ، کەچی ئەمەریکا نەك هەر بەدەم داخوازیەکەی ئۆردوگان نەچو، بەلکۆ گالتەو بێزاری خۆشیان لەم عەقلە و زمانە نادبلۆماسیەی ئۆردوگان نەشاردەوە. ئەمریکیەکان، لەسەر زمانی ئۆبامە ئەوەیان دوپاتکردەوە کە تورکیا بەرەو بون بە ولاتێکی داپلۆسێنەر(Athoritarian) بەتوندی هەنگاو دەنێت. لە ئێستاشدا هاوکاری ئەمەریکا بۆ پەیدە، بەپێچەوانەی ویستی تورکیا لە باشترین قۆناغدایە.
تورکیا ماوەیەکی درێژە سیاسەتی خۆی سەبارەت بە پێگەی نێودەولەتی کورد لەسەر تێگەیشتنێکی نادروست دارشتوە ئەویش ئەوەیە: ئەگەر سەنگی کورد لە لای ئەمەریکا نیو پاوەند بێت، ئەوا سەنگی تورکیا دە پاوەندە.
بە هۆێ دۆزینەوەی نەوت و گازێکی زۆر لە باشوری کوردستان، هەروەها بەهۆی ڕۆلی کورد لەشەری دژ بەداعش لەهەمو کات زیاتر لە ئێستادا ئەوە ڕونە کە پێگەی نێو دوەلەتی کورد ئالوگۆری گەورەی بەسەردا هاتوە. پێگەی کورد لە هاوکێشە نێودەولەتیەکاندا زۆر لەوە زیاتر کە تورکیا ویستی و ئارەزوی لێیەتی،ئەمەش بزمارێکی ترە دەنرێتە تابوتی ئۆردوگان .
ئیران و ئۆردوگان
بۆ قەرەبوکردنەوەی شكستە یەك لەدوایەکانی لە پەیوەندیکردن بە ئەوروپاو ئەمریکا، حکومەتەکەی ئۆردوگان بەمەبەستی ڕێگا چارەیەك رویکردە ئێران. بەڵام ئەم هەولەشی بەڕیسوایی کۆتایی هات. دبلۆماسیەتی ئێرانی لەوە زرنگترە پشتیوانی لە دەولەتێکی دوژمنکاری روسیا و گومانلێکراوی ئەوروپا و ئەمەریکا بکات. جگەلەوەش ئێران خەریکی چارەکردنی کێشەکانی خۆیەتی لەگەل ئەوروپا و ئەمەریکا. هەروەها ، بەهۆی بابەتی مێژوی و دینی بەهیچ جۆرێك ئێران نە لە ئیستادا و نە لە ئایندەشدا نابێتە پردی رزگارکردنی تورکیا.
گوڵ و ئۆغلۆ و ئۆردوگان
کێشەکانی ئۆردوگان و حکومەتەکەی لەچوارچێوەی پەیوەندیە نێوەدەولەتیەکانی و کورد قەتیس نەبۆتەوەە. کێشەکانی ئۆردوگان شۆربۆتەوە بۆ ناوە حیزبەکەی خۆشی. ئەم کێشانە سەرەتا بە کەمکردنەوەی ڕۆل و پێگەی (Sideline) عەبدوللە گوڵ لە حیزبی دادوگەشەپێدان دەستیپێکرد، لەم دوایەشدا بە دەرکردنی داود ئۆغلۆ گەیشتۆتە لوتکە؛ گومانی تێدا نییە لێرەش کۆتایی نایەت. لە سیاسەت شتێك هەیە دەلێن ئەوەی لەدەرگا دەری دەکەن لە پەنچەرە دێتەوە ژور. هەر بۆیە زو یان درەنگ ئێمە شایەدی ئەوە دەبین، هەمو ئەوانەی ئۆردوگان دەریکردون بە شێوەیەك لە شێوەکان لە بەرامبەریدا دەوەستنەوە.
هەردو بارزانی و ئۆردوگان
دیمەنی قێزەوەری گەڕانی دو قوڵی نێچیرڤان بارزانی و داود ئوغلۆ لە کۆڵانەکانی ماردین بۆ دەنگ کۆکردنەوە بۆ ئاك پارتی بەئاسانی لە بیرناچنەوە. بەهەمان شێوە، بینینی مەسعود بارزانی بەتەنیشت ئۆردوگان لە ناو ئۆتوبیسدا لە کەمپینی دەنگ کۆکردنەوە بۆ ئاك پارتی لەسەر حیسابی پارتی کوردان، هەدەپە، ئازار بەخشە. ئەوەی ئەم ئازارەش زیاتر دەکات ئەوەیە کە بە هۆی بونی یوتیوب، فەیسبوك و تەکنۆلوجیاتر ئەم دیمەنانە بەردەوام لێدەدرێنەوە و لەبیرکردنیان قورستر دەکات، زەحمەتە بۆ ماوەیەکی زۆر لە زهنی کورداندا بسرێنەوە. ئەم دیمەنانەو زۆری تریش گوزارشتن لە هاوڕێیەتی هەردو بارزانی و ئۆردوگان و ئاك پارتی.
لەسەرەتادا ڕونمکردەوە کە باری ئۆردوگان و حیزبەکەی سەربەرەوە لێژە ، هاورێ و هاوبیرەکانی لێی دوردەکەونەوە. پرسیار ئەوەیە: ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە کە هەردو بارزانی وەك ئاخیرن دو دۆستی ئۆردوگان چاو بە پەیوەندیەکیان لەگەل ئاك پارتی بخشینەوە یان چاوەروان دەبن تاکو ئۆردوگان ڤیزای تورکیایان لێ قەدەغە دەکات ؟ ئایا بارزانی و پارتی لە نیوان: ١. بێلایەنی ، ٢. لایەنگیری لە ڕۆژئاوا و باکور، ٣. لایەنگری لە ئۆردوگان کامیان هەلدەبژێرێن؟ ئایا بارزانی دەتوانێ ، هاوشێوەی ئەمەریکا، بە تورکەکان بلێ ئێمە دۆستی ئێوەین، هاوسێیی ئێوەین، بەڵام ڕای جیاوازمان هەیە ، ئەگەر هەیان بێت، لە سیاسەتی ئێوە سەبارەت بە ڕۆژئاوا و باکور؟ چۆن بارزانی دەتوانێ هاورێی کەسێك بن کە لەماوەی دوو ساڵدا ٢٠٠٠ شەکوای لە دادگای تورکیا دژی هاولاتیانی خۆی تۆمار کردبێت بە بیانوی ناو زراندنی!
تاکو ئێستا بارزانی و پارتی بە مو لایان نەداوە لە پشتیوانیکردنی حیزبەکەی ئۆردوگان و ئەجندای ئەم حیزبە. خەلکی کوردستان هیوادارە ئەم سیاسەتە بگۆرێ. هیچ بیانو نییە بۆ پارتی و بارزانی ببنە پاشکۆی حیزبێکی شکستخواردوی وەک ئاك پارتی، بۆ بەردەوام بن لە هاوریەتی گیانی بەگیانی کەسێك بوە بەمەسخەرەی هەموو دونیا. لەهەمو ئەمانەش گرنگتر دەستبەردار بون و نەبونی بارزانی لە ئۆردوگان پێوەری شێلگێری ئەوە لە باسی سەربەخۆیی. ئاخر، دلنیام لەوەی کە بارزانی لەوە دەگات کە سەربەخۆیی باشوری کوردستان بە بێ پشتیوانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان مومکن نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست