کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لێرە..و لە وێ

Wednesday, 12/11/2014, 12:00







لێرە...وەک هەر شەوێکی تری ئاهەنگەکانی،ناردویەتی بە دوای باشترین ئاریشگادا ، دەم وچاوی بۆ‌هەڵگرن، بۆتۆکسی بۆئەکەن، سەری قەتران..قەتران وەک ویژدانی ڕەش ئەکەنەوە. دەمەو بەیانی، جلە خاکیە کەتافی دارەکەی کە قوماشی فاسۆنی ئینگلیزیە،ئوتوکراو لەبەرئەکات، جوتێ قۆندەرەی چەرمی ئیتالی، پشتوێنی ئاوریشمی کشمیری، گاسکێتێکی ئەمەریکی، سواری ئەڤەلۆنەکەی ئەبێت..ئێرکۆندیشەکەی ساردترە لە سپلیتی کۆشکەکەی..ماشێنەکەی تێهەڵکێش لە گەڵ هامەری بارکراو لە نوێترین چەکی ئەمەریکی. بەرەو قۆڵی زومارو ڕەبیعە- وەیان بۆ گەرمەسێر بەڕێ ئەکەوێت. لەڕێگادا کاروانەکەی هێندە خێرایە، ئەو ماشین و ئاژەڵانەی نزیکن، دەستیان لەسەر دڵیانە تا تێپەڕ ئەبێت.کەمێک لە جادەی قیر لائەدات، ڕەبایەیەک کە پێشتر بۆی ئامادەکراوە ئەکاتە ئامانج، کە چەندەها کیلۆمەتر لە بەرەی جەنگەوە دورە، بە جەمەلۆن سەری گیراوە، ڕوەووبەرەی دوژمن لە نێوان فەردە خۆڵەکانەوە بە شێوەیەکی ئەندازەیی، دەلاقەیەکی مام ناوەندی تێکراوە. کەمێک دور لە ئەڤەلۆنەکەی دادەبەزێت، میدیاکارانی حیزب بە دواوەی..لە گەرمەسێر چش ئەکات وئەژنۆی پیرۆزی ئەخاتە سەر زەوی، بە دوربینە ئەڵمانیەکەی لە دەلاقەکەوە سەیری مەیدانی جەنگ ئەکات. بە کامیرامان ئەڵیت: دەی تەسویر بکەن، لەلای ڕاستیەوە، زووم با لەسەردەمانچە ڕەشمارە ئەڵقەدارە چواردەخۆرەکەی بێت...کە نیوەی لە کیفێکی چەرمی قاوەیی دا دیارەوبەئاستەم لە ناوقەدی بەشلی ئاڵاوە...نە ک بە توندی ،نەبادا ئازاری وورگی گۆشتنی بدات.
لە بەرەی زومارو ڕەبیعە- لە سەنگەرەکەدا، فەرشێکی بچوک بۆ ئەژنۆی پیرۆزی دادەخرێت، بەبادا جلەکانی خۆڵاوی بێت، ئەمە پێش بە دوربین ئازمایشکردنی بەرەی جەنگ، ئەمان جیان خۆسۆشیال دیموکرات نین...خاکی بن.
دوی ئەوەی زومی کامیرا، لە نێوان قەدو دوربینی چاو..جارجارەش لەدورەوە بەرەی جەنگ پیشان ئەدات...دور...دور..دوكەڵ لە چەند شوێنێکەوە بەرز ئەبێتەوە. ئەمجا قنج ئەوەستێت ولە ناوئاپورەی حیمایەکانی داکە جاروجار لە پشتەوە..پێشمەرگەیەک ملە قوتەیەتی..بەڵکو بەر شاشەی حیزب کەوێت، یەکێکی ترمۆمایەلێکی بەدەستەوە پەیتا ...پەیتا..بۆ ماڵەوە تێلەفون ئەکات، تاکو ئەوان ئێوارە لەشاشە خنجیلانەکەی حیزبەوە تاماشی کەن.
سەرکردە ڕووئەکاتە کامیراو دەپەیڤێت: توانیمانە زۆر ناوچەیان لێ پاک بکەینەوە، بەرزاییەکانمان گرتوە.ئێستا ئێمە زاڵین بەسەر جموجوڵی دەعش--!!دا، چاوەڕوانی فەرمانی سەروی خۆمانیین بۆ هێرشکردن، ورەمان بەرزەولە هیچ کەممان نییە،بەم زوانە مژدەی سەرکەوتن ئەبیستن، ئێمە لێرەین تاتەواوی خاکی پیرۆزی کوردستان، لەدەست شەمشەمەکوێرەکانی-دەعش-!! پاک ئەکەینەوە.
پاش کاتژمێرێک کەمتر..کاروانەکەی بەرەو مەنزڵ ئەگەڕیتەوە..زۆر دڵخۆشە کەبەلای ترێلەکانی بارکراو لە بەنزین وداپۆشراو بە فەردە چیمەنتۆدا تێدەپەڕێت..کە ڕوەوژێر دەسەڵاتی داعش-کەوتۆتە ڕێ، بە پێچەوانەشەوە کاروانی تەنکەرە نەوتەکانی داعشی وەک ڕیزە مێرولەجمەیان دێت.، لەولاشەوە چەندەها لۆری سیخناخ لە هەنارو میوە-ی ژێر دەسەڵاتی داعش-بەورەو پایتەختی هەرێم- بەڕیوەیە.
دیسان لێرە
هەربۆ شۆخ وشەنگیەکەیەتی،چاوی کاڵ وسوروسپی، گەلێک گۆشتن..بۆیە هەڤاڵی تێکۆشەر ، کردویەتی بە عەقید-ی خانەنشینکراو بێژەری تێلەفزیونەکەی حیزب، ئەوی تریانی کردوە بە عەمید-ی خانە نشینکراو، بەخاتری ڕەحمەتی باوکی..هەندێکی تر بۆ لیپرسراوی ژنان وئەوی تریان بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی..لە سەر پێشنیاری هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی..واباشە ئەمانیش جار..جار گەر بە ئەرک نەبێت..سەردانی بەرەکانی شەڕ بکەن بۆ بەرزکرندەوەی مۆڕاڵی پێشمەرگە..هەر بۆیەکا پێش ڕێکەوتن، لەئاریشگای تێلەفزێۆنەکەی حیزب...یان ئاریشگا تایبەتیەکەی خۆی..قژی ئاڵتونی کردوە، ئەبرۆی تاتوو، جلی خاکی کەتافی دار ئوتوکراو، لێوی بە ماکس فاکتەر-بۆیەکراو، عەتری جادۆغ-ی فەڕەنسی ئەڤەلۆنی پڕکردوە..ئەمیش لە نێو هێزی پارێزگاری تایبەت دا بەرەو بەرەکانی جەنگ کەوتە ڕێگا، شەرواڵەکەی لەبەر پانی سمتی بێ چرچ ولۆچ، نیتاقی دەمانچە تۆپلیەکەی بە ئاستەم گەیشتۆتەوە قەدی ،لەسەنگەرێکی دورەوە بۆشاششەی حیزب خوتبە ئەدات: ئێمەی ژن نیوەی کۆمەڵین.لە گەڵ برا پێشمەرگەکانماندا لە سەنگەرداین دژی داعش-، بەهیمەتی خۆمان وپشتیوانی گەل بەم زانە لە خاکمان دەریان ئەکەین.
دوای کەمێکی تر کاروانەکەی بەرەو شار دەگەڕێتەوە.
لەوێ..
یان لەقاتی دوونهۆمی خانویەکی کەلاوەدا، جلە بەڵەکە سەوز باوەکەی بە تەپوتۆز داپۆشراوە، قەدەباریکەکەی مەخزەنەکان داگیری کردوە، کڵاشینکۆفێکی یەکلاقی لە پشتەوە لە ملدایە، لە کونی دیوارەکەوە لولەی قەناسەکەی ڕاکێشاوە،قۆناغەکەی لە شانی ڕاستی توند کردوە،پەنجەی شایەتومانی دەستی ڕاستی لەسەر بەلەپیتکەیە..لەگەڵ هەرجارەی کە پەنجە توتەی توند دەکات، تاوانێک ڕیش لەوبەرەوە مردار ئەبێتەوە. لە پشتیەوە لەسەر بلۆکێ ،دەوریەک سەلکە تامەتەیەک وسەلکە پیازێک وکولێرەیەکی پەیرە- چاوەڕێیەتی.
یانژی لەپشت پیکابێک دا، قۆناغدارێک بەشانیەوە، ملی بەسەر دۆشکە-یەکدا ڕاکێشاوە، پڵنگە خوشکەکەی زنجیرە فیشەکەکانی بەدەستەوە..خێرا...خێرا..دەرخواردی دۆشکەکەی ئەدات...دۆشکەکەش بەرەو داعش- هەروەکو هەوری بەهار ئەقریشکێنێت..جار جاریش بە دەسماڵە مۆرەکەی ملی ،ئارەقی ناوچەوانی دەسڕێت، کە ئەزانێت ئامانجی پێکاوە لایەک بەلای چەپدا ئەکاتەوە.. لێوی پڕئەبیت لە زەردەخەنەی سەرکەوتن
بەبەتین ترین ورەوە ،ئەوە نزیکەی دومانگە، بە چەکی کۆنی ڕوسیەوە، بەرامبەر چەکی پێشکەوتوی تاڵانی عێراق وسوریا..بەرامبەر هامەری پڕ چەکی نوێ، تۆێۆتای دەبڵ کابینەی دیاری قەتەر-..شەوڕۆژ لە جەنگدایە..قەندیل گەردنی بەرزو خۆڕاگری لەمانەوە بۆ ماوەتەوە،ئەوە وانەی شەڕڤانانە کە داری بەڕوی فێر کرد چۆن بەسنگی خاکدا بچێ ودانەنەوێ.
دیسان لەوێ..
ژنێ لەدارگێلاس وچوالە،جلە سەربازیەکانی بەڵەک...بەڵەک..کێ ناڵێت پڵنگ بۆ لاسایی کردنەوەی ئەوان، پێستی خۆی وا ئەبڵەق کردوە..کێ ناڵیت شێر بە ‌هەڵمەت وئازایەتیەکەی ، لاسایی ژنە شەڕڤانان ناکاتەوە.
لەسەنگەرێکی بچوک دا..بە کۆمەڵێک مەخزەنەوە، کڵاشینکۆفەکەی لە تەنیشتی دا هەڵسپاردوە، لولەی بی.کەی.سی-یەکەی لە نێوان دوو فەردە خۆڵەوە ڕاکێشاوە..جارناجارێک هەورە تریشقە ئاسا..چەندەها داعش بەدیداری حەفتا حۆریەکە!!! شاد ئەکات.
هەندێ جاری تریش داعشەکان وەک کولە ئەبارن..پڵنگە کچ هەرچی گولەی پێیە، بەڕویاندا ئەتەقێنێت...وانزیکن.ڕەوگەلێکن،ئەمیش تەنها ڕومانەیەکی پێماوە،خۆی مات ئەکات،تا گەلە کەمتیاری داعش پەلاماری ڕەبایەکەی ئەدەن، لە گەڵ دەرهێنانی ئەڵقەی ڕومانەکەیدا، گوڵێکی بیست و دووساڵە هەڵ ئەوەرێت، بەڵام دەیەها لاشەی داعشیان غەرقی دوکەڵ وخۆڵ ئەبیت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە