کارەسات بە ڕێوەیە!
Tuesday, 19/02/2013, 12:00
ناکرێت نکوڵی لەوە بکەین،کە بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی کوردستان ،کەسانی لە خۆ بوردو،خۆنەویست، بێ کەڵکەلەی مادەپەرستی، لە سەرکردایەتیەکەیدا نەبوون. بەڵێ هەرلە سەرەتاوە، کەسانێک هەبوون،هەموکات بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندی گەل..لە وانە شێخ سەعیدی پیران ، شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ عەبولسەلامی بارزانی. کەسی وەک پێشەوا قازی نەمریش هەبووە.
لە جووڵاننەوەی ئەیلولیش دا، قارەمانانی وەک- حەسۆ میرخان-و-فاخیر مێرگەسوری- هەبوون، لە سەروبەری ئاشبەتاڵەکەی بارزانی دا، خۆنەویستی سەرکردە- سەید محمد حافز-، ئەوهەرەسەی ئەوەندە لا شورەیی وقورس بو، لە نزیک گوندی شانەدەری- سەرو سەید سادەق- خۆی کوشت، ئەوەی پێ شەرمەزاری بوو خۆڕادەستی ڕژێمی بەعس بکات، وەیانژی ئاوارەی ئێران بێت.لە جووڵاننەوەی نوێ ی گەلی کوردستانیشدا،شۆڕەسوارانی خۆنەویست و ئیرادە پۆڵایینی کۆمەڵە- ،لە زیندانەکانی بەعس ولە بەرەنگاریان لەمافی بەشخوراوان وهەژارانی گەل لەسەنگەرەکانی خەباتدا، ئەوەیان سەلماند، کە ئاشبەتاڵ وزوڵمی بەعسیان، نەیانتوانی ویست وخۆزگەو ئاواتی گەلی کوردستان زیندە بەچاڵ بکەن
بەڵام لە پرۆسەی درێژخایەنی جووڵاننەوەکەدا، دەستەیەک هاتنە پێش، برەویان بە خۆپەرستی وبەرژەوەندسازی دا، ئەوخۆپەرستی ونێرگسیەتەی کە ئەو جۆرە سیستەمە ئەیهێنێتەکایەوە، وا لەسەرکردەکانی جووڵاننەوەکە ئەکات،مەست بن بە کارەکانیان، بێ ڕادە سەرسام بن بە خۆیان،بەرژەوەندی خۆیان هەموکات بە بەها تر بەسەرلیپرسراوەتی کۆمەڵایتی دا بخەمڵێنن،بەجۆرێک ئیتر سەرسوڕهێنەر نییە ،سەرکردەیەک بڕیارێک بۆ بەرژەوەندی خۆی بدات،هەمان بڕیار دژی بەرژەوەندیەکانی گەل بێت،ئەوکاتەی بەرژەوەند پەرستی خۆیی ئەبێت بە گەورەترین پایەی مۆڕاڵی ئەوان چیتر چاوەڕی ئەکەیت؟؟!.
ئەوەتا بە دوای گەڕان بۆ ئاسودەیی و تیرکردنی حەزەکانیان، لە بەعس نزیک بونەوە، نەورۆزی قەشقۆڵی وگرد بونەوەی هەزارەها خەڵک لە دەوری سەرکردایەتی جووڵاننەوەکە، بە تەواوی بوغرای کردن بێباک بوون لە ڕەخنەو سەرزەنشتی دڵسۆزان...خەڵکیش وایان ئەزانی کەها ئیمڕۆ یا سبەی، بەرهەمی فیداکاری وشەهید بوونی ڕۆڵەکانیان، کوردستانێکی ڕزگارویەکسانی کۆمەڵایەتی بەرهەم دێت!، لە گەڵ سەرنەکەوتنی ووتووێژەکاندا ،ووردەووردە خەڵک لێیان تەکیەوە، سەرکردایەتی جووڵاننەوەکە لە گەڵ هەست بە دڵشکاوی وبێ حاسڵکردنی هیچ لە بەعس، بەلای ئیران-دا بایاندایەوە، لە ئۆکتۆبەری١٩٨٦ دا .ترسناکترین-گرێبەست- لە تاران- لە نێوان(جەلال تاڵەبانی ومحمد باقر زولقەدەر- کە ئەوکاتە فەرماندەی قەرارگای ڕەمەزان بوو) مۆر کرا. گرێبەستی مانەوەی تاڵەبانی ودارودەستەکەی لەلایەک وپڕۆژەی وێرانکردنی خاک وگەلی کوردستان لەلایەکی تر. تائیتاش گەلی کورد باجی ئەو گرێبەستە شومە ئەدەن . بە پەلکێش کردنی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بۆردومانکردنی چاڵەنەوتەکانی دەوروبەری کەرکوک-دەمامکی شۆڕشگێڕی ونیشتیمان پەروەریان فڕێدا، ئەو گرێبەستە ڕق وتۆڵە بوو لە خەڵک...هەرلەو کاتەوە ڕژێمی داگیرکەری فاشی بەعس خۆی بۆ پرۆسەکانی بەدناوی ئەنفال- ئامادەکرد. خۆکردنە کەوڵ سوروجلخواری پاسداران بۆداگیر کردنی-هەڵەبجە- یەکێکی ترلە بەندەکانی گرێبەستەکە بوو.
لە ژێر تریفەی مانگەشەوی بەهاری کوردستاندا، لاشەی خنکێنراوی هەلەبجە-خۆیی وکۆرپەکانی بێ ناز لەو گۆڕەکەوتون. شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ شان بەشانی پاسداران. ڕووتیان ئەکەنەوە، ئەنگوستیلەی دەستیان ،بازنی مەچەکی ژنەکان وکیژۆڵە خیر لەخۆ نەدیوەکان دائەکەنن، خشل وزێڕو فەرش وسەلاجە و...هتد بەلۆری ئاودیوی ئێران-ی ئەکەن، بەڕاست نوسەری گەورەی ئەرژەنتین- (خۆرخێ لویس بۆرخێس) زۆر جوانی پێکاوە : ' ئەوەی ئامادەبێت ببێت بە شەهید . ئەکرێت ببێت بە چەللاد' ،
بەم جۆرە لە گازباران وئەنفالەکاندا، جل خاکی لە بەروکەتافی لە شانەکان، بەتەواوی لە بێژەنگی دڵسۆزی خاک ومیللەت دران، وەکو دەستەیەکی ڕاوڕوتکەرو خاڵی لە هەموبەهایەکی مرۆڤایەتی هاتنە دەرەوە،کاتێکیش ئاشبەتاڵی ژمارە دوو-یان کرد، ڕویانکردە ئۆردوگاو شارەکانی ئێران، ڕفتاری قێزەونی لێپرسراوانی ڕژێمی ئیسلامی ئیران لە گەڵیان، بەجۆرێک ئەو بێڕێزی ونزم تەماشاکردن وتەهوین کردنە.. بو بە گرێکوێرەی خۆ بە کەمزاین ، بو بە سایکۆلۆجی تۆڵە..لە هەموکەس، بەتایبەت لە خاک وخەڵکی شارەکانی کوردستان، کەبۆچی ئەوانیش دوای سەرکردایەتی حەکیمی کوردایەتی نەکەوتنو ئاوارەی ئێران نەبوون؟؟!!.بەمجۆرە ئەو سوکایەتیەی ڕژێمی ئیرانی پییکردن، هەستی مەغدوریەکی وای تیا چاندن، ڕۆژانی دوای ڕاپەڕین ،گەلی کوردستان بەزیادەوە باجەکەیان داو ئەیدەن.
دوای بەهاری ڕاپەڕین، کاتێک شوراکانی شۆڕشگێڕ،خەریکی ڕێکخستنەوەوبەرپاکردنی حەکمڕانی شارستانی خۆیی بوون، خاکی لە بەروکەتافی لەشانەکان، بەوپێیەی ئەزمونی خوێناوی وفرتو فێل وپاشقولدانیان هەبوو،توانیان شوراکان وەلا نێن وخۆیان ببنە حوکمڕان.بەتاڵنکردنو پاکتاوکردن وئاودیوکردنی کەرەسەکانی پێوستی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە نەوەستان، هەتا ئامێرودەستگاو کەرەسەگەلێکی خەستەخانەکانیشان دزی، کە خەڵکی پەککەوتەو نەخۆشی هەژارانی کورد زۆر زۆر پێوستیان پێبو. بەم ڕاوڕوت وبە قاچاغ بردنی کەرەسەکانی پێوستی شارستانی بوون ، تۆوی مافێۆکەی تایبەتی کوردیان- چاند. زۆری نەبرد لەشەڕی گومرگەکان-دا، بە هەزارەها ڕەشوڕوت وستەمدیدەی ئەم مییللەتەیان کە تا ئەوکاتەش وایان ئەزانی ئەمانە شۆڕشگێڕوفریادڕەسی ئەوانن- کردەخۆراکی ماکینەی تەماح وچاوچنۆکی وپاوان خوازیان.
دوای بەهاری داگیر کردنی عیراقیش لەلایەن ئەمەریکاوە، -پۆڵ بریمەر-ی حاکمی ئەوکاتەی عێراق، بە تەن- دۆلاری بردە هەولێر، ئەوڕۆژە مژدەی لەدایک بونی- مافیای کوردی- درا. گەرپێشتر جل خاکی لەبەرو کەتافی لەشانەکان، پێش پاسدارانی ئێرانی ئیسلامی کەوتبون بۆ بۆمبابارانکردن وسوتاندنی بیرە نەوتەکانی کوردستان، ئەوا لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە بە جلی مەدەنی و شاڵی مەرەزەوە بوون بە دەڵاڵی کۆمپانیا نەوتیەکانی ووڵاتانی جیهان، بۆ هەڵلوشین وباتاڵانبردنی سامانی ستراتیجی و قووتی دواڕۆژی نەوەکانی داهاتو. ئەم مافیای نەوتیانە، هەرلەدوای ئەنفال وبەهاری ڕاپەڕین و داگیر کردنی عیراقەوە، بە بەرنامەو زۆر بەوردی توانیان، ڕۆحی چاوچنۆکی ، نێرگسیەتی بێ پەردە، شۆردنەوەی گیانی هاوکاری و مشورخاردنی یەکدی وبە تەنگ هاتنەوەی ئەوانی تر، مراندنی هەستی نەتەوایەتی وبە خاک پەیوەست بوون، لە هەست ونەستی خەڵک دا بچێنن. بەجۆرێک ئەوەی ڕژێمی بەعس لە چل ساڵی حوکومڕانی دا نەیتوانی جێبەجێی بکات، ئەمان لەماوەیەکی کەم دا توانیان. بەڵێ بەجۆرێک کاریان لە سایکۆلۆجی تاکی کورد کردوە، سوپایەک لە پاسفیست وبێ هیواو باوەڕ بە خۆ نەبوو، مشەخۆر دروست بکەن،بەجۆرێک کەوا هەست بکات ئەو مافەی کە هەیەتی، ئەوە سەدەقە و خێری سەرانی مافیایە، ئەوتاکی کوردەی کەجاران ئامادەی فیداکاری وچونەوە بەگژ نەشیاوەکان و مەحاڵەکاندا بوو، ئیستا بەرامبەر ئەو هەموو نایەکسانی ونا قانونی و تاڵانکردنەی سامانی نیشتیمانیە بێدەنگ ودەستی بە کڵاوەکەی خۆیەوە گرتوە، مەبدەئی ئاگرە سورە لەخۆم دورە، خوای ئەکرد دنیا کاول بێت خۆم نەبێت..پەیڕەو ئەکات.
بۆزیاتر سەپاندن وجێبەجێکردنی پڕۆژەی خۆبەدەستەوەدانو بێ هیواکردن و خۆ بەکەم زانین، هەمان سیاسەتی کۆنی ئیگلیز-یان دووبارە کردەوە، کاتی خۆی بۆ ڕاکێشانی وەلائی ئاغاو شێخەکان موچەیان بۆ ئەبڕینەوە، ئەمانیش بۆ زیاتر بێدەنگ کردنی خەڵک وزیاتر ووروژاندنی ڕۆحی چاوچنۆکی، تەوزەلی، بە هەزارەها کەسیان بە ناوی پێشمەرگەی دێرین-ەوە بە ناوی عەنتیکەی بێمانای- خانەنشینەوە-..بەشداری گەندەڵی کرد.
هاورێیانی ماندونەناس، -هێمن باقر-و-ژیار محمد-، لە ژمارە ٢١٩ گۆژاری لڤین-دا، لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ،بەم جۆرە سەری بەرمیلە بۆگەنەکە هەڵئەدەنەوە:
١٠٣ هەزار پ.م خانەنشین هەیە .پلەی موچەی سەربازییان لە نێوان٣٠٠ هەزار دینارەوە بۆ ٢ ملیۆن و١٤٥ هەزار دینارە ، لە وانە تەحسین شاوەیس-و حەمەخانی حاجی دارای تەرخانی- بە پلەی عەمید- خانەنشینن، مووچەی هەر یەکێکیان ٢ ملێۆن و١٤٥ هەزار دینارە .
پارتی ٦٩ هەزار کەسی بەناوی پ.م خانە نشین کردوە، لەمانە ٣٠٢١٦ بەناوی پ.م گوڵان، موچەی هەریەکێکیان لە نێوان یەک ملێۆن بۆ یەک ملێۆن و٦٠٠هەزارە.ا
٣٤ هەزار بەناوی پ.م ئەیلول، کە واتە پارتی ٦٩٢١٣ کەسی بەناوی پ.م خانەنشین کردوە.هەروەها پێنج هەزار کەسی تریش بەناوی پ.م ئاوارەی- ئێران- خانە نشین کردوە. لە ٣٠٠هەزارەوە بۆ یەک ملێۆن دینار وەر ئەگرن.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ٢٤٣٨٠ کەسی بەناوی پ.م خانەنشین کردوە
٣٥٩ کەس بە پلەی لیوا-، موچەی هەریەکێکیان دوو ملێۆن و سەد هەزار دینارە. زیاتر لە ٥٠٠ کەس بە پلەی عەمید- مووچەی هەر یەکێکیان یەک ملێۆن و٦٠٠ هەزار دینارە. ٨٨٠ کەس بە پلەی عەقید- هەریەکەیان یەک ملێۆن و٣٠٠ هەزار دینار وەرئەگرێت .١٥٠٠ بە پلەی نەقیب-، یەکی ٩٠٠ هەزار دینار وەرئەگرن
حیزبی شیوعی دووهەزار کەسی بە ناوی پ.م خانەنشین هەیە
گۆڕان ١٥٠٠ کەسی بەناوی پ.م ی خانەنشین هەیە
کۆمەڵەی ئیسلامی : ١١٠٠ کەس ، بزوتنەوەی ئیسلامی ١١٦٠ کەس . زەحمەتکێشان :٣٢٠ کەس .پارتی پارێزگاران :٤٥ کەس . بزوتنەوەی ئاشوری :١٤٣ کەس .یەکێتی نەتەوەیی دیمکراتی کوردستان :٤٨ کەس
ی.ن.ک ٣هەزار کەسی تر ،کە کادیری موتەفەریغ و ئەندام مەڵبەندن، وەک پ.م خانەنشین کردوە.
ئەمە بێجگە لە وانەی وەکو کەسانی مەدەنی خانەنشین کراون، بە پلەی وەزیرو وەکیل وەزیەو مودیرعام ووەکیل مودیر..هتد
کارەسات بەڕیوەیە.. مافیای کوردی کەڵبەکان وچنوڕکەکانی لە دڵی نیشتمان گیر کردوە ، بەوجۆرەش لەشکرێکی مشەخۆری چاوچنۆکی لەخۆ ئاڵاندوە، ڕۆژانە دەرسی ئەوەیان دائەدات، کە چارەنوسیان پێکەوە گرێ دراوە، لە دەزگا میدیایەکانیانەوە...بەبەردەوامی خەریکی گیلاندن وفرت وفێڵ وخۆڵ لەچاوکردنی خەڵکن، گەلیش باکی لێنیە!، هەر چاوەڕێیە، سەرۆکی مەزن گۆڕانکاری وچاکسازی-بکات.
بۆ ڕیگە گرتن لە کارەساتی گەورە، بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەتی مرۆڤی ئەم کوردستانە ، کێ ئامادەی فیداکاری وخۆبەختکردنە؟؟ ئایا خەڵک واز لە خود پەرستی وپەرژەوەندی تەسکی کاتی خۆی دێنێت ،بۆ ئەوەی کەرامەتی بۆ بگەڕیتەوە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بوونی بۆ بگەڕێتەوە؟؟!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست