کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لیستی گۆڕان وسه‌رکه‌وتنی وه‌رزی دووه‌م

Thursday, 11/03/2010, 12:00


ناڕه‌زایی له‌چۆنێتی ئیداره‌ی خۆماڵی له‌ کوردستان، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ چرۆی ده‌رکردوه‌، سا به‌ تاک تاک یا به‌ده‌سته‌و گروپ بوبێت. گۆڤاری ڕه‌هه‌ند و نوسه‌ره‌کانی ده‌وری گرنگیان هه‌بوه‌، دواتریش ڕۆژنامه‌و گۆڤارو سایته‌ ئه‌له‌کترۆنیه‌ ئازاده‌کان، درێغیان نه‌کردوه‌ له‌ ڕه‌خنه‌ گرتن و به‌رچاو ڕۆشنکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری کوردستان.
هه‌تا به‌هیمه‌تی هه‌مولایه‌ک، وه‌رچه‌رخانێکی مێژوییان له‌ 25-7 ی ساڵی پاردا له‌ کوردستان دروست کرد. ئه‌ویش به‌وه‌ی ناڕازیه‌کان خۆیان له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دا سازدا. توانیان په‌رله‌مان، له‌ سه‌رپۆشێکی شه‌رعی دان به‌حزبه‌وه‌، بکه‌نه‌ مه‌یدانی حه‌ق بێژی سته‌م دیده‌ی کوردستان. ئه‌مه‌ وه‌کو وه‌رزی پشکوتنی هیوا ته‌پوتۆز لێنیشتوه‌کان بوو، وه‌رزی یه‌که‌می ئاسوده‌یی ویژدانی ویژدان داران بوو. ئه‌بوایه‌و ئه‌شیا له‌سه‌ره‌تای ده‌ست پێکردنی وه‌رزی دوه‌م دا، که‌مانگی مارسی ئه‌مساڵ بوو، زۆر به‌تینترو به‌گوڕتر بوایه‌. ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵات دوای ڕاچڵه‌کینه‌که‌ی ساڵی پار به‌خۆیدا چوبوه‌وه‌و خۆی ئاماده‌ کردبو، به‌ڵام به‌رهه‌مێکی به‌رچاوی بۆ سته‌م دیده‌کان نه‌بوو. شتێکی بۆ که‌رکوکیه‌کان و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان و کورده‌ فه‌یلیه‌کان نه‌کردبوو، زۆر له‌مه‌سه‌له‌ چاره‌نوس سازه‌کانی له‌گه‌ڵ ناوه‌نددا چاره‌سه‌ر نه‌کردبوو. ئه‌ی هۆی چی بوو؟! گۆڕان له‌باتی ئه‌وه‌ی زیاتر به‌شێوه‌ی دیموکراتیانه‌ گوشار بخاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌نگی زیاتر مسۆگه‌ر بکا... که‌چی وا ده‌رنه‌چوو؟!
هه‌مولایه‌ک ئه‌زانین گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریه‌، هه‌ر له‌چه‌په‌وه‌ تا نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامیه‌کان و هی تریش کۆئه‌کاته‌وه‌. هه‌مویان چه‌ند هێڵێکی گشتی کۆیان ئه‌کاته‌وه‌، وه‌ک هه‌وڵ دان بۆ که‌م کردنه‌وه‌و لابردنی نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌ڵاق دانی سێ به‌سێی حکومه‌ت و حزب، سه‌روه‌ری کردنی یاسا، خستنه‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومی گشت پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و پۆلیس و ده‌زگا هه‌واڵ گیریه‌کان. دورخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حزب له‌ناو قوتابخانه‌و زانکۆو مزگه‌وت و سه‌ندیکاکان و سه‌رجه‌م رێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و عه‌سکه‌ریه‌کان دا. هه‌ر بۆیه‌ ئاسایی یه‌ که‌ده‌نگی جۆراوجۆری تیابێت. به‌ڵام له‌مه‌سه‌له‌یه‌کی سه‌ره‌کی و هه‌ستیاری وه‌ک هه‌ڵبژاردن دا، ئه‌بوایه‌ سه‌رچاوه‌ی وتووێژدان و به‌گشتی میدیا چه‌مکێکی زۆر زۆر عه‌قڵانی بگرتایه‌ته‌به‌ر. بۆ ده‌رخستن و هه‌ڵماڵینی قوژبن و توله‌ڕێگه‌ پێچاوپێچه‌ فێڵاویه‌کانی ده‌سه‌ڵات، په‌نا نه‌برێته‌به‌ر ناوزڕاندن و به‌که‌سی کردنی مه‌سه‌له‌کان. ئه‌کرا ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوان بکرایه‌ که‌ ی.ن.ک له‌دوای 25-7 وه‌ زیاترو زیاتر مه‌سه‌له‌کان بچوک ئه‌کاته‌وه‌، له‌هه‌موجۆره‌ گوشارو ناوزڕاندن و ناتۆره‌یه‌ ناسڵه‌مێته‌وه‌. هه‌وڵی جدی ئه‌دات گۆڕان ڕاپێچ بکاته‌ شه‌ڕه‌قسه‌و کای کۆن به‌باکردنه‌وه‌. بۆئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌ له‌سه‌ر سکه‌ڕاسته‌که‌ی خۆی لابدا، به‌شتی لاوه‌کیه‌وه‌ خه‌ریکی بکا. پێم وایه‌ به‌هۆی ئه‌و پاشماوه‌ ئه‌قڵه‌ کێویانه‌ی، که‌هێشتا له‌ڕابه‌رانی بزوتنه‌وه‌که‌دا ماوه‌، ی.ن.ک نه‌ک هه‌رسه‌رکه‌وتو به‌ڵکو زۆریش سه‌رکه‌وتو بوو. ئه‌وه‌بو کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی گه‌ر سه‌یری میدیاکانی ی.ن.ک و گۆڕان تان بکردایه‌، واته‌زانی ئه‌مه‌ نه‌ته‌نها شه‌ڕی ئه‌مانه‌ به‌ڵکو شه‌ڕی نێوان مام جه‌لال نه‌وشیروان مسته‌فایه‌!!!.
ئه‌م جۆره‌ میدیا چه‌واشه‌کاریه‌ی هه‌ردولا لایه‌نێکی تریان پشت گوێ خستبو، لایه‌نێک که‌به‌هۆی خه‌سڵه‌ته‌ عه‌شایه‌ریه‌که‌یه‌وه‌ تینوه‌ به‌خوێنی سه‌ری هه‌ردولا، له‌دوره‌وه‌ خۆی مه‌ڵاس دابو، گاڵته‌ی به‌ ئه‌قڵی ئه‌مان ئه‌هات.
باشه‌، جه‌ماوه‌ری کوردستان، ئا له‌م کاته‌ چاره‌نوس سازه‌دا که‌چه‌نده‌ها ساڵه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردو حزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ گوێ و بیری خه‌ڵکیان به‌وه‌ ئاخنیوه که‌ ئه‌بێ هه‌مو جه‌ماوه‌ر له‌ دوای ئه‌مانه‌وه‌ بێت. شێلگیرانه‌ پشتیوانیان لێ بکه‌ن، چونکه هه‌ر ئه‌مانن ناهێڵن گوایه‌ عه‌ره‌به‌ شۆڤێنیه‌کان بیانخوات!. ئێستا وا دولایه‌نیان خه‌ریکه‌ شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵئه‌گیرسێنن، کو‌رد لاواز ئه‌که‌ن، ئه‌ی جه‌ماوه‌ر پشتگیری کێ بکات؟!.
له‌کاتێکا ی.ن.ک و گۆڕان خه‌ریکی چه‌له‌حانێ و یه‌کتر تاوانبارکردن بون، پارتی به‌خۆماندوکردنه‌که‌ی و له‌م گۆمه‌ لێڵه‌دا که‌وته‌ کۆکردنه‌وه‌ی ماسی ده‌نگ. سوپاس بۆ هه‌ردولا ئه‌سپه‌ پیره‌که‌ی پارتیان گه‌نج کرده‌وه‌ گوڕوتینێکی تریان دایه‌به‌ر!. ڕۆژگاریش ئه‌وه‌ ئه‌سه‌لمێنێ که‌هه‌ردولا چه‌نده‌ خزمه‌تی پارتیان کردوه‌.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم: دوه‌م ڕۆژی ده‌نگ دان له‌ - له‌نده‌ن له‌ڕیزدا له‌پشته‌وه‌ی خێزانێکی عه‌ره‌ب دا بوم، کۆمه‌ڵێ لاوان ئاڵای گۆڕانیان پێ بو، شایی و خۆشیان ئه‌کرد... ژنێ له‌مێرده‌که‌ی پرسی ئه‌وانه‌ کێن؟ مێرده‌ له‌وه‌ڵاما وتی: ئه‌وانه‌ سه‌ربه‌ کۆمه‌ڵێکن که‌ له‌حزبی جه‌لال تاڵه‌بانی جیابونه‌ته‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ - زایۆنیزم پشتگیریان ئه‌کات!!.
گه‌لی برایینه‌: داخۆ ئه‌م خێزانه‌و چه‌نده‌های تریش، له‌ژێر کاریگه‌ری میدیای چ حزبێکدا چه‌واشه‌ کرابن؟!!.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە