کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تیرۆری سیاسی لە کوردستانی باشور

Saturday, 21/12/2013, 12:00







(گوتنی ڕاستی لە سەردەمی فڕوفێڵ وتەڵەکەی جیهانی دا، خۆی لە خۆی دا کارێکی شۆڕشگێڕانەیە.)
جۆرج ئۆرێل

تیرۆری سیاسی لە کوردستانی باشور، مێژوەکەی گرێدراوە بە سەرهەڵدانی باندەکانی چەتەو ڕاوڕوتی کردنەوە، ئەوانەی نە ئەچونە ژێر فەرمانی یاسا،باندێکی چەکداریان دروست ئەکرد، لە وانەی تەنگوچەڵەمەی کۆمەڵایەتیان هەبو، لەلایەک سەرێشەیان بۆ دەوڵەت دروست ئەکرد، لەلایەکی ترەوە ئەبونە ئەزێت وچەرمەسەری وبۆ زۆریینەی خەڵک وڕوتییان ئەکردنەوە.
ڕەنگە دیاریترین کاری تیرۆرستی سیاسی ساڵی ١٩٢٧ بوبێت لە سەردەستی مەلا مستەفای بارزان و موحەمەد سدیقی- خزمی، کە مەولای مەلامەحمەد-یان تیرۆر کرد، ناوبراو یەکیک بو لە جێنشینەکانی- شێخ عەبدوڵای بارزان- شێخی چوارەمی بارزان، شایانی باسە چێگری دوەمی شێخی بارزان مەلا خورشید-ساڵی ١٩٨٢ سەدام حوسەین-شەهیدی کرد. ئیتر هەر بە گەشەکردنی ئەم باندانە، بونیان بە حیزب ودوایس ناویان لێنرا- شۆڕشی چەکداری کورد- ،ئەمانە هەر دوای ساڵی ١٩٥٨ وە بەدەرچونی یاسای چارەسەری کشتوكاڵی- ئاو ڕژایە ئاشەکەیانەوە، چونکە زەرەرمەندی بنچینەیی ئاغاو شێخەکان بوون، بەپیی ئەم یاسایە جوتیارو زوحمەتکێشانی ووڵات تاکە قازانج کەر بوون، بەم پێیەش تیرۆر لە برەو سەندندا بوو. لەسەروبەندی جیابونەوەی دوبەرژەوەندی لە جوڵاننەوەی چەکداری-دا، هەردولا درێغیان نەکردوە ،لە تیرۆرکردنی نەیارەکانیان. لە ژێر دەسەڵاتی- مەلا مستەفا-دا (سیامەند وملکۆ) و زۆری تریس لە ساڵەکانی شەست دا تیرۆرکران،دوایش تیرۆکردنی فاخیر مێرگەسوری- لە حەفتاکاندا دەنگۆیەکی گەورەی نایەوە. هەرلە سەرەتای جوڵاننەوەی چەکداری نویی ناوچەی سۆرانیش بە تیرۆرکردنی نوری حەمەعەلی و-عەبدولی سۆران وخەڵکانی تری بێ گوناح دەستی پێکرد..شەهیدکردنی کادیرانی پێشکەوتوی کۆمەڵە- جوامێری عەدولقادری چوارتاقی و- سالاری حاجی دەروێش- غەدرێکی تری ناحەقی دەستی تیرۆر بوون.
بەڵام تیرۆری قەڵەم، ڕەنگە بگەڕیتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی شێخ مەحمود- ،لەو سەردەمەداو لە شەوێکی تاریک دا، تیرۆر چەپۆکی لە گیانی نوسەرێکی هەڵکەوتو بەتوانا- جەمال عیرفان- داگیرکردو خوێنی ڕشت. دوای چەند ساڵێکیش، شاعیرو نوسەری لاو ئەحمەد موختار بەگی جاف- لە سەرچەمی سیروان تیرۆر کرا.
تیرۆروکوشتن وتۆقاندن خەسڵەتەبونیادیەکانی نیزامی فاشستین،ئەوە خۆڵ لەچاوکردن وگێلاندنی خەڵکە، کە ئەم تیرۆرو کوشتنانە، بخرێتە ئەستۆی فڵان وفیسار، وەیان فیسارەکەس نەخۆشی دەرونی هەیەو عەسابییە، بۆیەکا ئەهلی قەڵەم، میدیاکاری ڕەخنەگرو ناڕازی ، ڕۆژنامەوانی سەربەخۆو بوێری پاشەڵ هەڵماڵی گەندەڵچیان، تیرۆر ئەکات. سیستەمی فاشی بۆ مانەوەوهەیمەنەی دەسەڵاتی خۆی کۆ لە هیچ تاوانێک ناکاتەوە، ویژدان وڕەوشت وخودا، کاتێک مانایان هەیە ،کە لەخزمەت پاراستنی دەسەڵات وسەرمایەکانی ئەودابن. بۆیە ئەوە خەیاڵ پڵاویە، وابزانیت بەڕێپێوان وخۆپیشاندان ویاداشت پێشکەش کردن، گلەیی شەرمنانەی میدیاکان ، ئەتوانرێت سەوەری بۆیاسا بگەرێنرێتەوە. لەژیر دەسەڵاتی سەرمایەداری فاشست دا کۆی دەزگا یاسایەکان تەنها شكڵین، تەنها بۆ پێشاندانی دەرەکییە، گوایە نیزامی قەزایی سەروەرە،چونکە کۆی ئەم دەزگایانە موسەیەری دەزگا سەرکوتگەریەکانی تری فاشیزمە، دادوەرو داواکاری گشتی وزۆربەی پارێزەران دەستەمۆی ئەم سیستەمەن، دەسڵاتدارانی سەرمایە دایان دەمەزرێنن، نوقمیان ئەکەن لەموچەی بەرزو بەرتیل وخانو شوقە وماشینی مۆدرندا، هەرگیز دادوەرێک ناتوانێت حوکمێکی یاسایی وسەربەخۆ بدات....کۆی سیستەمی قەزائی ئەبێتە برغویەکی نیزامە فاشیەکە .
هەژارانی کوردستان ،ئەبێت ئەوپرسیارە لە خۆیان بکەن، کاتێک شاعیری داکۆکی لە هەژاران ئەبوبەکر عەلی- ، بەڕۆژی نیوەڕۆ بە بەرچاوی خەڵکەوەتیرۆر ئەکریت، کێ ئەدرێتە دادگا؟ . کە-سۆرانی مامە حەمە- و- سەردەشت عوسمان- تیرۆر کران، کامە دادگا تیرۆرکەران وهاندەرانیان ئاشکراکردو بەسزایان گەیاند؟؟!!.
ئەم سیستەمە فاشیە باکی لە کەس نییە، گەرجاران پشتی بە سەرمایەی ئاودیوکردنی کەرەسەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەتی بەستبو، پشتی بە گومرگەکان وسەرانە بەستبو،ئێستا لە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردایە، قۆناغی بائاشکراو بەدزی ، قۆناغی هەراج کردنی سامانە سروشتیەکانی وڵاتە، بە هەدەردان وهەرزان فرۆش کردنی نەوت وغازی ئەم میللەتە، ڕۆح وبزوێنەری ئەم ماکینە فاشیەیە، کە دەسەڵاتی بە زەبروزەنگ وتیرۆر، بەسەر وڵاتدا کێشاوە. ئەم قۆناغە ترسناکە، ڕۆژ بەڕۆژ ڕودانی ڕاپەڕینێکی جەماوەری شۆڕشگێڕانە، پێویستیەکی حەتمی وژیان بەبەراکەرەوەی ویژدانی بەپێویست دادەنرێت. تەنهاو تەنها ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریە گشتگیریەیە، کە ئەتوانێت سنورێک بۆ ئەم تەماح ودەستدرێژییەی مافیا فاشیستانە دابنێت. تەنها ڕاپەڕینی هەژاران ونەدارانە بۆ هەتا هەتایە ،چمکی قێزەونی شەرعیەتی شۆڕشگێڕان-ە یان لە گۆڕ بنێت. چونکە هۆی سەرەکی دواکەوتن ونەگەیشتن بەئامانجی زۆرینەی خەڵکانی کوردستان، بە ژیانێکی پڕکەرامەت وئاسودە، لەسایەی سێبەری یاسدا، لەسایەی حوکمی دامەزراوەییدا. بزوتنەوەی چەکداری و دەرئاوێژەکانی بوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە