کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پشکۆ نه‌جمه‌دین مامۆستا و هاوڕێ

Tuesday, 17/01/2012, 12:00


به‌ده‌ست وقاچی به‌ستراوه‌وه‌، له‌ خه‌ودابووم، هه‌رساته‌وچزێک له‌ له‌شم هه‌ڵئه‌ستا، وه‌ک قه‌پاڵی ده‌می گیاندارێکی بچوک، بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئازاره‌کانم، ئه‌مدیو دیوم ئه‌کرد، دووده‌م هه‌ریه‌ک له‌لایه‌که‌وه‌ گازیان لێئه‌گرتم...له‌ لاشه‌م ...له‌ڕۆحم. ئه‌وه‌نده‌ تلاو تلم کرد..گازگره‌کان له‌گازگرتن که‌وتن. که‌مێک ئاسوده‌بووم، له‌ده‌نگی سه‌جان-ه‌که‌ ، خه‌به‌رم بوه‌وه‌، پێی ووتم: سه‌رکێشی که‌رت هاتوه‌، که‌ده‌ستو قاچی کردمه‌وه‌، هه‌ستامه‌ سه‌ر پێ..دوومشک له‌ده‌رقاچه‌ی شه‌رواڵه‌که‌مه‌وه‌ که‌وتنه‌ خواره‌وه‌. سالاری حاچی ده‌روێش- به‌ پێکه‌نینه‌وه‌، هاته‌ژوره‌وه‌وباوه‌شی پیاکردم، نیگایه‌کی له‌ مشکه‌کان کردو ووتی: ئه‌وه‌ ڕۆحی به‌ختیارساڵح ڕه‌فعه‌ت- و- ئیبراهیم جه‌لال-ه‌.!!...

کاتێک له‌خۆشی دیتنی-کاکه‌ سالار- به‌ خه‌به‌رهاتم ، هێشتا ده‌مه‌وبه‌یانێکی زوو بوو، چومه‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژوره‌که‌م، سه‌یرێکی گووڵه‌ به‌ڕۆژه‌کانی باغچه‌که‌م کرد، ملیان شۆڕو چاوه‌زه‌رده‌کانیان لێک نابوون.. به‌ پێوه‌ خه‌ویان لێکه‌وتبو.

دۆستایه‌تیم له‌ گه‌ڵ باڵای گووڵه‌به‌ڕۆژه‌کاندا، ئه‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ مێژویه‌کی کۆن، که‌ لاو بووم ، هاوینان یارمه‌تی باوکم ئه‌داو ئاوم ئه‌دان..دواترێش بۆ کاتی پێشمه‌رگایه‌تی هاوینانی شاره‌زوور-....نیوه‌ڕۆیه‌کی دره‌نگ بو، له‌گه‌ڵ براوهاوڕێی منداڵیم- کاک به‌کری حاجی ڕه‌شید-،گه‌یشتینه‌ گوندی- کانی سپیلکه‌ی په‌رخ-، ئه‌مانویست له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌کیه‌ پڕ سه‌ربازگه‌که‌ی نێوان-سلێمانی و سه‌یدساده‌ق- بپه‌ڕینه‌وه‌، ڕۆح شاد(کاک ساڵحی حاجی حوسه‌ینی مورادوه‌یس)، که‌ خزمایه‌تی له‌ گه‌ڵ کاک به‌کر-دا هه‌بو، به‌خۆمان وچه‌که‌کانمانه‌وه‌، له‌ناوسنگی گه‌ڵابه‌که‌ی ناین وزۆر به‌ جه‌سوریه‌وه‌ به‌ناوسه‌ربازگه‌که‌ی دێی سه‌راوی سوبحان ئاغا-دا، بۆقووڵایی شاره‌زوور-ی بردین!!.بۆ دیداری مامۆستا پشکۆ- به‌شه‌وقێکی زۆره‌وه‌، چومه‌ گوندی ته‌په‌که‌ل-، (ئاهوی حاجی موحه‌مه‌د)یادی به‌خێر، ده‌ستی بۆ گووڵه‌ به‌ڕۆژه‌ باڵابه‌رزه‌کانی خوار ئاوایی ڕاکێشاو ووتی: پێشمه‌رگه‌کان له‌وێ خۆیان حه‌شارداوه‌،له‌و گه‌رمه‌ی شاره‌زووردا، پۆلێک پێشمه‌رگه‌ی گه‌نجی خوێن گه‌رم. ده‌وریان له‌ -مامۆستا پشکۆ- دابوو، هه‌موگیانیان گوێ بوو که‌ ئه‌یوت: ئێمه‌ جووڵانه‌وه‌یه‌کی چه‌پی کوردستانین، له‌خاکی خۆمانه‌وه‌ ئاڵای ڕزگاری، ئازادی، عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیمان هه‌ڵکردوه‌، ده‌ستی هاوخه‌باتیمان درێژه‌ بۆ شۆڕشگێڕانی تری عێراق..دڵنیاین بێ عێراقێکی دیموکراتی، فره‌ حیزبی، هه‌وڵه‌کانمان زۆر لاواز ئه‌بێت، سه‌رکه‌وتنمان به‌نده‌ به‌ ڕزگاری ودیموکراتی خه‌ڵکانی عێراقه‌وه‌...). ئه‌و ده‌مه‌ ده‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌کانی-مامۆستا پشکۆ- له‌ بیست که‌س که‌متر بوون، شه‌ش پێشمه‌رگه‌یان، موهه‌ندیس بوون. ئه‌گه‌ر چی مامۆستا پشکۆ-هێستا زامی شه‌هید بوونی هاوڕێ وخوشکه‌زای- شه‌هید حه‌مه‌ تۆفیق-. تازه‌و به‌سۆ بو..به‌ڵام به‌و جۆش وخرۆشه‌وه‌ باسی له‌ خه‌بات ئه‌کرد.. که‌چی پاداشتی سه‌رکردایه‌تی-ینک-. ئه‌وه‌ بوو دوای ئه‌و هه‌مو خه‌بات وقوربانی دانه‌، له‌کونجی زیندانی قه‌بر ئاسای توند کرد، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌وان بیر ناکاته‌وه‌، ئاخر خه‌ته‌ری مامۆستا ئه‌وه‌بوو، به‌و شێوازه‌ سیحر ئامێزه‌ی، به‌وبیره‌ ساف وڕه‌وانه‌ی، به‌و ئوسلوبی قاناعه‌ت پێکردنانه‌ی.. ئه‌کرا زۆر کادیران وپێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ به‌لای بۆچونه‌کانی خۆیدا ڕابکێشێت.هه‌ر له‌دوای زیندانی کردنی مامۆستا پشکۆو هاوڕییانی، سه‌رکردایه‌تی ینک-درێغیان نه‌کرد، هه‌مو حیله‌و فێڵێکیان خسته‌ گه‌ڕ بۆ به‌شیتانی کردنیان..به‌ناساندنیان وه‌ک خائین وشۆڕش فرۆش، زه‌مینه‌یان بۆ ئیعدامکردنیان خۆش کردبو..(له‌زینداندا- عومه‌ر عاره‌ب- که‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی لاوودڵسۆزو ئازای-ینک-بوو، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی شه‌خسی .زیندانی کرابو، به‌ مامۆستا ئه‌ڵێت:مامۆستا. ئێوه‌ بۆ واتانکرد، ناپاکیتان له‌ -ینک-و شۆڕش کرد، ئاخر ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕش تێکبده‌ن، په‌یوه‌ندیتان به‌ موخابه‌راتی ئیراقه‌وه‌ کردوه‌. دوو میلێۆن دینارتان له‌ -به‌عس- وه‌رگرتوه‌.!). ئه‌مه‌ ماوه‌یه‌کی زۆری ویست که‌ ئه‌و بۆچونه‌ هه‌ڵانه‌ له‌ هزری عومه‌ر عاره‌ب- دابسڕرێته‌وه‌. به‌جۆرێک دوای ئه‌وه‌ ، عومه‌ر له‌مامۆستا پشکۆ نزیک ئه‌بێته‌وه‌و ئه‌بێته‌ جێگه‌ی متمانه‌ی. کاتێک عومه‌ر- بڕیاری هه‌ڵاتن ئه‌دات، له‌لای مامۆستا پشکۆ ئه‌مه‌ ئه‌درکێنێت، ئه‌ویش زۆر هه‌وڵ ئه‌دات ژێوانی بکاته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر وایان تێگه‌یاندبو، که‌ ئیعدام ئه‌کرێت، هه‌ر سور ئه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵهاتن. به‌ مامۆستا پشکۆ ئه‌ڵێت: ئه‌چمه‌وه‌-سلێمانی-وئه‌بم به‌جاش، به‌ڵام په‌یمان بێت بێمه‌وه‌و ڕزگارت بکه‌م، هه‌رچه‌ند مامۆستا ئه‌ڵیت شتی وا مه‌حاڵه‌و ئه‌وه‌ ئیعدامی سیاسی منه‌، به‌ڵام عومه‌ر هه‌ر سور ئه‌بێت له‌سه‌ر په‌یمانه‌که‌ی خۆیی. دوای ماوه‌یه‌کی که‌م عومه‌ر- به‌ مه‌فره‌زه‌یه‌که‌وه‌ له‌ -دوکان-ه‌وه‌ به‌ره‌و به‌رگه‌ڵو- به‌ڕێ ئه‌که‌وێت، له‌ڕیگا تووشی
که‌مینێکی ینک-ئه‌بێت، له‌وشه‌ڕه‌دا- ئازادی حه‌مه‌ی گه‌محان- ئه‌کوژرێت، به‌مجۆره‌ ڕێسه‌که‌ی عومه‌ر ئه‌بێته‌وه‌ به‌ خوری وئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆسلێمانی.

-عومه‌ر عاره‌ب- له‌ ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991 دا ڕۆڵێکی قاره‌مانانه‌ی ئه‌بێت.له‌ گرتنی ئه‌منه‌ سووره‌که‌و په‌لاماردانی سه‌ر بنکه‌کانی تری به‌عس-. به‌ڵام زۆری نه‌خایاند ینک- عومه‌ری خزانده‌وه‌ زیندانه‌کانی

له‌و سه‌روبه‌ره‌دا مامۆستا جه‌مال- که‌ بریکاری وه‌زاره‌ته‌که‌ی- عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی ئه‌بێت. له‌ که‌مینێکدا ته‌قه‌ی لێئه‌کرێت. ینک- ئه‌مه‌ به‌ هه‌ل ئه‌زانێت عومه‌ر عاره‌ب- به‌ گوله‌باران کراوی له‌ جێگه‌ی ڕوداوه‌که‌دا فڕێئه‌دات دوایش وایان بڵاو کرده‌وه‌، که‌ ئه‌و که‌مین وته‌قه‌کردنه‌ -عه‌مه‌ر عاره‌ب-بوه‌ ،شێره‌! پاسه‌وانه‌کانی جه‌نابی بریکار هاتونه‌ته‌ ده‌ست وتاوانباریان کوشتوه‌!!.

له‌ناو جووڵانه‌وه‌ی چه‌کداری نوێی کوردیدا، که‌م که‌س وه‌ک مامۆستا پشکۆ-، خاوه‌نی که‌سایه‌تیه‌کی خۆشه‌ویست، دڵسۆز بۆ گه‌ل وخاک. لێهاتو له‌خۆ بردوو، پڕ ئه‌مه‌کم دیتوه‌، کوتومت له‌ گه‌ڵ شه‌هیدی سه‌رکرده‌- ئازاد هه‌ورامی-دا دوو گوڵی یه‌ک چڵن...سه‌یر که‌ن! .هه‌تا له‌سه‌روبه‌ری ئاشبه‌تاڵی دووه‌م-دا ده‌ستیان له‌ یه‌خه‌ی ناکه‌نه‌وه‌، ئازادی پێ ڕه‌وا نابینن.(جه‌سته‌ی یه‌کێتی له‌ شکستدا، خوێنی لێده‌تکا! کوشتن وئیعدامکردنی من، له‌و حاڵه‌ته‌ هیستریایه‌ی یه‌کێتی ونه‌وشیروان مسته‌فای تێ که‌وتبوون، کارێکی مسۆگه‌ر بوو.) 1 .

(وه‌ی خودایه‌! ئه‌مه‌ ئاشبه‌تاڵێکی جاڕ بۆ نه‌دراوه‌! ئاشبه‌تاڵێک به‌ بۆنی ژه‌هروخۆێنه‌وه‌! ئه‌مه‌ هه‌ره‌سێکی دیکه‌یه‌وکه‌سێک خۆی له‌ ژێرباری قورساییه‌که‌ی نانێت، کێ بوو گوتبوی: ته‌رمی شۆڕش له‌و گۆڕه‌ی که‌وتوه‌، که‌سێک جورئه‌ت ناکات بینێژێ.) 2


** 1و2 ئه‌زمون و یاد لاپه‌ڕه‌کانی 331 و325

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە