کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(حه‌به‌ربه‌شیه‌)کانی مام جه‌لال

Thursday, 25/03/2010, 12:00


ژیانی مرۆڤ وه‌کو هه‌رشتێکی تری سروشت، به‌ره‌و داشکان‌ ئه‌ڕوا، پیربون ناموسی ژیانه‌و نکوڵی لێ ناکرێت. زاناکان ئه‌ڵێن: هه‌مو که‌سێک له‌دوای شه‌ست وپێنج ساڵیه‌وه‌ مێشکی توشی پوکانه‌وه‌ ئه‌بێ، به‌جۆرێک ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌، وریایی، جۆری قسه‌کردن، چۆنێتی مامه‌ڵه‌ کردنی له‌گه‌ڵ کێشه‌کاندا ئه‌بێ. ئه‌بێته‌ هۆی له‌یادکردنی ڕوداوه‌کان، به‌ئاسته‌م دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی شیاو بۆ جێگه‌ی شیاو، حوکم دانی نادروست، بیرکردنه‌وه‌ی ناڕۆشن و ته‌ڵخ، په‌شیمان بونه‌وه‌ له‌و ڕایه‌ی که‌مێک پێشتر داویه‌تی، قسه‌ی ناجۆرو توهمه‌ت و خه‌ڵک شکاندن.
ده‌م ته‌ته‌ڵه‌ کردن له‌کاتی قسه‌کردن و گفت و گۆدا... ئه‌مانه‌و زۆری تر نیشانه‌ی (دیمێنشه‌) واته‌: پوکانه‌وه‌ی مێشکن. ڕه‌نگه‌ بۆکه‌سانی ئاسایی ئه‌مه‌ زۆر زه‌حمه‌ت نه‌بێ، به‌تایبه‌تی که‌سانێ دڵسۆزی خۆی له‌ده‌وری بن، یارمه‌تی بده‌ن و فریای بکه‌ون. به‌ڵام نه‌هامه‌تی له‌وه‌دایه‌، ئه‌و که‌سه‌ پله‌وپایه‌ی حزبی و ده‌وڵه‌تی هه‌بێ!!. ماوتسی تۆنگی چین، تا ئه‌وکاته‌ی مردبوش، به‌ناوو ئیمزای ئه‌وه‌وه‌ بڕیار ده‌رئه‌کرا. فیدڵ کاسترۆی کوبا، هه‌تا له‌به‌رده‌م ته‌له‌فزیۆنا نه‌تلیسایه‌وه‌، حه‌به‌ربه‌شه‌کانی ده‌وروبه‌ری وازیان لێ نه‌هێنا.
مام جه‌لالیش له‌و پێڕه‌یه‌!! واهه‌ست ئه‌که‌م که‌مێ ئاگای له‌خۆی بوایه‌، جڵه‌وی به‌ده‌ستی خۆی بوایه‌، به‌م جۆره‌ خه‌رمانی خه‌باتی خۆی به‌چاک و خراپه‌وه‌ - نه‌ئه‌دایه‌ به‌ر ڕه‌شه‌با. چوارساڵ بون به‌ کلاونی- گاڵته‌جاڕی و نوکته‌بازی و قۆشمه -، بێجگه‌ له‌حه‌یابردن و بێ پێزکردنی پایه‌ی سه‌رۆک کۆماری چی تری به‌ده‌ست هێنا؟!.. ئه‌ی ئێستا چیه‌ یاران وا حه‌به‌ربه‌شیه‌کانی ده‌وروبه‌ری دیسانه‌وه‌ په‌نی پێ ئه‌ده‌ن! بونه‌وه‌ی مام جه‌لال به‌سه‌رۆک کۆمار ته‌نها خزمه‌تی ئه‌وان و پارتی ئه‌کات. پارتی بۆئه‌وه‌ی - ده‌فع و به‌ڵا -‌ بنێرێته‌ به‌غداوه‌و کێشه‌یان بۆ دروست نه‌کا، ته‌نیا یه‌ک سه‌رۆک له‌کوردستان هه‌بێ. حه‌به‌ربه‌شیه‌کانیش دوو جۆرن: ئه‌وانه‌ی کاتی خۆی مام جه‌لال پۆرتی شکاندون و هه‌موکاتێ به‌چاوی سوک سه‌یری کردون، هه‌ر بۆ ژماره‌ له‌سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌بی سیاسی دایناون. ئێستا له‌ ون بون و له‌ده‌ست دانی بیروهۆشی مام دا ئه‌یانه‌وێ هه‌قی خۆیان بکه‌نه‌وه‌. زیاتر بیکه‌ن به‌پوش برنج، بواری زیاتریش ئه‌بێ بۆ حه‌په‌لوشی سامانی میلله‌ت.
به‌شی دووه‌می حه‌به‌ربه‌شیه‌کان: ئه‌وانه‌ن وائه‌زانن ئه‌توانن ئیش بۆئه‌وه‌ بکه‌ن تا له‌نزیکترین فرسه‌تا جێگه‌ی مام بگرنه‌وه‌؛ زۆرترو فراوان تر قووتی هه‌ژاران و بێ ده‌ره‌تانان بدزن. بێ گومان تا مام لێیان دورتربێت ئه‌گه‌ری سه‌رئێسه‌ بۆیان که‌مترئه‌بێته‌وه‌.
مام جه‌لال ئه‌گه‌ر که‌سێکی دڵسۆزی هه‌با، ئه‌وه‌ ئامۆژگاری ئه‌وه‌ی ئه‌کرد که‌له‌م خۆراوای ته‌مه‌نیا له‌ماڵی خۆی دانیشێ. یادگاری و بیره‌وه‌ریه‌کانی بنوسێته‌وه‌، خه‌ریکی باخچه‌کانی بێ، که‌ ملیۆنه‌ها دۆلاری تێ چووه‌!!!.. نه‌ک ده‌هۆڵی دڕاوی سه‌دامی لێ بده‌ن و بڵێن: مام جه‌لال پێویستی به‌پۆستی سه‌رۆک کۆماری نیه‌ به‌ڵکو عێراق و عێراقیه‌کانن پێویستیان به‌حیکمه‌ت و لێوه‌شاوه‌یی مام جه‌لاله‌!!!.. چما مام جه‌لال القائد الچروە یه‌؟!!.. ‌
بائه‌و حه‌به‌ربه‌شیانه‌ بزانن، پێش ئه‌وانیش، براکانیان بوو سه‌دام یان به‌شوودا. وائه‌مانیش مام جه‌لال زیاتر ئه‌که‌ن به‌گاڵته‌جاڕی سه‌رده‌م.
تێبینی: حه‌به‌ربه‌شی: زاراوه‌یه‌کی عامیه‌ی خواروی عێراقه‌؛ مه‌به‌ستیان له‌کاسه‌لێس و مه‌سینه‌هه‌ڵگرو هه‌ل په‌رست و ماستاوچیه‌کانه‌.
به‌ریتانیا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە