کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەل-بژاردنەکانی خێڵ

Tuesday, 23/04/2013, 12:00






کاریگەری وگرنگی خێڵ، تەنها لە ووڵاتە عەرەبی وهەندێ ووڵاتی ئیسلامی ماوە، لەو ووڵاتانەشدا شێوازی کارکردنیان گۆڕاوە، زیاتر کەرەسە دیمکراتیەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار ئەهێنن،تا لە بەردەم جیهاندا خۆیان وانمازش بەکەن ،کە ئەمانیش گۆڕاون وئەمێستا مرۆژ دۆست ،ئاشتی خوازو دیمکراتی وشارستانین!.
سەرەتای گرنگی خێڵ ودەوری گەورەیان لای خۆمان ،ئەگەڕێتەوە بۆ داگیر کردنی عێراق لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، ئەو دەم ویستیان ئەزمونی-هندستا- لە عێراق دوبارە بکەنەوە، بە تایبەت کاتێک بڕیاریاندا- شێخ مەحمود- بکەنە ' حوکمداری سلێمانی' ،ئەو بڕیارە ڕوبەڕوی زۆربەی عەشیرەتەکانی کوردستان بوەوە، بۆیە ئینگلیز- مێجەر نۆوول-ڕاسپارد، کە سەر لە سەرۆک خێڵەکان بدات، دەمیان چەور بکات بە بڕینەوەی موچەی مانگانە بۆ ئەوانەی خۆی وعەشیرەتەکانیان ،پشتگیری ئەم بڕیارەی ئینگلیز ئەکەن. لە ماوەیەکی کەم دا ئەوەی مەیجەر نۆوول- کردی بۆ پشتگیری وملدان بە حوکمی شێخ حمەحمود، مەگەر جەلال تاڵەبانی بۆ دانانی مەسعود بارزانی کردبێتی!.
کەچی هەنوکە چ باسێکی مەیجەر نۆوول- لەکولەکەی تەڕیشدا نییە.
لەناو عەشیرەتەکانی کورددا، بارزانیەکان، گەر چی وەک خۆیان عەشیرەتێکی سەربەخۆ نەبوون، بەڵکو باڵێکی بچوکی عەشیرەتی زێبارین، بەڵام هەر لەسەردەمی نەمر شێخ عەبدولسەلامی بارزانی-یەوە گرنگیەکی تایبەتی هەبوە، ئەویش بە هۆی تەریقەتی نەقشبەندی-یەوە بوە، کە ئەم باڵەی عەشیرەتی زێباری هەڵگری بوون.
وەک زانراوە خێڵەکان لەسەر ڕاووڕوت وسەرانە ژیاون. دەمێکە خۆیان ووتویانە : بژێویمان لەسەر نوکی نێزەکانمانەوەیە، شورەییە پیاوی خێڵ خاوەن پیشە بێت...هتد
بەڵام مەلا مستەفای بەرزان، وەک لاوێکی جەربەزەی بارزانیان،لەژێر کاریگەری مۆژگاری- شیخی بارزان-دا نەیئەویست بەردەوامی بەمجۆرە ڕفتارەبدات، بۆیەکا (لەسەرەتای بیستەکاندا عەریزەی دابوو بۆ ئەوەی بکرێت بە یاساوڵی دارستان، ئەو کاتە مانگانەکەی ئەیکردە چوار دینار، بەڵام بە داخەوە لەلایەن کاربەدەستە کورت بینەکانی ئەوکاتەوە داواکەی ڕەتکرایەوە.). بەمجۆرە مەلا مستەفاش گەڕایەوە بۆ جێبەچیکرندنی کاری هەمیشەیی عەشیرەت، تەنها کۆسپی بەردەمی شێخی بەرزان بوو،بۆ تەختکردنی ئەو کۆسپە پەلامار پێویست بوو (شێخی بەرزان دووجێگری هەبوو، -مەلای مەلا مەحمود و خورشید- یەکەمیان لەساڵی ١٩٢٧ دامەلامستەفاو محەمەد سدیقی خزمی کوشتیان. دوەمیشیان سەدام ساڵی ١٩٨٣ لە سێدارەی دا). بەمجۆرە مەلامستەفا تاڕادەیەک دەسەڵاتی خۆی سەپاند . (لەساڵی ١٩٣٣دا لە گەڵ دەستە چەکداریەکەی دا نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی بۆ مودیر ناحیەی بارزان نارد، کە ئەگەر میری مانگانە دووسەد دیناری بۆ نەبڕێتەوە، ئەوائەم وچەکدارەکانی بەر دەوام ئەبن لەگێچەڵییان بۆسەر دەوڵەت.
دوای دروست کردنی پدک-، ڕۆشنبیران وسیاسەت مەدارانی ئەو حیزبە، وەک شانەی هەنگوینیان لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە، کەوتنە تکاو ڕجاو پاڕانەوەو لاڵانەوە تاکو سەرکردایەتی حیزبیان بۆبکات، گەرچی لەسرەتاوە ڕازی نەبوو چونکە(مەلامستەفا زۆر زۆر ڕقی لە ڕۆشنبیری وزانست وڕۆشنبیران بوو. هەموکات ئاغاکانی بەباشتر ئەزانی، حەزی ئەکرد ئاغاکان کاربەدەستی سەربازی بن،نەخوێندەواروعەوامەکانی دەست نیشانئەکرد بۆ کاری حیزبی)
بەڵام لە وە گەیشت، کە ئەم هەلە زێڕینە لە دەست نەدات ،بۆ لەمەو دوا حزب بکاتە داردەسی خۆی بۆ جێبەجێ کردنی مەرامەکانی(هەر لەسەرەتاوە لە بەرزانیەکانی قەدەغەکرد، بەشداری حیزب بکەن، بەجۆڕیک توانی بەکاریان بهێنێت بۆ کلکوگوێکردنی حیزب لەساڵانی ١٩٦٣-١٩٦٥ دا، تاکو بەتەواوی حزب ومەکتەبی سیاسی دەستەمۆکرد،ئەمجا لە ساڵی١٩٦٥ بەدواوە حزبی وەک کوتەک بەکار هێنا بۆلێدانی بەرزانیەکان وکوشتنی هەر ناڕەزاییەک.)
ئەکرێت بوترێت کە حزبەکەی بارزانی، دروستکردنی قەباغیکی گەورەی خێزانی بوو، وەک نیمچە عەشیرەتێکی مۆدرن، کەبێجگە لە عەشیرەتەکەی خۆی ،جێگەی خەڵکانی دەرەوەشی تیا ببێتەوە ،عەشیرەتێک جیاواز لە چەمکی باوی عەشیرەتی کە لەسەر بنەماکانی خزمایەتی وخوێن دروست بوبێت، ئەم عەشیرەتە تەنهاو تەنها لە سەر بنەمای خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانی بنەماڵەیە، گوێڕایەلی دڵسۆزی خزمەتکردن بە کۆیلە بوونی بنەماڵە ، کۆڵەکەسەرەکیەکانیەتی، بەردەوامی وسەوەری خێزانەکەی ئامانجە، ئەم حزبە ئەبێت هەموکات چەکدار ودەستەوسان بێت، (پارتەکەی بارزانی وەک حیزبێکی چەکدار هەر لەسەرەتاوە باوەڕی بە دیمکراتی لیبرالی و هەڵبژاردنەکانی نییە)
گەرچی خۆی وا پیشانداوە کە مۆدرنەیەولە گەل گەشەکردنی کۆمەڵایەتیدا ئەگونجێت، بەڵام ئەموکات درێغی نەکردوە لە گزی وفزی وتەزویر(دیاردەی تەزویر لە پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بەشیکی هەرگیز جیانەکراوەیەلە عەقڵیەتی سەرکردایەتی ئەو حیزبە، نەخۆشیەکی هەمیشەییە کەهەر گیز بنبڕناکرێت، بەجۆرێک ئەم حیزبە لە بارودۆخێکی وادا تەزویری لە هەڵبژاردنە حیزبیەکاندا کردوە کە پێویستی پێنەبوە، بە هێج جۆرێک خەتەر لەسەر دەسەڵاتی مەلا مستەفا نەبوە، هەروەک چۆن لە کۆنگرەی هەشت دا لە تەموزی١٩٦٥دا ڕووی دا، بەمجۆرەبە هیچ شێوەیەک جێگەی سەرسوڕمان نیە ،کە گەورەترین و بڵاوترین هەوڵی تەزویروساختە لە کوردستان لە ساڵی ١٩٩١داوە بەردەوامە)
کاتی خۆی بە دەم کاکە حەمەی حاجی مەحمودەوە گێڕاویانەتەوە -گەر ماڵی بەرزانی لەگەڵ چیندا بچنە هەڵبژرادنەوە ، پارتی بارزانی ئەیباتەوە!!.
ئایا بارزانی هەڵبژاردنی قبوڵە یان هەلبژاردن...هەلێکی تری تەزویر.؟؟


تێبینی: ئه‌و دێڕانه‌ی که‌وتوونه‌ته‌ نێوان که‌وانه‌کانه‌وه‌ قسه‌ی من نیین، به‌ڵکو وته‌ و قسه‌ی مامۆستایان: ئه‌یوب بارزانیی و جه‌رجیس فه‌تحوڵڵان، که‌ له‌ کتێبه‌کانیاندا باسیان لێوه‌ کردووه‌ و من وه‌کو سه‌رچاوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ که‌ڵکم لێیان وه‌رگرتووه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە