کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


شه‌پۆلێـــــکی بـــــێ کـــــۆتا له‌ قوربانیــــــان !

Friday, 09/10/2009, 12:00


شه‌ممه‌ 10 / 10 / 2009 کاتژمێر 12.00 ◄ 2.00 ی نیوه‌ڕۆ له‌ به‌رامبه‌ر 10 Downing Street له‌ له‌نــــــده‌ن کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌ دژی سزادانی وه‌ک ده‌رکردن، نانبڕین، گواستنه‌وه‌، ... ی ئه‌و مووچه‌خۆر و که‌سانه‌ی که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ 23 و 25 / 07 / 2009 دا ده‌نگیان به‌لیستی کوردستانی واته ده‌نگیان به‌‌ لیستی ده‌سه‌ڵات نه‌داوه،‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ.
خودی کاره‌که‌‌ی یه‌کێتیی له‌ لایه‌ک و، خۆ که‌ڕکردنی حکومه‌ت و خودی سه‌ر‌ۆکی هه‌رێم ‌بۆ راگرتن و لابردنی زوڵمێکی له‌م جۆره له‌ لایه‌کی تره‌وه‌‌، هێمای زه‌قتری مه‌ترسین بۆ پێشێلکردنه‌وه‌ی ره‌وشی دیموکراسی له‌ هه‌رێمه‌که‌دا! ئه‌مه‌ش په‌ڵه‌یه‌کی ره‌شی تره که‌ مێرده‌زمه‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی قه‌ترانی کردووه‌!
ده‌سه‌ڵات ئه‌رکی ئه‌خلاقی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵک‌ هه‌یه‌. له‌ یه‌که‌م هه‌نگاودا، نابێ بیر له‌ سزادانی تاکه‌کانی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌که‌ی بکاته‌وه‌؛ ئه‌گینا بیه‌وێ یان نا، خۆی له‌ خانه‌‌که‌ی تردا ده‌بینێته‌وه‌‌! ده‌بێ سای به‌زه‌یی ده‌سه‌ڵات هه‌موو که‌س بگرێته‌وه‌؛ نه‌ک ژماره‌یه‌کیان، بێ ئه‌وه‌ی یاسایان شکاندبێ یان ساده‌ترین سه‌رپێچیان کردبێ، بخزێنێته‌ گۆشه‌یه‌که‌وه و‌ برسییان بکات یان به‌ملاو به‌ولادا هه‌ڵیان بدات. "چی"ش بکه‌ن، ئه‌سته‌مه به‌رپرسان بتوانن هیچ پۆزشێ یان سه‌رنجێ بۆ ئه‌م ره‌فتاره‌یان بخه‌نه‌ سه‌ر مێز، هه‌ر بۆیه‌ شه‌رم ده‌که‌ن پارچه‌ کاغه‌زێ چییه‌ بیده‌ن به‌سزادراوان، هه‌روه‌ها بۆشی کاره‌که‌ و بێبڕوایی بکه‌ران به‌ڕه‌فتاره‌که‌یان ده‌سه‌لمێنێ. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ گه‌ردێ چییه‌ مانای داد و دادوه‌ریی نازانن، ئه‌گینا په‌نایان بۆ کاری وا‌ چه‌په‌ڵ‌ نه‌ده‌برد.
ملدان، بێده‌نگی و سڵکردنه‌وه‌ له‌ کاره‌که‌و له‌ په‌یڕه‌وانی، ئاسه‌واره‌‌ خراپه‌کانی دیاره‌ده‌که‌ زۆرتر و خراپتر ده‌کات. هه‌ڵوێست وه‌رگرتن پێویسته،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌م جۆره‌، ناچاربکرێ بسڵه‌مێته‌وه‌ و به‌خۆیدا بچێته‌وه‌!
شه‌پۆلێکی بێ کۆتا له‌ قوربانیان هه‌ن‌ که‌ ته‌مه‌نێکی ده‌وێ تا بزانن بۆ چه‌رمه‌سه‌رێ دراون، بۆ برسی کراون و، سه‌ر له‌وه‌ ده‌ربکه‌ن که‌ بۆ ئارامی ماڵ و بژێوی ئێستایان له‌ هی چه‌ند مانگێ له‌مه‌وبه‌ر خراپتره‌! ئه‌م قوربانییانه،‌ منداڵه‌کانی ئه‌و که‌سه‌ به‌هه‌ڵوێست و ویژدان زیندوانه‌ن‌ که له‌ پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیدا،‌ ده‌روون و ده‌ربڕین و نووکی خامه‌کانیان، به‌ ئاسایی، ئه‌وه‌ی‌ تۆمار کردووه‌ که‌ باوه‌ڕ و متمانه‌یان پێی بووه‌ و هیچی تر. به‌ واتایه‌کی تر ده‌نگیان بۆ لیستی ده‌سه‌ڵات نه‌داوه‌ چونکه‌، له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌ژده‌ ساڵ ئه‌زموونی تاڵاو نۆشین،‌ بڕوایان به‌ده‌سه‌ڵات و پاڵێوراوه‌کانی نه‌ماوه‌ و نییه‌!
ئه‌رکه‌کان و پابه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و گه‌وره‌ ساڵان و هه‌موو کۆمه‌ڵ و دامه‌زراوه‌کانی به‌رامبه‌ر به‌ منداڵان و مافه‌کانیان فاکته‌ری بێئه‌ندازه‌ هه‌ستیارن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵان بێده‌سه‌ڵاتن، به‌سته‌زمانن و پێویستییان به‌غه‌یری خۆیانه‌ چاودێرییان بکه‌ن و بیانپارێزن! ئه‌م فریشتانه‌ له‌ کوێوه‌ بزانن که‌ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ده‌رده‌ سه‌رییه‌کانیانه‌، هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ ده‌بێ به‌هه‌شتیان بۆ بهێننه‌ سه‌رچۆکان! ئه‌وان نازانن له‌ مه‌مله‌که‌تێکدا ده‌ژین که تیایدا‌: "حامها، حرامها" یه‌!
سه‌د مه‌خابن، ئه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌رکردووه‌ یا رێی به‌م ره‌فتاره دزێوه‌‌ داوه‌، سدام حسین نییه‌؛ ئه‌وه‌ "مام جلال گالباني" یه ‌که‌ ده‌رچووی کۆلێژی یاسا و‌، سکرتێری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و‌، سه‌رکۆماری عیراق‌ و جێگری سه‌رۆکی سۆسیال ئینته‌رناسیوناڵه‌! ئه‌وه‌ی پێشێلکارییه‌کانیش له‌به‌رچاویدا ده‌کرێ، خۆی تێناگه‌یه‌نێ، تۆزقاڵێ ویژدانی بۆ ناجوڵێنێ یا راده‌یه‌کی بۆ دانانێ و بۆ نه‌هێشتنی هه‌وڵ نادات، ئه‌ویش‌ سه‌رۆکی هه‌رێم "کاک مسعود بارزانی"یه‌!
بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ئازاری غه‌یری خۆی بزانێ، ده‌بێ خۆی بخاته‌ حاڵی سزادراوانه‌وه که‌ تا ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر تۆماری قوربانییه‌کان له‌ 2000 فۆڕم تێپه‌ڕیووه‌ و به‌رده‌وامیشه‌. با خێزان یا تاکه‌کان له‌ تاراوگه‌ خۆیان له‌ جێی ‌ئه‌و‌ خێزان یا تاکانه‌ی کوردستان دابنێن که‌ ئه‌م سزایه‌ گرتوونیه‌وه‌ و گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بکه‌ن که ئه‌وانه‌‌‌ منداڵه‌ نازداره‌کانی ئه‌مانن، که‌ له‌سه‌ر بڕیاری ئازادانه‌ی ئه‌م دایک یا ئه‌و باوک، به‌ناهه‌ق، برسی کراون، ئایا هه‌ستیان چۆن ده‌جۆشێ و چی ده‌که‌ن؟!
ئه‌م شه‌ممه‌یه‌، با منداڵه‌کانی تاراوگه‌ پێش باوانیان بکه‌و‌ن و له‌ناو جه‌ماوه‌ره‌که‌دا ببینرێن. به‌ نووسینی نامه‌، هێڵکاری، وێنه‌کێشان، تۆمارکردنی یادداشت یان یاده‌وه‌ری له‌مه‌ڕ منداڵه‌کانی خزم و ناسیاوه‌کانیان له‌ کوردستان ... یان به‌ هه‌ر شێوازێکی تر، که‌ راڤه‌ له‌ هه‌ستی خاوێنی منداڵییان بکات، رای خۆیان ده‌رببڕن و بۆ به‌ناو گه‌وره‌ و سه‌رکرده‌کانی ناوه‌وه‌ی بنێرنه‌وه‌. با ئیلهام له‌و دونیا بێگه‌رده‌ی خۆیان‌ وه‌ربگرن و به‌ مێشکه‌ فراوان و هه‌سته‌ پڕ به‌زه‌ییه‌که‌ی خۆیان‌ ئامۆژگاری ئه‌و به‌رپرسه مێشک ته‌سک و‌ ده‌روون پڕ بوغز و کیینانه‌‌‌ بکه‌ن که‌ چۆن دڵیان هاتووه‌ به‌و شێوه‌ زبره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌کانیاندا بکه‌ن!
ده‌بێ بازنه‌ی ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ فراوان بکرێ و هه‌موو ئه‌و دامه‌زراو و رێکخراو و که‌سایه‌تی و خه‌ڵکانه، له‌هه‌نده‌ران و له‌ کوردستان‌ بگرێته‌وه‌ که‌ ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌ بۆ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی راسته‌قینه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی سیستماتیک و ئۆتۆماتیک رێ له‌ جه‌و‌ر و سته‌می له‌م جۆره‌ ده‌گرێ!
بۆ ئه‌وه‌ی تۆ سه‌رفراز بیت ده‌بێ من خه‌مخۆرت بم! بۆ ئه‌وه‌ی من سه‌رفراز بم ده‌بێ تۆش خه‌مخۆرم بیت! هه‌موان هه‌روه‌ها!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە