کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نە فەرەمانبەر و نە راوێژكارە بەس لەرئەوەى گوهارە مەعاشى 4 ملیۆن دینارە

Thursday, 14/07/2011, 12:00


زۆرن ئەو راوێژكارانەى كە كەس راوێژیان پێ ناكات و تەنانەت لەنێو ماڵ و منداڵى خۆشیان بە شایەنى ئەوە نازاندرێن كە پرس و رایان پێبكرێت.كەچى لەنێو وەزارەت و دام و دەزگا ئیفلیج بووەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان ئەو بەناو راوێژكار و شارەزایە بێ بڕوانامە و نەخوێندەوارانە كە بەدرێژایى تەمەنیان ناتوانن مومارەسەى پیشەكەى خۆیان بكەن مانگانە موچەى زیاتر لە 15 فەرمانبەرى تازە دامەزراوەى دەرچووى زانكۆ وەردەگرن و ئەوە جگە لەهەموو ئەو ئیمتیازاتانەى كە بەهیچ شێوەیەك بە شایەنیان نازاندرێت.
وەزارەتى شارەوانى و گەشتووگوزار لەهەردوو كابینەى پێنجەم و شەشەم نغرۆى ئەو جۆرە راوێژكار و شارەزایانە بووە كە بە پێى ئەو بەڵگانەى كە لامانە زۆرینەى هەرە زۆریان جگە لەوەى كە راوێژیان پێناكرێت و شارەزاییان لە هیچ بوارێكدا نیە بەڵكو وەكو هەر فەرمانبەرێكى حكومەت دەوامى ئاسایى ناكەن.
(گوهار شەمدین) ئافرەتێكە لە نموونەى ئەو گەندەڵى و ناعەدالەتى و بەهەدەردانى سامانى میللەتەكەمان. كە بە پلەى راوێژكارى وەزیر بۆ كاروبارى شوێنەوار لەسەر میلاكى بەرێوبەرایەتى گشتى و دەستەى گشتى گەشتووگوزارى سەربە وەزارەتى شارەوانى لەماوەى چەندین ساڵى رابردوودا مانگانەى موچەى چوار ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینارى وەرگرتووە لەكاتێك گوهارى گەشتوگوزار دانیشتووى ووڵاتى كەنەدایە و لەماوەى خزمەتى 6 ساڵەى راوێژكاریدا تەنانەت بۆ6 رۆژیش لە كارەكەى هەر نەبینراوە، كەچى جیا لەوەى موچەكەى بۆ دەنێرنە كەنەدا جگە لەوە ئوتومبێلێكى ئاخیر مۆدێلى گالۆپەریشیان بۆ كریووە و ماوەى چەندین ساڵە لە گەراجى وەزارەت بۆیان راگرتووە و كەسیش بۆى نیە بەلایدا بروات. ئەمە سەڕەراى ئەو شوقەیەى كە بە شوقەكانى زەكەریا ناسراوە لە هەولێر مانگانە بە بڕى زیاتر لە 2500 دۆلار بۆى بەكرێ گیراوە لە كاتێك گوهارخان ساڵى جارێك بۆ ماوەى كەمتر لە هەفتەیەك لە كوردستان دەمینێتەوە. ئاخر لە كوێى دونیا بەو دڵڕەقى و بێ ویژدانیە ئیدارەى ووڵاتێك كراوە كە لەو قۆناغەى ئێستاى كارى بنیاتنانى پایە سەرەكیەكانى بە دەوڵەت بوون و بەرەوپێشچوون زەروورەتى حەتمى كاركردنى ئەو بەناو بەرپرسانەیە.كەچى نەوەك دركى پێ ناكەن و كارى بۆ ناكەن ، بەڵكو بوونەتە مایەى رووخانى پەیژە هەرە سەرەتاییەكانى ووڵاتێكى پڕلە چاوەروانى بۆ یەكسانى كۆمەلایەتى و چاكسازى ئیدارى.
لە ئێوە دەپرسم كێ هەیە لە هەموو ئەو ناعەدالەتیانە لێپرسینەوەبكات؟
كێ هەیە جوامێرانە ئەو دەرفەتە بە هەل بزانێ و پیاوانە قۆڵى ئەمەكدارى لێ هەڵماڵێ و وەكو بەرپرسێك بێتە مەیدان و زنجیرى زمانى پاكى و نمەك حەلالى خۆى بكاتەوە و بلێ ئەرێ تاكەى دەتانەوێ ئەو میللەتە ئازار بدەن و قوڵایە ناعەدالەتیەكان بگەیننە سەر ئیستقان.
كێ هەیە لەبەرامبەر هەناسەى ساردى هەزاران گەنج و لاوى ئەو ووڵاتە خێرلەخۆ نەدیووە تاسەیەك بكات و دەنگى پیاوەتى لێوە هەڵبێت و بە هەموو دز و گەندەڵ و نا مەسئولەكان بلێت بۆ دەتانەوێت ئەزموونەكەمان لەباربەرن و رۆژێك دابێت گەنجە دەست لەسەرسینگەكانى زانست و مەعریفە بە پێشمەرگەى دڵسۆز و كورد و كورى ئەمەكدارى ئەم كوردستانە لە جیاتى پاراستنى ووڵات و بەرەو پێشبردنى لە رقى ئێوەى دز و مشەخۆر و نامەسئول بۆ دەبێ ترسى ئەوەمان لێیان هەبێت بێنە سەر سەرمان و تێنووى خوێنى هەرچى بەرپرسى ئەو ووڵاتەبن.چونكە ئێوە ماندووبوون و هەق و خوێنى هەموو خەڵكى كوردستانتان لە باخەڵتان كردووە و چاوتان كوێر و گوێتان كەڕە بۆ درك پێكردنى راستى و چۆنیەتى گوزرەانى ژیان.
ماڵیشتان وێرانە بۆ ئیدارەكردنى ووڵات...بەڵام دڵنیام هیچمام دەنگى راستى و پیاوەتى و ئەمەكدارى لە زمانى هیچ بەرپرسێكى نا مەسئولى ئەم كوردستانە نابیستین بۆیە زۆر بە داخەوە دەبیت چاوەڕوانى تراژیدیایەكى جەرگ بڕبین لەو ووڵاتە خێر لە خۆنەدیتووەى دەستى هەردوو حیزبى فەرمانڕەوا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە