کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو سوكایەتیەى بە یەكەمى زانكۆكانى هەرێمى كوردستان كـــرا

Friday, 15/07/2011, 12:00






زانـكۆ وەكو گەورەترین و بەهێزترین دەزگاى مەعریفى و زانستى و پێگەیاندنى نەوە و بەرەوپێش چوونى كۆمەڵگا لە هەموو سەردەم و زەمان و شوێنەك رۆلى كاریگەرى خۆى گێڕاوە لە بەرچەستەكردنى هەموو ئەو مەسەلانەى پەیوەستن بە بوونیاتنانى ووڵاتێكى پڕ لە داهێنان و بەختەوەر. ووڵاتێك كە لێوان لێو بێت لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون و بنیاتنان، وەلێ زۆر بەداخەوە بە شایەتى زۆرینەى هەرە زۆرى شارەزایانى بوارى پەروەردە و فێركردن و خوێندنى باڵا مەسەلەى سیستەمى خوێندن پێگەیاندنى نەوەكانمانى ئیفلیج كردووە و دەستێوەردانى حیزبى و عەشایەرى سەرئێشەى خوێندن و بە ئەكادیمى بوونى دەرچووانمانە كە بەو هۆیەوە دەتوانین سەرلەبەرى بوارى فێركردن و پەروەردە لە هەرێمى كوردستان بە چەوت و ناراست لە قەلەم بدەین.
دەستێوەردانى حیزبى و دەسەڵاتى عەشایەرى كە پشكى شێرى هۆكارەكانى ئیفلیج بوونى خوێندن و هەرەس پێهێنانى داهێنان و پێشكەوتنى ووڵاتەكەمانە بۆتە برینێكى قوڵ و بە ئازار لەسەر جەستەى شەكەتى قوتابیان و مامۆستایانى پشت ئەستوور بە زانست و مەعریفە.
لە هەرێمێك بەو هەموو ئیمكانیەتە مادى و مەعنەویە تا ئێستا نەتوانراوە ووشەیەك دەستنیشان بكرێت بۆ ئەو فێرخوازانەى لە بوارى پەرەوەردە و فێركردن لە هەوڵدان بۆ گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونى ووڵات و ئایندەیەكى گەش.بە جۆرێك لە نێو دەسەڵاتى پارتى پێیان دەگوترێت قوتابى و لە دەسەڵاتى یەكێتیش خوێندكارە. كە ئەو جیاكردنەوەیە نیشانەى ئەوپەڕى دیكتاتۆریەتى ئەو دەسەڵاتە و نەخوێندەوارى بەرپرسەكانیەتى.
لەلایەكى دیكە قوڵبوونەوەى دەستێوەردانى حیزبى بە جۆرێك كە ئێستا لە هەموو ئاستەكانى خوێندن بە خوێندنى باڵاشەوە بە دەسەڵاتى حیزبى ئیدارە دەكرێ و هەڵدەسورێت. ئەوەتا رێكخراوێكى حیزبى بۆ ماوەى مانگێك بە هەوەسى خۆى زانكۆ دادەخات و سەرۆكى زانكۆكان هەموو چاڵاكیەكى حیزبى دەخەنە نێو زانكۆكانیان.
دوواین سوكایەتیش كە بە یەكەمى زانكۆكان كرا پێدانى خەڵات بوو لە لایەن مەسرور بارزانى كورى مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێم.
لەبەر چەدین هۆكار ئەو هەڵوێستە نەشازە بە سوكایەتى هەژمار دەكرێت. لەوانە مەسرور بارزانى تا ئێستا هیچ پلە و پۆستێكى فەرمى و ئیدارى و حكومى نیە لەو ووڵاتە لە لە شوێنى سەرۆكى هەرێم و حكومەت و وەزیرى خوێندنى باڵا بەو كارە هەڵبستێت و ووتارى بریقەدار بدات.
لە لایەكى دیكەوە  مەسرور كە بەشێوەى ناراستەوخۆ و نا فەرمى بەرپرسى دەزگاى پاراستن و موخابەرات و ئەندام مەكتەبى سیاسى پارتیە كارى ئەو دەستگیركردن و كوشت و بریە نەوەك زانست و مەعریفە.چونكە ئەو بەهیچ لایەك بەلاى خوێندن و زانكۆوە ناچێت.
لە كوێى دونیا بەرپرسى موخابەرات و ئەمن لە خەمى خوێندن و زانست بووە ئەگەر تەنیا مەبەستى خۆدەرخستن و خۆسەپاندن نەبێت. بەهۆى منافەسەى دەسەڵات لەگەڵ نێچێرڤان بارزانى ئامۆزاى .
لە هەمووى ناخۆشتر بێدەنگى دلاوەرى وەزیرى خوێندى باڵایە بە هەموو ئەو سوكایەتیەى پێى دەكرێت . دلاوەر عەلائەدین كە ماوەى زیاتر لە دوو ساڵە خەریكى قسەى زل و بڕیاردەركردنى بێ بنەمایە لەهەمبەر چەندین نادادپەروەرى و دستێوەردانى زۆر گەورەى حیزبى بێ دەنگى و پاراستنى كورسیەكەى هەڵبژاردووە.چونكە ئەو باشتر لە هەموومان ئەوە دەزانێت كە پێدانى خەڵات راستەوخۆ لەلایەن مەسرور بارزانى كە تەنیا پلەى حیزبى هەیە لەو ووڵاتە سوكایەتیە بەو قوتابیە لێهاتووانەى بوارى خوێندن و زانست كە توانیوویانە پلەى یەكەم بەدەست بهێنن لەسەر ئاستى زانكۆ. چونكە ئەو قوتابیانە 100 ئەوەندە و زیاتریش باڵاتر و لێهاتووتر و پێویستترن لە مەسرور بارزانى بۆ كۆمەڵگا.
مەسروور بارزانى كە پاش ئازادى عیراق لە ئەمریكا گەڕاوەتەوە و كوردستانى بینیووە.ئیستا دەست لە هەموو كایەكانى كۆمەڵگا وەردەدات بۆ خۆدەرخستن و ململانێى لەگەڵ ركابەرەكانى لە دەسەڵات. لە كاتێك ئەو گەنجە پەرۆشەى دەسەڵات هیچ شارەزایى و ئەزمونێكى لە بەروێوەبردن و تێكەڵبوونى نیە لەگەڵ خەڵك و میللەت هەروەكو باوك و ئەندامامى دیكەى حیزبەكەى. هەمووشمان دەزانین كە پلەیەكى ئەوەندە بەرزى خوێندى نیە كە پەیوەندى دروست بكات لەگەڵ خوێندى باڵادا.بۆیە هەموومان زۆر بەداخین بۆ ئایندەى ئەو ووڵاتە كە لەسەر دەستى مەسرور بنیات دەنرێت و هەناسە ساردیشین بۆ ئەو بێ ئەمەكى و بێ دەسەڵاتى و بێ هەڵوێستیەى وەزیرە وێرانكەرەكەى وەزارەتى خوێندى باڵا.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە