کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مێــزی خواردنه‌که‌ی جەنابى سەرۆكى پەرلەمان ببینه‌، که‌ ده‌کاته‌ مووچه‌ی 100 فه‌رمانبه‌ر!

Sunday, 03/07/2011, 12:00


ئێمە لە كاتێك كە هەموومان چاومان لە دەستى سارد و سڕى به‌ناو سەرۆكى هەرێم و لێژنەكانیەتى بۆ هەڵمەتى چاكسازى و پاكتاوكردنى گەندەڵكار و مشەخۆرەكان، لەكاتێك شەوانە لەبەردەم كەناڵە ئاسمانیە كوردیەكان فرمێسك دەڕژێنین بۆ ئەو هەموو هەژار و بێ پەنا و هەناسەساردانەى كە لە دەرۆزەدان بۆ نان پەیداكردن و چارەسەرى نەخۆشیەكانیان.
لە كاتێك كە بەسەدان هەزار هاووڵاتى ناڕەزاى ئەو ووڵاتە دڵگەرمى هاتنە هاتنە سەرشەقام و دەربرێنى ناعەدالەتین.
لەكاتێك بە ره‌وا نابینرێت گەنجێك كە هەموو هەوڵەكانى ژیانى بە پاكى و سەركەوتوویى تێپەڕاندووە و ئەمرۆ دەرچووى زانكۆ و خاوەن تواناى لەبن نەهاتووى ئەم ووڵاتەیە نە دابمەزریت و نەژیانى هەبێت.
لە كاتێك كە هەموو ئەزموونى كوردستان بە هۆى دز و گەندەڵكارەكانى نێو دەسەڵات كەوتۆتە مەترسى.متمانەى ووڵاتانى دەوروبەر و جیهانمان بۆ دیموكراسى و ئیدارەكردنى ووڵات لەدەست داوە.
گەورەترین دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى و بەرەنگاربوونەوەى دزى و گەندەڵى، مووچەى 100 دەرچووى زانكۆ كە هەموویان خاوەن هەزاران خەون و خەیال و ئومێد و هیوان،بۆ مێزى نانخواردنى ماڵەكەى خەرج دەكات.
بەو پێوەرەى كە ماوەیەكە جورئەتى دەرخستنى كەمێك لە هەقیقەتە تاڵەكانى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستانمان هەبووە و ئەو ئەركە خزاوەتە سەر شانى هەر یەك لە رۆژنامەنووسە بوێرەكان و هەموو ئەو دەزگا رۆژنامەنووسیانەى كە پیشەییانە و بەبێ لایەن رووى راستیەكان دەردەخەن.
بۆیە ئەو ئێوارەیە هاوڕێیەكم بە تەلەفۆن پەیوەندى پێوەكردم و پێى گووتم كە دكتۆر كەمال كەركوكى سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان لە یەكێك لە پیشانگاكانى هەولێر مێز تەعامێكى بە بەهاى 30000 هەزار دۆلار كریووە، ئەو هاورێیەم لە قسەكردنى دەردەكەوت كە جۆرێك لە دڵساردى و پەرێشانى بۆ ئەو مەسەلەیە هەبێت. رەنگە بۆ هەر یەكێك لە ئێمە ئەو جۆرە بابەتانە زۆر دووبارەبێت چونكە ئێمە هەموومان دەزانین كە هەموو ئینسانێك سەربەستە لە مامەڵە تایبەتیەكانى ژیانى و چۆنیەتى گوزەرانى، بەپێى دەسەڵات و داهاتى. بەڵام من لەبەر ئەوەى لە نزیكەوە لەگەڵ هەقیقەتە شاراوەكانى دەسەڵاتدارانى ئەو هەرێمە ئاشنام، باشتر لە هەموو كەس دەمزانى كە هۆى نیگەرانى و دڵساردى ئەو هاورێیەم، لە هەموو ئەو ئازار و ئەستەم و مەینەتى و كۆسپانەبوون كە بەهۆى ناعەدالەتى و نادادپەروەرى دەسەڵاتدارانى ووڵاتەكەى بوو كە ئێشەكەى گەیشتبووە سەر ئیستقان. چونكە هەموو ئینسانێكى تێگەیشتوو هەست بەوە دەكات كە سەرۆكى پەرلەمان لەكاتێك گەورەترین دەسەڵاتى لێپرسینەوە و سزادانى دز و گەندەڵ و مشەخۆرانى ئەو ووڵاتەیە، ئەگەر خۆى گەورەترین گەندەڵكاربێ چ مەترسیەك لەسەر ئەو ووڵاتە هەیە.
كێ دەبێت دەستى رەحمەتى بۆ خێرى ئەو هەرێمە ببزوێنێت؟
ئینسانى ئاقڵ دەزانێت كە 30000هەزار دۆلار دەكاتە مووچەى نزیكەى 100 فەرمانبەرى تازەدامەزراوەى دەرچووى زانكۆ.
دەكاتە خانووێك بۆ بێ هێلانەیەك.دەكاتە قوتابخانەیەك بۆ گوندێكى وێرانكراوى ئەو كوردستانە.خۆ ئەگەر ئەو پارەیە هیچیشى لێ شین نەبێت ئەوا هەر بێ ویژدانیە و خاڵێكى بچووكە و هەزار ئاماژەى مەزنى تێدایە.
چونكە دڵنیام كەمال كەركوكى لەسەر مێزە بە برۆنز دروستكراوە تایبەتیە توركیەكەى بەهۆى هەناسە ساردى هەزاران گەنج و پیرى ئەو ووڵاتە لە ژیانیدا نانێك بە دڵى خۆى ناخوات.
وەهاش تێنەگەن كە خوانەخواستە لەبەر ئەوەى كە زۆر بە ویژدان بێت و بیر لە چارەسەرى قەیران و نەهامەتیەكانى ئەو هەرێمە بكاتەوە و گوێى لە دەنگى نارەزایى هەقیقەتى ئەو خەڵكە گرتبێ و لە پەرلەمان بۆ داواكارى میللەتەكەى كە بەدەنگى ئەوان هاتۆتە سەر ئەو سفرەیە هاتبێتە سەر چۆك و شەریان بۆ بكات. لەبەر ئەوەش نا كە هاودەنگى هەموو دەنگە جیاوازەكانە و وەكو برا گەورەیەك و جوامێرێكى ئەو ساتە وەختە قۆڵى چاكسازى لێ هەڵمالیوە و هەر وەزیر و دەسەڵاتدارێك لەبەرامبەر دەسەڵاتى پڕ لە عەدالەتى لێپرسینەوەكانى ئەو چۆكى لەرزابێت،نەخێر بەڵكو لەبەر ئاهو نزاى هەموو ئەو خەڵكەى چاوى لەو خەونانەى ژیانیەتى وبە هۆى تۆڵەسەندنەوەى پڕ لە عەدالەتى خــــــــــــودا.

تێبیــنى : ئەو وێنەیەى دەیبینن، خودى ئەو مێزی نانخواردنه‌یه‌ نێو ماڵى سەرۆكى پەرلەمانە، كە لەو رۆژانە بە دەستكردى تایبەت و بە شێوەى خواستن و بەكارهێنانى مادەى برۆنز بە بەهاى 30000 هەزار دۆلار لە توركیاوە هێنراوەتە كوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە