983 فەرمانبەر لە وەزارەتى رۆشنبیرى دەوام ناكەن
Tuesday, 19/07/2011, 12:00
وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى هەردوو كابینەى پێنجەم و شەشەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان بە گەندەڵترین وەزارەت و دام و دەزگاى حكومەت هەژمار دەكرێت، بە هەبوونى كەلێنێكى گەورە لە بەڕێوەبردن و چاودێرى و لێپرسینەوە لەو وەزارەتە.
فەلەكەددین كاكەیى لە كابینەى پێنجەم و دكتۆر كاوە مەحمود لە كابینەى شەشەم بە چاوى نوقاو كارى بەڕێوەبردنى ئەو وەزارەتەیان لە ئەستۆ گرتووە.بە بوونى گەورەترین دیاردەى دزى و گەندەڵى لەنێو كۆڵەكە و لق و پۆپەكانى ئەو وەزارەتە. ئەوەتا زۆرترین رێژەى راوێژكار و شارەزا لە وەزارەتى رۆشنبیرى موچەى زەبەلاح وەردەگرن لە كاتێك جیا لە هەموو دام و دەزگاكانى حكومەت هیچ یەكێكیان بۆ تەنیا جارێك راوێژیان پێنەكراوە و هیچ یەكێكیشیان شایەنى ئەو پلەیە نین و خۆیان سەریان لەوە سوڕماوە چۆن ناونیشانیان راوێژكار و شارەزایە. بەپێى ئەو بەڵگانەى لامانە وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان بەقەد هەر چوار وەزارەتى پێشمەرگە و داد و شارەوانى و شەهیدان و ئەنفالكراوەكان فەرمانبەرى بە پلەى راوێژكار و شارەزا جێكردۆتەوە لە وەزارەتەكەى. بە بێ ئەوەى شوێنى كاركردن و بوار و تایبەتمەندیان هەبێت. لە كاتێك وەزیرى رۆشنبیرى هەر ووڵاتێك پتر لە هەر كەسێكى دیكە كەمتر پێویستى بەو پلە بەرزانەى راوێژكارى و مشورەت هەیە بەو پێیەى كەسیێتى ئەو وەزیرەى دەكرێتە ئەو پۆستە خۆى ئەركى راوێژكارى لە بەرێوەبردن و گۆڕانكارى بوارەكەى لە وەزارەت و تەنانەت لەسەر ئاستى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیرانیش دەكەوێتە ئەستۆ . ئەمە جگە لەوەى هەردوو وەزیر لەبەر ئەوەى شوێنى كاركردنیان لە هەولێربووە بەهیچ شێوەیەك ئاگادارى چۆنیەتى كاركردن و كەم و كورى و نغرۆبوونى بەرێوبەرایەتى گشتى و لقەكانیان نەبوونە لە سلێمانى و دهۆك .
سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران بە پلەى یەكەم و خودى وەزیرى رۆشنبیرى بەپلەى دووەم گەورەترین تاوانبارن بەرامبەر بەو خەمساردیەى لەنێو وەزارەتى بەناو رۆشنبیرى دەبینرێت. چونكە ئەو وەزارەتە جیا لەوەى لەهەمبەر چەندین پرسى كۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى و هونەرى كە كارى ئەوانە توێژینەوەى لەسەر بكەن و ووشیارى بڵاوبكەنەوە و كار بۆ چاككردنى چەندین پرسى هەستیار بكەن و ببنە پشتیوان و هاندەر و خاوەن ماڵى رۆشنبیران و گەنج و لاوى ئەو ووڵاتە، بەڵكو زۆر بەداخەوە ئەو وەزارەتە خۆى بۆتە هۆكارى داروخان و پەرتەوازەبوون و لاوازبوونى كەسایەتى رۆشنبیران و لاوان. لەبەر ئەوەى ئەو وەزارەتە زیاتر لە 16 بەرێوبەرایەتى و دام و دەزگاى داخراوى هەیە و پارەیان بۆ سەرف دەكات. هەریەك لەو دەزگایانەش بە دەیان و سەدان فەرمانبەرى بێ كار مووچەى لێ وەردەگرن. بە نموونەى بەرێوبەرایەتى سەتەلایتى نەورۆز و ڕادیۆ و گۆڤارەكانى هەرێمى كوردستان و هەنگ و كاروان و بارش و بەرێوبەرایەتى سینەما و شانۆ و میوزیك لە هەولێر و 4 بەرێوبەرایەتى لە سلێمانى و 2 بەرێوبەرایەتى لە دهۆك كە تا ئێستا ناونیشانى بێ ناوەرۆكن لە وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان بەبێ ئەوەى دارێك لەسەر بەرد دابنێن زیاتر لە 983 فەرمانبەر كە لە نێوانیاندا بەرێوبەرى گشتى و شارەزا و راوێژكار و چەندین پلە بەرزى دیكە هەیە بەبێ ئەوەى لە ماوەى كابینەى شەشەم تەنیا بۆ رۆژێكیش دەوام بكەن مووچە و دەرماڵەى تەواوى خۆیان لەو وەزارەتە دەست و پێ سپیە وەردەگرن. لە كاتێك تەواوى ئەو فەرمانبەرانەى وەزارەتى نارۆشنبیرى لە كەرتى تایبەت و لق و مەڵبەندەكانى حیزب كاردەكەن . بەبێ ئەوەى رۆژێك لە رۆژان كەسێك هەبێت لێیان بپرسێت كاكى وەزیر چۆن دەكرێت نزیكەى هەزار فەرمانبەرى وەزارەتەكەت نازانن باڵەخانە و دەرگاى بەرێوبەرایەتى و كاركردنیان لە كوێیە بە فەرمانبەر لەقەلەم بدرێن و هەموو ئیمتیازاتێكیش بیانگرێتەوە. چۆن دەكرێت ئێمە ئەو وەزیر و وەزارەتە بە رۆشنبیر لەقەلەم بدەین ئەگەر لە مالەوە دەوام بكەن.ئەگەر بۆ جارێكیش لە ماوەى ئەو چەند ساڵە لێیان نەپرسن چارەنووسى هەموو ئەو فەرمانبەرانەى كە تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤارتان لێ داخستووە بە كوێ دەگات.ئایندەیان بەرەو كوێ لە ژێر سایەى ئەو حكومەتە خەمساردە.
لە هەمووى خەندە ئامێزتر و گاڵتەجارى تر ئەوەیە كە لەنێو میلاكاتى دامەزراندنى فەرمانبەرانى نوێ بۆ ئەو ساڵە، وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان داواى 550 فەرمانبەرى كردووە بۆ دامەزراندن. وەكو ئەوەى ئەو رێژە فەرمانبەرەى ئێستا هەیەتى بەشى نەكات و دەرهەق بەو هەموو سەرقاڵى و پاڵەپەستۆیەى كاركردن و شەونخوونى و هەوڵدانى بۆ ئەو ئەركانەى كە نازانێت چیە لەسەر شانى.......
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست