کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جێنده‌ر ‌و سیاسه‌ت

Thursday, 05/03/2020, 22:06


وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: یاسین محه‌مه‌د
 -----------------------------
زنجیره‌ به‌شداربوونێكی فێمینیستییه‌ له‌ بواری سیاسه‌ت ‌و تیۆری سیاسیدا، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و شێوازانه‌ی كه‌ تیایاندا مه‌سه‌له‌كانی ژنان و به‌رژه‌وه‌ندی ‌و به‌شداربوونه‌كانیان ده‌كرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی گشتییه‌وه‌ به‌ هۆی دابه‌شبوونی نێوان كایه‌ی تایبه‌تی ‌و گشتی له‌ لایه‌ك ‌و زمان ‌و سیاسه‌تی مافه‌ سیاسییه‌ جیهانیه‌كان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌. فێمینیسته‌كان به‌رهه‌ڵستی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌كه‌ن ‌و پێیان وایه‌ كه‌ سیاسه‌تی گشتی ‌و جیهانی له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ سروشتێكی پیاوانه‌ی هه‌بووه‌. هه‌ر له‌ گرنگیدانی ماری وڵستۆن كرافته‌وه‌* به‌ مه‌سه‌له‌ی مافه‌كانی ژنان له‌ كایه‌ی گشتیدا كه‌ له‌ فه‌ره‌نسا‌و له‌ لایه‌ن كۆندۆرسێ**‌و ژنه‌كه‌ی سۆفی دوو گروچیه‌وه‌ به‌ كار هێنرا هه‌تا ئه‌و دروشمه‌ی له‌ لایه‌ن شه‌پۆلی دووه‌می فێمینیزمه‌وه‌ به‌رز كرابووه‌وه‌ "كه‌سێتی سیاسییه‌***"، فێمینیسته‌كان بوارێكی فراوانتریان بینیبووه‌وه‌ بۆ به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی سیاسه‌ت ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی جیهانی سیاسه‌ت. له‌ كاتێكدا به‌رژه‌وه‌ندیی فێمینیزمی لیبڕاڵی ڕێگه‌خۆشكردن بوو له‌ به‌رده‌م ژناندا بۆ به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی ده‌سه‌ڵاتی گشتی، ئه‌وه‌یش له‌ ڕێگه‌ی چاكسازیكردن له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و داڕشتنی یاسای ده‌رفه‌تی یه‌كسان ‌و سیاسه‌تی دژه‌ جیاكاری و هه‌روه‌ها به‌رهه‌ڵستیكردنی سیاسه‌تی پیاوسالاری كه‌ له‌وێوه‌ هه‌ندێك له‌ فێمینیسته‌كانی دیكه‌ به‌ تایبه‌ت ماركسی ‌و گروپه‌ ڕادیكاڵه‌كان به‌رهه‌ڵستی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ تونده‌ی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن به‌ كایه‌ی گشتییه‌وه‌. ئه‌وان پێیان وایه‌ ئه‌و هۆكاره‌ی كه‌ وای كردووه‌ ژنان بكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی كایه‌ی سیاسی بوونی جیاكارییه‌ كه‌ به‌هۆی سیستمی پیاوسالارییه‌وه‌ دروست بووه‌ و به‌رده‌وامی پێ دراوه‌ له‌نێوان جیهانی گشتی ‌و تایبه‌تیدا. هه‌روه‌ها فێمینسته‌كان له‌م ڕووه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستی شێوه‌ی دامه‌زراوه‌یی ‌و نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كرد كه‌ بۆ سیاسه‌ت دیاری كراوه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا پێداگیرییان ده‌كرد له‌سه‌ر گرنگیی به‌شداریپێكردن. فێمینیسته‌ ڕه‌شپێسته‌كان له‌ سۆنگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ گرنگی مه‌سه‌له‌ی ڕه‌گه‌ز له‌ كۆمه‌ڵگای خۆرئاواییدا به‌شداری ئه‌و مشتومڕه‌یان ده‌كرد كه‌ له‌ باره‌ی سیاسه‌ته‌وه‌ له‌ ئارادا بوو، ئه‌وان ڕێگه‌یان پێ نه‌ده‌درا به‌شدای ژیانی سیاسی بكه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی ڕه‌گه‌زه‌وه‌ ژن بوون ‌و له‌ ڕووی ڕه‌نگی پێستیشه‌وه‌ ڕه‌شپێست بوون. گروپه‌ فێمینیستیه‌كان له‌ مێژه‌ تێ ده‌كۆشن له‌ پێناو به‌دیهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی دیكه‌دا. له‌ كاتێكدا هه‌ندێك پێیان وایه‌ كه‌ گروپه‌كانی ژنان ده‌بێت تایبه‌تمه‌ند بن به‌ ژنانه‌وه‌، هه‌ندێكی دیكه‌ پێیان وایه‌ ده‌كرێت هاوپه‌یمانی پێك بهێنرێت له‌ هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه‌.

*ماری وڵستۆن كرافت: (1759-1779): نووسه‌ر و فه‌یله‌سوف ‌و داكۆكیكارێكی مافه‌كانی ژنان بووه‌ له‌ به‌ریتانیا، هاوسه‌ری ویلیام گودوین یه‌كێك له‌ ڕێبه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ئانارشیستی ‌و دایكی ڕۆماننووسی ناسراو ماری شیلی نوسه‌ری "فرانكشتاین"ه‌.
**ماركیز دو كۆندۆرسێ (1743-1794): فه‌یله‌سوف ‌و ماتماتیكزان ‌و سیاسه‌توانێكی فه‌ره‌نسییه‌. 
***دروشمێكه‌ له‌ پێناوی ئازادی ژنان له‌ لایه‌ن كارۆڵ هانیش فێمینیستی ڕادیكاڵی ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ بڵند كرایه‌وه‌ كه‌ دواتر له‌ ساڵی 1969 وتارێكی به‌ هه‌مان ناونیشانه‌وه‌ نووسی.

6/8/2012

سه‌رچاوه‌:


oxford, concise dictionary of politics 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە