ئەگەر ئێستا
Saturday, 07/07/2018, 11:05
(ئەو دەمەی پەیامەکان وەک خۆیان ناگەن)
یاسین محەمەد (جوانپەرست)
گەر ئیبراهیم زیندوو بووایە
کەعبەی پڕ دەکردەوە لە بتەکان،
کڕنووشی بۆ گەورەکەشیان دەبرد.
****
ئەگەر موسا زیندوو بووایە
گاڵۆکەکەی بە یەکجاری فڕێ دەدا.
لە پێش جەستەی
نزای بۆ ڕۆحی فیرعەون دەکرد.
****
ئەگەر مەسیح زیندوو بووایە
یەهودای دەکردە باوکی خۆی،
مەجدەلیشی مارە دەکرد.
****
گەر موحەمەد زیندوو بووایە
پشتی دەکردە کەعبە -
ئاشتەوایی لەنێوانی
ئەوس و خەزرەجەکانی ئەم سەردەمە بەرپا دەکرد.
****
ئەگەر مارکس زیندوو بووایە
چەکی وشەی دەکردە شان دژ بە هەموو کۆمۆنیستان،
شۆڕشێکی سەرانسەری بەرپا دەکرد.
****
گەر گێڤارا زیندوو بووایە
دەبووە پاسەوانی پەیکەرێکی باتیستا.
شۆڕشەکەی کاسترۆیشی لە بار دەبرد.
****
ئەگەر ئێستا ....
ئەگەر ئێستا ....
ئەگەر ئێستا ....
****
ئەگەر ئێستا
زیندوو بوونایە شەهیدانی وڵاتی من،
لە جێی کفن
دزداشەیان دەکردە بەر!
لە جێی مشکی و جامانەشیان
عەگاڵێکیان لەسەر دەکرد.
تشرینی دووهم 2017
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست