هەنگاو بۆ دواوە
Tuesday, 03/04/2018, 10:28
لە سەرەتای چاخی ئازادبوون و کرانەوەی دەرگاکانی بەهەشتدا
خواوەندەکان نەفرەتیان لێ کردین
توڕیان داینە ئەم دۆزەخەوە.
تۆیش گەورەم،
بە ڕاکردنت لێی بە دەم گوناهەکانتەوە
هێندەی تر ڕەوایەتیت بەم نەفرینە دا.
خەریک بوو پاک دەبووینەوە،
نغرۆت کردینەوە لە گوناه
ئیدی سەرکز بگرە چارەی ترمان نییە
با هەموو لەم سەعیرەدا تا ئەبەد هەڵقرچێین.
****
کەی وەختی ئەم هەڵپەڕینە بوو
بنپێکانمان بزمارڕێژ بوون؟!
کەی وەختی ئەم چەپڵەیە بوو
دەستەکانمان تلۆق و دۆمەڵ بوون.
لە جێی ئەوەی ئەو خاچەی بە کۆڵمانا درابوو
بگەیەنینە شوێنی مەبەست
تا ڕووی مەسیحئاسامان دەرکەوێت،
بووینە شەیتانی نەفرینکراو.
****
لە کوێوە فرمێسکەکان بنووسمەوە
دەلێن دەلێن بە لێشاو دادەبارێن
هەر تنۆکێکیش بارتەقای هەزاران وشەن.
****
ئای چەند تامەزرۆ بووم
گوێیەک هەبووایە قیژەم ببیستێ
چاوێ هەبووایە لە فرمێسکەکانم بگا.
****
ئەفسووس هەموو تارمایی بوون!
ئەوانەی دەستیان دەخستە ناو دەستم.
****
لە بەر بۆگەنی تەرمی مێژووت ئەم گۆڕە لێ دەدەیت؟
یان بۆ لەدایکبوونێکی نوێ؟
یان بۆ زیندەبەچاڵکردنی دایکمان
دوای ئەوەی کردت بە سۆزانی؟
****
کۆشێ هەتیوت خستووەتە سەر شەقامەکانی شار
خەریکی دەرۆزەن لە بازاڕە ڕەشەکاندا -
بمانبینە بووینەتە مەسخەرەی دوژمن،
بە چاوی بەزەیی لێمان دەڕوانن.
****
لەسەر چیا
بیرتە وتت دەچینەوە خوار،
ڕێگەی گەنجینەیان نیشان دەدەین
ئەوانیش کلیلەکەیمان دەدەنێ.
کەچی پاش چەندین هەوراز و نشێو
ببینە تۆ هەقدەستێکت پێ بڕا و
منیش چارەڕەشی!
****
ئەزبەنی!
بڕوانە ئاسۆت وا لێڵ کردووە
هەموو بە هیوای گەڕانەوەین.
لە بیری ئەوە داین
چۆن بگەینەوە بە سەرەتا.
****
بۆ پەڕوباڵت کردم؟
بەرگەی قەپاڵێکی ئەم گەلەگورگە ناگرم.
دووکەڵ ئاسمانی داگرتووە!
بۆ لانەکەمت سووتاند؟
بەرەو کام مەنزڵ هەڵفرم؟!
****
شنەیەک بوو ئەویشت خنکاند ...
هەوا لە کوێوە دێنیت بۆ شەکانەوەی ئاڵاکەت؟
هێشتا ئێوارەیە و سەگەلی دەوروبەر
بەم خەونە سەرابییەی تۆ
لوورەیان لێ بەرز بووەتەوە
چۆن دەهێڵن نیوەشەو
بە شەرابی ئەم سەرکەوتنە مەست بین؟!
چاومان بچێتە خەو !
چۆن دەهێڵن ڕۆژمان لێ بێتەوە.
****
لەمێژ بوو پێم دەوتی:
بەس دڵم پێلەقە بکە
لە پێناو عەشقی بێژووی جیهانی و ناوچەییدا.
****
هەر خۆت بوویت
بەرزەخی نیشتیمانت بەرەو هەڵدێری دۆزەخ برد
کە بەهەشت گەلێک لێوەی نزیکتر بوو.
****
ئەوەی ماوە مەیکە بە مشتێ خۆڵ
لێگەڕێ با داروپەردووەکەی بمێنێ.
****
زەوی دژمانە
ئاسمانیش بێدەنگە
خۆیشمان ئێسکی یەک دەشکێنین
تۆیش چارەنووسمانت دایە دەست قەدەر
قەدەریش نسکۆ و ڕابردوومان نیشان دەداتەوە.
****
هەر بۆ ئەوەی دەست نەخەیتە ناو دەستم
بۆ هەموو دوژمنێک سەرت دانەواند و کەوتیتە سەر چۆک.
****
نامەوێت دوا کەس بم نوێژ لەسەر تەرمی نیشتیمان بکەم.
نامەوێت پێم بڵێن: دەبوو تۆ ئێستا لەنێو تابووتی نیشتیماندا بیت، ترسنۆک!
دەمەوێت لە ژواندا بم لەگەڵیدا،
چێژ لە جەستەی یەکتر بکەین.
****
لەسەر داروپەردووی ئەم کەلاوەیەی خۆت وێرانت کرد
بە تەنیا ماڵ چۆن دروست دەکەیت.
ئەوە پەپولەکان بەم شەوەزەنگە ملی ڕێیان گرتووتە بەر
بە دوای ترووسکەیەکدا وێڵن.
باڵندەکان،
ئەوەی بڕستی فڕینی هەبووبێت
چووەتە ژێر پاسارییەک،
خۆی کردووە بە قوژبنێکدا.
****
ئەی شوانی من
مێژووت شاهیدە
ئەو ڕۆژەی گورگەکان دێن
تۆ لەگەڵم نابیت.
من سەر هەڵدەبڕم، خۆت و ژێرەخەرت دیار نەماون.
****
لە ئێستاوە
بۆنی سێوێکی تر دەکەم
لە دووکەڵکێشی نیشتیمانەوە
بۆنی غوبارێکی تر دەکەم
لە بیابانی خوارووەوە.
****
سی ساڵ دەبێ گەرووم سیانیدی تێ چووە،
تۆز و غوبار گرتویەتی
بۆ قومێ ئاو
خۆی داوەتە دەست سەراب
هەر دەڕوات و هەر نایگاتێ.
تۆ چیت بۆ کردم؟
خۆ قومێ ئاویشت نەدامێ!
****
ئەی قومارچی
من و نیشتیمان دووایین بارمتەی سەرمێز بووین ...
بە مایەی خۆتەوە هەستەوە
دەست مەخەرە ئاسمانەوە
با لەم زیندانە
جارجار گوێمان لە جریوەی باڵندەکان بێ
ئاییندە مەفرۆشە
با تەنیا ئەوە بۆ نەوەکان بمێنێ
لێَگەڕێ با لە سفرەوە دەست پێ بکەنەوە.
****
لێ گەڕێ با سنوورەکان نەبنە ئەژدیها لێمان
با نیشتیمان نەبێتە تابووتی ڕۆڵەکانی.
****
لەم نیشتیمانە هەموو منداڵگەلێک بووین
خۆمان هەڵواسی بە ئۆتۆمبێلی سیاسییەکاندا
ئەوانیش بەرەو زبڵدانیان بردین!
ببوورە بابە شەهیدەکەم!
ئەوان بە دەمامکەوە هاتن!
بە ئۆتۆمبیلی ئازادیی بردیانین.
****
ئیدی گلەیی لە کەس ناکەم: تۆ چارەنووسمی!
کاتێک ئاوڕ دەدەمەوە تێ دەگەم تۆ کارمای ڕەفتارەکانمی.
ئەیلولی 2017
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست