بۆ گەورەم
Tuesday, 27/02/2018, 22:31
هۆ گەورەکەم!
هۆ سەروەرم!
هۆ خاوەنم!
گەر بە ڕوویشتا بڕشێمەوە
ئەوە تۆ نیت کە مەغدوری ئەوە منم.
هۆ جەلادم!
هۆ ژێرخەرم!
سەرشۆڕکەرم!
ئەگەر زمانم زبریش بێ
خۆ پەتەکەت هێشتاکە وا لە گەردنم.
چیت بۆ هێشتووم؟
لە دوو وشەی زبر زیاتر،
لە تفێک هەڵی دەم بۆ ناوچاوانت
لە هەڵڕشتنی دەردەدڵ،
لە جنێو و بەردبارانت.
چیت بۆ هێشتوم؟
نیشتیمانێک سەنەدەکەی،
وا لە جانتاکەی سەر شانت.
سامانەکەی،
وا لەنێو تەنکەی گیرفانت.
چیت بۆ هێشتووم؟
گەر کەلەپچەی دەستەکانیشم بشکێنم،
تۆ هەر بە خۆم دەیکڕییەوە.
ئەگەر پێیشم هەڵنەسووڕا
لە جێگەیدا دەستەکانم دەبڕییەوە.
چیت بۆ هێشتووم؟
دە لاکەوە ڕێم لێ مەگرە
ئەم ڕقەی من گەلێک سەختە،
فریاکەوە سەر هەڵگرە
گەر تروسکەی حەیا و شەرم لە چاوەکانتا بمایە!
ئەگەر ئابڕوو بە میوانیش بە بەر قاپی ماڵەکەتدا بهاتایە!
وشەکانم، هەر پیتێکیان گوللەیەکن بۆ تەوێڵ و ناوچاوانت
هەر پاروویەک کە تۆ دەیخۆیت بە دەردت بێ و بێ بە ژانت.
(جوانپەرست)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست