چەپکێک هۆنراوە
Monday, 08/01/2018, 20:56
جینۆساید
لە فەرهەنگی ژیاندۆستیی شاعیرێکی وەکو منا:
"جینۆساید" لە دامێنی قێزەونترین وشەکانە،
خوا دەزانێ هەرگیز چاوم پیای هەڵنایە.
بەڵام دەمکرد بە ترۆپکی جوانترینی وشەکانم،
گەر بە مانای کۆمەڵکوژی سیاسییەکانی ئێرە بووایە!
بومەلەرزە
بومەلەرزەی ئەوینت بوو
کۆشکی ئەم دڵەی هەژاندم،
لەو ساتەوە لەرزەلەرزمە،
هاکا سەرتاپای ڕووخاندم!
قاچاخچی
قاچاخچی عەشق بەڵێنی داوە
بمگەیەنێتە نێو دڵت -
زەمانیشی لەگەڵدایە.
گەر بە نیازی دیپۆرتمی
بهێڵە با خۆم فڕێدەم -
دەریای مەرگ لە ڕێمدایە.
مامەڵە
نرخی ئەم عەشقە هەرچەند بێ
تۆ بە ماچێ بێعی بدە.
قاسەی دڵم پڕ دراوە
دڵنیام کەوە،
مۆڵەتی ڕۆژێکم بدە.
نەمری
شیعر نەبێ، بەستەڵەکی ئەم تەمەنەم!
ئاگردانی ئەم ناخەی خۆم بە چی تاودەم؟
بە گڕی ئەو تەمەنی خۆ دەتوێنمەوە،
لە سایەی ئەو بۆ ئەبەدی دەمێنمەوە.
گوزارشتەکان لە دیدی منەوە
(ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێک وتە و دروشمی کەسایەتی و سیاسەتوانی کورد و جیهانن، من لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە ئاماژەم بۆ کردوون.)
لە یادی سەد ساڵەی شۆرشی ئۆکتۆبەردا:
ئەی بێکارانی جیهان یەکگرن
تا کارێکتان دەست بکەوێت.
*****
تارماییەک بە کوردستاندا دێت و دەڕوات
تارمایی گەندەڵییە
*****
مرۆڤ مەحکومە بە دیلی
*****
ئەی شۆڕشگێڕانی نوێ
ۆڵستریت داگیر بکەن، تا جیهان هەموو ئازاد بێ.
*****
یان کوردستان یان هەڵاتن.
*****
من بیر دەکەمەوە: کەواتە گیرفانم بەتاڵە.
*****
ببین، یان بیر نەکەینەوە.
*****
کەرکوک قو..ی کوردستانە -
کوردستانیشتان کردە سۆزانی.
کەرکوک دڵی کوردستانە -
کوردستان بووە قۆچی قوربانی.
*****
خەونێکم هەیە،
گەورەتر لە خەونی تۆ:
شەوێ بە ئاسوودەییەوە سەر بنێمە سەر سەرین.
*****
*****
خۆت مەناسە،
تا بەدەم پێکەنینەوە بمریت.
خۆت بناسە گەر دەتەوێ بە ژانەوە خۆت بکوژیت.
*****
شەهیدەکان لە هەموومان بەڕێزترن -
لەسەر پەڕە و لە پێش چاوی کامێراکان.
شەهیدەکان نە خوێندەواییان هەیە و نە پارە، نە کارەبا و نە تەلەفزیۆن-
بە ناویانەوە چی دەڵێن بیڵێن.
*****
"کەم بژی و کەڵ بژی."
(پەیامی تۆ بوو لە شاخدا بۆ من.)
"زۆر بژی و زۆر بخۆ."
(پەیامی تۆیە لە شاردا بۆ خۆت.)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست