سوڵتانی ئەم عەسرە و پۆزشی توركان
Saturday, 31/12/2011, 12:00
دوێنێ شەو لە كاتی نوێژدابوو
خەلیفەی ئەم دەورە
ئیمامی هاوچەرخ
سوڵتانی ئەم عەسرە
چەند جارێ ئاسمانی دایە بەر بۆردوومان!
چەند جارێ لەسەریەك
عەرشی خوای هەڵتەكاند*
كەچی كەس نەیبینی دڵی یەك مەئمومیش**
بێنێتە داخورپان !
*ئاماژەیە بەو فەرموودەیەی دەڵێت كوشتنی مرۆڤ بە ناحەق وەك تێكدانی عەرشی خودا وایە
**ئەو كەسەی كە لە دوای ئیمامەوە نوێژ دەكات.
--------------------------------------------------------------------------
پۆزشی توركان
ئەردۆغان پێیووتین :
ببورن كوردینە.
ببورن ......
باوانمان لە دێرسیم
كەمیان كوشت لە ئێوە!
بۆیە من بڕیاری خۆم داوە
كورد كوژی پیشەم بێ
تا كوردێ ببینم وەستابێ بە پێوە.
*********
ئەردۆغان پێیووتن : توركینە
چارەی كورد هەر تەنیا لای منە.
هەر هێندە بەس نییە
بڕینەوەی زمانیان!
لاقەكردنی كەلتووریان
شێواندنی مێژوویان
سووتاندنی جوگرافیایان
هەر هێندە بەس نییە
من چارەیەكی دیكەم پێیە :
سڕینەوەی یەكجارەكی هەموو كوردێ
لە هەركوێیە
********
پێیان ووتین :
ئەوەی ئەمجار لە شێرناخیش كە ڕوویداوە
هەر بە تەنیا هەڵەیەك بوو.
فڕۆكەكان ئامانجیان باش نەپێكاوە !
بۆمبەكانمان بە فیڕۆ چوون
ئەو چەند كوردە كەی شایانی
ئەو هەموو بۆمبەی ئێمە بوون ؟!
*********
پێیان ووتین :
بەڵێن دەدەین هەڵەكانمان ڕاست كەینەوە
جارێكی تر ئامانجەكان باش بپێكین !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست