ئەی بێگوناهترین كیژ ببورە تۆ خەونت نەبوو
Wednesday, 14/09/2011, 12:00
بۆ ڕوحی بەناز جەواد
1
ئەی كیژەكە
خەونی تۆ ئەوە نەبوو تاببیتە سەرۆك
تاپێت بڵێن ئەی یەكەمین ژنە سەرۆك
ئەوە نەبوو تاببیتە وەزیر
تاپێت بڵێن ئەی تاقە ژنە وەزیرەكەی كابینەی فڵان.
ئەوەش نەبوو تاببیتە خانمێكی نێو پەرلەمان.
خەونی تۆ ووردیلە بوو ؛
چوون خەونی ئەو منداڵە هەژارەی ڕۆژ تائێوارە دێت و دەچێ ، بە ئومێدی دەستكەوتنی قووتی شەوێ .
خەونی تۆ پاك و بێگەردبوو ،
چوون بەرائەتی پەپولە و گووڵ .
خەونی تۆ حەڵاڵترین خەونێ بوو ،
تۆ بڤەیەكت نەكردبوو ،
دەستت بۆ گوناهێ نەبردبوو ئەو دەمەی كەووتیان خەونی حەڵاڵ لێرە جێگەی نابێتەوە ،
بەرائەت لەم ووڵاتە شوێنیكی بۆ نەماوە .
ئەو دەمەی كەووتیان :
"كچێ تەعین بوونی چی بڕۆرەوە ماڵەوە........"
2
ئەی كیژەكە
ببورە گەر بڵێم تۆ خەونت نەبوو
ئەوەی تۆ تەنیا لەم مەملەكەتی غەدرەدا بۆتە خەون
خەونی دەست كەوتنی كارێ
خەونی دەست كەوتنی نانێ
ئەوەی تۆ ویستت سەرەتاییترین مافی خۆت بوو
مافی ژیان.
ببورە ئەی كیژۆڵە گەر بڵێم تۆ ڕۆێشتیت و خەونێكیشت لێرە نەبوو
تەنیاویستت بژیت و نەیانهێشت !
3
لێرە لەسایەی دەریایەك خوێن
لەسایەی سەدەیەك شۆڕش ئەمڕۆمان هێنایە بوون
چ ئەمڕۆیەك !
لە سایەی ناز و نیعمەتی نیشتمان
لە سایەی سامانی سروشت
لە سایەی كێوێ پارەدا :
تەلارە هەوربڕەكانی ئەوان بەگژ یەكدا دەچن و
قۆڕەی سكی ئێمەش سكاڵا دەبەنە لای عەرشی خودا .
لێرە لە سایەی كیسەی پڕی نیشتماندا
هەندێ بوونەتە خاوەن ووڵات و هەندێكی تریش
تا خاوەنی وورگی خۆشیان نین .
سەرەتاییترین مافەكان بوونەتە مەحاڵترین خەون
تا ئەوەی ئیدی ڕێگایەك بێ لە مردن نەماوە.
4
نەفرەت لە من
لەو دەستانەی چەپڵەیان لێدا !
نەفرەت لە من
لەو پەنجانەی بە مەرەكەبی گوناهدا ڕۆچوون
شایەدیان بۆ بێگوناهی دزێك دا .
5
ئەی بێگوناهترین كیژ
تاوانی تۆ ئەوە بوو داوای ژیانت كرد
لەووڵاتێكدا كەژیان لە دەستی ئەواندایە .
داوای مافت كرد كە ماف لە قاسە زلەكانی ئەواندایە
لە ژوورە تاریكەكان دایان ناوە
وەك خوداوەند بیانەوێ دەیدەن نایدەن .
6
ئەی شەهیدانی نوێی* ووڵات
ئەی كوڕان و ئەی كیژانی جوانە مەرگ
ئێوە شێوەیەكی دیكەتان لە شەهیدبوون داهێنا .
شەهیدانی قەڵەم و نان
شەهیدانی ئازادی و ژیان
ئێوە بەر لە مەرگ كەس نەبوو بتان ناسێ
كەس نەبوو بتان خوێنێتەوە
كەس نەبوو گوێ لە ڕازەكانتان بگرێ
ئازارەكانتان بلاوێنێتەوە.
سۆرانەكان ......
سەردەشتەكان .........
بەنازەكان .........
ئێوە لە پاش مەرگتان بوونە ڕەمزی
چەوساوەیی میللەتێ .
بوونە گوزارشت لەوستەمەی
سەراپای ووڵاتی داپۆشیوە
ئیدی شوێنێ بۆ ئازادی نەماوە .
ئیدی ساتێ بۆ هەناسەدان نەماوە .
ئیدی مانایەك بۆ ژیان نەماوە .
7
ئەی كیژەكە
كەس لە خەونی تۆدا نەبوو
كەس ئاگای لە ژینی تۆ نەبوو .
كەس لە خەمی تۆدا نەبوو .
كەس نەیزانی بۆ سبەینێ
دەبیتە سەردێڕی هەواڵەكان ،
دەبیتە مانشێتی ڕۆژنامە و گۆڤارەكان.
كەس نەبوو كارێكت پێبدا تا بەر لەو كۆستە بگرێ
كەس نەبوو تاكرێی مانگێكی خانووەكەتان بۆ بدا .
8
ئەی كیژۆڵە ئەو دەمەی تۆ لە خەونی دەستكەوتنی كارێك بووی ، لە خەمی دەستكەوتنی مشتێ پارە بووی . ئەودەمە ئەوان لە خەونی تەواوبوونی نهۆمی چەندەمی بینای چەندەمیان بوون . ئەو دەمە ئەوان لە خەمی دەست كەوتنی پشكی كامە كۆمپانیا بوون.
ئەو دەمەی ئاگرت لە ڕۆحی خۆت بەردا ،
ئەو دەمە ئەوان خوادەزانێ مەستی كامە جۆری شەراب و ئاوێزانی كامە سۆزانی ووڵات بوون .
دڵنیام ئەوەی ئەوان لەو شەوەدا لەسەر مێزەكانیان دۆڕاندیان ، بەشی تەواوی ژینی تۆ بوو .
ئاخر كەنگێ ئەوان لە خەمی هەژار بوون
كەنگێ لە خەمی نیشتیمان بوون .
دەبا نیشتیمان ببێتە دۆزەخ و ئێمەی هەژاریش بە گوناهكار ، ئەوانیش لەو فیردەوسە بەرینەوە
بەدەم هەڵدانی شەرابە سوورەكەی تەهورەوە**
بەقاقاوە پێمان بڵێن : بچێژن سزای تاوانتان
تاوانی هەژاری و كووردبوون .
9
ئەی كیژەكە مەینەتیەكان كۆتاییان نەهاتووە
ئێوەی شەهیدانی نوێ
دەبێ دووجار شەهید بكرێن؛
بە زیندویی و بە مردویی
ڕەنگە سبەی وەكو سەردەشت لەپاش مەرگت
تۆمەتێكت بۆ هەڵبەستن
لە قەفەزی تاوان داتنێن .
10
لە سایەی سۆشیال دیموكرات
لە سایەی كوردایەتی
لەم ووڵاتە مرۆڤ بێڕێزترین سەرمایەیە
نەتەوە بێڕێزترین پیرۆزی
11
ئەوڕۆژە تۆ هەموو دەرگاكانت بەڕوودا داخرا
تەنها دەرگایەك مابووەوە دەرگای مەرگ .
لەو شەوەدا بیرێكت هێناو بیرێكت برد ،
ئیدی بڕیارتدا بێ ماڵئاوایی لەو دەرگایەوە
بچیتە دەری ........
تا پەیامێك بە هاوڕێكانت بدەی پێیان بڵێی :
من ڕێگای قوربانیم هەڵیژارد ؛
ئێوە هەرگیز دەست لە دەسكی ئەو دەرگا مەدەن
بڕۆن دەرگاكانی تر بشكێنن .
بڕۆن و بۆ یەكجاری قەڵای ستەم بڕوخێنن .
*مەبەست لە شەهیدانی نوێی ووڵات ئەو گەنجانەن كە لە پێناوی ئازادی ، نان، ژیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی كوردستانەوە (ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ) شەهید دەكرێن كە جیاوازە لەو شێوازەی شەهیدبوون لەڕابردوودا لەسەردەستی ڕژێمێكی بێگانەو لە پێناوی خاك و نیشتیماندا بوو.
**ئاماژەیە بۆ شرابا گهور
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست