لە هەولێر کێ میوانی رەزا گرانە ؟
Tuesday, 18/02/2025, 19:40
هەولێری شاری قەڵا و منارە، یان ناوەندی ئاشتی و دیپلۆماسی، هەر لەکۆنەوە سیمبولی شوێنی پێکەوە ژیانی سەرجەم پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان بووە. هەمیشە باڵی میوان دۆستی کراوە بووە بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەویەکی سیاسی و ئاینی. لە چەند ساڵی رابردوو لەوەتەی دەست بەکاربوونی ئومێد خۆشناو ئەو سیبمبول و جوانیەی لەدەستداوە، چیدیکە هەمووان لە هەولێر هەست بە خاوەن ماڵی ناکەن، ئیدی هەمووان هەولێر بە هیخۆیان نازانن. دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو خۆپیشاندەران و مامۆستایانی ناڕازی بە میوانی رەزاگران ناوبرد. دواتر دیسانەوە سوکایەتیەکەی دووبارە کردەوە. جێگای خۆیەتی بپرسین لە هەولێر کێ میوانی رەزا گرانە؟
دوێنێ لە نوێترین لێدوان ئەیاد عەلاوی نهێنی هەبوونی لقی حیزبی بەحس لە هەولێر دەدرکێنێ و دان بە چالاکیەکانی ئەو حیزبە لە هەولێر دەنێ.
سێ ساڵ لەمەوبەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کاکەمین نەجار بێ ئاگایانە ددانی بەوەنا کە (ئەو بەرپرسە بەعسییانەی پێشتر کوردیان کیمیاباران و ئەنفال دەکرد ئێستا لە هەولێرن و پەشیمانن ) !
ساڵی رابردووش لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی عەلی ترکی جەمالی ئەندامی پەرلەمانی عیراق گووتی، حزبی بەعس لە شاری هەولێر کۆنگرەی ئەنجامداوە و سکرتێری ئێستای حزبەکە لە هەولێر دەژی و لەوێش سەرپەرشتی چالاکیەکانیان دەکەن و بارەگایان هەیە
جێگای خۆیەتی لە ئومێد خۆشناو بپرسین بۆچی لە هەولێر تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و وێران کردنی کوردستان بەئازادیی لە هەولێری هەرێمی کوردستان دەژین و چالاکی دەکەن، کەچی مامۆستایانی ناەازی و مانگرتوان و چالاکڤان و رۆژنامەنووس ،ئەوانەی رەخنە لەدەسەڵات دەگرن و داوای مافی خەڵک دەکەن ، یان بە میوانی رەزاگران ناوبەند دەکرێن یان لە زیندانەکان توند دەکرێن و بە تیرۆریستیش ناوزەد دەکرێن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست