ئاڵا وەک خەزێنەیەکی نانیشتیمانی و مۆنۆپۆڵکراو
Tuesday, 18/02/2025, 19:26
ئاڵا لە سادەترین پێناسەیدا بریتیە لە نوێنەرایەتیکردن و ناساندنی ناسنامە و یەکگرتوویی و بەهاکانی نەتەوەکانی ووڵاتێک .
ئاڵا ئەگەر تەنها ڕووە فیزیکیەکەی نەبینرێت کە بریتیە لە پارچە پەڕۆیەکی ڕەنگدار ، بەگشتی سوودی زۆرە بۆ وڵات . هێما و نوێنەرایەتی یە ، هۆکارێکی یەکڕیزی و نیشتیمانپەروەری نەتەوەکانی وڵاتە ، پەیوەندی و دیبلۆماسیە ، ڕەمزێکی مێژووییە ، براندێکی گرنگی ئابووریە .
ئەوەی من لێرەدا ئەمەوێت هەڵوێستەی لەسەر بکەم ، بوارە ئابوریەکەی ئاڵا و ئەو کەسابەتە بێوێنەیە کە لەژێر ناوی ئاڵاوە ئەکرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نەک ڕەهەندە زۆرە بەکارهێنراوەکانی ئەو ئاڵایە کە هی نوسینێکی وا کورت نیە .
ئەگەر سەیری مێژووی کۆن و تازە و وەزعی سیاسی و دەسەڵاتدارەکانی حیزبەکانی باشووری کوردستان بکەین بەتایبەت پارتی و یەکێتی ئەوا ئەو ڕاستیە زۆر بە ئاشکرائەبینرێت کە هەرچی ململانێ و ئاشتی ئەو دوو حیزبەیە لە پێناو پڕکردنی گیرفان و خۆش ژیانکردن و خۆشڕابواردنەکانی خۆیاندا بووە واتە خاڵێکی گشتگیر و نیشتیمانی و خێرێکی گشتی نابینیتەوە کە ئەو جووتە بەئاڕاستەی خەڵک بۆی جوڵابن ، بە موتڵەقی.
هۆکارەکان زۆرن بۆئەوەی هاونیشتیمانیانی پێ لەخشتەبەرن ، شیعاری نیشتیمانپەروەری و ڕشتنی ڕوبارێک خوێن هی خۆیان و بنەماڵەکانیان نا بەڵکو هی ڕەش و ڕووتی نیشتیمان ، تێکەڵکردنی شیعارە دینی و دونیاییەکان وەک چێشتی مجەوەر بەسەر یەکدا ، بەکارهێنانی قەڵەمی قەڵەمفرۆشەکان و جوانکردنی خیانەتە نیشتیمانیەکان و بە پاڵەوانکردنی ڕۆژی خیانەت بە بیانووی نالۆجیکی و گاڵتەجاڕانە... هتد .
یەکێکی تر لە ڕێگە گرنگەکانی مانەوە و بەهێزتربوونی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بازرگانی کردنە بە ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ یادی بەڕەسمی ناساندنیەتی لەلایەن پەرلەمانی پارتی و یەکێتیەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ .
لەو ڕۆژەوە ڕێگەیەکی تری ڤی ئای پی زیادبوو بۆ پارەپەیداکردن و جوڵاندنی سۆزی خەڵک تا بەردەوام ئاشیان بێ ئاو نەبێت .
لەژێر سایەی ئەو ئاڵایەدا ڕۆژبەڕۆژ وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەوپاشەکشێی ئابووری ، سیاسی ، ئەخلاقی ، ئاسایشی و پەروەردە و تەندروستی و داڕمانی ژێرخانی حوکمڕانی و ژینگەیی و ژیاری و شکاندنی شکۆی تاک ئەڕوات .
لەبەرامبەردا و بەپێچەوانەوە ئەو نوخبە بازرگان و هەلپەرستانە لەژێر سایەی ئاڵا و ئابووری سەربەخۆدا ، ڕۆژ بەڕۆژ گیرفان و بانک و مەزرا و زانکۆ و ڤێللا و گەشت و تەمەن و جەستەیان، زیاتر ئەبوژێتەوە . جیاوازی چینایەتیان زەقترکردۆتەوە و کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونیان بۆ خەڵک زۆرترکردووە . قۆناغ بە قۆناغ زیاتر خۆیان بەدوورئەگرن لە ژیان و بژێوی سەختی هاوڵاتیان . خەمساردیان بەجۆرێکە لەئاستی ئەو خەڵکە بەشمەینەتەدا گومان ئەکەیت کە ئەوانە مرۆڤ بن .
بۆیە بۆ ئەوان ئاڵا خەزێنەیەکی بەمیرات بەجێماوە ، تاوانی نیشتیمانیە وەک هەموو تاوانەکانی تریان ئەگەر هەمیشە لەناو دڵ و لەسەرچاو و شەوانە لە پشتی سەریان داینەنێن لەپای ئەو هەموو نازونیعمەتەی کە ڕژاندویەتی بەسەریاندا.
لەکاتێکدا پاداشت و خێری ئەو ئاڵایە بۆخەڵک ئەوەیە، زۆر دوور نەڕۆین وا نزیک ئەبینەوە لە سێ مانگ مووچەخۆری ڕاستەقینە مووچەکەی بەتەواوی وەرنەگرتووە و چاوەڕوانی کەرەمی جەنابی سەرۆک ئەکەن سابەڵکو بە چەند مانگ جارێک و لەژێر سایەی ئەو ئاڵایەدا بڕیاڕی دابەشکردنی قوت و بژێوی ئەو خەڵکە بدات کە پشت و پەنان بۆ مانەوەیان .
منێکی هاوڵاتیش ئاڵایەکی ئاوام خۆش ئەوێت بەو سیفاتەی ئەوان !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست