ئایا بە (زیرەکی دەستکرد) دەتوانین، ڤیدیۆ بۆ ڕاستکردنەوی مێژوو دروست بکەین؟

Sunday, 25/08/2024, 21:58


* ئایا دەتوانین تەنھا بە (دۆعا ) ڤیدیۆیەک بۆ مێژووی ئیسلام ، واتە ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دروست بکەین؟
* ئەی تۆبڵێی بتوانین بە( زیرەکی دەستکرد) ڤیدیۆ بۆ ئەو مێژووەی ئیسلام،  دروست بکەین؟
  * کەواتە بۆچی بە ڕێگەیەکیان دەبێت و بەڕێگەیەکی تریان نابێت ؟

(بەشی یەکەم زیرەکی دەستکرد و ئایین)

+ بیرۆکەی دروستکردنی ڤیدیۆی ڕووداوەکانی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ڕێگەی ( دۆعا و نوێژەوە)،  لە ڕوانگەی زانستی و تەکنیکییەوە ناتوانرێت ! چونکە (نوێژ و دۆعا) شتێکی نادیارە و تەنھا لە خەیاڵی ئەو مرۆڤەدایە کە بڕوای پێیەتی (واتە  ڕۆحییە)! وە شتی ڕۆحیش کاریگەری لەسەر جیهانی فیزیکی نییە ! کەواتە بە ( دۆعا و نوێژ) ناتوانرێت بەھیچ شێوەیەک ڕووداوە مێژووییەکانی ئیسلام،  بکەین بەڤیدیۆ و تۆماری بکەین ،ھەتا ھەموان بتوانین بیبینین !
+ بەڵام سەبارەت بە بەکارهێنانی (زیرەکی دەستکرد AI) لەوانەیە بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکانی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ ڤیدیۆیەک ، بەشێک و گۆشەیەکی ئەگەری هەبێت و لەوانەیە بتوانرێت ئەو ڤیدیۆیە دروست بکرێت  ! بەڵام سنووردارە و مەرجی تایبەتی خۆی ھەیە !

- بۆچی ناتوانرێت ڤیدیۆیەک بۆ ئەو مێژووە بکرێت ؟

١ - نەبوونی وێنەی ئەسڵی : هیچ وێنەو ماددەیەک و بەڵگەیەکی بینراوی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەبەردەستدا نییە ، ھەتا بتوانین بیکەیەنە ڤیدیۆ !
٢ - چونکە ئەی ئای ( AI ) پێویستی بە گرتەیەکی ڕەسەن یان وەسفێکی زۆر ورد هەیە ، بۆ ئەوەی بە وردی ڕووداوە مێژووییەکان بنیات بنێتەوە و بیکات ڤیدیۆ ! بەڵام لە ئیسلامدا ، زانیاریەکان ھەمووی لەسەر بنچینەی (ووتی ، ووتی) بووە ! (واتە : فڵان ووتی و فیسار ووتی و ئەگێڕنەوە ڕۆژێک ....... و بەڕێکەوت کابرایە .....! )
٣ - زانیاری مێژوویی ناتەواو : زۆربەی داتا مێژووییەکانی ئەو سەردەمە سنووردارە بە نووسراوی دژ بەیەکتری و (ووتی ، ووتی)  !  ئەو تۆمارانە لەوانەیە لایەنگری لایەک بکات و لایەکی تر بە درۆبخاتەوە ! واتە لەوانەیە درۆی تێدابێت و ناتەواو بن ! بۆ نمونە ، وەک دەڵێن ( گوایە ئیمامی عەلی ، ھێندە بەھێز بووە ! کە ئەو ، توانیویەتی ھەموو گۆی زەوی بەرزبکاتەوە ، و ھەتا سەر ئەژنۆی ! بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە : ئەی ئیمامی عەلی خۆی ، قاچی لە کوێدا داناوە ؟ ھەتا ھەموو گۆی زەوی بتوانێت بەرزبکاتەوە ؟) کەواتە بەبێ داتایەکی بەرفراوان و ورد، ئەستەمە بتوانرێت ڤیدیۆیەکی ڕاست و نزیک لە واقع،  دروست بکرێت !
-  بەڵام ئەوەی کە ئەگەری هەیە کە بکرێت :

AI و CGI Reconstruction  ١ - بە بەکارهێنانی

بەیارمەتی  (زیرەکی دەستکرد)و وێنەی دروستکراوی کۆمپیوتەر (سی جی ئای)،  دەتوانین دیمەن و ڕووداوە مێژووییەکان لەسەر بنەمای زانیارییە مێژووییە بەردەستەکان و شوێنەوارەکان ، ڤیدیۆ دروست  بکەینەوە( ئەگەر ئەو بەڵگەو شوێنەوارەنە ھەبن !، چونکە لە ئیسلامدا بەڵگەی وەک شارستانیەتی میسری و بابلی و یۆنانی ، نییە!)   ئەم جۆرە ڤیدیۆ دروستکردنانە ،  زۆرجار لە فیلمە دیکۆمێنتاریی و ڤیدیۆ پەروەردەییەکاندا بەکاردەهێنرێن !
٢ - ڤیدیۆی پەروەردەیی و خەیاڵی ناڕاست : AI دەتوانێت یارمەتی دروستکردنی ڤیدیۆی خەیاڵی بدات ،کەوا لە مرۆڤ بکات ، کە ئەو ڕوداوانە بەخەیاڵی خۆی وا لێک بداتەوە کە هەندێک لەو ڕووداوانە لەوانەیە بەو جۆرە بوبێت ! یان  چۆن بووە ؟ یان چۆن ڕویان داوە ؟  ئەویش بە پشتبەستن بە زانیارییە مێژووییەکان و دۆزینەوە و شوێنەوارییەکان (ئەگەر ھەر فڵان ووتی و فیسار ووتی نەبێت !)  بەڵام ئەم ڤیدیۆیانە خەیاڵین و لەسەر بنەمای لێکدانەوەی زانستی و و داتا و بەڵگە،  نییە و  ڕاستی نین !

سنووردارکردن و ئاستەنگەکانی ئەو ڤیدیۆ خەیاڵیانە چییە؟

١ -  وردبینی و زاستی :  وردی و دروستی ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە،  زۆر بەندە بە کوالیتی و بڕی داتا مێژووییەکانی بەردەست ! ئەویش زۆر کەمە یان ھەر نییە!
٢ -  لێکدانەوەی ووتی ،  ووتیەکان : لێکدانەوە مێژووییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، و ڕەنگە مێژوونووسان بۆچوونیان جیاوازیان ھەبێت لەسەر  ڕووداوەکان ! زانست بڕوای بە (ووتی ووتی) نییە و ناتوانێت شتێکی بەرجەستە یان ڤیدیۆی، لێ دروست بکات!
٣ -  ئەخلاق و ڕەسەنایەتی ڤیدیۆکان : ئەوەی گرنگە بۆ دروستکردنی ئەم جۆر ڤیدیۆیە ئەوەیە، کە ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە زۆر بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن ، کە خەیاڵیە و دورە لە واقعەوە و لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ھیچ داتایەکی زانستی دروست نەکراوە ! واتە شتێکی بینراو یان بەرجەستەش نییە !، ھەر لەسەر بنەمای (ووتی ، ووتی) یە مێژووییەکانە ! ئەویش بۆ ئەوەی دوور بکەونەوە لە بڵاوبوونەوەی زانیاری نادروست !
- بە کورتی و بە کوردی، بە (دۆعا و نوێژ) ناتوانرێت ڤیدیۆیەکی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دروست بکرێت ! ھەموو کتێبە پیرۆزەکانیش ناتوانن تەنھا یەک پەرستگای تاریک،  ڕوناک بکەنەوە! کوردیش دەڵێت (ئەگەر بە دۆعا دەبوو ، پشقل بە خورما دەبوو !)
++ ئای زانست ، تۆ چەند جوانیت ! ھەموو کەس بەرھەمەکانت دەبینن و بەکاری دەھێنن ، بەبێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگ و ڕەگەز و ئاینی جیاواز ! کەس ناڵێت فڵان ووتی و فیسار ووتی !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە