کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڕێوبەرێكى گشتى لەڕانیە 17 دەفتەر دۆلارى دۆڕاندووە

Tuesday, 18/06/2013, 12:00



یاریكردن بە سامان و داهات و قووتى خەڵك بۆتە شتێكى ئاسایى ئەم دەسەڵاتدارنەى ئەمرۆى پارتى و یەكێتى ، ڕۆژ نیە خەڵكى كوردستان گوێ بییستى هەواڵ و كارەساتێكى ترى سەیرو سەمەرە ئەم فیرعەونانە نەبێت ، كاربەدەستێك لەخوارى خوارەوە یارى و قومار بەداهاتى خەڵكەوە بكات ئەى دەبێت ئەوانەى سەرەوە چى بكەن و چى بگوزەرێت ؟ ماوەیەك لەمەوبەر لەڕانیە و سنورەكە دەنگۆى ئەوە بڵاوبوویەوە كاربەدەستێكى ڕانیە لەووڵاتى لوبنان قومارى كردووە و چەندین دەفتەر دۆلارى دۆڕاندووە .
دوایى ماوەیەك لەبڵاوبوونەوەى ئەم دەنگۆیە جەنابى بەرپرس لادراو كەسێكى تر خرایە شوێنى بێ ئەوەى لێپێچینەوەیەكى یاسایى لەگەڵدا بكرێت یان هۆكارى لادانى بۆ خەڵك ڕوون بكرێتەوە ، ئێستاش بەداخەوە دیسانەوە چەند ڕۆژێكە لەناو شارى ڕانیەو سنورەكە دەنگۆى ئەوە بڵاوبۆتەوە بەڕێوبەرێكى ترى گشتى لەڕانیە كەبەناوى پشوو مۆڵەت بۆ ماوەى دوو هەفتە ڕانیەو كوردستانى جێ هێشتووە دەركەوتووە لەوێ یارى قومارى كردووە و 17 دەفتەر دۆلارى دۆڕاندووە ، لەجیاتى چوون بۆ وەرگرتنى زانیارى و بەژداریكردن لەخول و دەورات ، لەجیاتى خزمەتكردن بەسنورەكەو خەڵكى ناوچەكە كاكم چووە هەزاران هەزار دۆلارى لەسەر مێزى قومار داناوە .
ئەوەیە بەدبەختى و ماڵوێرانى كەبەرۆكى ئەو میللەتەى گرتووە ، هەر لەو فەرمانگەى ئەو بەڕێوبەرە گشتیەدا دەیان ئافرەتى كارگوزار و پاك كەرەوە بەگرێ بەستى مانگانەى چەند سەد هەزرارێك لە سەعات 8 ى بەیانیەوە تا 2 ى دوایى نیوەرۆ دەوامیان پێ دەكرێت و خەریكى پاكردنەوەى ژوور و مێزى جەنابى بەڕێوبەرى گشتین ئەمیش تەنها بەدانیشتنێك پارەى هەزاران كرێكار دەدۆڕێنێت ، وەئەمە یەكەم جاریشى نیە ، دەڵێن ناوبراو یەكێكە لەقومارچیە ناودارەكانى سنورەكەو چەندان مەبلەغى ترى خەیاڵى هاوشانى چەندین بەرپرس و كەسایەتى ترى دیارى حزبى و بنەماڵەیى سنورەكە لەقومارخانەكەى دەربەندى ڕانیەو چنارۆكى كۆیەو عاشوراى دوكان و دیوەخانى كەسایەتیەكى دیارى ڕانیەو قەڵادزێ دۆڕاندووە .
ئەو كاربەدەستەو هەموو بەرپرس و فیرعەونە قومارچیەكانى ترى پارتى و یەكێتى و هاوڕێیانى ئەو بەرپرسە (قومار دەكەن یان دەخۆنەوە) مافى كەسى خۆیانە ئێمە لێیى بەرپرسیار نین حەدیشم نیە وەك خۆم یا وەك هاوشاریەكى ڕانیە تەداخولى ژیانى تایبەت و كەسى كەس بكەم ئەو حەقەش بەخۆم نادەم ، قسەى من تەنها لەسەر دوو شتە من لەئێوەى بەڕێز دەپرسم ..
1 _ جەنابی بەرپرس ئەو هەموو پارەیە لەكوێ دێنێ ؟ ئەمە چى بوو ئەو هەموو پارەیە هەر نەبڕاو كۆتایى نەهات ؟ .
2 _ بەرپرسێك هەر خەریكى یارى و قومار بێت دەبێت بە چ ووزەو گڕو تینێك بێتەوە دەوام و خزمەت بكات ؟ ئاخر چۆن دۆڕان و بێ تاقەتیەكەى ڕاستەوخۆ ڕەنگ ناداتەوە لەكار و وەزیفەكەى و خەڵك نابێتە قوربانى ؟ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە