بیرەوەرییەکانی مستەفا چاوڕەش (بەشی سێیەم)

Wednesday, 26/06/2024, 23:32

1077 بینراوە


پاش شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ وردەوردە ملەقوتێی سیاسەت وای کرد خەڵکی چاوی بکرێتەوە. منیش وەک هەموو کەسێکی تر و لە بنەماڵەیەکی ئه و سەردەمەی شیوعیدا چاوم کردبووەوە. لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمووز ڕۆژانە یان ناوبەناو ئاهەنگ دەگێڕدرا و هەر جارەی بە ناوی شتێکی تازەوە ڕێک دەخرا بۆ پاڵپشتیی شۆڕش. حیزبەکان ئاشکرا بوون، مۆڵەتیان وەرگرت و بارەگاکانیان لە سلێمانی کرایەوە. هەر له و سەردەمەدا بە چاوی خۆم بینم هەندێک تێکۆشەر کە لە زەمانی نووری سەعیدی سەرۆکوەزیرانی پێشوودا گیرابوون، پاش شۆڕشی گەلاوێژ بەربوون. خەڵکی سلێمانی ڕۆیشتن بە پیریانەوە، بەتایبەت شیوعییەکان. ئازادکراوەکان لەسەر پیکابێک بوون و خەڵکی لە پێشوازییاندا بوون. من لەلای قوتابخانەی پیشەسازیی ئێستا لە شەقامی سالم بینیم. ئەوانەی لەسەر پیکابەکە بوون، وتیان مامۆستا بەهادین نووری و گۆرانی شاعیرن، من نازانم کێی تریان لەگەڵ بوو. شار خرۆشابوو، دەیانوت بەهادین نووری لە ئەشکەنجەداندا ئوتویان لەسەر پشتی داناوە. ئەوه بۆ هەستی نیشتمانی زۆر گرنگ بوو. لە دواییدا زەمانێک منیش چوومە ڕیزی حیزبەکەی مامۆستاوە و بووین بە هاوڕێی خەبات و ئاشنای یەکتر بووین. دوایی دێمەوە سەر ئەم باسە.
هەروەک وتم، هەر کەسه و ئازادانە حیزبی خۆی دۆزیەوه، یەکێک لە حیزبی شیوعی و یەکێکی تر لە پارتی دیموکراتی کوردستان. ئه و کاتەش هەر ئه و دوو حیزبە هەبوون و ناویان هەبوو. لە هەموو گەڕەکێک خەڵکی خۆیان هەبوو، بنکەیان هەبوو، بێجگە لە سەندیکای کرێکاران، تەندروستی و مامۆستایان، بارەگای قوتابیان، هەر کەسەش بۆ لای خۆی، منیش بە حوکمی ئەوەی مێردی پوورم وەستا حەمەئەمین و وەستا محەمەدی کوڕی کە هەردووکیان بەنا بوون، هەروەها خوالێخۆشبوو عومەری عەلی قەساب کە ئەویش خزممان بوو، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران بوو، لەگەڵ ئەوەی تەمەنم منداڵ بوو، بەڵام هەر هاتوچۆم دەکردن. خۆشم بە بیروباوەڕ لەوانەوە نزیک بووم. هێشتا کاتی ئەوەم نەبوو بچمە حیزبەوه، له لایەکی تریشەوە خەریکی خوێندن بووم. منیش وەک هەموو کەسێکی تر وردەوردە چاوم کردەوه و هەستم بە هەندێک شت دەکرد. وەک ئێستا هەر حیزبه و ئەندام و لایەنگری خۆی هەبوو. هەستی سیاسیشم ئەوەندە نەبوو وەک پێویست درک بە شتەکان بکەم، چاوم لە کەسوکاری خۆم کرد، کە شیوعی بوون. نەمدەزانی قڕەقڕ و کێشەی شیوعییەکان و پارتی لە ساڵەکانی پەنجاونۆ بەدواوە لەسەر چییە. ساڵی پەنجاونۆ لە سانەویی سلێمانی شەڕ دروست بوو. برایەکی وەستا سەعید فەرەج بە ناوی حسێن لای فولکەی پاڵاس به دەستی کۆمەڵێک خوێندکار کە سەر بە پارتی بوون، شەهید کرا. شیوعییە کان بە ڕێپێوانێکی گەورە بردیان بۆ سەرقەبران، من خۆشم دوایان کەوتم تا ڕێپێوانەکە کۆتایی هات.
شیوعییەکان کە لە دەوری حکومەتی عەبدولکەریم قاسم بوون و جێگەی گرنگیان هەبوو و بارەگایان لە بەغدا بوو. کادێرە سەرەکییەکانی دیار بوون، بەڵام بێجگە لەوەی شیوعییە کان جێگەی گرنگیان به دەستەوە بوو، نەتەوەپەرستەکان و بەعسییەکان وردەوردە خەریکی کاری خۆیان بوون و سەریان لە عەبدولکەریم شێواندبوو، ڕۆژبەڕۆژیش دۆخەکە خراپتر دەبوو، حاڵیبوونی عەبدولکەریمیش لە مەسەلەی کورد و داواکانی بەره و ئاقاری خراپ هەنگاوی دەنا. لە بەرواری (11/9/1961) شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکرد، هێزی پێشمەرگە ڕێگەی دەربەندی بازیان و دەربەندیخانیان گرت. حکومەتی قاسم بە تەیارە هێرشی کرد، کە یەکەمجار بوو دوای شۆڕشی تەممووز دژی گەلی کورد بەکاریان هێنا. هێزی پێشمەرگەیان لە دەربەندی بازیان و دەربەندیخان شکاند. شۆڕش بەردەوام پاشەکشەی دەکرد، چەندین پێشمەرگە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانه و بێڕەحمانە شەهید کران. بڵاوە له و جێگەیانە کرا و بۆ چەمی ڕێزان و جێگەکانی تر، وەک ماوەت و بەمۆ. لە بەشەکانی تردا بەرەکان و هێزەکان ڕێک خرانەوە. ئەمجارەش بە مەیدانی شۆڕش ڕاگەیەنرا. حکومەتی قاسم هەنگاوێکی نەنا بۆ داواکان و چارەسەرکردنیان. ئەوەی ڕاستی بێت، من وردەکاریی ئه و سەردەمە باش نازانم، بەڵام ڕۆژگارەکانم لەبیره و ئەوەندەی دیومە، دەیگێڕمەوە. شۆڕشەکە ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبوو و ئەچووە پێشەوە.
حیزبی شیوعی کە لەژێر پاڵەپەستۆی سۆڤێتدا لەگەڵ حوکمی عەبدولکەریم قاسمدا دۆست بوو، ئەم جووڵانەوەیەی پێ باش نەبوو. ئەگەرچی گرتن و ڕاونانی شیوعییە کان دەستی پێکردبوو، بەڵام شیوعییەکان لاوازبوونی قاسمیان پێ خراپ بوو و دەیانوت کاتی شۆڕش نییە. دەرەبەگەکان لەبەر دابەشکردنی زەوی ئەم جۆرە قسانەیان دەکرد، ئەمە دەوری یەکێتیی سۆڤێت لەولاوە بوەستێت کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی ڕژێمی قاسمی دەکرد و کاریگەریی گەورەشی دانابوو لەسەر سەرکردایەتیی حیزبی شیوعیی عێراق، کە پشتیوانی قاسم بن و پشتیوانی لە شۆڕشی کورد نە کەن. بێگومان دەوری ئەم سیاسەتەش کەم نەبوو. حیزبی شیوعی نەیدەتوانی لە فەلەکی سۆڤێت بێتە دەرەوە، ئەگەر هەر شتێک بوایه، دەبوایە پرسیاری ئەوێیان بکردایە. نەیاندەتوانی لە قسەی سۆڤێت دەربچن. ئەگەرچی پڕتەوبۆڵەیەک دروست بووبوو، بەڵام کز بوو، تا وای لێهات گەورەترین زیانی بە شیوعییە کان و جووڵانەوەی نیشتمانییش گەیاند. ئەوەبوو بینیمان لە 8ی شوباتی 1963دا چی بەسەر قاسم و شیوعییە کانیش هات، که بووە بە مێژووی کوشتوبڕ هەر لە سەلام عادل کە سکرتێری حیزبی شیوعی بوو، تا دەیان ئەندامی لیژنەی ناوەندی و کادێر لە بەغدا وەک شەهید جەمال حەیدەری، ئەمە جگە لەوەی سەدان کادێر و ئەندامیان لە زیندانەکان توند کران و سەدانی تریشیان لێ شەهید کردن. قاسم و دارودەستەکەی قاسمیش لەولاوە بوەستێ، هۆی ئەمەش سیاسەتی هەڵە و چەوتی قاسم و شیوعییە کان بوو. من ئه و کاتە پاڵێوراوی حیزبی شیوعی بووم و ساڵی 1962 چووبوومە حیزبەوه.
وردەورده شۆڕشی کورد بە سەرکردایەتیی خوالێخۆشبوو بارزانی ڕێک خرایەوە و بە دەوری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان له و جێگەیانەی به دەستیانەوە بوو لە دێهاتەکان، بنکە و بارەگایان دانا. خەڵکیش ڕوویان کردە دەرەوە. پۆلیسە کوردەکانیش کە له مەخفەرە دووردەستەکان بوون، ناوبەناو مەخفەرەکانیان تەسلیم دەکرد و دەچوونە ناو شۆڕشەوە. هەندێکیشیان بە شەڕ دەستی بەسەردا گیرا. شۆڕش لە پشدەر، قەرەداغ، شارباژێڕ، بەمۆ و چەمی ڕێزان گەورە بوو. لە بادینان و هەولێریش ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەست بوون پێوەی. بێجگە لە خەڵکی عەشایەر و دێهاتەکان، خەڵکی خوێندەواریش کادێرەکان چوونە دەرەوه. ئیتر هەرجارە لە شوێنێک مەخفەر دەستی بەسەردا دەگیرا و شەڕی پارتیزانی دروست دەبوو. بەڕاستی پۆلیسەکانیش دەوریان هەبوو، دەتوانیت بڵێیت بە چەکی مەفخەرەکانیان شۆڕشیان دەوڵەمەند کرد و لەگەڵ شۆڕش هاوڕێ بوون. شۆڕش ڕوو لە هەڵچوون و گەورەبوون بوو. ئەم گەورەبوونەش لە بادینانەوە تاکو بەمۆ، کەموزۆر گرنگ بوو، بە چاو دەبینرا و دەبیسترا و باسی دەکرا. پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی بارزانی خاوەنی بوو. مەکتەبی سیاسیش لە مالومە و ماوەتی دڕی و شوێنەکانی تر بوو، به گوێرەی دۆخی خۆیان کە له و جێگەیانەدا پێویستیان پێبوو.
ناوبەناو شەڕ ڕووی دەدا، له بیرمە لەلای دیێ تەگەران لەسەر پردەکە گەورەترین شەڕ لەگەڵ حکومەت کرا. من سەیارە شکاوەکانی پۆلیسم بینی کە هێنایانەوە. له و شەڕەشدا پێشمەرگەی ئازا و سەرلقی ئه و کاتە حەمید کاوانی شەهید بوو. حیزبی شیوعیش نە ئەوەبوو دەستی لە حکومەتی قاسم بەربێت، نە حەزیشی لێبوو لە دژی شۆڕشی کورد به قسەی بکات. ئەوەش لە داهاتوودا زیانی لێدا و هۆکارەکەشی سۆڤێت بوو، چونکی سۆڤێت ڕێگەی نەدەدا دژی قاسم شەڕ بکرێ.
شیوعییە کان پۆلپۆل دەگیران و زیندانی دەکران و دوور دەخرانەوە، بەعسییەکانیش خۆیان ئامادە دەکرد. هەر حیزبی بەعس لە ساڵی 1959دا بە سەرۆکایەتیی سەدام لە شەقامی ڕەشیدی بەغدا بۆسەیان بۆ عەبدولکەریم نایەوە، تەقەیان لێکرد و برینداریان کرد. له و کاتەشدا عەبدولکەریم نەهات ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی کورد بدۆزێتەوە. عەبدولکەریم قاسم لەباتی ئەوەی پەند وەربگرێت، لە جاران زیاتر دژایەتیی دیموکرات و شیوعییە کان و لەملاشەوە دژایەتیی کوردی دەکرد. شۆڤێنییە عەرەبەکان و بەعسییەکان ڕۆژبەڕۆژ خۆیان قایم دەکرد. ڕۆژی هەشتی شوبات کودەتایان کرد و عەبدولکەریمیان کوشت، دەیان ئەفسەری پلەبەرزی دیکە شیان گرت و کوشت بە شیوعییە کانیشەوە، چونکی تەنها شیوعییە کان بوون لە ڕۆژی هەشتی شوباتدا بەرگرییان لە خۆیان و عەبدولکەریم کرد، بەڵام هیچیان پێنەکرا و تەنیا ماڵوێرانی و کوشتنیان بۆ مایەوە. چەندین لاشەی تێکۆشەرەکان لەسەر شەقامەکانی بەغدا کەوتبوون، لە شیوعییە کان، دیموکراتەکان، عەسکەرەکان. حیزبی بەعس بەیانی ژمارە 13ی دەکرد بۆ لەناوبردنی شیوعییە کان و سەلام عادل حسێن و دەیان و سەدانی تر شەهید کران.
حەرەس قەومییەکانی بەعس درێغییان نەکرد لە کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و ئەتککردنی نامووسی خەڵکی. دڕندەیی و بێقانونی لە سنوور چووه دەرەوە و لای هەمووان ئاشکرا بوو، هەتا نەتەوەپەرستە عەرەبەکانیش پێیان قبوڵ نەدەکرا و ئەوانیشی گرتەوە. کودەتای هەشتی شوبات تاریکترین ڕۆژگار بوو له و سەردەمەدا. منیش تازە پلەی پاڵێوراویم تەواو کردبوو، قەرار بوو بە ئەندام لە حیزبی شیوعی وەربگیرێم.
هەر له و سەردەمەدا لە سلێمانی شیوعییە کان کەوتینە ئامادەباشی و چاوەڕوانیکردنی بەغدا. دوای چەند ڕۆژێک چاوەڕوانی هەموو لە جێگەیەک لە جادەی ئیبراهیم پاشای ئێستا کۆ دەبووینەوە، گروپگروپ ڕادەوەستاین، سیان و چوار سەرمان کردبوو بەیەکدا و چاوەڕوانی ڕێنمایی حیزبمان دەکرد. ئه و سەردەمە چەکمان نەبوو، تاکوتەرا خەنجەرمان پێبوو. دەمانچە هەر زۆر نامۆ بوو. چاوەڕوانی ئەوە بووین شتێک ڕوو بدات. ئەمە چەند ڕۆژێکی خایاند. بێهودە ملمان شۆڕ کرد، کودەتای بەعس سەری گرت و ئێمەش بڵاوەمان لێکرد هەر کەس بۆ ماڵی خۆی. دەسەڵات لە هەموو شارەکان کەوتە دەست بەعسییەکان. ئەحمەد حەسەن بەکر و عەبدولسەلام عارف کە لە ئەفسەرە پلەبەرزەکانی ئه و سەردەمە بوون، سەرکردایەتییان دەکرد. دیارە حیزبی بەعس و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان دەیان کادێر و ئەفسەری حیزبی بەعسیان لەگەڵ بوو. هەرچییان لە کوشتن و گرتن پێکرا، کردیان. ئەم کودەتایە فرسەتێک بوو بۆ شۆڕشی کورد، شەڕیان ڕاگرت و کەو تنە گفتوگۆ لەگەڵ بەعسییەکان. پاش ماوەیەک وەفدی کوردی بە سەرپەرشتیی ساڵح یوسفی و هەندێکی تر لە لێپرسراوانی کوردی - لە یادم نییە کێی تریش بوون - چوون بۆ بەغدا، ئەمە ماوەیەکی خایاند. ئەوەی ڕاستی بێت، نە بەعسییەکان و نە قەومییەکان داوای کوردیان پێ هەزم نەدەکرا و قبوڵ نەدەکرا، بەردەوام بوون لەسەر هەستی شۆڤێنیی عەرەبیی خۆیان. هەر له و سەروبەندەدا مام جەلال هات بۆ سلێمانی و لە بەردەرکی سەرای سلێمانی قسەی بۆ خەڵکی کرد، کە لە لەگەڵ حکومەت گفتوگۆدان. ئەمەش سەری نەگرت و زۆری نەخایاند وەفدی نوێنەری کورد لە بەغدا گیران. ساڵح یوسفی و پێشمەرگەش چوونەوە شاخ و شەڕ دەستی پێکردەوە.
زۆر لە بارەی ئەم قۆناغەی شۆڕشی ئەیلوول تاکو کودەتای بەعسییەکان و قەومییەکان لە ساڵی 1963 نووسراوه و وتراوە. منیش وەک لاوێک کە تازە سەرم هەڵدەدا، ئەوانە باس دەکەم کە خۆم لە بیرمه و دیومە. پێش من مێژووناسەکان و خاوەن پێنووسە جوانەکان و کەسانی بەتوانا و شارەزا زۆریان لەسەر نووسیووە. لە هەموو ڕوویەکەوە ئەوەی من دەتوانم باسی بکەم، تەنها ئەوەیە کە چوومەتە ناو حیزبی شیوعی و ئەمەش لە ساڵی 1962 دەست پێدەکات، کە تەمەنم شازدە ساڵان بوو. لەبەر دوو هۆ زۆر ملەلەقێی سیاسەتم دەکرد. ئەوەی وریای کردینەوە، یەکەم/ شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ بوو، دووەم/ کەسوکارەکەم شیوعی بوون. ئەمانە وایان کرد خولیای ئه و بیروباوەڕە بم و پێش منیش کەسانی تر هەر له و تەمەنەدا 16-18 ساڵاندا دەستیان پێکردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە