کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


مۆتەکەی ترس

Wednesday, 07/02/2024, 19:53


لە سەرەتای  جەنگی عێراق –ئیران  دا بوو ،( شیخ جەعفەر) ی پاریزگای سلێمانی ، داوای لە ( محەمەد رەفیق) ی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کرد ، ئاگاداری (ئەنجومەنی شارەوانی   و بەڕێوەبەری فەرمانگە کان و کەسێتی یەکان )ی  شار بکات ، سەعات ١٠ی بەیانی رۆژی داهاتوو ، بۆ کۆبونەوە  ، لە هۆڵی نەقابەی کریکارانی سلێمانی ئامادەبن .
لە هەمان کاتی دیاری کرواو دا ، زیاتر لە ٣٠٠ کەسی خەڵکی شار و  ئەنجومەنی شارەوانی ، لە هۆڵی نەقابە   ئامادەبوون ، لێپرسراوانی  حیزبی بەعس و بەرێوەبەری ( ئەمن وپۆلیس و نوێنەری دەزگای ئیستیخبارات و موخابەرات  ،لە ریزی پێشەوە دانیشتبوون.
دوای دەقیقەیەک وەستان بۆ خوێنی شەهیدانی عێراق ، پاریزگای سلێمانی ، وتارێکی پێشکەش کرد و پێ ی راگەیاندن :
-بەخیربێن بۆ ئەم کۆبوونەوە یە ، ئەوە چەند مانگێکە ، جەنگ لە نێوان  عیراق  و ئێران  بەرپا بووە،  ئەم جەنگە پەیوەندی بە چارەنووسی هەموو  گەلی عێراق، بە عەرەب و کوردو تورکمان و کەمایەتیەکانەوە  هەیە.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە  ، رۆژانە  ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە کوردەکان    لە ریزەکانی  سوپا هەڵدێن ، تکاتان لێ دەکەم ، ئێوە ئامۆژگاری  کوڕەکانتان  بکەن  ، لە سوپادا  خزمەتی سەربازی  بە عێراق  بکەن و هەڵنەیەن ،  روونەکەنە چیاکان و ببن بە پێشمەرگە ، بۆ ئەوەی عیراق لەم جەنگەدا، بتوانێت بە سەر فارسی مەجوس دا سەربکەوێت .
گەر عیراق لە م  جەنگدا نوشستی بهێنیت ،ئەوا  ئێران   ، هەموو گەلی عێراق ، بە کوردە وە دەکوژێت ، عێراق بە باکوورەوە  خاپوور دەکات .

دوای ئەوەی وتارەکەی تەواو کرد ، بە دانیشتوانی هۆڵەکەی وت :

- کێ لێدوان و رەخنە و پێشنیاری هەیە ،دەتوانێت  ، راو بۆچوونی خۆی ، بێ سڵ کردنەوە ، راشکاوانە  بڵێت ،  هیچ کەسێک ناتوانێت  ، لێپرسینەوەی  لە گەڵ بکات و سزای بدات .
لەو کاتەدا (عەلی بۆسکان )* دەستی بەرز کردەوە .
پێ یان وت :-فەرموو 
وتی :- جەنگی عێراق و ئێران ،جەنگی عەرەب و فارسە ، جەنگی کوردو فارس نییە ،پەیوەندی  بە کوردو جوگرافیای کوردستانەوە  نییە،  بەڵگەش بۆ قسەکانم ،  لە  هەموو سروودو گۆ رانی و وینەکانی   راگەیاندنی جەنگی عێراق  ، هەر باسی جەنگی عەرەب و فارس دەکەن  ،  دەڵین :
-(ئەولادی عەدنان )و (ئەولادی  قەحتان)ی عەرەب ، ئەم دوو ناوە تایبەتمەندە ، رەچەڵەکی عەرەبە ،  هیچ پەیوەندیەکی  بە کوردەوە نییە ،  هەردەو ناوەکە  بە کورد نامۆیە .
لە هەموو میدیاکانی عیراق دا ، یەک سروودتان  نییە ،باسی( ئەولادی شێخ مەحمود) ی کورد بکات 
 ئەم جەنگە ،  هیچ پەیوەندیەکی بە کوردە وە نییە  ، لێرەدا من بە  خۆم و بە هەموو کەسایەتیەکانی شارەکەم  رادەگەیەنم :
- با هەموومان  بە یەک دەنگ و بەیەک هەڵوێست ، بە کوڕەکانمان راگەیەنین ، نەچن بۆ جەنگی (عەرەبی عیراق) و (فارسی ئێران) .
ئەم  هەڵوێستە ی عەلی بۆسکانی، بروسکە ئاسا ، وەک   مۆتەکەی تارمایی  ترس ، بە روخساری هەموو( کەسایەتیەکانی  شارو  ئەمن وئیستیخبارات و موخابەرات وپۆلیس و بەعسییەکان )ەوە دەبینرا .
 وتارە ژەهراوییەکەی ، پارێزگاری  سلێمانی  بە تاڵ کردەووە  ، بێ دەنگی و  خامۆشی هۆڵەکەی داگرت.

سەرچاوە :

١-دیدارێک لە گەڵ بەڕێز محەمەد رەفیق، لە ١٩٨١ -١٩٨٣ سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بوو .
*عەلی حاجی عەبدوڵلا بۆسکانی ، لە ١٩٣٣لە گەڕەکی حاجی حانی شاری سلێمانی لە دایک بووە ، لە گەنجێتیەوە پەیوەندی کردووە بە حیزبی شیوعی و ئەندامی ئەو حیزبە بوەوە ،  بەشداری خۆپیشاندانەکان  و چەندان چالاکی کردووە ، چەند جارێک دەسگیر کراوە و لە زیندانی ئەبوغرێب و نوگرە سەلمان ،  ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە ، ماوەیەکیش لە بەدرە دەستبەسەر بووە ، کەسیتیەکی خاکی بووە ،  یەکێک بووە لەو سەرمایەدارە رووناکبیرە ، خاوەن هەڵویستە دیارانەی  شار ، هەموو کارو پرۆژەکانی لە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دا بوو ،بە بەردەوامی یارمەتی  چەندان  خویندکاری زانکۆکانی داوە،  بۆ ئەوەی بتوان بەردەوام بن لە سەر خوێندن ، یارمەتی  دەیان خانەوادەی نەداری داوە ، بێ ئەوەی باسی بکات و هەستیان بریندار بکات ، زۆربەی  نووسەران و هونەرمەندان و هاوڕێکانی لە  ئۆفیسەکەی دا ،  لە بازاڕی عەسری  کۆدەبوونەوە و کۆڕی گفتوگۆیان  گەرم دەکرد ،  کتێبی بۆ چەندان نووسەر،  چاپ کردوە ،لە ساڵی ١٩٨٣  لەسەر ئەرکی خۆی. پەیکەری کاوەی ئاسنگەری دروست کردوە  ، ئەمنی سلێمانی پەیکەرەکەیان بە شۆفڵ روخاند ، لە ١٩٨٨ قوتابخانەی  عەلی بۆسکانی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی دروست کرد ، لە ٢٩/ ٩ / ١٩٩٣ لە شاری سلێمانی تیرۆر  کرا ،  ئەرشیفی شەهید 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە