سیاسەتە سەخڵەتە هاوبەشەکە
Saturday, 02/12/2023, 22:24
(کاردانەوەی هەسارەی موشتەری بەرامبەر تەنێك کاردانەوەی دەسەڵاتی ستەمکار بەرامبەر خەڵکەکەی)
هەسارەی موشتەری بە هێزە بەرزەکەی ناسراوە لە کێشکردنی تەنەکان،هەسارەیەکی زۆر سەخڵەتە،شت قورس وەرەگرێت،واتە کەوتنە خوارەوەی قەڵەمێك بۆسەر موشتەری وەک کەوتنە خوارەوەی دەمانچەیەکی پڕ فیشەکە بۆسەر هەسارەی زەوی!
موشتەری کاردانەوەکانی بۆ تەنەکان تەواو زیادەڕۆیی تێدایە بە ئەندازەیەك کە ئازادییان زەوت ئەکات!
گەر مرۆڤێکی ئازاد بیهەوێ لەسەر ئەم هەسارەیە بژیت، ئەوە دەبێتە مرۆڤێک کە ئازادی لەدەست دەداو بەهۆی سەختی هەنگاو هەڵهێنانەوە ئەم مرۆڤە وەک دارو بەرد ئەچەقێ لەجێگای خۆی!
هەربۆیە....
تیرۆر کردن،لەسەر شعر!
زیندانیکردن بە تۆمەتی تیرۆر،لەسەر گروپچاتی ڕۆژنامەنووسان بۆ تاووتوێی کاری ڕۆژنامەوانی!
کۆکردنەوەی چەندین پۆلیسو ئاسایشو تەقە کردن لە خۆپیشاندەر،لەسەر خۆپیشاندانیانو داواکردنی مافەکانیان بەشێوازێکی مەدەنییانە!
نانبڕینی فەرمانبەرو دەرکردنی (کە خێزانێک چاویان لە دەستیەتی)،لەسەر ئەوەی سەر بە خۆیان نییە!
مامۆستایەك بە چاکەتو پانتۆڵێکەوە دێتو دەڵێت ″مافی خۆم دەوێت″.
لە بینایی ئەودا: جەنگاوەرێک بە تیرو کەوانو شمشێرەوە هێرش دێنێو دەڵێت ″سەری تۆمان دەوێت″!
ئەم کاردانەوە زۆر زیاد لە پێویستانەو ئەم سەخڵەتییەی یەکێتیو پارتی ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەیانەوێت دەنگی ئازاد کپ بکەن بەهەمان سیاسەتی موشتەری بۆ هێزی کێشکردنی تەن!
ئەم هەسارەی موشتەرییە نەک بە ڕاکێشانەکەی مرۆڤ وشک ئەکا،بەڵکوو ئازادی فڕینی باڵندەکانیش زەوت ئەکات!
هەرگیز سیاسەتی هەسارەی موشتەری لەسەر زەوی شەرعیەتی نییە،چوونکە ئێرە زەوییە!
سێوەکان تا پێنەگەن،زەوی دڵی نایەت بەریان باتەوە.
باڵندەکان تا خۆیان نەیانەوێت زەوی بەزۆر نایاننیشێنێتەوە!
گەڵاکان تا هەناسەیەكیان مابێت بۆ خزمەتی ژینگە،زەوی هەڵیان ناوەرێنێت.
ئێرە زەوییە موشتەری نییە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست