شەڕی تورکیای فاشیست دژی هەرێمی کوردستان
Tuesday, 19/09/2023, 19:47
چەند مانگێکە خاکی هەرێمی کوردستانی عیراق رووبەرووی هێرشی بەردەوامی فرۆکە درۆنەکانی تورکیای فاشیزم دەبێتەوە بە رادەیەک رەنگە رۆژ نەبێ ناوچەیەکی هەرێم یاخود کەسایەتیەکی نەیاری ئەم دەوڵەتە بۆردومان نەکرێ .
تورکیا لەرێگەی ئەم فرۆکانەوە بە چاوساغی جاسوسەکانی لەهەرێم و تەنانەت بە رێنیشاندانی چەکدارانی پارتی تا ئێستا دەیان گەریلاو پێشمەرگەی کوردستانی تیرۆر کردووە .
هەڵبەت لەهەر جەنگێکی عەسکەریدا جەهدی ئیستخباری رۆڵێکی گرنگی هەیە لەچاوساغیکردن بۆ هێزی دوژمن ئەویش بە دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی مەبەست لێی کوشتنی کەسایەتیەکانە . لێرەشدا جاسوسەکانی پارتی رۆڵێکی گەورە دەبینن لەرێنیشاندنی فرۆکەکانی تورکیا بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی خۆی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان .
ئەوەی ئێستا تورکیای فاشیزم لەناو خاکی هەرێم دەیکات جەنگێکی ئاشکراو راگەیەندراوە ، چونکە شەڕ بۆ خۆی بریتیە لە لەشکرکێشی سوپا و بۆردومانی فرۆکەو تۆپباران ، ئەمانەش هەموویان ئێستا لەلایەن تورکیاوە لەناو خاکی هەرێم ئەنجامدەدرێن ، کەواتە بەبێ هیچ گومانێک هەرێمی کوردستانی عیراق ئـیستا لەناو جەنگێکی ئیقلیمدایە لەگەڵ تورکیا .
هیچ بە دووریشی نازانم ئەم شەڕە وێرانکەرەی تورکیا دژی هەرێم بگاتە ئاستی ( شەڕی بە وەکالەت ) لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێستا ئاماژەکانی زۆر بە روونی بەدیار کەوتوون .
لەمڕۆژانەدا بینیمان چەکدارەکانی پارتی لەژێر ئاڵای عیراقی فیدراڵ و بەناوی پاسەوانی سنوور هەڵمەتیان بردە سەر ناوچەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەناوچەکانی سیدەکان وبرادۆست ، کە ئەمەش سەرەتای شەڕی بە وەکالەتە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەرژەوەندی تورکیای فاشیزم دژی پەکەکە دەیکات .
هەڵبەت رێکەوتنی پەنجا ساڵەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ئیمزای سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ تورکیا چەند لایەنێکی ئەمنی و هاوکاری عەسکەریشی تێدایە کە تا ئـیستا بۆ رای گشتی ئاشکرا نەبووە . گومانی تێدا نیە تورکیا لەبەرامبەر پشتگییریکردنی پارتی بۆ دزینی سامانی نەوتی هەرێم دڵنیایی لەو حزبە وەرگرتووە بۆ هاوکاری کردنی تورکیا لەشەڕی دژی پەکەکە . هەروەها پارتیش لەبەرامبەردا دڵنیایی لەتورکیا وەرگرتووە لەکاتی هەڵگییرسانی هەر ناڕەزایی و هەڕەشە لەسەر لەدەستچوونی دەسەڵاتەکەی لەهەرێم هانا بۆ تورکیا ببات پاڵپشتی بکات و نەیارەکانی پارتی لەناو بباتو پارێزگاری لەدەسەڵاتەکەی پارتی بکات . بۆیە هەموو بەرژەوەندیەکانی هەردوولا گرێدراوی یەکترن ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئاییندەی هەرێمی کوردستان .
حکومەتی ئیتحادی بەغداش تا ئێستا ئەو هێزەی نیە بتوانێ بەرامبەر بە هەڕەشەکانی تورکیا بووەستێتەوە ، بۆیە لەدەرکردنی بەیاناتی ناڕەزایی زیاتر هیچی پێناکرێ ، بەڵام ئێستا لەرێگەی جۆرەها فشاری یاسایی ودەستووری و لەرێگەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق و دادگاکانی نێودەوڵەتی هەوڵی فشاری خۆی دەدات بۆ سزادانو لاوازکردنی دەسەڵاتی پارتی لەهەرێمی کوردستان .
بە کورتی ئەم رووداوانەی ئێستا لەهەرێم روو ئەدەن و هەڕەشە لە قەوارەی هەرێم ئەکەن هۆکارە سەرەکیەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی تورکیای فاشیزمە کە بەرژەوەندییەکانیان گرێدراوی یەکترە .
ئێستا هەرێمی کوردستان ئەو شوێنە ئارامە نیە کە خەڵک بتوانن بە ئاسایی ژیان ببەن بەڕێوە ، چونکى لەهەر ئانوساتێکدا هەموو مرۆڤێکی نیشتمانپەروەرو دژ بە داگییرکاری تورکیا رووبەرووی هەڕەشەی لەناوبردن دەبن بە درۆنی تورکی و بە چاوساغی دەزگای ئەمنی پارتی دیموکراتی کوردستان( پاراستن ) کە پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ دەزگای موخابەراتی تورکیا ( میت ) هەیە و پێکەوە کار دەکەن بۆ لەناوبردنی هەر نەیارێکی تورکیای فاشیزم لەناو خاکی هەرێم .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست