کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەسەڵات و مامۆستا

Monday, 23/10/2023, 23:59


دەڵێن، ، یابانی وێرانەی دوای شەڕی دووەمی جیهان، مامۆستایان دروستیان کردەوە و بەمڕۆیان گەیاند
ئەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان ئەرکیان چییە؟
حکومەتی یابانی دوای جەنگ، هەموو گرنگی و تواناکاریەکانی وڵاتی خستە خزمەت و  بەردەم مامۆستا، مامۆستاش بەوپەڕی جددیەت و فیداکاری و زیرەکی، نەوەیەکی نوێ و لەشکرێکی لەبن نەهاتووی لە دکتۆر و زانا و داهێنەر و ئەندازیار و تەکنیکار و ... هتد پێگەیاند و بەمشێوەیەش یابانیان گەیاندە ترۆپکی پێشکەوتن و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کە نەخوێندەوار و مێشک بەتاڵن، بەهۆی نادڵسۆزیان بۆ وڵات و خۆپەرستی و ئەقلیەتە پاشکەوتووەکەیان، ئەوەی نرخ بێت بە توێژی مامۆستایان نادات و بەڵکو وەک دوژمنێک کار لەسەر سوکایەتی و بێ نرخکردنی توێژی مامۆستا دەکات.
هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان، توێژی مامۆستا وەک نەیار و مەترسی لەسەر دەسەڵاتی خۆیان دەبینن،  ئاخر هوشیاربوونەوەی خەڵک و پێگەیشتن و سەرکەوتوویی خوێندکاران بە نەمانی خۆیان دەزانن، چونکە ئەوە باش دەزانن کە ئەگەر جڤاک هوشیاربێتەوە ناتوانن برەو بە میلیشیا و حوکمە دەستپۆتیزمەکەیان بدەن.
چەند ساڵێکە مامۆستایان بژێوی ژیان و مووچەکانیان لەلایەن دەسەڵاتداران زەوت دەکرێت و  ژیانێکی کۆلەمەرگی بەسەردەبەن، ئەمەش بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر پڕۆسەی خوێندن و دەوامی قوتابخانەکان کردووە.
مامۆستا بەر شەق دەدرێت، مووچەی دەبڕێت، سووکایەتی پێدەکرێت،، کە داوای مافەکانی خۆیشیان دەکەن هەڕەشەیان لێدەکرێت و چاویان لێ سووردەکرێتەوە، بە تایبەتیش مامۆستایانی سنووری ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی پارتی تەواو لەژێر سەرکوتی ملیشیا چەکدارەکاندانە.
ڕێپێوانە ناڕەزایەتیەکەی ۲۲ی ئەم مانگە لە سلێمانی، قۆناخێکی نوێی خەباتی مەدەنییانەی مامۆستایانە کە هەڵوێستی دیموکراتیانەیان بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم نواند و بوون بە پێشەنگ بۆ چین و توێژە مافخوراوەکانی دیکەش تا لەمەودوا هەمان ڕێچکە بگرنەبەر.
ئەو حکومەتەی هەرێم ، تەنیا حکومەتی بنەماڵەکان و دارودەستەکانی خۆیانە، نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێم ناکات، تەنانەت ئاستەنگێکی مەترسیداریشە لەسەر ستاتۆی خودی هەرێم.
بژی خەباتی مامۆستایان لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەکانیان و هەوڵەکانیان بۆ پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو و ئاواکردنی کوردستانێکی ئازاد و ئاسوودە و پێشکەوتوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە