ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟!
Tuesday, 19/09/2023, 19:56
دوای ڕووخانی ڕژێمی فاشیزمی بەعسی ئێراقی، لەلایەنهاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بە رێبەرایەتی هەریەک لەوڵاتانی وەک "ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوی بەریتانیا".دواتر ئێرقێکی نوێ لە ژێر هەڵومەرجی هاوپەیمانان هاتەکایەوە وبەمەش دەرگە بەڕووی پرۆسەی دیموکراسی واڵا کرا و رەشنووسی دەستووری نوێی ئێراقیش لەژێر چاودێری و ڕەزامەندی هاوپەیمانان داڕێژرایەوەو بووە پەیماننامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی، کە خواستی بەشێکی زۆری پارت و لایەنە سیاسییەکانی لەسەرانسەری ئێراق لەخۆگرت. بە ئارمانجی ئەوەی پێکەوە ژیانی نێوان نەتەوە و ئایین و ئاینزا جیاوازەکان دەستەبەر بکات.کوردستانیش وەک هەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا بووەتە خاوەنی ستاتۆی خۆی. وەلێ ئەو هەرێمەی کە پێویست بوو نموونەیەکی بارزی ژیانی دیموکراسی و ئازادییەکان بێت، خەریکە رووبەرووی هەڵوەشانەوە دەبێت. تاکە هۆکاریش بۆ تێکچوونی هەرێم ئەوەیە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان تووڕیان لە یاسا و دەستووری وڵات داوە و بن پێیان خستووە، لە بری ئەوە بە یاسای خێل و مافیاکان مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان و نەیاری سیاسی وتەنانەت کەسێکیش دەکەن کە هەڵگری بیرو باوەڕی ئازادانە بێت!
لێرەدا چەند پرسیارێک گەڵاڵە دەبێت:
- خەڵکی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە "چاڵاکی و هەوڵدان وخواستێکی وای دەرنەبڕیوە کە ستاتۆی هەرێمەکەیان رەت بکەنەوە و داخوازی ئەوە بکەن شارەکانیان وەک هەر پارێزگایەکی دیکەی ئێراق ڕاستەوخۆ بە ناوەندەوە ببەسترێنەوە، بێگومان نەخێر.
- ئایا دەسەڵاتی هەرێم، پارتە سیاسیەکان، داوای هەڵوەشاندنەوەی ستاتۆی هەرێمی کوردستانیان کردووە؟ هەڵبەت نەخێر.
- ئایا جگە لە هەندێ دەنگی بێنرخ و حساب بۆ نەکراوی نێو دەسەڵاتی ناوەند، یان هەندێ دەنگی لێرە و لەوێی کەسەکان کە وەک نەبوو وایە، یان بەشێك لە پارتە سیاسیەکانی سوننە و شیعەکان کە لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ستاتیۆی هەرێمی کوردستانن، کە بەواتای هەڵوەشاندنەوەی دەستووری ئێراقیش دێت، بێگومانهەمدیس نەخێر.
- لەهەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خۆی ڕژێمی پێشووی ڕووخاند و ئێراقێکی نوێی خستە بەر دەستی ئەو سەرە بە نێو سیاسییانەی کە ئێستا حوکمی ئێراق و هەرێم دەکەن. ئایا بەوە ڕازی دەبێت دەستووری ئێراق لە فیدراڵیەوە بگۆڕدرێت بۆ ناوەندی؟! .
لەم سۆنگەیەوە ئەو مەترسی و هەڕەشانە چین لە سەر ستاتۆی هەرێم هەن؟
بە بۆچوونی من مەترسی هەرە گەورە لە سەر ستاتۆی هەرێمیکوردستان، خودی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان خۆیانن، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی دەسەڵات بەشێوەیەکی خراپ و نەبوونی پەیوەندیەکی دروستی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار چ لە ناوەخۆی هەرێم و چ لەسەر ئاستی دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی گەندەڵی وفەرهوودی و بە تاڵان بردنی داهات و سامانی ئەم هەرێمە گەیشتۆتە تڕۆپک، لەلایەکی دیکەوە پێشێلکاری یاسا و سزادانی رۆژنامەنووسان بە جیبەجێکردنی یاساکانی دارستان لەسەریان، کە هەموو ئەمانەش پێچەوانەن لەگەڵ سستەمی فیدراڵیدا.
لەم روانگەیەوە دەشێ بێژین سەرانی هەرێم خۆیان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەو هەرێمە، بانگەشەکردن و بڵاوکردنەوی دەنگۆی مەترسی لەسەر هەرێم لەلایەنی دەرەکییەوە تەنێ بۆ پەردەپۆش کردنی شکستی حوکمڕانیەکەیانە کە لە ٣٢ساڵێ رابردوودا پەیڕەویان کردووە.
نا نا نەخێر هەڕەشە لەسەر خۆتانە و خۆشتان هەڕەشەن لەسەر ستاتۆی هەرێم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست