ئاگادارکردنەوەیەک بۆ مامۆستایان

Saturday, 14/10/2023, 17:00


دەسەڵاتی کوردیی لەساڵی 1992 تا ئێستا بایکۆتی میللەتی کردووە و ..خەریکی پڕۆژە و مۆڵ و ڤێلا و تاوەرەکانی خۆیان و خێزانەکانیانە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا ..
ئێمەیش بەداخەوە ! لەجیاتی ئەو دەسەڵاتە بگۆڕین ، هەستاوین لاسایی ئەو ئەکەینەوە و .. قوتابخانە میللییەکان بایکۆت ئەکەین و خەریکی وانە ووتنەوەین لە قوتابخانە ئەهلییەکاندا کە مناڵی بەرپرس و دەست ڕۆیشتووەکانی تێدا دەخوێنن ..
بە ڕاستی دەسەڵات هیوایەتیی ئەم جۆرە سیستمی خوێندنەیه ، خوێندن بۆ مناڵی بەرپرس و دەوڵەمەندەکان و .. نەخوێندەوارییش بۆ مناڵی بێ لایەن و هەژارەکان ..
ئینجا لە هەموو دنیادا کاتێ کۆمەڵێک خەڵک مان دەگرن ، دوای چەند ڕۆژێک ئەگەر بزانن بایکۆتەکەیان کار ناکاتە سەر دەسەڵات ، بایکۆتەکە ئەگۆڕن بۆ جۆری تر کە کار بکاتە سەر دەسەڵات و ئاڕاستەکانی پێ بگۆڕێت ، کەچی لای خۆمان بایکۆتی مامۆستایان نەک هەر کاریگەریی نییە بۆ سەر دەسەڵات و بڕیارەکانی ، بگرە ختوکەی دەدات و گەز گەز باڵای پێ دەکات ، کەچی به داخەوە لەسەر هەمان بایکوت و هەمان ختوکەدانی دەسەڵات بەردەوامین .
کاتێ شارەکانی هێرۆشیما و ناگازاکی لە یابان دووچاری هێرشی چەکی ناوکیی بوونەوە ، پڕۆسەی خوێندن نەوەستا ..سەدام حسێن بە سەدام حسێنیی خۆیەوە لەو هەموو شەڕە وێرانکەرانەیدا ، نەیهێشت پڕۆسەی خوێندن ڕاوەستێت ، چونکە وەستاندنی پڕۆسەی خوێندن واتا گەڕانەوە بۆ چاخی بەردین و ژیانی ئەشکەوت ..
خۆ وەستاندنی پڕۆسەی خوێندنی هەژاران و .. بەردەوامیی پڕۆسەی خوێندنی کوڕە مەسئول و دەستڕۆشتووان ، ئەمەیان نەک هەر گەڕانەوەیە بۆ ئەشکەوت ، بەڵکو تۆخکردنەوەی پڕۆسەی ڕەگەزپەرستیی و چینایەتییشە ..
من دڵنیام مامۆستایان  لە بایکۆتەکەیاندا مەبەستیان لە زەبرگەیاندنە بە دەسەڵات نەک قوتابی هەژار و نەدار ، بەڵام ڕاستییەکە بەوجۆرە کەوتۆتەوە ، بۆیە دەسەڵات خۆی لێ کردووە بە کەڕەی شەربەت و بە کەماڵی ئیسراحەتەوە چێژ لەو حاڵەتە ترسناکە وەردەگرێ کە تیایدا میللەت خۆی سزای خۆی ئەدات ..هەتا کوڕی هەژار و بێلایەنیش نەخوێندەوارتر بکرێت ، دەسەڵات بەهێزتر و ملئەستوورتر ئەبێ و .. سبەینێ خەڵکێکی زیاتری دەستئەکەوێ بیانکا بە چەکدار و بۆ مەرامەکانی خۆی بەکاریان بێنێ ..
هیوادارم مامۆستایان ئەو ڕاستییە تاڵ و تفتە بزانن ..بڕۆن قوتابخانەکان بکەنەوە و .. لە دوای وانەکان ، ناوەڕاستی شارەکان و ڕێگا سەرەکییەکان بتەنن و خۆپیشاندان بکەن ..

( وێنەکە پۆلێکی خوێندنە لە شاری هێرۆشیما  دوای ئەوەی بە چەکی ناوکیی وێران کرا) 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help