فەوزایەك لەدەستەی وەبەرهێنان، لەژیرباڵی د.نوری عوسمان.
Friday, 02/04/2010, 12:00
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست فشار كەوتوون دكتۆر نوری عوسمان سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی تایبەت و نهێنی داوا لە هێرش موحەرەم سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەكات مۆڵەتی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بە چەند كۆمپانیا و سەرمایەدارێك بدات.
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست فشار كەوتوون دكتۆر نوری عوسمان سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی تایبەت و نهێنی داوا لە هێرش موحەرەم سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەكات مۆڵەتی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بە چەند كۆمپانیا و سەرمایەدارێك بدات.
بە گوێرەی نووسراوێكی تایبەت بە ژمارە (2578) لە رێككەوتی (6/9/2009) دا كە وێنەیەكی دەست گۆڤاری "فشار" كەوتووە و ئیمزای دكتۆر نوری عوسمان سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و مۆری (خامەی نهێنی) سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بەسەرەوەیە و ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان كراوە. سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران داوای جێبەجێكردنی كاری پێویست لە دەستەی وەبەرهێنان دەكات بۆ مۆڵەتپێدانی كۆمپانیای (الچفە شرقیە والغربیە لخدمات البنوك) بە مەبەستی دروستكردنی (10,000) یەكەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای هەولێردا.
لەسەر نووسراوەكەشدا هێرش موحەرەم سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە خەتی خۆی نووسیەتی (لەبەردەست هەڵبگیرێت) بەو مانایەی كە نووسراوەكە بە نهێنی بهێڵدرێتەوە و لە لایەكی دیكەی نووسراوەكەشدا هێرش موحەرەم هەر بە خەتی خۆی نووسیەتی (نەورۆزخان تكایە كاری پێویست بكرێت لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆكی حكومەت بنێردرێت بۆ وەزارەتی شارەوانی). ئەو (نەورۆزخان)ەی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان تكای لێدەكات، بەڕێوەبەری كارگێڕی و یاسایی دەستەی وەبەرهێنانە. بەپێی ئەو كورتە نووسینە بێت كە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و یاسایی دەستەی وەبەرهێنانی كردووە، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان نووسراوەكەی دكتۆر نوری عوسمانی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە "فەرمان" دەزانێت، لەپاڵ ئەوەشدا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان "فەرمان"ەكەی دكتۆر نوری عوسمان بە فەرمانی دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران حیساب دەكات، لەبەرئەوە نووسیویەتی (لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆكی حكومەت). لەكاتێكدا نووسراوەكە لەلایەن سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان كراوە و لە ناوەڕۆكی نووسراوەكەشدا كەم تا زۆر ئاماژە بەوە نەكراوە كە ئەو نووسراوە لەلایەن دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتەوە رەوانەی دەستەی وەبەرهێنان كرا بێت.
فەرمانەكەی دكتۆر نوری عوسمان سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەسەر دەستەی وەبەرهێنانەوە لەكاتێكدایە كە دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا خۆی دەبێت بڕیار لەسەر مۆڵەتپێدانی پرۆژە وەبەرهێنەكان بدات نەك لەلایەنێكی دیكەوە فەرمانی بەسەردا بكرێت و بەبێ توێژینەوە و قسە لەسەركردنیش پەسەند بكرێت و بڕیاری لەسەر وەربگیرێت.
جێبەجێكردنی كارەكانی پرۆژەكەی ئەو كۆمپانیایە بەو خێراییە و تێپەڕاندنی بە ماوەیەكی كورت لە دەستەی وەبەرهێناندا لەكاتێكدایە كە "فشار" زانیاری هەیە چەندین كۆمپانیا زیاتر لە ساڵێك دەبێت كارەكانی لە دەستەی وەبەرهێنان تەواو ناكرێت و ئەمڕۆ و سبەی پێدەكرێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوەی لەلایەن دكتۆر نوری عوسمانەوە بێت پێویستی بەو گێڕانەوە و رەت كردنەوە یان بەدواداچوون نییە و راستەوخۆ فەرمانی جێبەجێكردنی پێوەردەگیرێت، بەڵام ئەو داواكارییانەی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەشێوەیەكی یاسایی دەخرێنە بەردەست دەستەی وەبەرهێنان سستییان تێدا دەكرێت و مۆڵەتپێدانیان دوادەخرێت.
فشار زانیاری تەواوی هەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو پرۆژەیەی كۆمپانیای (الچفە شرقیە والغربیە لخدمات البنوك) كە لەلایەن سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان كراوە، لەماوەیەكی كورتدا كارەكانی مۆڵەتپێدانی تەواوكراون.
لە نووسراوێكی دیكەدا كە ئیمزای (كامەران رەقیب) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی بەڕێكردن و هەڵسەنگاندن و مۆڵەتپێدانی بەسەرەوەیەو لە رێككەوتی (29/12) ناوبراو داوا لە ئەندازیارێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەی دەكات بەناوی (سامان) مۆڵەت بۆ ئەو پرۆژەیە ئامادە بكات.
ئەو مۆڵەتەی كە (سامان فوئاد ئەسوەد) وەك ئەندازیارێكی دەستەی وەبەرهێنان لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی هەڵسەنگاندن و مۆڵەت ئامادەی كردووە، پێكهاتووە لە فۆرمی هەڵسەنگاندنی كۆتایی بۆ پرۆژەكەی كۆمپانیای (الچفە شرقیە والغربیە لخدمات البنوك)، كە رێككەوتی (29/12/2009)ی بەسەرەوەیە. لەخوارەوەی نووسراوەكەشدا لە رۆژی (30/12/2009)دا واتە یەك رۆژ پاش ئەوەی فۆرمەكە ئامادە كراوە، هەر یەك لە بەڕێوەبەری گشتی هەڵسەنگاندن و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئیمزایان لەسەر كردووە و رەزامەندییان لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەكە نیشانداوە.
"فشار" لە بەدواداچوونی ئەو بابەتەدا پەیوەندی كرد بە چەند ئەندازیارێكی شارەزاوە و لەلایەن ئەندازیارەكانەوە هەڵسەنگاندنێكی ورد بۆ پرۆژە مۆڵەتپێدراوەكەی دەستەی وەبەرهێنان كرا و تێیدا دەركەوت كە ئەو پرۆژەیەی لەلایەن كۆمپانیاكەوە ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان كراوە كە (10) هەزار یەكەی نیشتەجێبوون و چەندین سەنتەری وەرزشی و بازرگانی و كارگێڕی و بنكەی تەندروستی و مۆتێڵ و هۆتێلی پێنج ئەستێرە و .... هتد لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەو رووبەرە زەوییەدا یەكناگرێتەوە كە لەلایەن دەستەوە بۆی دیاریكراوە.
چونكە بەپێی فۆرمی كۆتایی هەڵسەنگاندنی پرۆژەكە لە دەستەی وەبەرهێنان كە سەرۆكی دەستە و ئەندازیارێك و بەڕێوەبەری گشتی مۆڵەت و هەڵسەنگاندن ئیمزایان لەسەر كردووە، تەنها رووبەری (1560) دۆنم زەوی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە تەرخانكراوە. لەكاتێكدا لە هەڵسەنگاندنێكی ورد و دەقیقی ئەو ئەندازیارانەی كە "فشار" پرۆژەكەی خستووەتە بەردەستیان دەركەوتووە كە پرۆژەیەكی لەو شێوەیە پێویستی بە رووبەری نزیكەی (4280) دۆنم زەوی دەبێت.
ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی وەهمی نییە، بەو پێكهاتەی كە لە فۆرمی هەڵسەنگاندنی كۆتایی پرۆژەكەدا هاتووە چۆن لەسەر رووبەرێكی زۆر كەمتر لەوەی پێویستیەتی جێبەجێدەكرێت؟
"فشار" بۆ دڵنیایی زیاتر كۆی یەكەكانی پرۆژەكە دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی خوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەكان بتوانن خۆیان حیسابی رووبەری یەكەكان بكەن و لێكدانەوەی بۆ بكەن.
یەكەكانی پرۆژەكە كە لەسەر هەمان نووسراوی فۆرمی هەڵسەنگاندنی كۆتایی ئاماژەیان بۆ كراوە پێكهاتوون لە (10,000) خانوو كە (6000) لە خانووەكان لەسەر رووبەری (200) مەتر دوجا و (500) خانوو لەسەر رووبەری (2500) مەتر دوجا و (1000) خانوو لەسەر رووبەری (1000) مەتر دوجا و (1500) خانوو لەسەر رووبەری (800) مەتر دوجا و (1000) خانوو لەسەر رووبەری (700) مەتر دوجا. لەگەڵ دروستكردنی سەنتەری بازرگانی، وەرزشی، كارگێڕی، بنكەی تەندروستی، بنكەی پۆلیس، شاری یاری، هۆتێلی پێنج ئەستێرە، مۆتێل، قوتابخانە، نەخۆشخانەی (600) قەرەوێڵەیی، یاریگا، شوێنی خزمەتگوزاری لەگەڵ پێنج مزگەوت.
بەپێی هەڵسەنگاندنی "فشار" دەركەوتووە كە هەڵەیەكی زۆر لە هەڵسەنگاندنی كۆتایی پرۆژەكە هەیە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە، تەنانەت لە دیاریكردن و دەستنیشانكردنی ئەو كەرتانەش كە پرۆژەكەی لەسەر ئەنجام دەدرێت، ناوچەكان چەندین كیلۆمەتر لەیەكترەوە دوورن، بۆ نمونە كۆی ئەو كەرتانەی دیاریكراون بۆ ئەوەی پرۆژەكەیان لەسەر جێبەجێبكرێت، كەوتوونەتە بەحركە و دارەتوو و كونەگورك، یەكێكیش لە كەرتەكان كە كەرتی (81)ەی گردەسۆرە، بە هیچ شێوەیەك لە نەخشەی زەوی ئەو ناوچەیەدا نییە، چونكە هەموو ئەو كەرتانە كەوتوونەتە ناحیەی دارەتووەوە، بەڵام گردەسۆر گوندێكە لە سنووری ناحیەی قوشتەپەی سەر رێگای نێوان هەولێر-كەركوك.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست