کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فشار گه‌نده‌ڵییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بڵاو ده‌كاته‌وه‌

Monday, 22/11/2010, 12:00


به‌پێی چه‌ند دیكۆمێنتێك كه‌ له‌به‌رده‌ستی فشاردایه‌، وه‌زیری پێشووی شاره‌وانی له‌ئیداره‌ی سلێمانی كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی ده‌داته‌ 16 به‌رپرسی حیزبه‌كه‌ی‌و تائێستا ئه‌و به‌رپرسانه‌ش پاره‌ی ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌حكومه‌ت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ فاتیح عه‌بدوڵا عه‌باس وه‌زیری پێشووی شاره‌وانی ئیداره‌ی سلێمانی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌پۆسته‌كه‌یدا نه‌ماوه‌و ئه‌و به‌رپرسانه‌شی كه‌ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌یان پێدراوه‌ تائێستا پاره‌كه‌یان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت‌و به‌هۆی ئه‌و كاره‌ی وه‌زیری پێشووشه‌وه‌، چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌شاره‌كه‌دا په‌كیان كه‌وتووه‌و تائێستاش جێ به‌جێ نه‌كراون.
به‌گوێره‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمی كه‌ ده‌ست فشار كه‌وتووه‌، چه‌ندین به‌رپرسی ئیداری‌و یاسایی كه‌ په‌رله‌مانتاریشیان له‌ناودایه‌، كه‌ره‌سته‌ی بیناسازیان له‌گه‌نجینه‌ی ڕاپه‌ڕین وه‌رگرتووه‌و تائێستاش پاره‌ی ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌یان نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، ئه‌و به‌رپرسه‌ حیزبی‌و حكومیانه‌ ژماره‌یان 16كه‌سه‌‌و له‌لیسته‌كه‌ی به‌رده‌ستی فشاردا به‌ناوی(نه‌ژاد ره‌فعه‌ت تاهیر) ده‌ست پێده‌كات‌و به‌(هه‌مزه‌ علی) كۆتایی پێدێت‌و سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن (فاتح عه‌بدوڵا عه‌باس) وه‌زیری پێشووی شاره‌وانی ئیداره‌ی سلێمانی ڕه‌زامه‌ندی پێدانی ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌یان پێدراوه‌‌و به‌پێی ڕێنماییه‌كان‌و قسه‌ی یاساناسانیش، ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی نایاسایی بوونه‌وه‌، به‌پێی یاسای شاره‌وانییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و یاساناسانه‌ی كه‌ قسه‌یان بۆ فشار كردووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌وه‌زیری شاره‌وانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نیه‌ كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی بداته‌ هیچ كه‌سێك.
گه‌نجینه‌ی ڕاپه‌ڕین سه‌ر به‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ئاوه‌و ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه‌تێیدا هه‌ڵده‌گیرێت موڵكی ده‌وڵه‌ته‌و بۆمه‌به‌ستی پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت به‌كارده‌هێنرێت به‌تایبه‌ت پڕۆژه‌كانی ئاو، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌زیری پێشووی شاره‌وانی ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی نه‌خستووه‌ته‌ بواری خزمه‌تگوزاری گشتییه‌وه‌و داویه‌تی به‌به‌رپرسانی حیزبه‌كه‌ی، چه‌ندین پڕۆژه‌ی ئاو له‌شاری سلێمانی په‌كیان ده‌كه‌وێت‌و به‌پێی زانیلرییه‌كانی به‌رده‌ستی فشاریش، هۆكاری ئه‌و په‌ك كه‌وتنه‌ نه‌بوونی شیش‌و بۆری بووه‌ كه‌ وه‌زیر داویه‌تی به‌و به‌رپرسانه‌.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌رده‌ستی فشار، سه‌رۆكایه‌تی دیوانی چاودێری دارایی له‌سلێمانی به‌نوسراوی ژماره‌(342) له‌به‌رواری (9/11/2005) داوای لێكۆلینه‌وه‌ی كردووه‌ له‌وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، شاره‌وانیش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ به‌نوسراوی ژماره‌(20609) له‌ 20/11/2005 لیژنه‌یه‌كی سێ كه‌سیان پێكهێناوه‌ به‌ناوه‌كانی(گێلاس سعید به‌سیفه‌تی سه‌رۆكی لیژنه‌و هه‌ریه‌ك له‌"زاهیر مسته‌فاحمه‌ و شاراحسێن" ئه‌ندام له‌لیژنه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاری نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ ڕوون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی (76800) دۆلاره‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ نرخی یه‌ك تۆن شیش له‌و كاته‌دا به‌(800) دۆلاری ئه‌مریكی دیاری كراوه‌‌و بڕی پاره‌ی ئه‌و شیشه‌ش كه‌ له‌گه‌نجینه‌ی ڕاپه‌ڕین براوه‌، ده‌خه‌مڵێت به‌ (96)تۆن‌و تائێستا یه‌ك دۆلاری ئه‌و پاره‌یه‌ش نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم‌و به‌پێی دیكۆمێنته‌كانی به‌رده‌ستی فشاریش، دیوانی چاودێری دارایی دۆسییه‌كه‌ی داخستووه‌.
عبدول سه‌لام حارس، یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌نجینه‌ی ڕاپه‌رین، له‌لێدوانێكیدا بۆ فشار ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ی پشت ڕاست كرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ساڵی 2004دا چه‌نده‌ها تۆن شیش‌و كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی له‌م گه‌نجینه‌یه‌دا هه‌بوو، به‌ڵام وه‌زیری شاره‌وانی پێشوو دابه‌شی كرد به‌سه‌ر چه‌ند كه‌سێكی سیاسیدا"له‌و كاته‌شه‌وه‌ چه‌ندان پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری په‌كخراوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ شیش نه‌بووه‌ ئیشی تێدا بكرێت، جا ناشزانین، ئایا یاسا ئه‌و مافه‌ده‌دات به‌وه‌زیر كه‌ كه‌ره‌سته‌كانی دائیره‌ی حكومه‌ت ببه‌خشێت به‌خه‌ڵك؟".
حه‌مه‌ سه‌عید حه‌مه‌ عه‌لی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و هاوچه‌رخكردنی لادێ په‌رله‌مان سه‌رسوڕمانی خۆی له‌و زانیارییانه‌ نیشاندا‌و ڕایگه‌یاند"ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ بیبیستم، وه‌پێشی ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌‌و ده‌بێت په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر هه‌بێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داواده‌كات كه‌ لیژنه‌ی چاودێری دارایی به‌دوواداچوون بكات‌و لێی بپێچیچته‌وه‌"ده‌بێت لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ لێپێجینه‌وه‌ بكات‌و ئه‌و پارانه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، نابێت دیوانی چاودێری بێده‌نگ بێت، ده‌بێت هه‌موو به‌ڵگه‌و دیكۆمێنته‌كان بگه‌یه‌نێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش ته‌سلیمی ئێمه‌ی بكات تائێمه‌ش لێیان بپرسینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شیان نه‌كرد ئه‌وه‌ هه‌رله‌رێگه‌ی گۆڤاری فشاره‌وه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌‌و دیكۆمێنتانه‌ی كه‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌، ده‌توانرێت لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌پاره‌كه‌ی براوه‌، ته‌سلیمی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی بكات‌و له‌وێشه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر بكات".
ناوی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌له‌به‌ڵگه‌نامه‌كاندا هاتووه‌ كه‌ له‌گه‌نجینه‌ی ڕاپه‌رین كه‌ره‌سته‌ی بیناسازیان وه‌رگرتووه‌.
1ـنه‌ژاد ره‌فعه‌ت " به‌رێوه‌به‌ری گشتی ئاو له‌سلێمانی (4ته‌ن شیشی 12ملم و 16ملمی) وه‌رگرتوه‌ به‌ژماره‌ (1760) له‌به‌رواری (24ـ5ـ2004).
2ـ قاردخه‌بات"، پێشمه‌رگه‌ی دێرن (13ته‌ن شیشی 12ملیمی) وه‌رگرتوه‌ به‌سێ جار، به‌م شێوه‌یه‌، جار یه‌كه‌م به‌ژماره‌ (9927) له‌به‌رواری (18ـ9ـ2004) جاری دوه‌م به‌ژماره‌ (37146) له‌به‌رواری (18ـ10ـ2004) جارسێهه‌م به‌ژماره‌ (605738) له‌به‌رواری (9ـ5ـ2005).
3ـ مزگه‌وتی كانی سپیكه‌" كه‌له‌لایه‌ن شاڵاومحمد، ئه‌فسه‌ر به‌په‌له‌ی نه‌قیب، كه‌(6ته‌ن شیشی 12ملیمی) وه‌رگرتوه‌ به‌ژماره‌(471506) له‌به‌رواری (18ـ12ـ2004).
4ـ به‌كر مسته‌فا" كه‌سایه‌تی سیاسی و به‌پرسی مه‌ڵبه‌ندی سێی یه‌كێتی له‌هه‌ولێر، به‌سیفه‌تی پارێزگاری هه‌ولێر (10ته‌ن شیشی 12ملیمی) وه‌رگرتوه‌ به‌دوجار به‌م شێوه‌یه‌، جاری یه‌كه‌م به‌ژماره‌ (471541) له‌به‌رواری (8ـ2ـ2005). جاری دووه‌م به‌ژماره‌ (605778) له‌به‌رواری (20ـ4ـ2004).
5ـ به‌ختیار فه‌ره‌ج حه‌سه‌ن" به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌وه‌زاره‌تی دارایی/ئیداره‌ی سلێمانی كه‌ (4ته‌ن شیشی 12ملیمی) وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌ 605726) له‌به‌رواری (20ـ4ـ2005).
6ـسالار اسماعیل" به‌رێوه‌به‌ری گشتی كارگێری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی/ئیداره‌ی سلیمانی، كه‌(5 ته‌ن شیشی 12ملیمی)وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌(605761) له‌به‌رواری (16ـ6ـ2005).
7ـ مه‌ڵبه‌ندی (3) هه‌ولێر یه‌كێتی (4ته‌ن شیشی12ملیمی) وه‌رگرتوه‌،به‌ژماره‌(60577) له‌به‌رواری (27ـ6ـ2005).
8ـ به‌رزان علی مراد" فه‌رمانبه‌ر له‌شاره‌وانی راپه‌ڕین (4ته‌ن شیشی 12ملیمی) وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌ (605775) له‌به‌رواری (20ـ7ـ2005).
9ـ به‌كرفتاح حسێن" ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستان خولی رابردو(19,9ته‌ن شیشی 12ملیمی)وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌(605791) له‌به‌رواری (21ـ7ـ2005).
10ـ عومه‌ر محمد ئه‌مین" سه‌رۆكی شاره‌وانی ته‌كیه‌ (4ته‌ن شیشی 12ملیمی) وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌ (605818) له‌به‌رواری (21ـ7ـ2005).
11ـ قاسم علی حسێن" پێشمه‌رگه‌ (4 ته‌ن شیشی 12ملیمی) وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌ (605826) له‌به‌رواری (11ـ8ـ2005).
12ـ ئیبراهیم احمد محمد" سه‌رۆكی شاره‌وانی ئاخجه‌له‌ر (4 ته‌ن شیشی 12ملیمی) وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌ (605827) له‌به‌رواری (11ـ8ـ2005).
13ـ محێدین عمرمحمد" سه‌رۆكی شاره‌وانی چه‌مچه‌ماڵ (6 ته‌ن شیشی 12 ملیمی) وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌ (605828) له‌به‌رواری (18ـ8ـ2005).
14ـ رئووف محمد فتاح" سه‌رۆكی شاره‌وانی بازیان (4 ته‌ن شیشی 12 ملیمی)وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌(605838) له‌ به‌رواری (14ـ8ـ2005).
15ـ عه‌بدول ئیسماعیل"به‌رێوه‌به‌ری ژمێریاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی (5 ته‌ن شیشی12ملیمی) وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌ (605845) له‌به‌رواری (25ـ8ـ2005).
16ـمه‌زهه‌ر علی" ئه‌ندام په‌رله‌مانی خولی پێشو(85 بۆری 3ئیج مخلون) وه‌رگرتوه‌، به‌ژماره‌ (605760) له‌ به‌رواری (16ـ6ـ2005).


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە