حیجاب یان نیقاب یان سەرپۆش
Saturday, 24/06/2023, 10:38
پێمان خۆش بێت یا ناخۆش شتێكی بەدیهییە ئێمە ئەمڕۆ لە دونیایەكدا دەژین كەمتر گوێ بۆ ئەوە دەگرین واجباتمان چییە، خوا چی ئەوێ لێمان، زیاتر لەدووی ئەوە وێڵین مافەكانمان چین و خوا چیمان بۆ دەكات. تەنانەت هێما و مۆتۆی گەورەترین و گرنگترین كۆمەڵەی ئیسلامی وەك كۆمەڵەی برایانی موسوڵمان لەدەوری ئەم باسە دەسوڕێتەوە "الاسلام هو الحل" ئیسلام چارەسەرە بۆ كێشەكانمان، داوای مافی لێدەكا، حەلی كێشەكانی بكات پێش واجباتەكان.
ئەم دۆخە لای یەكەمین وفەندەمێنتاڵترین گروپ بەم جۆرە ڕەنگی دابێتەوە، چی دەڵێت لەسەر كۆمەڵە و گروپەكانی دیكە؟
دونیای ئەمڕۆ دونیایەكە كەمتر گوێ بۆ واجبات دەگرێت، جا نەخوازەڵا ئەو واجباتە وەك تەكلیف و تەكەلوفیش بدرێت بە گوێی خەڵكدا و مەقاسیدی شەریعەتی ئەو ئەركانە لەبەرچاو نەگیردرێت تێیاندا، داخۆ دەبێت چ گۆڕانكارییەكی فەردی و ناوەكی لە كۆمەڵێ ئەوامیر و نەواهی قورسی پشتنەبەستوو بە مەقاسیدی شەریعەت و جیهانبینی فراوان چاوەڕوان بكرێت!
لەڕاستیدا ئەركسەنتەریی و بەجێهێنانی بێ چەندووچۆنی واجبات سەر بەدونیاكەی ئێستامان نییە، مافەكان ئەمڕۆ ڕاوایەتی زیاتر بەخۆیان دەدەن و چاوەكانیش هەر لەسەر ئەوانن نەوەك واجبات. ڕیچارد ڕورتی دەیگوت خوا لەسەدەكانی ناوەڕاستدا دەیتوانی بەو جۆرەی پیاوانی ئاینیی دەیانەوێت خوایەتی بكات، ئەمڕۆ ئیدی خوا لەو جۆرە لە خوایەتی كەوتووە كە پیاوانی ئاینیی دەیانەوێت فەرمان بـكات و ئەمان سێبەری بن و ئێمەش بەگوێیان بكەین و جێبەجێی بكەین.
ئەم قسەیەی ریچارد ڕورتی زۆر دەقیق و بەجێیە بۆ ئەو دۆخەی ئەمڕۆ لە ئاسیادا و لای ئاخوندەكانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزیم وەهابی و جیهادی دەگوزەرێت. پیاوانی ئاینی ئێمە ئەمڕۆ بەجۆرێك دواكەوتوون لە زەمەنەكەی خۆیان كە ئەوسەری تونێلەكەیان لێوە دیار نییە. ئەوەی بەدەستیانەوە ماوە كۆمەڵێك دنەدانی عاتیفییە، نەوەك هەدەفی ڕۆحانی و مەعریفی و عەقڵانی لەپشت ئەوە بكەو مەكە زۆرانەی كە خەڵكی پێ بۆمباران دەكەن. تۆفانێك وا دێت هەموو شتێك لەگەڵ خۆی ڕادەماڵێت و لەشوێنیشیان شتگەلێكی نوێ دادەنێت، ئەوان تازە بەتازە دێن باس لە تەكلیفی شەرعی بەمانا تەنكەكەی دەكەن و دەیانەوێت هەرچەندە تەكەلوفیش بێت خەڵك هەر بە گوێیان بكات، ناتوانن لەوە بگەن دونیاكە لە دونیای واجباتەوە گۆڕاوە بۆ دونیای مافەكان.
ئەوەندەی باس لەوە دەكەن سەرفیترە بە پارە دەبێت یان بە خۆراك ئەوەندە باس لە لەززەتی ئەو فەزیلەت و ئەركە ئەخلاقییە ناكەن كە كەسی سەرفیترەدەر دەستیدەكەوێت لە بەخشینیدا، ئەوەندە باسی ئەو یاسا ئەخلاقییە گرنگەی بەخشین ناكەن كە پێی وایە دەبێت لەوە ببەخشێت كە دڵخوازتە و دڵت پێوەی نووساوە "لن تنالوا البر حتی تنفقوا مما تحبون" ئەمە ئەخلاقییترین گەورەترین یاسایەكە كە پێغەمبەر د.خ دەیویست لە ناخی هەموو موسوڵمانێكدا بیچێنێت. گەورەترین فەیلەسوفی ئەخلاقی وەك ئیمانوێڵ كانت ناتوانێت سەرسامی خۆی بە فەلسەفەی پشت بەخشین دەرنەبڕێت لە ئیسلامدا كاتێك كەسێك تێیدا دەگاتە پلەیەك كە ئیساری هەبێت، نەوەك هەر لەوەی دڵخوازێتی دەبەخشێت، بەڵكو لەوەی پێویستی خۆشێتی دەگرێتەوە و دەبەخشێت "و يٷثرون علي انفسهم ولو كان به خصاصة".
ئەمڕۆ پیاوانی ئاینیی ناتوانن دەركی ئەو هێزە بكەن كە بەخشین لەسەر ڕۆح و ئەخلاق و دەروونی مرۆڤی چاوچنۆك و تەماحكاری ئەم سەدەیە جێیدەهێڵێت بەڵام دێن جەدەل لەسەر بەخشینی گەنم و مێوژ و پارە دەكەن. ڕوحی بەخشین و لەززەتی ئەخلاقیی بەخشین ونكراوە لەبەرامبەردا باسە ڕوكەشییەكانی وەك بەخشین بە گەنم و جۆ و مێوژ، بەخشین لە یارەوە گۆڕاوە بۆ بار لەسەر شانی موسوڵمانان. خۆی چەندە قورسە لەسەر دەروون ئەوەندەی دیكە قورس و نەكردەی دەكەن. ئەمە بۆ نوێژو ڕۆژو و هەموو فەرائیزەكانی دیكەش ڕاستە. دەپرسم ئەم جەدەلەی ئەمان و پرسیارەكانی بەنی ئیسرائیل لەسەر مەسەلەی مانگاكە جیاوازییان چییە؟
ئەم باسە بۆ پۆشینی سەرپۆش و حیجابی شەرعیش هەر ڕاستە. قاعیدەیەكی ئوسوڵی هەیە دەڵێت لەكاتی زۆرەملێ و تەنگ پێهەڵچنیندا دەتوانیت دواكاری تەرەفی بەرامبەر جێبەجێ بكەیت تەنانەت گەر داوای كوفر و شیركیشت لێبكەن كە گەورەترین پایەی دینە، وەك چیرۆكەكەی عەماری كوڕی یاسر، كاتێك ناوی خوداكانی ئەوانی هێنا لەژێر زەبردا، پێغەمبەر پێی گوت گەر ئەمجارەش وداریان كردیتەوە هەمان كار بكە، سەیر لەوەدایە ئەم قاعیدە ئوسوڵییە هەیە بۆ مەسەلەیكی گرنگی وەك كوفر، بەڵام پیاوانی ئاینی لەم جوگرافیایەی ئێمە دێنهەمان ئەم میتۆدەی زەبر و زەنگ بەكاردێنن بۆ جێبەجێكردنی قاعیدە شەرعییەكان. قاعیدەی شەرعی بەرئەنجامی ئیمانی ناوەكییە، میوەی ئیمانی دینییە، لەدەرەوە ناسەپێ بەڵكو لەناوەوڕا هەڵدەقوڵێت، یەكەمین داخوازی ئیمانیش ئازادیی و بوونی ئیختیارە، بەڵام تۆ كاتێك دێیت ئازادی زەوت دەكەیت و بەزۆر دەتەوێت قاعیدەكە كە حوكمی یاسایەكی وشكی هەیە بەبێ بوونی ئیمانەكە بچەسپێنیت، دبێت چاوەڕوانی دروستبوونی كۆمەڵگایەكی موخلیس و موئمییشت نەبێ، لەباشترین دۆخدا و گەر بەگوێشت بكەن مونافیق بەرهەم دێنێت، چونكە تۆ ئازادیت لە مەنگەنەی فیه داوە و ئیمانت تێدا تەنگەنەفەس كردووە.
بە دڵنیایی عیبادات دەبێت یار بن نەوەك بار، ئەوەشی عیبادەت لەبارەوە دەكاتە یار ئیمانە، ئەوەشی گارەنتی ئیمان دەكات ئازادی بێمەرج و بێ پێشمەرج و بێ پێشگریمانەیە. جێكەوت و لێكەوتەكانی ئازادی لەسەر ئیمان ڕاستەوانەیە.
وشەی تەكلیف زیاتر مانای بار دەدات نەوەك یار و هاودەم. عیبادەت گەر وەك بابەتێكی زانستی یا فیقهی لێی بڕوانین فیعلەن وشك و بێ لەزەتە و بارێكی قورسیشە لەسەر شان، دەبێتە تەكەلوفێكی ڕەق و ڕەكیك و بێمانا. بەڵام گەر وەك لەززەت و ویساڵ تەماشا بكرێن كە هەر واشە "میعراج یەكسانە بە نوێژی ئیماندار"، مەقسەدە پیرۆزەكەی پشتیان ببیندرێت ئەوا چەندە گران و قورس و نەكردەش بن لەسەر جەستە، مرۆڤ ناتوانێت لە پشكی جەستەی نەگرێتەوە بۆ پشكی ڕۆحی و ئەنجامیان نەدات.
ئیدی بەمجۆرە مەسەلەكانی حەڵاڵ و حەرام و بەرنامە و مینبەر و باسوخواسەكانی تەكلیف گەر بەیەكجارییش كۆتاییان نەیەت ئەوا ئەو قەڵەوییەی ئێستاشیان نامێنێت و كاڵ دەبنەوە، لەجێگای ئەوانە لەزەتی ڕۆحانی و سنگفراوانیی دەبنە جێگرەوەیان، ئیدی واجبات لەبری ئەوەی ببنە با دەبنە یار بۆ مرۆڤ. مەولانا جەلالەدینی بەڵخی وتی: زانستەكانی ئەهلی دڵ و دڵپەرەستان حەمباڵی خاوەنەكانیانن، دەبنە مەركەب و سواریی بۆیان، لەمەقامێك بۆ مەقامێكی دیكە دەیانگوازنەوە، زانستەكانی ئەهلی تەكلیف و جەستە و جەستەپەرەستان خاوەنەكانیان دەكەن بە حەمباڵ و باربەری خۆیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست