جۆرەکانی قەیرانی ئابوری
Saturday, 24/06/2023, 10:31
پێشەکی
جۆر و شێوازەی قەیرانەکان زۆرن کە رووبەرووی وڵات و سیستەمی سیاسی و سیستەمی بانکی و کەرتی ئابوری وڵات دەبێتەوە ، ئەگەر سەرنج بخەینە سەر قەیران ئەوا رووداوێکی لەناکاوە کە دووچاری یەکەکانی سیستەمی سیاسی دبێت یان رووبەرووی رێژخانەی ئابوری وڵات دەبێتەوە یان لاوازی دەکات یان لەناودەجێ ، دەتوانین قەیرانەکان بۆ دوو بەش پۆلێن بکەین:
یەکەم: ئەوانەی لە دەرەوەی توانای مرۆڤ روودەدەن لەلایەن هێزێکی سەرووتر وەک کاراساتە سروشتیەکان (لافاو ، بومالەرزە ، وشکەساڵی ، بورکان ، گەرمبوونی زەوەی )
دووەم : ئەوانەی مرۆڤ خۆی هۆکاریەتی بە تایبەت ( جەنگ و ململانێیەکان )
وە ئەو قەیرانەی لەم باسەدا دەیخینەروو باسکردنە لە قەیرانی ئابوری کە لە ئێستادا گرینگی خۆی هەیە، وەلەمێژوودا قەیرانی گەورەی ئابوری روویانداوە وەک دارمانی بۆرسەی ساڵی 1929 ، قەیرانی دارایی 2007 - 2008 لەم باسەدا تەنها باس لە جۆرەکانی قەیرانی ئابوری دەکەین .
خستنەرووی پرس؛ قەیرانی ئابوری
بریتییە لە دۆخێکی دژوار لەلایەن وڵاتێک یان کۆمەڵگایەک یان دەوڵەتێکەوە ئەزموون دەکرێت، لە ئەنجامی دەرکەوتنی دۆخێکی نائاسایی لە گەشەکردن و بەگەڕخستنی سیستمی دارایی و پێکهاتەکانی بە شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو، بەشێوەیەکی نەرێنی کار لە دۆخی ئابووری وڵات دەکات، ئەم قەیرانە ڕێڕەوی ئابووری لە خاڵێکی جێگیر و داراییەکی باشەوە دەگۆڕت بۆ دۆخێکی ناهاوسەنگی ئابووری و دارایی.
گرنگترین جۆرەکانی قەیرانی ئابووری:
- نەبوونی متمانە و دڵنیایی: ئەم قەیرانە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە کەرتی داراییەوە، نەبوونی متمانە لە دانەوەی قەرزی بانکی و دامەزراوە دارییەکانی تر.
- قەیرانی دارایی: هاوشێوەی متمانە داراییەکانە بەڵام بە شێوەیەکی فراوانتر، خاوەن هەژمارەکان و بانکەکان توانای پێدانی قەرزیان نابێت لە هەندێک دۆخدا قەیرانەکە بە تەنها لە کەرتی دارایی و بانکی ناوەستێت بەڵکوو بڵاودەبێتەوە بەسەر سەرجەم کەرتە ئابوورییەکانی وڵات و هەندێک جار ئەم قەیرانە دەبێتە قەیرانێکی جیهانی، لەماوەی ئەم قەیرانەدا نرخی هەبووەکان (الاصول) بەشێوەیەکی بەرچاو بەهاکەی دادەبەزێت بەم شێوە کۆمپانیاکان و کڕیارەکان ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە، دامەزراوە داراییەکانی دیکەش کێشەی کەمی پارەی نەختینەیان بۆ درووست دەبێت، هۆکارێکە بۆ درووست بوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی و بە تایبەت وەبەرهێنەران، ئەمەش وایان لێدەکات پەلەبکەن لە فرۆشتنی موڵک و بەرهەمەکانیان یان ڕاکێشانی پارەکانیان لە هەژمارە بانکییەکانیان ئەم کارەش لە ترسی زیاتر دابەزینی بەهای موڵکەکانیانە.
قەیرانی دارایی گشتی: کاتێک حکومەتەکان هەوڵی دانەوەی قەرزەکانیان دەدەن، یان دەیانەوێت قەرز بکەن بۆ ئەوەی کورتهێنان لە موازنەی گشتی وڵات ڕوونەدات وڵات ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری گەورە دەبێتەوە.
- قەیرانی دراو: قەیرانی دراو ڕوودەدات کاتێک نرخی دراو دابەزینێکی بەرچاو و خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، لەم کاتەدا وەبەرهێنەران ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ درووست دەبێت و دووردەکەونەوە لە بونیادنانی پرۆژە و خزمەتگوزاری.
- قەیرانی هەڵئاوسانی لە ڕادەبەدەر: وڵات دووچاری هەڵئاوسانێکی زۆر و داڕمانی بەهای دراو دەبێتەوە ئەمەشە دەبێتە هۆی درووست بوونی قەیران بەجۆێک مامەڵە ئاساییەکانی ڕۆژانە ئەستەم دەبن.
- بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوت: بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت دەبێتە هۆی پاشەکشەکردنی لایەنی ئابووری وڵات، دواتریش دەبێتە هۆی درووستبوونی هەڵئاوسان و پاشان دابەزینی تێکڕای بەرهەم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست