حکومەتی دوای هەڵبژاردن

Wednesday, 13/11/2024, 10:38


حکومەتێک گەر یەکێتی نیشتمانی بەشداری تێدا نەکات، ئەو حکومەتە ناتوانێت پێکهاتەیەک بێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمدا درێژکاتەوە، بەتایبەتی سلێمانی و هەڵەبجە، چونکە دەسەڵاتی یەکێتی بە هەر هاوسەنگیەک بێت لەبەرامبەر پارتیدا ڕایگرتووە، لەئەنجامدا وەها چڕبووەتەوە کە توانیویەتی تەواوی دامودەزگاکانی ناوچەی سەوز کۆنترۆڵ بکات. هەروەها هێزی تایبەتی خۆی لە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس دابینکردووە.
ئێستا هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەی چارەنووسێکی دیکەدایە، ئەویش پێکهێنانی حکومەتی نوێیە لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا کە بووە هۆی سەرکەوتنی بارزانی بەسەر ڕکابەری ڕاستەوخۆی خۆی، کە تاڵەبانیە، ئەمەش خوڵقێنەری پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بۆیە نازانرێت سەقامگیری هەرێم چۆن دابین دەکرێت.
دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن نەک هەر نائومێدی بۆ بافڵ و یەکێتی هێنایە ئاراوە، بەڵکو نائومێدی بۆ هاوپەیمانیە عێراقیەکانی و تەنانەت بۆ ئێرانیش دروستکرد، کە هیوایان ئەوە بوو لەو ڕێگەیەوە نفوزی خۆیان بۆ تەواوی هەرێم درێژ کەنەوە و پاشەکشەیەکی تر بە بارزانی بکەن.
ئەو هێزە عێراقیانەی هاوپەیمانی ئێرانن، کە بەهیوای ئەوە بوون هاوسەنگیە سیاسیەکانی هەرێم بە قازانجی یەکێتی، لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بگۆڕن، بەڵام سەرکەوتوو نەبون، بۆیە ڕەنگە دوای شکستی هەوڵەکەیان، بەنیازی ئاڵۆزکردنی پێکهێنانی حکومەت بن لە هەرێم، تا ڕێگری بکەن کەجارێکی تر پارتی لە دەسەڵاتدا جێگیر نەبێتەوە.
ئەم گۆڕانکاریە جۆراوجۆرانەی کە لەلایەن یەکێتیەکەی تاڵەبانیەوە داواکرابوو، هیوای دەخواست هاوکاربێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی هەڵبژاردنێکی جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بۆئەوەی بتوانێت ڕەوتی حوکمڕانی بگۆڕێت، بەو دروشمەی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەرزیدەکردەوە.
سەختی پرۆسەکەش لەوەدایە کە بەشداری هەردوو پارتی و یەکێتی لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، ناچاریەکی دۆخی سیاسی هەرێمە، ئەمەش چۆن ساغ دەبێتەوە ئاکامەکەی لە ئێستادا ڕۆشناییەک نیشان نادات. 
بازنەی سیاسی عێراق بەگشتی ترسی ئەوەیان هەیە کە تاڵەبانی و یەکێتی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی دوای ئەم هەڵبژاردنە بەجۆرێک لە هەرێم ئاڵۆزتر بکات، بەوەی کە ئیمتیازاتێک زیاتر لە قەبارەی خۆی داوابکات، بە بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریەکانی و خستنەڕووی مەرجی مەحاڵ بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا. بۆیە پێشبینی دەکرێت پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ماوەیەکی زۆر بخایەنێت و ڕەنگە دۆخێکی نوێ بسەپێنێت.
تۆنی نێوان پارتی و یەکێتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر تیژ بوو، ئەگەر ئەم دۆخە هەروا بمێنێتەوە، کە تائێستا ئەوەی پێوە دیارە، وەک ڕەتکردنەوەی "هەژماری من" و قسەکردن لەسەر ڕێگەنەدان بە حکومەتی تاکڕەو...، ئەوە مانای ئەوەیە کە پارتی دەبێت لەجیاتی یەکێتی بەدوای هێزی دیکەدا بگەڕێت کە هاوپەیمانی لەگەڵدا بکات.! ئەمەش دۆخێکی تەواو نالەبار دەخولقێنێت.
واتە ئەگەر ئەمە ڕووبدات، مەترسی دیکە سەرهەڵدەدەن کە بۆشایی نێوان سلێمانی و هەولێر فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی درز و شکاندنی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم، دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی حکومەتی عێراقی  لە ئاستی ناوچەکەو تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا.
مەسعوود بارزانی، دوای دەرەنجامە سەرەتاییەکان وەک سەرکەوتوویەک لە هەڵبژاردنەکاندا، پابەندبونی خۆیان بە پێشخستنی گوتارێکی میانڕەوانە، لەکرانەوەی بۆ هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ هێزە سیاسیە جیاوازەکانی هەرێم بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاند، بەڵام هاوکات تاڵەبانی تائێستا ناڕونی هەڵوێستی خۆیانی پاراستوە و قسەیەکیان لەسەر هەڵوێستەکەی بارزانی نەکردوە، بەردەوامن لە بەرەوپێشبردنی هاژوهوژی سەرکەوتنەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کورسیەکانیان پێچەوانەکەی نیشان دەدەن
لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمان، ٣٩ کورسی بارزانی، ٢٣ کورسی تاڵەبانی، بەرزبوونەوەی بزووتنەوەی نەوەی نوێ بۆ پلەی سێیەم بە ١٥ کورسی، باقی کورسیەکان بەسەر لایەنەکانی تردا دابەشکران، هەروەها یەکێک لە دیاردەی سەرسوڕهێنەری ئەم هەڵبژاردنە لەدەستدانی کورسیەکانی بزووتنەوەی گۆڕانە کە چاوەڕوانکراو بوو، ئەمەیە کە پێشوەختە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی خستە ناو شێوازێکی تر لە گێژاوی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، چونکە هیچ گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە ئاسۆی دۆخی سیاسی هەرێمدا نیشان نەدا، یەکەم: بەپێچەوانەی ئەو بانگەشانەی کە ئۆپۆزیسیۆن دەیان کرد بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن پێچەوانەکەی نیشاندا. دووەم: بەوپێیەی بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو لایەنی سەرەکی زۆرینەیان بەدەست نەهێنا، تا لایەنێکیان بتوانێ حکومەت پێکبهێنێت، مەگەر پێکهێنانی حکومەت دوبارە بە ڕێکەوتنی نێوانیان یان لەنێوان یەکێکیان و لایەنە سیاسیەکانی دیکەدا ڕێکخەنەوە! بەوپێیەی بارزانی جگە لە هاوپەیمانی لەگەڵ تاڵەبانی هیچ بەدیلێکی نییە، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو قورس و ئاڵۆز دەبێت و کاتێکی زۆری دەوێت.
هەڵبەتە ئەو لایەنە بچووکانەش ڕۆڵی گەورەیان نابێت لە پێکهێنانی حکومەتدا، چونکە کورسیەکانیان کەمە و ئەو کورسیانە هاوکاری بارزانی و تاڵەبانی نابن بۆ پێکهێنانی زۆرینە کە بتوانن حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، واقیعی کوردستانیش بەجۆرێک پێشهاتووە کە حکومەت هەر بەسەر بارزانی و تاڵەبانیدا دەسەپێت، کە ئایا حکومەت پێکدەهێنن یان نا، تەنانەت ئەگەر هەریەکەیان توانای ئەوەی هەبێت کە زۆرینە کۆکاتەوە، بەڵام ناتوانێ حکومەتێک بێت لە تەواوی جوگرافیای هەرێمدا ڕاوەستێت و دەسەڵاتی بەسەر تەواوی هەرێمدا بسەپێنێت.
ئەوەی لەم کەینوبەینەدا جێگای سەرنجە پێگەی نەوەی نوێیە لەم هەڵبژاردنەدا، ڕاستە وەک لایەنی براوەی سێیەم هاتۆتەپێشەوە، بەڵام لە حاڵەتێکی تەواو ناکۆک و سەرەگێژیدایە، کە ڕوون نیە چۆن مامەڵە بە کورسیەکانیەوە دەکات، چونکە گەر بەشداری لە حکومەتدا بکات، پێگە و نفوزی کۆمەڵایەتی تەواوی دادەبەزێت، هەر هەوڵێکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ بۆ پەیوەستبوون بە حکومەتەوە، هاوتای خۆکوشتنی سیاسی دەبێت بۆ ڕێکخراوەکەی، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕوویدا، گەر بەشداریش نەبێت دەبێتە لایەنێکی هیچکارە و ناتوانێ ئۆپۆزسیۆنێکی سەرکەوتوبێت.
ئەوەش ئاشکرایە هیچ یەکێک لە بارزانی و تاڵەبانی بەقازانجیان نیە ڕوو لە ئۆپۆزسیۆن کەن، ئەستەمە حکومەت بەڕێگەی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنرێت بەدەرکردنی یەکێکیان. بۆیە پرۆسەی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە هەرێم ماوەیەکی زۆری دەوێت.
هەرچەندە یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی بوو لەگەڵ پارتی لە حکومەتی پێشوودا، بەڵام وەک نەیارێکی بەهێز خۆی نیشانداو بەشێوەیەکی توند هێرشیان کردە سەر ڕکابەرەکەی، بەوپێیەی تاڵەبانی بانگەوازەکەی بۆ دەنگدەران دووباتکردەوە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی پارتی لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نائومێدکەر بوون بۆ یەکێتی، دوای ئەوەی بارزانی دوو هێندە دەنگی تاڵبانی بەدەستهێنا.
پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەرێم  بەرەو پشێوی و دۆخێکی دژوار هەنگاو دەنێت، چونکە ئەگەر حکوومەتی داهاتوو لەلایەن هەردوو بارزانی و تاڵەبانی نوێنەرایەتی نەکرێت، ئەوە بابەتەکە ئاڵۆز دەبێت و وادەخوازێت کە پێویست دەکات بارزانی، ئیمتیاز بدات و نەرمی نیشان بدات بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەتێک پێکبهێنێت تا ئیختیارێکی بەهێزی هەبێت کە بتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، گەر وەها نەکات ئەو مامەڵەیە لەگەڵ بەغدا، پێگەی پارتی دەباتە دواوە.
ئەم دۆخەی ئێستا لەکێشەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، دیاردەی ڕوودانی گۆڕانێکی بێپێشینە نیە، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ واقعی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیەی کە حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانی لەچوارچێوەی کێشەکانیان لەبەرامبەر ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و فشارەکانی حکومەتی عێراقدا بەرەوڕووی بوون، کە بێدەسەڵات و بێچارە ڕاوەستاون، دووساڵ دواخستنی هەڵبژاردن، کێشەکانی بودجەو موچەی فەرمانبەران، فشارەکانی بەغداو ناچارکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سنورەکان لەلایەن بەغداوە، ئامادەنەبون یان نەتوانینی وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵک لە پێداویستی و  خزمەتگوزاریەکان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان، تادەگات بە ململانێکانی نێوان خۆیان وەک دوو دەسەڵات لە زۆنی جیاوزدا، لەهەمانکاتدا ئاڵۆزی و بارگرژی دۆخی سیاسی ناوچەکە، ناتوانێ نیشاندەری ئاسۆ و ئایندەیەک بن، کە لەم هەلومەرجە سیاسیەی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستاندا، کە حکومەت پێکبهینن  یان پێکنەهێنن، دەتوانن دابینی ئارامی لە هەرێمدا بکەن، واتە نەک کاریگەریان نابێت لەسەر کۆتایی نائارامی و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە کوردستاندا، بەڵکو بەردەوامی هەمان ڕیسوایی و شەرمەزاری چۆنیەتی حکومڕانی و بەڕێوەبردنی سیوسێ ساڵەی کۆمەڵگەدا ئەوە دوپات دەکەنەوە کە خۆشیان هۆکارێکی بێوێنەن لە بەرجەستەکردنەوەی نائەمنی و نائارامی و ستەم و چەوسانەوەو بێکاری بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، نیشاندەری گەورەترین نمونەی بەرگریکارو ڕاگرتنی کۆمەڵگەیەکی نایەکسانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە