پێگەی هەرێم لە ناوەندبونەوەی عێراقدا

Friday, 22/12/2023, 3:14


حکومەتی عێراق بە دەسەڵاتداری هیزە شیعەکان لە پرۆسەی هەوڵدان بۆ ناوەندکردنەوەی دەسەڵات، لە یەکەم هەنگاویدا هەناردەکردنی نەوتی لە حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان قەدەغەکرد. دواترلە رێگەی بریاری دادگای باڵای فیدراڵیەوە پەرلەمانەکەشیانی هەڵوەشانەوە، مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی لە توانایی هەرێم بۆ بەرگەگرتن و پاراستنی خۆیان لەو دۆخە دەربڕیوەو هێمای بۆ ئەوە کردوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە لە حاڵەتێکی نەخوازراودایە. هەروەها هۆکاری ئەو "هەڵمەتە شەرمەزارکەرە"ی خستووەتە ئەستۆی بەغداد، کە بە دژی هەولێر ئەنجامی ئەدات.
لەڕاستیدا لە ساڵانی دوای ڕووخانی داعش، پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەوڵە شکستخواردووەکەی بۆ سەربەخۆیی، حکومەتی هەرێمی بە بنبەسەت گەیاندو بەئاراستەی هەڵوەشاندەی نزیک کردۆتەوە. هەر ڕۆژە هەواڵەکان گەمەیەکی سیاسیمان نیشان ئەدات. 
پاش ئەوەی ئەمریکاش خۆی لەبەردەم شکستی نەخشەو سیاسەتەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بینیەوە،  دەمێکە لە هەوڵی پرۆسەی ئاساییکردنەوەو سەقامگیری عیراقێکی یەکپارچەدایە. لەهەمانکاتدا بایەخ نەدان و فەرامۆشی لە خاڵە لاوازەکانی حکومەتی هەرێمیش کردووە، کە خۆی لە دووبەرەکی ناوخۆیی، گەندەڵی و ناشەفافی و جەردەیی و دزی ئاشکراو  یەک نەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو نەگەیشتن بە یەک ئیدارەیدا قەتیس کردووە. ئەمانەو نەتوانینی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، نزمبونەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزیان لەبەرامبەر هیزە میلیشیاکانی عێراقدا، وێنایەکی تر لە نەبونی متمانەی بە هەرێم نیشانداوە. بۆیە دوای چاوپۆشی ئەمریکا لە هەرێم، بایەخدان بەهەولێر زۆر لەخوارەوەیە. بووەتە هۆی قەیرانێکی کوشەندە بۆ دەسەڵاتی ئێستای هەرێم. ئەمریکا بەرژەوەندیەکی ستراتیژی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی. ئەمەش ئەو ناکۆکیەیە کە حزبە ناسیۆنالستە میلیشاکانی کوردستان نەیانتوانی و نەیانویست پێشبینی بکەن و لێی حاڵی بن.
دوابەدوای ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧وە، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەغدا هەوڵەکانی بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێم خێراتر کرد، کە لەسەرەتادا لەڕێگەی کردەوەی سەربازیەوە پەیامێکی مەترسیداری خستە بەردەم ئایندەی حکومەتی هەرێم. میلیشیای هێزە کوردیەکانی لە کەرکوک دەرپەڕاندو گورزێکی گەورەی وەهای لێدان، کە دواتر ناچاریکردن بە ملکەچی بگەرێنەوە بۆ بەغدادو مەرجەکانی پاوانخوازی هێزە سیاسیە ئیسلامیە شێعەکان قەبوڵ بکەن. ئەمەش بە هاوکاری و بەرچاوی ئێران و تورکیاوە پەسەندکرا. لەدوای هەڵبژاردنەکانی٢٠٢١، بەغدا وەستانەوەی لە دژی پارتە سەرەکیەکانی کوردستانی خستە دەستوری کاریانەوە. لەوکاتەوە هاوسەنگی هێز بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندی بەغدا داشکایەوە. دادگای باڵای فیدراڵیش لە بەرژەوەندی ئەنجومەنی نوێنەران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران سەنگەریان گرت و دژ بە حکومەتی هەرێم هەنگاوی نا. لاوازکردنی هەنگاوبە هەنگاوی دەسەڵات لە هەرێم لەسەر پرسەکانی نەوت و شکاندنی شکۆی دەسەڵاتیان بەئاشکرا گرتەبەر.
بۆنموونە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیارێک دەرچوو کە پیشەسازی نەوت و غازی لە هەرێمدا نایاسایی کرد. دوای ساڵێک ئەنقەرە بۆریەکەی بەڕووی باکووری عێراقدا داخست، هەروەها حکومەتی هەرێم  ٥ ملیار دۆلاری داهاتی لەدەستدا. لەدوای داخستنی بۆریەکەوە، جگە لە هێزی موزایەدەی گەورەی بەغدا، دامەزراوەی نەوتی و گازیەکانیش چەندین جار کەوتونەتە بەر هێرشی مووشەکی لەلایەن میلیشیاکانەوە.
جگە لەوەش، ئەنجوومەنی نوێنەران و دادگای باڵای فیدراڵی لەم دواییانەدا ڕێگریان لە ڕێکەوتنی بودجەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق  سودانی و سەرۆکی هەرێم مەسرور بارزانیدا کرد، بە هۆی نەبوونی شەفافیەتی دارایی حکومەتی هەرێم. ئەمەش ئەو بیانوەی داوە بەدەست هەولێرەوە ماوەی سێ مانگە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگەی نەداوە.
جگە لەو توندوتیژیەی میلیشیاکان، بەسەر حکومەتی هەرێمەوە، کوردستان تووشی هێرشی وڵاتانی دراوسێی تورکیا و ئێرانیش بووە، کە هێرشەکانیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر گروپە چەکدارە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆن چڕتر کردووەتەوە. کاتێک بەرپرسانی تورکیا مانگی ڕابردوو سەردانی عێراقیان کرد، بەڵێنیان نەدا کۆتایی بەو هێرشانە بهێنن یان کێشەی نەوت چارەسەر بکەن، بەڵکو فشاریان خستە سەر حکومەتی هەرێم بۆ هاوکاریکردنیان لە دژی دوژمنی ناوخۆی ئەنقەرە کە پارتی کرێکارانی کوردستانە. ئێران هۆشداریەکی هاوشێوەی دەرکردووە، چەک داماڵینی ئەو گرووپە کوردیە ناوخۆییانەی ئێران کە دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بژاردەکانی بنبەست بون و تەواو بوون، ڕێگەیدا بە پاسەوانی سنووری عێراق کە بەرپرسیارێتی لە پێشمەرگە وەربگرنەوە، واتە بڕیارێکە کە کاریگەریەکەی ئەوە بوو، نیوەی داهاتی گومرگی هەرێم ڕادەستی حکومەتی بەغداد بکات.
حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەبری ئەوەی لە بەرامبەر زیادبوونی ئەو دەستدرێژیانەی لەلایەن بەغداوە لەسەریانە،  بیر لە ڕێکەوتن یا ریگاێک بۆ وەلانانی بەڵاکانی سەریان پەیداکەن، زیاتر یەکتر دەشکێننەوە، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، لە بەردەوامی ململانێیەکی تاڵ و بێهودەدان. لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسنگی هێزەکەیان، هەمیشە لە بەرامبەر یەکتردا وەستاونەتەوە، هەمو ئەگەرێکی نەرێنی دەخەنە نەخشەکاریانەوە کە یەکتر وێرانتر کەن، هەتا گەر ملکەچی تەواو بێت لە بەردەم "دوژمنەکانیاندا". بۆنمونە ڕێکەوتن لەبەکارهێنانی بەغدا و ئەنقەرەو تاران بۆ تێکدانی یەکتر کارێکی سادەو پەسەندکراویان بووە. ئەمەش وایکردووە کە حکومەتی هەرێم کەمتر ئامن بێت و کەمتر توانای پاراستنی دەستکەوت و پێداویستیەکانی خۆشیان هەبێت. بونەتە سەرچاوەی زیاتری نائەمنی و نیگەرانی توند لەسەر دانیشتوان، ئەو دوو حیزبە و بارزانی و تاڵەبانی لە ئێستادا لە دۆخێکی شەڕی ساردان، وەها ڕەفتار دەکەن وەک دوو دوژمن لە ئاگربەستان، نەک ئەوەی هاوبەشن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمێکدا.
 هەرێمی کوردستان بۆ توانای ڕێکخستنیان لە هەڵبژاردندا دەرگیری گێژاوێک و نا جێگیریەکی سیاسین. ناچارن بە چاوەڕوانی بۆ ئاڵوگۆرێک یا موعجزەیەک، بەڵکو یارمەتیان بدات ئەم هەڵبژاردنەش بێدەردی سەر تێپەڕێنن! بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە لە حاڵەتێکی تەواو سەخت و دژواردایە کە نەتوانن بە ئارامی تێیپەرێنن، ئاڵوگۆڕو موعجەزەش فریادرەسیان نابێت، یان وەک هێزێکی چەکدار دەبێت ڕاستەوخۆ لە خزمەت پێداویستیەکانی حکومەتی ناوەندیدابن.
ئەوەی شایانی باسە لە بارەی ئابوریشەوە حکومەتی هەرێم هەلی وەبەرهێنان و باج و دەستکەوتەکانی لەپارەی نەوت و بودجە، خۆی لە بێسەروبەری و گەندەڵی ودزی و خانەنشینی و بندیوار بەفیڕۆ داوە، کە زۆرتر بۆ دڵسۆزانی حزبەکانیان تەخشان و پەخشانی دەکەن و ناتوانن لێی بێنە دەرەوە. دروستبوونی بیرۆکراسیەکی زەبەلاح لە هەرێمێکدا کە ژمارەی دانیشتوانی ٥ ملیۆن ونیو کەسە، بەڵام خاوەنی  یەك ملیۆن و چوارسەد هەزار کارمەند و خانەنشینی سەرسوڕهێنەرە بە تێچووی ٧٥٠ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا. سەرەڕای پێویستیی ڕێوشوێنی خۆپارێزی لەم بەرەیەدا، حکومەتی هەرێم ناتوانێت لەماوەیەکی نزیکدا مووچەی ئەو کەسانە بدات بەبێ داهاتی نەوت، دەبێت پشت بە بودجەی حکومەتی بەغدا ببەستێت.
بەو پێیەش ئەمڕۆ لەبری خەونی سەربەخۆیی حکومەتی هەرێم، زیاتر پێشبینی دەوریەکی تازە لە دۆخی کوردستان دەکرێت، دەورەیەک کە تەواوی رۆڵی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و ئەزمونێک کە شانازی پێوە دەکەن، دەکەوێتە بەر شەپۆلی سیاسەتی ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەرەو ناوەند بونەوەی عێراق نەخشەی بۆ داڕێژراوە.
هەروەها سەبارەت بە واشنتۆن و ڕۆژئاوا بەجیا لەوەی ئێستا شەڕێک لە فەلەستیندا بەرپابووە، بەڵام لە بەرامبەر دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر پشتیوانی لە ئارامبونەوەی دۆخەکە دەکەن. هەر لەم ئاراستەیەشەوە لایەنگری لە هێزەکانی هەرێم ناکەن گەر ملکەچی یەکپارچەیی و ناوەند بونەوەی عێراق نەبن.  ڕێگە بە حکومەتی هەرێم نادەن کە بخلیسکێتە ناو ئاژاوە یان ململانێی مەترسی توندوتیژی نەتەوەپەرستی و ڕووبەڕووبوونەوەو دوبارە بونەوەی نمونە خوێناویەکەی ئەم دوایەی کەرکوک.
ئەتوانین بڵێین ئەم دەورانە لە چوارچێوەی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، بەتایبەتی لە هەوڵی ئارام بونەوەی ناوچەکە بۆ دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری، لەهەمان کاتدا پرۆسەی کۆتایی هاتنی پێگەو دەسەڵاتداری حزبە کوردیەکانە لە کوردستانی عێراقدا، چونکە شانوشەوکەت و ئەزمونێک نیشانیاندا شایستەی ئەو جێگاوڕێگایەنین لە پاراستنی ئارامی بۆ سەرمایەگوزاری، ئەوە ئاشکرایە کە کاریگەری بنبەست و شکستی ئەم ئەزمونە تەنها لەسەر بزوننەوەی کوردایەتی نیە لە کوردستانی عێراقدا، بەڵکو کاریگەری لەسەر بنبەستی تەواوی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستاندا دادەنێت.
ئەوەی گرنگە ئاگاهی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشانی کوردستانە، کە ئیستا لە ناڕەزایەتی مامۆستایاندا بەرجەستەبۆتەوە، چۆن خۆیان لە بەڵای ئەم ململانێیەو پاشەکشەی ناسیۆنالستی کورد دەپارێزن. واتە نەکەونە بەر گەمەی سیاسی نێوان بەغدا و هەولێرەوە، فریوی بەناو ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی نەکەون، خۆڕێكخستن و ئامادەسازی بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی ئێستای هەرێم و دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو جەماوەرە ناڕازیە بێت کە دژ بە هەژاری و فەلاکەتە و پێداگری لەسەر خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئازادی دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە