لەسەر رێبازى سەدامیەكان یادى سەردانى بارزانى بۆ قوتابخانەیەك دەكرێتەوە
Saturday, 14/03/2009, 12:00
لە رۆژى 3 ى ئادارى ئەمساڵ و لە یادى تێپەڕینى ساڵێك بەسەر سەردانەكەى مەسعوود بۆ قوتابخانەى دواناوەندى هەولێرى نموونەیى، بەڕێوەبەرى قوتابخانەكە یادى ئەم بۆنەیەى لەسەر هەمان رێبازێكى كە لەسەردەمى سەدام حوسێن دا دەكرا لەو شوێنانەى كە سەدام سەردانى كردبان. لەم بۆنەیەدا بەڕێوەبەرى قوتابخانەكە وتارێكى حەماسى پێشكەش قوتابیان و مامۆستایان كرد و پاشان دیارى بەسەر هەندێك لە قوتابیان دابەش كرد.
شایانى باسە ئەم قوتابخانەیە كە یەكەمین قوتابخانەى نموونەیى بوو بۆ منداڵە بەهرەدار و یەكەمەكانى قوتابخانە سەرەتاییەكان لە هەولێر كرایەوە و لەسەرتادا لەلایەن نێچیروە هاریكارى دەكرا و یەكەم بەڕێوەبەرى پیاوێكى دیانى عەنكاوە بوو كە زۆر زانا و شارەزا بوو و بەبێ جیاوازى قوتابخانەكەى زۆر بەباشى بەڕێوە دەبرد و هەموو ساڵێك باشترین پلە لەو قوتابخانەیەدا دەهێنرایەوە لە پۆلەكانى سێ و شەشدا، بەڵام پاش ماوەیەك، دزەییەكان وەكو پیشەیى هەمیشەیى خۆیان، كەوتنە واسیتە و واسیتەكارى و مامۆستایەكیان كردە بەڕێوەبەرى ئەم قوتابخانەیە كە ناوى نورى بایز دزەییە و بە شایەدى پەروەردەى هەولێر و هەموو ئەوانەى دەیناسن و لەگەڵیدا بووینە، ئەو كابرایە هەموو شتێك بێت مامۆستا نیە و لەوەتى ئەو بووەتە بەڕێوەبەرى ئەم خوێندنگەیە رۆژ دواى رۆژ لە پاشەكشە دایە. قوتابیانى ئەم قوتابخانەیە بۆ بەشدار بوون لە هێنانەوەى تەرمى ئەنفالكراو و گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە فڕۆكەخانەى هەولێر بەشداریان كرد و هەر لەوێ كچێكى ئەو بەڕێوەبەرە كە بە واسیتەى باوكى لەگەڵ دوو خوشكى دیكەى لەو قوتابخانە دەخوێنێ، خۆى گەیاندبووە مەسعوود و داواى لێكردبوو سەردانى قوتابخانەكەیان بكات و ئەویش لە رۆژى 3ى ئادارى 2008 سەردانى كردبوون و بەڕێوەبەر بردبوویە پۆلى كچەكەى و گەلێك وێنەى لەگەڵ گرتبوو و پاشان وێنەكانى هەموو گەورە كردبوون و لە ناو قوتابخانەدا هەڵیواسیبوون.. جێى ئاماژەیە ئەو بەڕێوەبەرە لەوەتى لەو قوتابخانەیە دایە چەند خانووى كڕیوە و چەند جاران سەردانى وڵاتانى كردووە و ژوورەكەى هەموو ساڵێك دەستە قەنەفەیەكى تازەى بۆ دەكڕێ و ئوتومبێلى دائرەى هەیە، كەچى هەموو ساڵێك لەگەڵ كردنەوەى قوتابخانە دەبێ قوتابیەكان پەردە بۆ پەنجەرەى ژوورەكانیان بكڕن و جامەكان لە حسابى خۆیان چاك كەنەوە و تەنانەت ژوورەكانیشیان پێ بۆیاغ دەكاتەوە و دواتر وەسڵەكان دەباتە پەروەردە و پارەى پێ وەردەگرێ. لەكۆتایى ساڵیشدا پارە لە قوتابیان كۆدەكاتەوە و ئاهەنگ ساز دەكات بۆ خۆى و منداڵەكانى و مامۆستاكان و وەزیر و گزیران بانگ دەكات و خۆى لەپێشیان با دەدات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست